دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە پۆستێکی درێژدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ، لە کاتی ڕیزکردنی ئەو دەستکەوتانەی کە بە سەرکەوتنی دەوڵەتەکەی ناو یبردن، ئاماژەی بە "لەنێوبردنی سەربازیی ئێران" کرد.
ترامپ لە درێژەی ڕستەکەیدا سەبارەت بە ئێران، لە نێو کەوانەدا نووسیویەتی: ''بەردەوامە''؛ دەستەواژەیەک کە بە وتەی چاودێرانی سیاسی، ڕەنگە نیشانەی ئەوە بێت کە ناوبراو دوای گەڕانەوەی لە سەفەرەکەی چین، شەڕ دژ بە کۆماری ئیسلامی دەست پێ بکاتەوە.
هاوکات هەندێک لە سەرچاوە هەواڵدەرییەییەکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە کە لە نێو ئیسرائیلدا ئەو باوەڕە هەیە ترامپ، پاش گەڕانەوەی لە گەشتەکەی بۆ چین لە کۆتایی حەفتەدا، بڕیار لەسەر دەستپێکردنەوەی شەڕ دژ بە ئێران بدات.
بەپێی ڕاگەیاندنی سەرچاوە ئیسرائیلییەکان، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە بەردەم دوو بژاردەی سەرەکیدایە: یەکەم، دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکان، بەو شێوازەی کە دەوترێت بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پەسندی دەکات؛ بژاردەی دووەمیش، دەستپێکردنەوەی گەمارۆدانی گەرووی هۆرمۆزە لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمریکاییەی کە بە "پڕۆژەی ئازادی" وەسف کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل (کان)، ئەوەش ڕێپێدراوە کە ترامپ لە کۆتایی سەفەرەکەی بۆ چین، بڕیار بدات کە "هیچ بڕیارێک" نەدات.
لە دەستپێکی ئەم بابەتەشدا، سەرچاوە ئیسرائیلییەکان بە ڕۆژنامەی "هائارتس"یان ڕاگەیاندووە کە ئەگەرچی لە ئێستادا دۆخێکی هۆشیاریی نائاسایی لە ئارادا نییە، بەڵام ئەگەری دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا هێشتا هەر ماوە.