کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆک‌کۆماری نۆرماڵ

15:39 - 30 جۆزەردان 2725

سەرۆک‌کۆماری نۆرماڵ

(بە پشتگیریی شاراوە لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ترامپ کۆتایی بە سەردەمێکی هیوابڕانەی مێژووی وڵاتە یەکگرتووەکان هێنا)

 

گۆڤاری تابڵێت – لی سمیت

و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

هۆی سەرەکیی سەرسوڕمان لە هێرشی بەربڵاوی ئیسڕائیل بۆ سەر ڕێبەریی ئێران، بنکە ناوکییەکانی و ئامانجی دیکە ئەوە بوو کە کەس بڕوای بە سەرۆک‌کۆماری وڵاتە یەکگرتووەکان نەدەکرد، کاتێک باسی پارێزگاریی لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەکانمانی دەکرد، بە تایبەت کاتێک پەیوەندییان بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەبێ.

لە شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران بەولاوە، سەرۆک‌کۆمارەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان بەردەوام ویستوویانە لەگەڵ ئێران بسازێن، لە جیات تۆڵەکردنەوە بە بۆنەی بەبارمتەگیرانی ٥٢ ئەمریکایی بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ، بێدەنگییان هەڵبژارد. ڕۆناڵد ڕەیگان بە ڕێبەری سۆڤیەت میخائیل گۆرباچۆڤی گوت دیواری بەرلین بڕووخێنێ، بەڵام کاتێک هاوپەیمانی لوبنانیی ئێران، حیزبوڵڵا، ١٧ ئەمریکایی لە باڵوێزخانەی وڵاتە یەکگرتووەکان لە بەیروت و ٢٤١ کەسی دیکەی لە بنکەی هێزی دەریایی لە ١٩٨٣ کوشتن، ئەو پاشەکشەی کرد. بیل کلینتۆن هێندە خوازیاری ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بوو، کە یارمەتیدەری شاردنەوەی پشتگیریی ئێرانییەکان لەو تاقمە بوو کە ١٩ کەس لە هێزی ئاسمانیی لە بورجەکانی خوبەر لە ١٩٩٦دا کوشت.

جۆرج بوش چاوی لە بەرانبەر تەڕاتێنی میلیشیای شیعە کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانیی دەکران و سەدان کەس لە هێزە سەربازییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانیان لە عێراق کوشت، و لە کاتێکدا کە بەشار ئەسەد بە ئوتوبوس شەڕکەری سوننیی لە فڕۆکەخانەی دیمەشقەوە بۆ سنووری عێراق دەگوازتەوە تا بەشداری لە ڕاوەدوونانی ئەمریکاییان بکەن، چاوی نووقاند. دەستپێشخەریی هەرە دیاری سیاسەتی دەرەوەی باراک ئۆباما، رێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران بوو، کە سەرەڕای بەڵێنی وەستاندنی بەرنامەی چەکی ناوکیی ئێران، بەڵام بە شێوەیەک داڕێژرابوو کە ئەو بەرنامەیە یاسایی بکات و بیخاتە ژێر چەتری پارێزگاریی ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی، بە پشتیوانیی وڵاتە یەکگرتووەکان.

ئەوانە هەموویان بە  هاتنی دۆناڵد ترامپ ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هات. لە کۆتاییدا، سەرۆک‌کۆمارێکی ئەمریکا قسەی خۆی بردە سەر. ئەو تەنانەت بەر لە دەستپێکی دووهەم دەورەی سەرۆک کۆمارییەکەی گەلێک ئاشکرا گوتی: ئێران ناتوانێ بۆمبەکەی هەبێ. ترامپ دەیهەویست ئەوە بە شێوەی ئاشتیخوازانە جێبەجێ بکات، بەڵام هۆشداریی دا کە بێتوو ئێرانییەکان بە تێکەوەپێچانی تەواوەتی بەرنامە ناوکییەکەیان ڕازی نەبن، ئەوان بۆمباران دەکرێن. ڕەنگبێ ئیسڕائیل ئەو کارە بکات، ڕەنگبێ وڵاتە یەکگرتووەکان، یان ڕەنگبێ هەردووکیان، بەڵام هەر چۆنێک بێ، ئەوان بۆمباران دەکرێن. ترامپ ٦٠ ڕۆژی مۆڵەت پێدان و، لە ڕۆژی ٦١ ـــەم، ئیسڕائیل ئۆپەراسیۆنی "شێری ڕابوو"ی دەست پێ کرد.

تا ئەم بەیانییە، کاتێک ترامپ لە پلاتفۆرمی تروت سۆسیال لێدوانێکی بۆ وەئەستۆگرتنی شانازیی هێرشەکە بڵاو کردەوە، هێندێک سەرلێشیوای لەبارەی تێوەگلانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی دروست کردوە. لەگەڵ دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکە، وەزیری کاروباری دەرەوە مارکۆ روبیۆ لێدوانێکی بڵاو کردەوە و لەویدا گوتی ئەوە بڕیاری ئیسڕائیل بەتەنیا بووە، بێ بەشداریی ئەمریکا. بەڵام، تەنانەت هاوبەشکردنی زانیاریی هەواڵگریی و لایەنەکانی دیکە هاوئاهەنگیی ئیسڕائیل-وڵاتە یەکگرتووەکان ناڕوون بوو، لێدوانەکە بەئاشکرا هەڵخەڵەتێنەر بوو. هەموو ئۆپەراسیۆنەکە ئاماژەی بە ترامپ دەکرد. بەبێ ئەو، هێرشەکە بەو شێوەیە نەدەقەوما کە ڕووی دا، یان ڕەنگبێ هەر ڕووی نەدابا.

ترامپ دوو مانگ کاتی بۆ پووچەڵکردنەوەی ئێرانییەکان تەرخان کرد بێ ئەوەی ئەوان هەست پێ بکەن کە خەریکە پەلکێشی چاڵەکەیان دەکات. دیپلۆماتەکانی ئێرانی گەلێک بە لێهاتووییان لە دانووستاندا لەخۆبایی بوون. چەند نەوە دیپلۆماتی وڵاتە یەکگرتووەکان سەریان لە توانایی ئێرانییەکان بۆ لەخشتەبردنیان سوڕماو بوو: ئەوە شتێکی کولتوورییە، قەت هەوڵت داوە لەگەڵ فەڕش‌فرۆشێک لە تاران چەنە لێدەی؟ ترامپیش لەبەر لێهاتوییەکانیان پێیانی هەڵدەگوت، دەیگوت دانووستانکاری فرە باشن! ئێرانییەکان لە شوێنی دڵخوازی خۆیان بوون و ڕەنگبێ پێیان وا بووبێ دەتوانن تا تەسلیم‌بوونی ترامپ لە بەرانبەر داخوازییەکانیان یان کۆتایی بەڕێوەبەرایەتییەکەی دەتوانن درێژە بە دانووستان بدەن. بەڵام ترامپ فێڵبازتر بوو. ئەو بۆ ماوەی دوو مانگ سەرقاڵی کردن، کات بۆ ئەوەی ئیسڕائیلییەکان دڵنیا بن کە هەموو شتێکیان ئامادە کردوە.

هەر ئێستا زۆر باسی هەڵمەتی فریودەرانەی ترامپ دەکرێ و، لە ڕۆژان یان حەوتووەکانی داهاتوودا، ئێمە زانیاریی زۆرترمان لە بارەی ئەوە کە کام لێدوان ڕاستە و کامیان ساختەیە و بۆ مسوۆگەرکردنی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە، کام ڕۆژنامەوان کەڵکی لێ وەرگیرا، بێ ئەوەی هەست پێ بکات، تا هەواڵە ساختەکە بڵاو بکاتەوە، گیر دەکەوێ. هاوکارێکی گۆڤاری تابلێت دەڵێ ئەوە سەرنجڕاکێشترین هەڵمەتی فێڵاویی دوای داگیرکردنی نۆرماندییە. ڕەنگبێ لەویش سەرنجڕاکێشتر بێ. چەند حەوتوو لەوە پێش، هاوکارێک باسی گفتوگۆیەکی کورت لەگەڵ کاربەدەستێکی پلەبەرزی ئیسڕائیلی کرد بۆم کە گوتبووی ئورشەلیم و واشینگتۆن لەسەر پرسی غەززە هاوڕان و باسی چیدیکەی نەکردبوو. ئەوەی هاوکارەکەم لێی تێگەیشت، و مەبەستیش ئەوە بوو ئەو بەرداشتەی هەبێ، ئەوە بوو کە ئەوە هەواڵێکی خراپە، چونکە بەو مانایەیە کە کەلێنی نێوان بۆچوونی ئەو دوو وڵاتە لە بارەی ئێران زۆر قووڵە. هەڵمەتی فریودانەکە زۆر باش بوو و مەبەست ئەوە بوو بە ساکاری سەر لە دۆستان بشێوێنێ.

ئێستا ئاشکرا بووە کە پەیوەندیی چڕ، لە نێویاندا لە نێوان لایەنە بیانییەکان وەک خودی ئێرانییەکان، ڕۆژنامەوانانی دژی نەتانیاهوو، وڵاتانی کەنداو و، ئورووپاییەکان، هەمووی هەڵمەتێکی فریودان بووە. بەڵام ئەوەی لە هەمووی بەرچاوترە لایەنی نێوخۆییە. ئاخۆ ئێرانییەکان بە ڕاستی بڕوایان کرد کە لایەنی لایەنگری ئیسڕائیل، خەریک بوو دەسەڵاتیان بە سەر ترامپدا نەمێنێ و "خۆپارێزان" دەسەڵاتیان پەرەی گرتبوو؟ ئاخۆ لۆبیگەریی ئێران، تریتا پارسی بە کاربەدەستانی تارانی گوتبوو هاوکارەکانی لە ئەنستیتۆی کوینسی و پسپۆڕانی مووچەخۆری کۆخ، کە کار بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە دەکەن، بە ئاکامی دڵخواز گەیشتوون؟ نیگەرانی نیوکانەکان مەبن، پیاوەکانی من کارەکان بە گوێرەی ویستی ئێمە دەبەنە پێش. وێدەچێ، وەک ئێرانییەکان، ڕایەڵەی کۆخیش بە تەواوی بە هەڵە چووبن.

بڵێی ئۆپەراسیۆنی شێری ڕابوو، ماگا تووشی لێکدابڕان بکات، وەک هێندێک لە ئینفلوەنسێرەکانی ماگا هۆشداریی دەدەن؟ ڕاپرسییەکان دەڵێن نا. بەگوێرەی ڕاپرسییەکی ئەو دواییانەی راسموسێن، ٪٨٤ ی دەنگدەران لە سەر ئەو بڕوایەن کە ئێران ناتوانێ خاوەن بۆمبی ناوکی بێ. تەنیا ٪٩ هاوڕا نین. ڕێژەیەکی زۆرتر لە ئەمریکاییەکان لە سەر ئەو بڕوایەن کە پیاوان بۆیان هەیە لە یانەی وەرزشی ژناندا بەشدار بن، واتە ٪٢١، لە چاو ئەوانەی پێیان وایە ئێران دەبێ خاوەن بۆمبی ناوکی بێ. بەگوێرەی ڕاپرسیی راسموسێن، ٪٥٧ لایەنگری هەڵمەتێکی سەربازیی بۆ وەستاندنی ئێران لە وەدەست خستنی بۆمبی ناوکین، ئەوە بەو مانایەیە کە دەنگدەرانی کەمالا هاریس، ٪٥٠ لەوان، لەگەڵ ٪٧٣ لە دەنگدەرانی ترامپ، بۆ پێشگرتن بە بەرنامەی ناوکی مەلاکان بە بۆمباران کردنی ئێران ڕازین. ڕاپرسییەکی هارڤارد\هاریس دەریدەخات کە ٪٦٠ پشتگیریی لە ئیسڕائیل دەکەن تا "بەرنامەی چەکی ناوکیی ئێران لەنێو بەرێ،" بە ٪٧٨ پشتیوان لەنێو کۆمارییەکان دا.

کێ بیر دەکاتەوە ئەوە ئەقڵانییە کە ئێران بۆمبی ناوکی هەبێ؟ لە تویتێکی دوروو درێژ دا لە پلاتفۆرمی ئیکس، تاکێر کارلسۆن هێرشی کردە سەر مارک لێڤین و  ئەوانی دیکە کە دەڵێن ئێرانێکی خاوەن بۆمبی ناوکی بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان خراپە. ناوبراو پاساوی بۆ بۆمبی ئێران هێنایەوە و نووسی "ئێران دەزانی دەستهەڵگترن لە بەرنامەی چەکی ناوکی بە تەواوی ئاقڵانە نیە. موعەممەر قەززافی هەوڵی دا و باتونیان تێبڕی. لەگەڵ داماڵینی بەرنامەی ناوکی لە قەززافی، ناتۆ کوشتی. ڕێبەرانی ئێران ئەوەیان بە چاوی خۆیان دیت. ئەوان وانەیەکی ئاشکرایان وەرگرت."

بێگومان ئێرانییەکان بۆمبەکەیان دەوێ تا دژی وڵاتە یەکگرتووەکان، یان بە واتایەکی دیکە ناتۆ، بەرگریی لەخۆیان بکەن، بەڵام ئەوە قەت ناتوانێ هاوتەریبی دروشمی "لە پێشدا ئەمریکا"ی ترامپ بێ. هەڕەشەی بوونی بۆمبی ناوکی لە لایەن ئێرانەوە بۆ سەر ئەمریکا بە ڕاستی بەو مانایە نیە کە ئێرانییەکان دەیانهەوێ بۆمب بە سەر شارەکانی وڵاتە یەکگرتووەکاندا بدەن، لانی کەم جارێ نا، بەڵام ئەوە قەڵغانی ناوکی دەداتە ڕێژیم. ئەوە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان خراپە بێتوو ئێرانی ناوکی گەرووی هورموز دابخات تا بڕیار لە سەر نرخی بازاڕی جیهانیی وزە بدا. ئەوە بۆ ئەمریکا خراپە بێتوو ئێرانی ناوکی هێرشی تێرۆریستی بکاتە سەر سیاسەتوانانی ئەمریکایی، لە نێویاندا دۆناڵد ترامپ، تا سیاسەتەکان و پێشترییەتەکانی بە جۆرێک بگۆڕێ کە لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی تێرۆر دابێ. قەیدی نیە بڵێی وڵاتی تۆ نابێ هێرش بکاتە سەر ئێران بۆ پێشگرتن بە وەدەستهێنانی بۆمب، بەڵام پاساو بێنییەوە کە دەوڵەتی تێرۆر کە نزیکەی نیو سەدەیە ئەمریکاییان دەکوژێ، پێویستی بە بۆمبەکەیە تا بتوانێ لە بەرانبەر ئەو وڵاتانەی تۆ لێیی دەژی بەرگریی لە خۆی بکات، گەمژەییە.

ڕەنگبێ هێندێک لە لایەنگرانی ترامپ تووڕە و سەرلێشێواو بن چونکە ترامپ بانگەشەی دەکرد ببێتە بەربژێری خەڵاتی ئاشتی. بەڵام "هیچ شەڕێکی نوێ" دروشمە نە سیاسەت. ئامانجی سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکان برەودان بە ئاشتی و خۆشبژیویی ئەمریکایە و، ترامپ بۆیە هەڵبژێردرا تا ئاراستەی سیاسەتی ڕێبەریی ئەمریکا بگۆڕێ کە بەگوێرەی نەریت بەرژەوەندیی وڵاتە یەکگرتووەکانی لەگەڵ بەرژەوەندیی هەموو کەسی دیکە لێ تێک‌چووبوو. ئێستا زۆر دەمێکە، بڕیاردەرانی سیاسیی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ ڕزگارکردنی ساڵانەی نیو میلیارد جووتیاری چینی لە هەژرایی، لە بەرانبەر هەژارترکردنی چینی مامناوەندیی ئەمریکا،  پیرۆزباییان بەخۆیان گوتوە. جۆرج و. بوش ژیانی جیلی لاوی ئەمریکای بۆ ئەوە بەفیڕۆدا تا عێراق و ئەفغانستان وەک ئەمریکایان لێبێ. ئۆباما وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەرکدار کرد ڕێککەوتنی ژینگە جێبەجێ بکات کە بە شێوەیەک داڕێژراوە کە ئەمریکاییەکان هەژارتر دەکرات. ئەو بۆمبی ئێرانی یاسایی کرد.

کە وابوو ئاخۆ ئۆپەراسیۆنی شێری ڕابوو ئاشتی ئەمریکا گەشە پێداوە؟ بێتوو بە کۆتایی‌هێنان بە بەرنامەی چەکی ناوکیی ئێران تەواو بێ، وەڵامەکە بێ ئەملا و ئەولا بەڵێیە. بێجگە لەوە، کاتێک هاوبەشەکانی ئەمریکا بەرژەوەندییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان پێش دەخەن، دەبێتە درەوشانەوەی زیاتری شکۆی ئەمریکا. بۆ وێنە، لە ١٩٨٢، لەو شوێنەی کە ئێستا بە دۆڵی بیقاع ناسراوە، فڕۆکەوانانی ئیسڕائیل ٨٠ فڕۆکەی شەڕکەری میگ و دەیان سیستەمی هاژەکی زەی بۆ ئاسمانی دروستکراو کە سۆڤیەتیان لەنێو برد. ئەوە مانۆڕێکی یەکلاکەرەوەی کاتی شەڕی سارد بوو کە پیشانی دا کاتێک بێنە مەیدانی نەبەرد، چەکوچۆڵی ئەمریکایی لە هی مۆسکۆ فرە باشترن. هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران نەتەنیا هاوبەشە ڕووسی و چینییەکانی بێتوانا کردوە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا باڵادەستیی وڵاتە یەکگرتووەکانی بەو کەسانە پیشان داوە کە لە مۆسکۆ و بەیژینگ سەیری ڕووداوەکان دەکەن. بێجگە لەوە، بەکردەوە هەرچی نەوتی ئێرانە هەناردەی چین دەکرێ.

بە هێرشی شەوی ڕابردوو، ترامپ دەرفەتێکی بۆ کۆتایی‌هێنان بە دەوریەکی بێهێزیی و بێهیوایی لە مێژووی وڵاتە یەکگرتووەکان گیر کەوت کە نزیکەی ٥٠ ساڵ بەر لە ئێستا بە قەیرانی بارمتەگیرانەکە دەستی پێ کرد. ئەوکات، ڕێبەریی وڵاتە یەکگرتووەکان بەردەوام لە بەرانبەر ڕێژیمێکی تێرۆریستیدا پاشەکشەیان دەکرد کە تەنیا بە نەفرەتی شێتانە لە ئەمریکا لە سەر پێ بوو، لە کاتێکدا کە ئێلیتی دنیای سیاسی، ئاکادێمیا، مێدیا و کولتوریی وڵاتە یەکگرتووەکان شێوازێک لە هەڵسوکەوت و لێدوانیان ڕەچاو کردوە کە بیرهێنەرەوەی سیاسەتوانە بۆنخۆشەکانی جیهانی سێهەمن کە هەموو هەوڵ و کۆششیان شاردنەوەی ڕاستییەکانە. تەنیا شتێک کە بۆ سەرۆک کۆمارێکی وڵاتە یەکگرتووەکان پێویست بوو، بردنەسەری بەڵێنی خۆی بوو.