کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیتی "ژ" پیتێکی سەرەخۆرە و مەترسیدارە

18:45 - 16 جۆزەردان 2725

پیتی "ژ" پیتێکی سەرەخۆرە و مەترسیدارە

دارسمە

پارێزگای سنە پارێزگایەکی سەیرە. پێتان وانەبێت هەوراز و نزمیی شار و گوندی ئەم پارێزگایە زۆر سەیروسەمەرەن. گومانی تێدا نیە پارێزگای سنەش وەک پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان و لوڕستان و ورمێ خاوەنی شار و گوند و کانیاو و ڕووبار و خڕ و دۆڵ و بەرزی و نزمییە و خەڵکەکەشی بەشی زۆریان جلی وەک یەک دەبەر دەکەن و ژنان و پیاوانیشی وەک ژنان و پیاوانی ئەو پارێزگایانەی ناومان بردن، هەڵدەپەڕن و هەمووشیان حەزیان لە گۆرانیی گشتی هەڵپەڕکێیە و لە گوتنەوەی دەستەواژەی "هەستە بەشان سەرچۆپی"دا بە ورد و درشتیانەوە هاوبیر و هاوڕان. بەڵام شتێکی زۆر سەیر ئەم پارێزگایەی لەوانی دیکە دابڕیوە و ئەویشیان ئەمەیە لە سجیل و مجیل و تەسکەرە و مەسکەرەی دەسەڵاتدا تەنیا ئەم پارێزگایە ناوی "کوردستانە". حکوومەتی کۆن و نوێی ئێران دەیانەوێت بڵێن گومانیان لەوەدا هەیە، جگە لەم پارێزگایە هیچ شوێنێکی دیکە کوردستان بێت و دیارە ئەوانیش زۆر پیاوانە گومانی خۆیان بە یەقینی هیچ‌کەس و لایەنێک ناگۆڕنەوە.

ئەم پارێزگای سنەیە بە درێژایی مێژوو پەند و ڕووداوی زۆری بەسەر هاتوون، بەڵام ئەوکاتەی بەم ناوی کوردستانەوە لە کۆمارەکەی کوردستانیان دابڕی، ڕۆژ نیە ڕووداوی سەیروسەمەرە بە خۆیەوە نەبینێت. با زۆر دوور نەچین، لەم دواییانەدا فێستیڤاڵی "قەڵەمی هەژار" لەم شارە بەڕێوە چوو و لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا نووسەران و هونەرمەندان یەک لەدوای یەک، لە نێو چەپڵەڕێزانی بەشداربوواندا خەڵات کران و پاشان یەک لەدوای یەک لە وەرگرتنی خەڵاتان پاشگەز بوونەوە و (دەوری مامۆستا هەژارمان پەرژینی بەگوڵ بێت)، گوتیان ماڵی قەڵب سەر بە خاوەنیەتی.

چەند ڕۆژێک پێش ئەم ڕووداوە نێوەندی ئەم پارێزگایە، خانەخوێی پارێزگارانی هەرێمی کوردستان بوو. دیارە پارێزگاری کەرکووک وەک تەنیا پارێزگاری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەم میوانییە بێبەش بوو، بەڵام بە پێچەوانەوە لە ڕۆژهەڵات یانی لە دیوی ئێرانەوە، دوو پارێزگاری کوردستانیی دەرەوەی پارێزگای سنەش (مەبەست هەمان پارێزگای کوردستانی ئەوانی دیکەیە) لە ورمێ و کرماشانەوە بانگهێشت کرابوون.

دیارە پارێزگاری سنە زۆر ڕێزی لە میوانان گرت، بەڵام یەکێک کارەکانی لەم میواندارییەدا سەرسوڕمانی لێکەوتەوە. ئەوانەی دوای ئەم ڕووداوە تاسان، بێ ئەوەی تراوی حەرامیان خواردبێتەوە، هەروا سەریان سوڕ ماوە و دەڵێن جەنابی پارێزگاری "کوردستان" نەدەبوایە کۆمەڵێک ژن بە سواری ئەسپەوە و بە جلوبەرگی ناشایستەوە بۆ پێشوازی لەم میوانانە ببات! ئەو ژنانەی بە سەر پشتی ئەسپەوە بە زەردەخەنەوە بە پێش ڕیزی پارێزگارانی هەرێمی کوردستان و پارێزگارانی دیوی ڕۆژهەڵات (وەک دەڵێن "مەرزدارانی غەییور")دا تێپەڕین، دژایەتیی دڵسۆزان و گەورە پیاوانی پارێزگاکە و تەنانەت گەورەپیاوانی تارانیشی لێ کەوتەوە. گەورە پیاوان، پێیان وایە ژنان نامووسی پیاوانن. نەک هەر ژن نامووسی مێرد و کوڕ و مام و خاڵی خۆیەتی، بەڵکوو کۆی ژنان نامووسی کۆی پیاوانن. بەمە دەڵێن بەرابەری و یەکسانی. ئەوەتا چۆن ژنێکی بەلووچ، عەرەب، تورکمان یان ئازەری نامووسی گەورەپیاوانی تارانە، ئەوا ژنی سنە نامووسی گەورەپیاوانی دانیشتووی تارانیشە. ئەگەر وا نەبوایە، وەزیران و نوێنەرانی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی ئەوکاتەی ژنانی کوردیان بە جلک‌وبەرگی کوردییەوە لەسەر زینی ئەسپان لە پێشوازیکردنی پارێزگاراندا دەدیت، ئەوا تووڕە نەدەبوون.

ئەو گەورە پیاوانە هەموویان عاقڵن و لە دنیا تێدەگەن، هەر نەبێت ئەو گۆرانییە کوردییەیان بیستووە، دەڵێت:

"دەبا لێنێن پێشباران، خێڵ گەیشتە بارزینی

یارم پێی لە ڕکێفێ نا، کەوتە سەر خوانی زینی

لە خوای دەپاڕێمەوە خێروخۆشیان ببینی"

هەر ئەم گۆرانییەی باس لەوە دەکات ژنان خۆیان داوێنە سەر خوانی زینی، بۆ ئاسایشی نەتەوەیی زۆر مەترسیدارە. کاتێک ژن خۆ باوێتە سەر خوانی زینی و دوای ئەمە خێروخۆشیان ببینێت، کوا ژنی ئەوا وەک نامووسی من و جەنابت دەمێنێتەوە. ئەودەم گەورە پیاوانی پارێزگا تەنانەت ئەوانی تاران و مارانیش تووشی قەیرانی قووڵی هەبوون و نەبوونی نامووس دەبن. لە وەها کات‌وساتێکدا هەلومەرجەکەش بۆ ئەمە گونجاو نیە کۆمەڵێک ژن ئەویش لە پارێزگایەکی وەک پارێزگای سنە بە جلی "ناموناسب"ەوە سواری ئەسپ بکەی و ئیزنیان بدەی بەکەیفی خۆیان خۆ باوێنە سەر خوانی زینی.

گەورەپیاوانی وڵات پێشتر بە مەبەستی توندوتۆڵکردنی بابەتی "نامووس" کچێکی ئەم پارێزگایەیان لە تاران خستە بەر شەپ و مست و پێلەقە و دواتر خەڵکی دەرفەتخواز و هەلپەرست لە هەمان پارێزگا و سەرانسەری ئێران کردیان بە بیانوو و دەستیان بە هاتوهاوار کرد و ئێستاشی لەگەڵ دابێت، کێشەی "ژن، ژیان، ئازادی" لەکۆڵ نابێتەوە.

باشە ئێوە نازانن، ئێمە گەورەپیاوی وەک حەداد عادڵ و حوسێن شەریعەتمەداریمان هەیە و دەبێ بەر لەکاری ئەواندا پرسیان پێ بکرێت؟ ئەوە نیە کاکە حەداد چەند بە پارێزەوە پەیامی بۆ فێستیڤاڵەکەی قەڵەمی هەژار ناردبوو و دەیگوت، زمانی کوردی زمانی چاکە و خزمەتێکی باشی بە ساغکردنەوەی زمانی فارسی کردوە؟

لەمەش بترازێت گەورەپیاوانی وڵات هەر کەیفیان بە وشەی "ژ" نایەت. "ژ" پیتێکە ژنی پێ دەنووسرێت و مەترسی دەخاتە سەر ئاسایشی نەتەوەیی. ژن وشەیەکی قیزەونە زبری قورس لە نامووسی پیاو دەدات. ئەگەر بابەتی ژن، ژیان و نازانم چی و چیش لەبیر بکەین، دەستەواژەی وەک شەنگەژن و شێرەژن و شوڕەژن زۆر بێ تامن. هیچ بەدووری مەزانن چۆن دەڵێن شۆرەژن ئەواش بەم ژنانەی سەر پشتی ئەسپان بڵێن شۆڕەسوار. سەرەڕای هەموو ئەمانە، هیچ بە دووری مەزانن پیتی "ژ"ێی زمانی کوردی پیتێکی مەترسیدار و سەرەخۆرە بێت.