
سێ کۆڵەکەی شوناس و دەسەڵاتی حوکمڕانیی ناوەندی و ناسیۆنالیزمی فارس لە ئێراندا
حەسەن قارەمانی
کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیان ساڵە خەبات و خۆڕاگریی خۆی لە دژی دەسەڵاتە ناوەندگەراکانی ئێران درێژە پێداوە. خەباتێک کە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە توخمەکانی شوناس، بوون و چارەنووسدا هەیەو تەنیا پەیوەندی بە کۆنترۆڵی خاکەوە یان کاردانەوە بەرامبەر بە پێشێلکارییەکانی دەوڵەت نیە، بەڵکو پەیوەندی بە گەلێکەوە هەیە کە بەرگری لە مافە بنەڕەتییەکانی خۆی دەکات. ئەو بەرگرییە لە بەرامبەر حکوومەتێکی داپڵۆسێنەر لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزمی فارس بووە کە بە شێوەیەکی سیستماتیک هەوڵی داوە بوونی بەکۆمەڵیان ڕەت بکاتەوە. بەم پێیە خەبات و بەرگریی چەکداریی کورد لە خۆیدا تاکەڕێگای ئەو نەتەوەیە بۆ دەستخستنی مافە سیاسی و کولتووری و مرۆییە ڕەواکانی بووە.
لە بەرامبەر ئەم پاشخانەدایە کە بانگەوازە دووبارەبووەکانی حکوومەت و ناسیۆنالیستی ئێرانی بۆ داماڵینی چەک لە بزووتنەوە سیاسییەکانی کورد، لە ڕووی ئەخلاقییەوە بەتاڵ دەبنەوە. ئەم بانگەوازانە لەسەر سێ کۆڵەکە و ئیدیعا دامەزراون: یەکەم ئەوەی کە خەباتی چەکداری لە شەڕی ئازادیدا ئامرازێکی ڕەوا نیە. دووەم ئەوە کە کورد مافی بەرگری بەکۆمەڵی لە خۆی نیە، مافێک کە دەوڵەتی ئێران لەجێدا بۆ بوونی خۆی تەرخان بە ڕەوا دەزانێ. سێهەم ئەوەکە کە کورد نەتەوە نین کە مێژوو و سوبژێکتیڤ و داهاتووی سیاسیی خۆی هەبێت.
ئەم سێ گریمانەیەش نەک لێکجیاواز بەڵکوو تەندراوی یەکترن، واتە: نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کورد، نکۆڵیکردن لە مافەکان و دەربڕینی سیاسیی ئەمانە بە بەرگریکردن کورد سەرهەڵدەدات. بێگومان هەتا ئەوکاتەش کە حکوومەتی ناوەندیی پێداگری لەسەر ڕەتکردنەوەی داننان بە بوونی بەکۆمەڵ و مافی چارەنووسی کورد بکات، خەباتی سیاسی و بەرگریی چەکداری کورد بۆ ئازادی لای بزووتنەوەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەمێنێتەوە. لەبەر ڕۆشناییی ئەم ئاڵنگارییانە سێ دیوی ئینکاری بنەڕەتی دەوڵەت و ناسیۆنالیزمی فارس ئێرانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا باس دەکەین.
چوارچێوەی مێژوویی:
خەباتی کورد لە ئێران دەبێ لە چوارچێوەیەکی مێژووییدا ببینین کە بە هۆی چەوساندنەوەی کورد لە لایەن دەوڵەت، قۆرخکاری، توندوتیژی و پەراوێزخستنی کولتووری لەلایەک و خەبات بۆ ماف و سەروەرییە سیاسییەکانی خۆی بووە. دوای شۆڕشی ئیسلامیی ١٣٥٧، دەسەڵاتی ناوەندگەرای کۆماری ئیسلامیی و ناسیۆنالیزمی فارس ئێرانی دیسانەکەش لەسەر ئەم پێناسەیە خۆی بەڕۆژ کردەوە کە هەرجۆرە مافخوازییەکی گەلانی ئێران بە هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکگرتوویی حاکمییەتی سیاسی لیکبدرێتەوە.
لەو کاتەوە کۆماری ئیسلامی بە قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە سیستەمی پەروەردە و داخستنی دامەزراوە فەرهەنگییەکان و قەدەغەکردنی حیزب و بزووتنەوە سیاسییەکان کە نوێنەرایەتی خەبات و بەرژەوەندییەکانی کورد دەکەن، بە شێوەیەکی سیستماتیک کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەهێزتر کرد. ئەمەش وای کردوە خۆڕاگریی کورد لەنێوان بەرگریی چەکداری و خۆڕێکخستنی مەدەنی و خەباتی جەماوەریدا وێنا ببێت.
کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی سیستمی یاسایی سەپێندراو، عەمەلیاتی نیزامی و ئەمنییەتی و هەروەها پێشگرت بە پەرەسەندن لە لایەک و لە لایەکی دیکە لەدواکەوتووییدا ڕاگرتنی ئابووریی کوردستانەوە، ستەمێکی پێکهاتەیی لە دژی گەلی کورد دامەزراند. ئەم واقیعە مێژووییە پێمان دەڵێ خەبات و بەرگریی کورد دەرەنجامی ڕادیکالیزمی گوتاری یان ئایدیۆلۆژییەکی تایبەت نیە، بەڵکوو کاردانەوە بە سیاسەتی نکۆڵیکردن لە پرسی کورد و سەرکوتی ئەو نەتەوەیە لە لایەن ناوەندەوە بووە و خۆڕاگرییەکەش پێویستییەک بۆ پاراستنی زمان، شوناس و کەرامەتی مرۆڤ کورد بووە.
گوتاری کۆماری ئیسلامی و ناسیۆنالیزمی فارس
گوتاری کۆماری ئیسلامی و ناسیۆنالیزمی فارس بەرامبەر بە کورد لەسەر سێ کۆڵەکەی یەکتر بەهێزکەر پێناسە دەکرێ کە ئامانجیان بردنەژێر پرسیاری شەرعییەتی خەباتی کورد و پاساوهێنانەوە بۆ سیاسەتی سەرکوت بە هۆی تاران دژی کوردستان بووە.
یەک لە دژایەتییەکانی کۆماری ئیسلامی پێوەندیی بە سروشتی خەباتی چەکداریی کوردەوە هەیە. بەرگریی چەکداریی کورد زۆرجار لەلایەن ناسیۆنالیستە ئێرانییەکانەوە بە هۆکاری ناسەقامگیری تەبلیغی بۆ دەکرێ. بەڵام ئەم ئیدیعایە واقعی سیاسی و بنەڕەتی کوردستان پشتگوێ دەخات کە بزووتنەوەی سیاسیی کورد هەموو ئامرازەکانی بۆ چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد بەکار هێنا، بەڵام ئەوە حکوومەتی ناوەندی بوو کە نەیبیست و باوەڕی پێی نەبوو. بێگومان کاتێک فەزای سیاسی داخرا و شەڕت بەسەردا سەپا، سروشتییە کە بەرخۆدانی چەکداری دەبێتە ئامرازێک بۆ مانەوە، نەک ئامانجێک بۆ خەبات.
دووهەم بابەت پەیوەندی بە مافی بەرگریکردنەوە هەیە کە حکوومەتی ئێران بە بەردەوامی خەبات و بەرگریی چەکداری کورد بە کردەوەی تێرۆریستی و هەوڵدان بۆ جیاخوازی داناوە، ئەویش لە کاتێکدا کە هەموو سیاسەتی خۆی لە کوردستان لەسەر بنەمای قۆرخکاری، سەرکوت و کوشتوبڕ و ئێعدام و تێرۆر بووە. سروشتییە ئەمەش نەزمێکی ناهاوسەنگ دروست دەکات کە تێیدا دەوڵەت شەرعییەت بە خۆی دەدا و سەرکوت و توندوتیژی دژی بزووتنەوەی کورد بە مافی خۆی دەزانێ و هاوکات بەرگریی کورد لە خۆی بە کارێکی ئەهریمەنی و تێرۆر دادەنێت.
سێیەم بابەت کە بنچینەییشە حاشاکردنە لە بوونی کورد وەک نەتەوە. ڕێژیم نکۆڵی لە ناسنامەی کورد دەکا و هەموو ماف و داواکانی کورد بۆ سەروەریخوازیی سیاسی و دەستەبەری مافە مەدەنی و کولتوورییەکانی بە ئەمنییەتی دەکرێن. بەوەش شەرعییەت بۆ هەر چەشنە سیاسەتێکی تواندنەوە و دوژمنکارانە دادەتاشرێن.
خەبات بۆ ئازادی
خەباتی کورد لە ئێراندا لە بنەڕەتدا خەبات بۆ ئازادییە. خەبات بۆ پاراستن و وەرگرتنەوەی ناسنامەیەک کە لە مێژە بە شێوەیەکی سیستماتیکی سڕدراوەتەوە، سەرکوت کراوە و نەبیندراوە. خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ یەکسانی و دادپەروەری لەپێناو مافی بوون وەک نەتەوەیەکی شوناسخوازی خاوەن مافە، ئەویش لە وڵاتێکدا کە لە قوتابخانەکاندا زمانەکەی قەدەغە کراوە، کولتوورەکەی بۆ تاڵان دەستی تێ براوە، مێژووەکەی شێوێندراوە. سروشتییە لەم چوارچێوەیەدا خەبات بۆ ئازادی نەک هەر سیاسی، بەڵکوو دەبێتە شەڕێک بۆ بەرگریکردن لە ناسنامە و شوناسی نەتەوەیی. خەباتی کورد، لە نێوەڕۆکی خۆیدا بۆ کەرامەت و دادپەروەری بووە و بۆ کورد لە ئێران هەرگیز چەک هەڵبژاردەی یەکەم نەبووە، بەڵکوو دوا ڕێگا و تاکە ئامراز بووە بۆ بەرگریکردن لە خۆی ئەویش لە کاتێکدا هەموو ڕێگاکانی بە ڕوودا داخراون.
ناسیۆنالیزمی فارس وەک پێکهاتە و هەژموونی
ناسیۆنالیزمی فارس لە ئێران وەک پێکهاتەیەکی هەژموونیخواز کار دەکات و لەودا شوناسی فارسی کراوە بە تاکە نۆرم و ئایدیاڵ. لەم سیستەمەدا زمان و مێژوو و یادەوەریی بەکۆمەڵی کورد نەک هەر نابیندرێ و حاشای لێ دەکرێت، بەڵکوو ڕاستەوخۆ سیستماتیک و لە ڕێگەی ئامرازەکانی دەسەڵاتەوە دەیەوێت هەموو فرەچەشنییەک لەپێناو یەکدەستکردن و تواندنەوەی جۆراوجۆرییە زمانی، هۆوییەتی و کولتوورییەکان لە شوناس و زمان و کولتووری نەتەوەی سەردەستدا بسڕێتەوە.
ئەم پێکهاتەیە هەڵگری لۆژیکێکە کە تەعبیر لە کۆلۆنیالیزمی مۆدێرن دەکات، وەک چۆن لە کۆنتێکستە کلاسیکەکانی کۆلۆنیالیزمدا دەسەڵاتێکی ناوەندی ئەم ئەرکەی لەسەر شانە، لەم حاڵەتەدا "تاران" کە بە سیاسەتی سیستماتیک بۆ ئاسمیلەکردن و ملکەچبوونی جۆراوجۆرییە غەیرە فارسەکان، دەسەڵاتدارەتی و باڵادەستییەکەی مسۆگەر دەکات. بەم پێیە خەباتی کورد نابێتە تەنیا پرسێکی سیاسیی کەمینە، بەڵکو دەبێتە خەبات دژی نەزمێکی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆییشە کە شوناس و مافی دیاریکردنی داهاتوو و شوێن و پێگەی ئەوی لە مێژوودا لێ زەوت کردوە.
پرسی توندوتیژیی ڕەوا
پرسی شەرعیەتی توندوتیژی لە سروشتدا هەم ئەخلاقی و هەم فەلسەفییە. فەیلەسوفانی وەک هانا ئارێنت و فرانتز فانۆن بە شێوەی جۆراوجۆر تیشکیان خستۆتە سەر ئەوەی کە توندوتیژی لە هەندێک چوارچێوەدا نەک وەک وێرانکەر، بەڵکوو ێک وەک کردەوەیەکی وجوودی ببیندرێ لەلایەن ئەو کەسانەی مافە سەرەتاییەکانیان زەوت کراوە. فانۆن باس لەوە دەکات هەندێک جار توندوتیژی تاکە زمانە کە ستەملێکراوەکان دەتوانن بەکاری بهێنن بۆ وەرگرتنەوەی کەرامەتی مرۆیی خۆیان. کاتێک گەلێک لە دادپەروەری بێبەش دەکرێ، کاتێک زمان و ناسنامە و مافە سەرەتاییەکانی لەلایەن دەوڵەتەوە سەرکوت دەکرێن، بەرگری تەنانەت لە فۆڕمی چەکداریدا نابێتە هەڵبژاردن، بەڵکوو دەبێتە پێویستییەک و دەبێتە دەربڕینی ڕێزگرتن لە خۆی و هۆکاری مانەوەی. بێگومان ئەو ڕۆژە کە دەسەڵاتی تاران و ناسیۆنالیزمی فارس دان بە مافە بەکۆمەڵەکانی کورد وەک نەتەوە دابنێ و کورد مافی خۆبەڕێوەبەریی هەبێ و هێزە سەرکوتکەرەکانی ناوەند لە کوردستان بکشێنەوە، سروشتی خەبات و بەرگریی کوردیش گۆڕانکاریی بەسەردا دێ.
لەپێناو پێکەوەژیاندا
پێکەوەژیانی ئاشتییانە و ئارەزوومەندانە لە ئێران دەبێ لەسەر بنەمای دانپێدانان بە مافی وەکیەک و بنەڕەتی مافی چارەی خۆنووسین بنیات بنرێت. یەکێک لە بەدیلەکانی بەرهەست بۆ ئەو مەبەسرەش هێنانەکایەی سیستەمی فیدرالییە، کە تیایدا مافی نەتەوەیی هەموو نەتەوە جیاوازەکان لەوانەش کورد، مافی بەڕێوەبردنی کاروباری نێوخۆیی هەموو پێکهاتەکان دەستەبەر بووبێ. فیدراڵیزم بە مانای دابەشبوون نیە، بەڵکو فۆرمێکی نوێی یەکیەتییی ئارەزوومەندانەیە، فۆرمێک کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و فرەچەشنی کولتووری و بەرپرسیارێتی هاوبەشە کە هەتا ئێستا دەسەڵاتی ناوەندی لە تاران حاشای لێ کردوە و دژایەتیی دەکات.
دەرەنجام
خەباتی چەکداری بۆ خۆی ئامانج نیە، بەڵکوو دەرئەنجامی داخستنی هەموو دەرگاکانی ترە لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە. سێ ئینکاری گوتاری دەوڵەت و ناسیۆنالیستی فارسی-ئێرانی لە مێژووی هاوچەرخی ئەم وڵاتەدا وەک ئامرازێکی ئایدیۆلۆژی بۆ بەردەوامی ستەمکاریی کاریان کردوە و بە شێوەیەکی سیستماتیک حاشای لە مێژوو و ناسنامە و مافەکانی کورد کردوە. سروشتییە لەو دۆخەدا خەبات و خۆڕاگری وەک پێویستییەک و ئەرکێکی ئەخلاقی دەبێتە وەڵامێکی حەتمی، نەک لەبەر ئەوەی کورد بەدوای شەڕدا دەگەڕێت، بەڵکوو لەو سۆنگەیەوە کە ئەوە ناوەندە پەیامی ئاشتی و چارەسەریی سیاسیی ڕەت کردوەتەوە.