ڕۆژی چوارشەممە، ٢٣ی بانەمەڕ، شاندێکی "هاوپەیمانی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران''، بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی مافەکانی مرۆڤ، لەگەڵ "ساسکیا بریک مۆنت"، پارلەمانتاری گرووپی سەوزەکان لە پارلەمانی ئورووپا کۆ بوونەوە.
لەم دیدارەدا کە "حیسام دەستپیش"، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ کاروباری دامەزراوەکانی یەکیەتیی ئورووپا تێیدا بەشدار بوو، شاندی هاوپەیمانیی کە لە بەڕێزان "ئەنوەر میرسوڵتانی"، "مەسعوود بێتا" و "ئاتووسا ئەمیری" پێکهاتبوون، تیشکیان خستە سەر بارودۆخی کارەساتباری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و نیگەرانیی قووڵی خۆیان لەمبارەیەوە دەربڕی.
ناوبراوان جەختیان لەوە کردەوە کە نابێت ڕێگە بدرێت کۆمەڵکوژییەکانی کۆماری ئیسلامی لەبیر بکرێن، بەتایبەت لەم قۆناغەدا کە دۆخی شەڕ، بابەتە مرۆییەکانی نێوخۆی ئێرانی خستووەتە پەراوێزەوە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، نامەیەکی تێروتەسەل لەلایەن شاندەکەوە ڕادەستی خاتوو بریک مۆنت کرا، کە تێیدا وێڕای شیکردنەوەی هەلومەرجی نالەباری ئێستا، کۆمەڵێک داواکاریی دیاریکراو ئاراستەی یەکیەتیی ئورووپا کرابوو تا لە هەنگاوە دیپلۆماسی و سیاسییەکانی داهاتوویاندا ڕەچاوی بکەن.
لە کۆتاییدا، هەردوو لایەن باسیان لە مێکانیزمەکانی هاوکاریی نێوان پارلەمانتارانی ئورووپا و هێزە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کرد، بە مەبەستی گوشارخستنە سەر ناوەندە بڕیاردەرەکان بۆ سنووردارکردنی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانیکردن لە دۆزی ڕەوای مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا.