
هۆ و دەرئەنجامی پەلامارەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی!
عەلی بەهرامی
هۆ و دەرئەنجامی پەلامارەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر دەسەڵاتی ئێران دەکرێ لە گۆشەنیگای جیاجیاوە بخرێتە بەر باس، بەڵام دەکرێ بابەتەکانی وەک ئیدۆلۆژیی ڕادیکاڵ، خولیای دەسەڵاتدارانی تاران بۆ هەناردەی فیکر و ئیدۆلۆژییە توندئاژۆکەیان بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەتی شیعە لە ناوچەکە، هەوڵی وەدەستهێنانی چەک و کەرەستەی مەترسیدار، پشتیوانی لە تاقم و گروپە تێرۆریستییەکان و هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە لە وڵاتان، بە سەرچاوە و بنەمای کێشەکانی ئەوڕۆ ببینین.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنیەوە ئەو ڕاستییەی نەشاردۆتەوە کە مەبەستیەتی فیکر و ئیدۆلۆژیەکەی هەناردە و هیلالی شیعە لە ناوچەکەدا ساز بکات. هەر بۆیە لەو وڵاتانەی پێکهاتەی شیعە مەزهەب بوونیان هەیە، ڕێژیم دەستی کرد بە دامەزراندنی تاقم و گرووپی جیاجیای توندئاژۆ و بەو شێوە دەستی کرد بە ئاژاوەنانەوە. هاوکات ڕێژیم بەردەوام بە بیانووی داشداری لە فەلەستین، دژایەتیی ئیسڕائیلی دەکرد و چەندین تاقم و گرووپی بۆ ئەو مەبەستە دامەزراندوە و لەباری ماڵی و ڕاهێنان و چەک و تەقەمەنییەوە پشتیوانی لێ کردوون.
لەگەڵ ئەوانەدا ڕێژیم هەوڵی وەدەستهێنانی چەکی ناوکی و مووشەکی دەدا بۆ ئەوەی بتوانێ پێگە و هێژموونی خۆی لە ئێران و ناوچەکە قایم و بەو شێوە دەسەڵاتەکەی بیمە بکات و هێژموونی خۆی لە ناوچەکە بپارێزێ و خۆی بەسەر وڵاتانی ناوچەکەدا زاڵ بکات. بۆ ئەو مەبەستە تێچوویەکی زۆری بۆ وەدەستهێنانی چەکی ناوکی و مووشەکی بالستیکی دوورمەودا کردوە.
لە دوای ئەوەی ساڵی ٢٠٠٢ بەرنامەی ناوکیی ڕێژیم ئاشکرا کرا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کەوتەخۆ بۆ ئەوەی پێش بەو دەسەڵاتە بگرن و ڕێگە نەدەن ئاخوندەکان دەستیان بەو جۆرە چەکە بگات و ئێرانێکی ئەتۆمیان بە هێڵی سوور دانا. لەو چوارچێوەدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە سەپاندنی گەمارۆی ئابووری و گۆشەگیرکردنی دەسەڵاتەکە، کۆماری ئیسلامی ساڵی ٢٠١٥ مەجبوور بە ڕێککەوتنی بەرجام بوو. ملدانی ڕێژیم بە ڕێکەوتنی بەرجام بەو ئامانجە بوو کە لەلایەک فشار و گەمارۆکانی لەسەر نەمێنێ و هەناسەیەکی بێتەوە بەر و لە لایەکیش ئەو ئیمتیازانەی دەیهەویست وەدەستی بکەوێ، لەگەڵ ئەوەشدا بە شێوەی شاراوە هەوڵی پەرەپێدانی بەرنامەی ناوکی و خۆتەیارکردن بە چەکی ناوکی دەدا.
کاتێک ساڵی ٢٠١٦ دۆناڵد ترامپ بووە سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕێککەوتنی بەرجامی بە ناتەواو دانا و شەرتی مانەوەی ئەمریکای لەو ڕێککەوتنەدا ئەوە بوو کە بەرنامەی مووشەکیی ئێران بەشێک بێ لەو ڕێککەوتنە و نەک تەنیا ١٠ ساڵ، بەڵکوو دڵنیایی ئەوە بدات ڕێژیمی ئێران هیچکات دەستی بە چەکی ناوکی نەگات. بەڵام ڕێژیم ملی بەو ویستەی ئەمریکا نەدا و ترامپ ساڵی ٢٠١٧ بڕیاری کشانەوەی لە ڕێککەوتنی بەرجام دا و گەمارۆ و فشارەکانی بەسەر ڕێژیمدا سەپاندەوە. بەمەیش کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە دەرگاکانی بەڕوودا داخراو و گۆشەگیر کرایەوە.
لە کاتی سەرۆککۆماری جۆ بایدیندا، جارێکی دیکە گەمارۆکان لەسەر ڕێژیم سووک کرا و ڕێگەیان بەو دەسەڵاتە دا کە دەستی بە بازاڕی جیهانی بگاتەوە و بەشێک لەو پووڵانەی لە وڵاتان ڕاگیرابوو، بۆی ئازاد بکرێ. ئەویش دەرفەتێکی باشی دا بە کۆماری ئیسلامی کە لە لایەک دەست کراوە بێ بۆ پەرەپێدان بە بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی بالستیکی دوورمەودا و لە لایەک پووڵی پێویستی لە بەردەستدا بێ بۆ ئاژاوەگێڕیی زیاتر لە ناوچەکە، بەتایبەت دژ بە ئیسڕائیل.
ئەوانە لە کاتێکدا بوو کە ئیسڕائیل بەردەوام هاواری ئەوەی بوو ڕێژیمی ئێران هەوڵی بە لاڕێدابردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کار بۆ وەدەستهێنانی چەکی ناوکی دەدا و ئەویش مەترسییە لەسەر وڵاتەکەی و هێڵی سووری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبەزێنێ و پێویستە هەتا درەنگ نەبووە، پێش بەو دەسەڵاتە بگیرێ و ئەگەر ئەمریکا و ڕۆژئاوا بەگشتی کەمتەرخەم بن لەو بارەوە ئیسڕائیل مەجبوورە تاکلایەنە چارەسەری بەرنامەی ناوکی و باقی مەترسییەکانی ئەو دەسەڵاتە لە ناوچەکەدا بکات.
کاتێک بە فیتی کۆماری ئیسلامی حەماس و باقی هێزە فەلەستینییەکان لە ٧ی ئۆکتۆبری٢٠٢٣ دا هێرشیان کردە سەر ناوچەیەکی ئیسڕائیل و بە کوشتن و بریندارکردن و بە بارمتەگرتنی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئیسڕائیلی و گەشتیار، ئیسڕائیل و جیهان تووشی شۆک بوون. لە کاردانەوە بەو کارە، ئیسڕائیل پەلاماری باریکەی غەزەی دا و زەرەر و زیانێکی زۆری بەو ناوچەیە گەیاندن و خەڵکێکی زۆریش تووشی ماڵوێرانی و ئاوارەیی و برسیەتی بوونەوە و دەسەڵاتی حەماسیشی فەلەج و لە کار خست. دوای ئەوە ئیسڕائیل بەری لە بەرەی مقاومەت گرت. لە لوبنان پەلاماری حیزبۆڵڵای لوبنانی دا و لە سنوورەکانی خۆی دووری خستنەوە و لە لوبنانیش دەسەڵات و هێژموونی ئەو تاقمەی تێک شکاند و حەسەن نەسرۆڵڵا و بەشێک لە کادری ڕێبەریی و ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە و ئەندامانی چالاکی حیزبۆڵڵای کوشت و لەنێوی برد.
لە درێژەدا ئیسڕائیل لە یەمەن تاقمەکانی حووسیی بە ڕادەیەکی زۆر لاواز کرد و مەترسییەکانی گرووپە میلیشیانی عێڕاقیشی بۆ سەر وڵاتەکەی کەم کردنەوە. دوایەش نۆرە گەیشتە ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد و لەکارخستنی حیزبوڵڵای لوبنان. بەو شێوەیە پەڕوپۆی ڕێژیمی ئێرانیان لە ناوچەکەدا کرد و هێژموونی چەندین ساڵەی ئەو دەسەڵاتە و خەونەکەیان بە یەکجاری لە گۆڕ نا.
لەگەڵ ئەوانەدا دڵەڕاوکێی ئیسڕائیل لە مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت کە ئەو ڕێژیمە هەوڵی جیددی بۆ بۆمبی ئەتۆمی دەدا، بەردەوام و زیاتر دەبوو. هەتا ئەوەی کە دۆناڵد ترامپ بۆ جاری دووهەم گەڕایەوە بۆ کۆشکی سپی و لەگەڵ کاراکردنەوەی فشار و گەمارۆکان بۆ سەر ڕێژیم، ماوەی٦٠ ڕۆژی بۆ ئەو دەسەڵاتە دیاری کرد کە لەو ماوەدا بە دانوستان لەسەر بەرنامەی ناوکیی ڕێژیم ڕێککەوتنی تازە بکرێ. لە دوای پێنج دەورە دانوستانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی، نەک نەیانتوانی ڕێککەون، بەڵکوو خامنەیی لە وتارێکدا لە یادی مردنی خومەینی، ڕایگەیاند کە ناچنە ژێر باری داواکانی ئەمریکا.
هاوکات لەگەڵ ئەوەدا ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکەیی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران وەک پێویست هاوکاری نەکردوون و وڵامی پرسیارەکانی ئاژانسیان ئەو جۆرەی پێویستە، نەداوەتەوە. هەروەها ڕێژەی پیتاندنی ئۆرانیۆمی بۆ ٦٠ لەسەد بەرز کردۆتەوە و ناتوانن کۆمەڵگەی جیهانی لە ئاشتیخوازبوونی بەرنامەی ناوکی کۆماری ئیسلامی دڵنیا بکەنەوە. بۆیە ئەمریکا و ٣ زلهێزی ئورووپایی داوایان لە شوڕای بڕیاردەرانی ئاژانس کرد لە بڕیارنامەیەکدا هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی مەحکووم بکەن.
دوابەدوای ئەم هەنگاوانە ئیسڕائیل ڕۆژێک دوای ئەو ماوەیەی ترامپ بۆ ئێرانی دیاری کردبوو، لە ڕۆژی هەینی ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی لە هێرشێکی کتوپڕدا زۆر ناوەندی فەرماندەیی، ناوکی و مووشەکی کۆماری ئیسلامیی کردە ئامانج و لەو هێرشانەدا ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە باڵاکان، بنکە مووشەکی، ناوکی و بەرگری ئاسمانی ئەو دەسەڵاتەیان لە پارێزگا کوردییەکان لە ڕۆژئاوای ئێران، تاران، ئیسفەهان و چەندین ناوچەی دیکە، لەنێو برد.
ئێستا کە نزیک بە حەوتوویەک لە پەلامارەکانی ئیسڕائیل و ڕێژیمی ئێران بۆ سەر یەکتر تێپەڕ دەبێ، دەبینین ئیسڕائیل لە شەڕەکەدا دەستی باڵای هەیە و هێرشەکانی تەنیا بە لێدانی ناوەندە سەربازی و ناوکی و مووشەکییەکانی ڕێژیمەوە سنووردار نیە. بەڵکوو ئیسڕائیل دەیهەوێ کۆی پێکهاتەی ئەو دەسەڵاتە لاواز و لەرزۆک بکات و بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ بەردەوامی لە لێدانی ناوەندە سەربازی، مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران، هێرش دەکاتە سەر کەرتی ئابووری، ئۆرگانە ئەمنیەتییەکان، دەنگوڕەنگی ڕێژیم و وەزارەتی دەرەوەیش. بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە ناوخۆوە دەگەن، پێداویستییە زەروورییەکانی وەکوو: نان، برینج، ماکارۆنی، ڕۆن، بەنزین و ... بە ڕێژەیەکی زۆر گران بووە و ئەو پێداویستیانە زۆر بە حەستەم و گران دەست دەکەون. هەروەها پووڵی نەقد زۆر کەمە و بانکەکان تووشی کەمی نەقدینە بوون و ئەوانەیش کێشەی زۆریان بۆ خەڵک دروست کردوە.
بەو هەڵسەنگاندنەی بۆ کارکرد، مێژوو و سیاسەتی ڕێژیم کرا و لە کاتێکدا بە توندی دراوەتە بەر پەلامار، ڕوونە کە هەڵسووکەوتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە وەکوو پێش ڕۆژی هەینی ٢٣ی جۆزەردان نابێ لەلایەکی دیکەشەوە هەتا ئێستا پلانێکی ئەتۆ بۆ ڕووخانی ئەو دەسەڵاتە لە لایەن ئەمریکا و ئیسڕائیلەوە نابیندرێ و باس و بابەتی ئەوان ملدانی ڕێژیمە بە خواستەکانیان. ئەوەی دەبیندرێ و بەر گوێ دەکەوێ، بەو ئەنجام و ئاکامەمان دەگەیەنێ کە ئەگەر ئەم شەڕە بەو شێوەی ئێستا بەردەوام بێ و ئەمریکایش پەلکێشی شەڕەکە بکرێ لە ئاکامدا ئەم چەند سیناریۆیە لەبەردەم خامنەیی و ڕێژیمەکەیدا دەبیندرێ. یەکەم ئەگەر لەسەر کەللەڕەقی و لاسارییەکانی بەردەوام بێ بە پەلاماری چڕ و جەرگبڕ لاواز و بێتوانا بکرێ. یان هاوکات لەگەڵ بەردەوامی سنوورداری هێرشەکان، پەروەندەی ناوکی ڕەوانەی ئەنجومەنی ئاسایش بکرێ و بە وەگەڕخستنی میکانیزمی ماشە، گەمارۆ و فشارە سیاسی و ئابوورییەکانی بەسەردا بسەپێندرێ. یان ئەوەیکە هاوشێوەی لیبی ئامادە بێ خۆی بەدەستەوە بدات و بەرنامەی مووشەکی و ئەتۆمییەکانی کۆتایی پێ بێنێ و واز بێنێ لە پشتیوانیی تێرۆریزم و هەڕەشە لە وڵاتان. سیناریۆی سەرەکی کە بەردەوام مۆتەکە بووە بۆ دەسەڵات، ڕاپەڕینی جەماوەرییە. بەو پێیەی بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە ڕێژیم تووشی زیانێکی زۆر بووە و زۆرێک لە جینایەتکارانی ئەو دەسەڵاتە کوژراون و ورەی هێزەکانی ڕووخاوە، ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران سیناریۆیەکی دیکە و کاریگەرە و خەڵکی ئێران ئەزموونێکی زۆریان لەو بارەوە هەیە. بەتایبەت لەم ساڵانەی ئاخریدا هەر یەک دوو ساڵ جارێک ڕاپەڕینی جەماوەری دژ بە ڕێژیم بەڕێوە چووە، و ئەو ڕاپەڕینانە کاریگەریی زۆریان لەسەر ترس و دڵەڕاوکێی خەڵک لەو دەسەڵاتە جینایەکارە هەبووە. بەتایبەتی تر شۆڕشی ژینادا دەرس و وانەیەکی گەورە و بەڵگەیەکی باش و بە نرخە لە مێژووی گەلانی ئێران دژ بە زوڵم و ئیستبدادی ئاخوندان، لەو ڕاپەڕینەدا، جەماوەر توانیان لە زۆر بارەوە پاشەکشە بەو دەسەڵاتە بکەن و بۆ ئەویش تێچوویەکی گیانی زۆریان داوە و شۆڕشی ژینا ئێستایش وەک پۆلووی ژێر خۆڵەمێش وایە و لە هەر ئان و ساتێکدا بۆی هەیە کڵپە بکاتەوە و کۆی پێکهاتەی ئەو دەسەڵاتە بسووتێنێ و لە بەینی ببات.