
شەڕی ئێران و ئیسرائیل و چەند سەرنجێک
سۆراب ڕەحمەتی
لە تەک ئەوەی کۆمەڵگەی جیهانی شەڕ و هەڕەشەی نێوان وڵاتانی بە هەنگاوێکی بڤە وەسف کردوە و لە مانیفێستی خۆی لە مادە دوو بڕگەی ٤ی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەرگ و ڕۆحی یاسایی بە بەردا کردوە و ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە مەزنەش پێیان وایە ئەم ئەسڵە، ئەسڵێکی گرینگە لەپێناو ئاڕمانجێکی مەزن و پیرۆزی ڕێکخراوەکەدا کە بریتییە لە پاراستنی ئاشتەوایی نێودەوڵەتی، بەڵام لە ماددەی ٥١ی ئەو میساقەدا کۆمەڵێک هاوێری داناوە کە هەندێک جار پێگەیان بەرز دەبێتەوە بۆ پێگەی ئەسڵەکە، کە ئەویش یاساغکردنی پەنابردن بۆ بەکاربردنی هێزە. ئەو هاوێرە یان ئەو ئیستیسنایە مافی بەرگریکردنی ڕەوایە کە دەقێکی ڕێگەپێدراوە و لە مادەی ٥١ی میساقەکەدا ئاماژەیەکی پەسند کراوە، بەڵام بە کۆمەڵێک مەرج سنووردار کراوە.
مەرجەکان بریتین لە:
۱. هەبوونی هێرشێکی دەرەکی
٢. هاوسەنگی و زەروورەتی وڵامدانەوە
۳. ئاگادارکردنەوەی شوڕای ئەمنییەت
لە هەمانکاتدا چەند پڕەنسیپێک وەک ماف بەو لایەنە داوە کە بە بەرگری ڕەوا کە بریتین لە:
- جیاکاری لە نێوان خەڵکی مەدەنی و هێزی میلیتار
- کەڵکوەرنەگرتن لە خاکی وڵاتی سێهەم و پەلکێشکردنی بۆ نێو شەڕەکە و چەندین خاڵی دیکە....
جا لێرەدا و بە مەبەستی تاوتوێکردنی شەڕی ڕاستەوخۆی ئێران و ئیسرائیل کە نیزیک دوو حەوتووە بەردەوامە، پێویستە هەوێنەکەی و ئاڵۆزییەکانی لەبەر چاو بگیرێن. هەر یەک لەو وڵاتانە ئەویتر بە دەستپێشخەری شەڕەکە تۆمەتبار دەکەن و لە هەوڵی ڕەوایی بەخشین بە کردەی خۆیانن بەڵام بە ئاوڕێک لە مێژووی ململانێی ئەو شەڕە، دەتوانین بڵێین کە شەڕێکی سیاسی -ئیدئۆلۆژیکە کە دەسپێکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕابردوویەکی دوور و پێویستی بەوە هەیە کە کۆڵەکە ڕەوانی و کردەیی و شەرعییەتی ڕوودانی شەڕەکە لەو ماوەیەدا، هەڵبسەنگێندرێ و ئاماژەیەکی کورت بە ڕۆڵ، کردە و دژکردەوەی هەر دوو وڵاتان بدرێ.
- ئایدیۆلۆژی کۆماری ئیسلامی
ڕەگەزی ڕەوانیی شەڕ
کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی شۆڕشی گەڵانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧دا، یەکەم هەنگاوەکانی دژایەتییەکی وێرانکەرانە لە ئاستی ئاواتەخواز بوون بۆ لە نێوچوونی هەر یەک لە وڵاتانی ئامریکا و ئیسرائیلی تێدا گونجێندرا. ئەو ئاواتە بەرەبەرە بوو بە ئیدئۆلوژییەکی ئامانجەکی. واتە ئاڕمانجی یەکەیەکی سیاسی وەکوو دەوڵەت! بوو بە لەنێوبردن و سڕینەوەی وڵاتانێکی دیکەی هاوپێگە و یەکسان لە چوارچێوەی یاسای نێونەتەوەییدا.
هەر لە دەستبەسەرداگرتنی سەفاڕەتی ئامریکا لە ساڵی ١٣٥٨ و دواتر ڕاگەیاندنی هەڵوەشانەوەی ئیسرائیل و جێگۆڕکێی سەفارەتەکەی لە تاران لەگەڵ گەلی فەلەستین و شەرعیەتی پێدانی وەک یەکەیەکی سیاسی خاوەن سەفارەت لە تاران، ڕەگەزە ڕەوانی شەڕ چەکەرەی کرد و هزری تاکی فەلستینی وەک تاکێکی موسوڵمان بەرامبەر بە ئیسرائیل بەرهەم دێنا. ئەو سیاسەتە بوو بەوەی کە لە تریبوونەکانی نوێژی هەینی و بۆنە دینییەکان و ڕاگەیەنەکانی کۆماری ئیسلامی بە شێوەی دانەبڕاو درووشمی وێرانکەری "نەمان بۆ ئامریکا" و "نەمان بۆ ئیسرائیل"ی بە گوێی موسوڵمانانی جیهان بەگشتی و موسوڵمانە شیعەکان بە تایبەتی بچرپێنێ و بە شێوەیەک کە ساغکردنەوەی ناوچە شیعییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەراست لە ژێر ناوی "هیلالی شیعی" و بازوویەک بە ناوی" میحوەری بەرەنگاری" پێک بێنێ.
ڕوکنی بەرجەستەیی (مادی)
ڕەگەز یا ڕووکنە کردەییەکەی ئەو ئایدۆلۆژییە وێرانکەرانەیە کردەوەکانی "میحوەری بەرەنگاری" بوو. هاوتەریب لە گەڵ ساغکردنەوەی بازوو یا بەرەی شەڕکەڕ، پەنابردن بۆ دروست کردنی چەکی دوور مەودای ئەتۆمی و هەموو جۆرە هاژەکە قارەپێوەکانی کۆماری ئیسلامی و دەستڕاگەیشتن بە تەکنۆلۆژی درووستکردای دڕۆن و پەهباد و لەلایەکیتریش پشتیوانی کردن و پلانمەندکردن و هاندانی گرووپە نیابەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، وەکوو حیزبوڵای لوبنان لە ساڵی ١٩٨٢، حیزبوڵڵای عێڕاق ٢٠٠٣ ، سیدالشهدا و دواتر حەشدی شەعبی، فاتیمیونی سوری و ئەفغانی و زەینەبیون، ئەنساری حیزبوڵا و حوسیەکانی یەمەن و حەماسی فلەستینیەکان بە تایبەتمەندییەکی سەرزەوینی بەرینەوە دەستی پێ کرد.
ڕوکنی شەرعییەت
لەگەڵ هێرشی بەردەوامی ئەو هێزە نیابەتییانە بە شێوازگەڵ و ئامرازگەڵی جوراوجۆری تەقینەوە، پێکان بە درۆن و مووشەک ڕووکنی کردەیی ئەو شەڕە شەرعیەتی بە دەوڵەتی ئیسرائیل بەخشی بە مەبەستی ئەوەی مافی "بەرگری ڕەوا" بەکار بێنێ. وەک نموونە دەتوانین ئاماژە بە دوو هێرشی شەڕی ٣٣ ڕۆژەی ساڵی ٢٠٠٦ و هێرشی حەماس لە ۷ی ئۆکتوبر بۆ ئاهەنگگێڕانی ئیسرائیلییەکان و گرتن و کوشتنی دەیان کەسی مەدەنی، بکەین بووە هۆی ئەوەی کە ئیسرائیل شەرعییەتی ڕێژەیی نێودەوڵەتی بۆ بەرگریکردنی ڕەوا لە خۆی وەرگرێ.
دیارە کە لە بەرامبەر ئەوانەدا ئیسرائیلیش بە هەوڵی لاوازکردنی پێگەی نێودەوڵەتی کۆماری ئیسلامی، شەرعیەت پێنەدان پێی وەک وڵات و دەستخستنی زانیاری ورد لە سەر شارەزا و فەرماندەرە تووندئاژۆکانی سوپای پاسداران و پەردە هەڵدانەوە لە سەر هەموو بەرنامە تەم و مژاوییە ناوەکییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕانەوەستاوە و زیاترین زانیاری نهێنی ڕادەستی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە و ئێستاش پشتیوانییەکی ڕێژەیی بەڵام بەهێزی بۆ لێدان لە شوێنە نیزامییە هەستیارەکان کۆماری ئیسلامی ئێران، چێ کردوە.
ئێستا و دوای دە ڕۆژ گۆڕینەوە ئاگری نێوان ئەو دوو وڵاتە، کۆماری ئیسلامی لە خراپترین حاڵەتی خۆی دایە. جگە لە کوژرانی زۆربەی فەرماندەرانی سوپاکەی، تێکڕمانی دامەزراوە و سایتە ئەتۆمیەکانی و ڕووخانی ژێرخانی ئەو وڵاتە، جەبهەیەکی دیکەی لە دژی ئازادیخوازان، چالاکان و دەکرێ بڵێین کە هەموو جیابیرانی ئێران کردۆتەوە.
لە سێدارەدانی چەندین کەس بە تۆمەتی هاوکاری کردنی ئیسرائیل و پەسندکرانی پڕۆژەی "دوو فەورییەتی" لە مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی ئێران کە بریتیە لە ئێعدام کردنی زیندانیانی دوو تابعیتیی، ئەمنیەتی، سیاسی و عەقیدەتییەکان، جەبهەیەکی دیکەی کوشتاری لە دژی کۆمەڵگەی ئێرانی کردۆتەوە کە پێدەچێ تاوانی هەموو ئەو شکست و تێکڕمانەی خۆی بە سەری خەڵکی بێ تاوانی ئێران دا بشکێنێتەوە.
دوای لێدانی دامەزراوە گرینگەکانی چەکە ناوەکییەکانی ئێران، دیمەنێکی ڕوونتر بە دەستەوەدراوە دەبێ هەر تاکێک دوو پرسیار لە مێشکی خۆیدا بخوڵقێنێ کە ئاخۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دوای بە فیڕۆدانی سامانی چل ساڵەی ژێر زەوی و سەرزەوی ئەو وڵاتە، مل بۆ دانوستانی ب بێ مەرج ڕادەکێشێ و لەمەودوا و لە ئەگەری مانەوەیدا ئایدیای ویلایەتیی خۆی وەک لەناوبردنی ئیسرائیل و ئامریکا بە مێژوو دەسپێرێ یا ئەوەی کە درێژە بە ململانێ دەدا و لە ژێر گوشاری دەرەکی و شەقامەکانی ئێرانەوە، خودی نیزامی ولایەتی فەقیە کۆماری ئیسلامی تاریخ مەسرەفی تەواو دەبێ و بە مێژوو دەسپێردرێ.
ئاکامگیری
بەو پێیەی کە خەڵکی ئێران ئەزموونی نزیک بە پێنج دەیەی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی هەیە و لانیکەم کوشتارە بان یاساییەکانی وەک: فەرمانی جیهاد لە دژی ئازادیخوازان بە تایبەتی لە کوردستان، شەڕی ئێران و عێراق و بە کوشتدانی هەزاران منداڵی ژێر تەمەنی یاسایی، کوشتار و سەرکوتی بێ بەزییانەی خۆپێشاندەرانی خۆپێشاندانەکانی ساڵەکان ١٣٧٨، ١٣٨٨، ١٣٩٨ و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ساڵی ١٤٠١یان دیوە و لە لایەکی دیکەوە کوشتار و ئەشکەنجە یاسامەندەکانی وەک دادگایی کردنی هەڕەمەکی و دۆسیە سازی و لە ئاکام دا لەسێدارەدانی جیابیرانیان بە سەرتاپای مێژووی دەسەڵاتداری ئەو ڕژێمە وە دەبینن حەق وایە کە بە خرۆشانێکی جەماوەری بکەرانی ئەو هەموو تاوان و کوشت و کوشتارە لە سر دەسەڵات لابدەن و بە باوەرمەندی و سەرلەنوێ خوێندنەوەی جوگرافیایی سیاسی-کۆمەڵایەتی ئێران بە هەموو جیاوازییەکانەوە، نیزامێکی دێموکڕاتیک پێک بێنن کە ببێتە هۆی بەختەوەری گشتی.