
ڕێژیمی ئێران خەریکە ناوچەی مەڕگەوەڕ وێران دەکات
ڕاپۆرت: مەرگەوەڕ-نێوخۆی وڵات
ڕێژیمی ئێران بەبێ ڕەچاوکردنی لێکەوتە ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکان، جارێکی دیکە ناوچەیەکی دیکەی خستۆتە مەترسیی لەنێوچوون. ئەمجارەیان پلانی دروستکردنی وێستگەی کارەبای "سوورە دووکەڵ" لە ناوچەی مەڕگەوەڕی ورمێ خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە کە ڕووبەڕووی دژایەتیی توندی خەڵکی ناوچەکە و چالاکانی ژینگەپارێزی بووەتەوە. ئەم پڕۆژەیە کە بە هاوکاریی بەشێک لە ئەندامانی مەجلسی ڕێژیم و سپای تێرۆریستیی پاسداران جێبەجێ دەکرێت، بە مەترسییەکی جددی بۆ سەر سامانە سروشتییەکان، کشتوکاڵ و پەیکەری ئەم ناوچەیە دادەنرێت.
بەپێی ڕاپۆرتە نێوخۆییەکان، دروستکردن و کارپێکردنی ئەم وێستگەی کارەبایە، دەکرێت وردە وردە ڕووەکی مەڕگەوەڕ بە تەواوی لەنێو ببات. ئەم ناوچەیە کە بە یەکێک لە پاکترین ناوچە سروشتییەکانی کوردستان دادەنرێت، بە هۆی سەرچاوە ئاوییەکانی و لەوەڕگە گەشاوە و جۆراوجۆرەکان گرنگییەکی زۆری هەیە. بەڵام لەگەڵ دروستکردنی ئەم وێستگەی کارەبایە، مەترسیی وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاو و لەناوچوونی ئیکۆسیستمی سروشتی ناوچەکە هەیە. هەروەها دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و لەناوبردنی لەوەڕگەکان مەترسی لەسەر گیانلەبەرە کێوییەکانی ناوچەکە دروست دەکات.
ئابووریی خەڵکی مەڕگەوەڕی ورمێ بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵە. هەر گۆڕانکارییەک لە سەرچاوە ئاو و خاکییەکانی ناوچەکەدا ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بژێوی دانیشتوانی ناوچەکە دەکات. شارەزایان هۆشدارییان داوە لەوەی ئەم پڕۆژەیە کشتوکاڵی بەرەو لێواری لەنێوچوون ببات و هەروەها بەخێوکردنی ئاژەڵداری ئەستەم بکات. لەدەستدانی دەرفەتی ئاژەڵداری و کشتوکاڵی خەڵک ناچار دەکات کۆچ بکەن و دواجار پێکهاتەی دیمۆگرافیای ناوچەکە دەگۆڕێت.
مەڕگەوەڕی ورمێ بە هۆی دیمەنە جوانەکان و سروشتی پاک و خاوێن، یەکێک لە شوێنە گەشتیارییە گرنگەکانی کوردستانە. ساڵانە زۆر گەشتیار سەردانی ئەم ناوچەیە دەکەن، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ بەرزکردنەوەی ئابووریی ناوخۆیی. بەڵام دروستکردنی ئەم وێستگەی کارەبایە، جگە لە لەناوبردنی سروشت، کۆتایی بە سەرنجڕاکێشیی ناوچەکە بۆ گەشتیاران دەهێنێ. لە کورتخایەندا کەمبوونەوەی هاتنی گەشتیاران دەبێتە هۆی گورزی ئابووری بۆ دانیشتوان، بەڵام لە درێژخایەندا ئەم گۆڕانکارییانە دەتوانن ببنە هۆی نەهێشتنی یەکجاریی ناسنامەی مێژوویی و کولتووری ناوچەکە.
زۆرێک لە ڕەخنەگران پێیانوایە ئەم پڕۆژەیە تەنیا پلانێکی گەشەپێدان نییە، بەڵکو پیلانی ڕێژیمی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتر و گۆڕینی پێکهاتەی دیمۆگرافیی ئەو ناوچانەیە. لەگەڵ تێکچوونی ژینگە و کشتوکاڵ، خەڵک ناچار دەبن کۆچ بکەن و لە کۆتاییدا ئەو ناوچەیە شوێنی ژیانی تێدا نامێنێ. ئەم پرسە کە لە چەند شوێنی دیکەی کوردستانیش بەدی کراوە، ئاماژەیە بۆ لاوازکردنی شوناسە ناوخۆییەکان و گۆڕانکاری لە پەیکەری دیمۆگرافیای کوردستاندا.
خەڵکی ناوچەکە چەندین جار دژایەتیی خۆیان بۆ ئەم پیلانە دەربڕیوە. ئەوان دەڵێن هیچ ڕاوێژێک لەگەڵ خەڵکی مەڕگەوەڕ نەکراوە و بڕیارەکان لە پشت پەردەوە بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی خەڵک دراوە. تا ئێستا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران وەڵامی خەڵکیان نەداوەتەوە و ئەم بێدەنگییە نیگەرانییەکانیی لە بەردەوامیی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە زیاتر کردوە.