
شەڕ وەک نیعمەتی ئیلاهی یان پێویستیی سوڵحی ئیمامی حەسەن!
فەتاح ڕەسووڵی
هەر بەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئیران و ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و گەیشتنی ئاخوندەکان بە دەستەڵات، پاوانخوازیی و سەرکوت و کوشتار و زیندانیکردنی جیابیران دژ بە گەلانی ئێران دەستی پێکرد. "ویلایەتی فەقیی" وەک سیستمی سیاسی بوو بە دەستەڵاتداری موتڵەق و هەر کەس و لایەنێک پێچەوانەی ئەوان بیری کردبایەوە، بە دژی دەوەستانەوە و دەکەوتە بەر غەزەبی دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و سزای قورسی بەسەردا دەسەپا.
زیندانەکان ئاخنرابوون لە ئازادیخوازان و بۆ بەچۆکداهێنانیان و تێکشکاندنی ئیرادەیان بەرەوڕووی ئازار و ئەشکنجەی جەستەیی و ڕوحی و زیندانیی درێژخایەن دەبوونەوە؛ یان تەنانەت بەکۆمەڵ ئێعدام دەکران.
هەر لە سەرەتاوە بناغەی سیستێمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەر توندوتیژی و تۆقاندن و خوێنڕشتن دامەزرا. ڕێژیمی تازە بەدەسەڵاتگەیشتوو، خۆی بە گەورە هێزی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تاکە سواری مەیدان دەزانی و هەر بۆیە ئاستی زێدەخوازی چاوەڕوانییەکانی بۆ پیلانگێڕی و سەرەڕۆیی لە ناوچەکەدا زیاتر کردبوو، دروشمی "نە شرقی، نە غربی، جمهوری اسلامی" بەرز کردەوە بە دژی دوو بەرەی "ئیمپریالیزم" و "کۆمونیزم" وەستایەوە و خەونی سڕینەوەی ئیسرائیلی دەبینی. کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە پابەندی بەها ئەخلاقییەکان و یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان نەبوو، و لە ساڵی ١٣٥٨ی هێرشی کردە سەر سفارەتی ئەمریکا و ٥٢ دێپلوماتی ئامریکایی سەر بەو سفارەتەی بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ بە بارمتە گرت.
لەو نێوەشدا گەلی کورد لە ڕوژهەڵاتی کوردستان زۆرترین زوڵم و چەوساندنەوە و بێعەداڵەتی و پەراوێزخستن و جینایەت و بەشمەینەتی لەدەست ئەم ڕێژیمە ستەمکارە چیشتوە. گەڵی کورد بۆ گەیشتن بە مافەکانی هەمیشە "دیاڵوگ"ی بە باشترین ڕێکار زانیوە و هەر دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و هاتنەسەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، نوێنەرانی گەلی کورد هەوڵێکی زۆریان دا کە دوور لە توندوتیژی و لە ڕێگای ئاشتییانەوە چارەسەری کێشەی سیاسی گەلی کورد بکرێ، بەڵام بەداخەوە ڕێژیم ستراتیژیی شەڕی هەڵبژارد. خومەینی لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی فتوای جیهادی بە دژی گەلی کورد ڕاگەیاند و لەشکرکێشی بۆ سەر کوردستان دەستی پێکرد. لە هەمو لایەکەوە پەلامار و گەمارۆی خەڵکی بێتاوان و بێدیفاعی کوردیان دا و دانیشتووانی گوندەکانی کوردستانیان کۆمەڵکوژ کرد و جینایەت و تاوانی دژەمرۆیی خولقان. سەدان کەس لە ڕێبەرانی سیاسیی کورد و دژبەران لە نێوخۆ و دەرەوی سنوورەکان تێرۆر کران کە لە ناویاندا دوو کەسایەتی و ناسیاوترین ڕێبەرانی گۆڕەپانی سیاسی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردی ڕۆژهەڵات شەهیدان دوکتور قاسملوو و د.شەرەفکەندی دیار و بەرچاون.
هەرچی چەکی وێرانکەر بوو لە زەوی و ئاسمان لەسەر خەڵکی کوردستان تاقی کرانەوە، پۆل پۆل لاوانی کوردیان لە زیندانەکاندا ئێعدام کرد و ئەوەی بۆیان کرا و لە توانایاندا بوو دەستیان لە هیچ جینایەتێک نەپاراست. کوردستان مێلیتاریزە کرا و بە هەزاران مۆڵگە و سەدان هەزار بەکرێگیراویان بۆ سەرکوتی خەڵکی کورد تێدا جێگیر کرا. ئەم داگیرکاریی و توندوتیژییە دوای چلوحەوت ساڵ لە تەمەنی پڕ لە شوورەیی و سەراسەر جینایەت، بێئەوەی چووکترین گۆڕانکاری لە سیاسەتی دژ بەم نەتەوەیەی بەسەردا هاتبێ بەردەوامە و درێژەی هەیە.
لە درێژەی سیاسەتی شەڕەنگێزی ئەم ڕێژیمە هەڵگیرسانی شەڕ لەگەڵ وڵاتی عێراق بوو کە هەشت ساڵی خایاند کە وەک نیعمەتی ئاسمانی و ئیلاهی چاوی لێ دەکرا، کە بوو بە نەهامەتی و ماڵوێرانی بۆ گەلانی ئێران، تێچووی زۆری مرۆیی، زەرەر و زیانی گەورە بە ژێرخانی ئابووری و ژینگەی هەر دوو وڵات گەیاند.
ڕێژیم ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی بە دەرفەتێکی باش دەزانی بۆ پەرەپێدانی
سەرکێشییەکانی، سەرانی ڕێژیم گەیشتنە ئەو ئاستەی بکەونە بیری دروستکردنی هیلالی شیعی و دروشمی خومەینی، "جنگ جنگ تا پیروزی، واتە شەڕ شەڕ تا سەر کەوتن" و ڕێگای قودس بە کەربەلادا ڕادەبرێ؛ بەڵام دوای هەشت ساڵ شەڕ لەگەڵ عێراق هەر کە بۆیان دەرکەوت ئیدی بەردەوامیی ئەو شەڕە بەرژەوەندیی نیزام دەخاتە مەترسی، بە ناچاری لە ساڵی ١٣٦٧ و بەبێ هیچ دەسکەوتێک ملکەچ و دەستەوداوێنی بڕیارنامەی ٥٩٨ ی شوڕای ئەمنییەتی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بوون و بە فڕکردنی پیاڵەی ژەهر لەلایەن خومەینییەوە کۆتاییان بە شەڕەکە هێنا. بەڵام سیاسەتی شەڕەنگێزی و دروستکردنی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا کۆماری ئیسلامی بردە قۆناغێکی دیکە بۆ ناردنی شۆڕش بۆ دەرەوی وڵات.
ئەویش پێکهێنانی تاقم و گرووپی نیابەتی جۆراوجۆر بە ناوی جیاواز لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە وەک عێراق، سووریە، لوبنان، یەمەن، غەزە و پشتیوانی هەمەلایەنەیان لەسەر حیسابی سەروەت و سامانی گشتی وڵات.
کۆماری ئیسلامی کە ماکە و هۆکاری سەرەکییە بۆ شێواندن و ئاڵۆزی ناوچەکە و جیهان، دەیان ساڵ درێژەی بەم سیاسەتە دا، بەڵام بێجگە لە نەهامەتی و ڕۆژڕەشی بۆ ئێران و ئەو وڵاتانە هیچ خێرێکی نەبوو.
٧ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠٢٣ی زاینی هێرشی حەماس بۆ سەر خاکی ئیسرائیل کە بووە هۆی کوشتن و برینداربوونی سەدان کەس کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون و بەبارمتەگرتنی سەدان کەس، باڵانس و ڕەوتی ڕووداوەکانی گۆڕی و قۆناغێکی دیکە لە ناوچەکە هاتە ئاراوە و ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی و چاوەڕواننەکراو دەستی پێکرد و ئاگری ئەو شەڕە وێرانکەر و خوێناوییە بوو بە هۆی ئەوەی بە هەزاران کەس ببنە قوربانی و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس و غەزە بە تەواوی وێران بوو. لوبنانیش لەم شەڕەدا تێوەگلا و تووشی خەسارەتێکی بەرچاو بوو، وێرانی و تێچووی مرۆیی و ئابووری و زۆربەی ڕێبەرانی سیاسی و سەربازی حیزبوڵڵا و حەماس و هێزی سەربازییان بوونە ئامانجی ئیسرائیل و لەنێو چوون و گورزی کوشندەیان بەرکەوت.
سووریە و یەمەنیش لە هێرشی سەربازی ئیسرائیل بێبەش نەبوون و زیانێکی گەورەی گیانی و ماڵییان وێ کەوت. ئەسەد، سەروککۆماری سووریە لەلایەن دژبەران و خەڵکی وەزاڵەهاتووی لەدەست ڕێژیمە دیکتاتۆرەکەی هەلێکی باشیان بۆ ڕەخسا و لە ماوەیەکی کەمدا دەستەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد و عەلەوییەکان کە پەنجاوچوار ساڵ بوو حوکمرانیی ئەو وڵاتەیان دەکرد لە ساڵی ٢٠٢٤ی میلادی تیکەوە پێچرا و کۆتاییان پێهێنا. ئیسرائیل هەروەها بە کەلکوەرگرتن لەم بۆشایی دەستەڵات و ئەو ئاڵوگۆڕە زۆربەی بنکە سەربازیی و ناوەندە مووشەکی و ئەو شوێنانەی کە جیگای نیگەرانی بوون، بە هێرشی مووشەکی و ئاسمانی لەنێو بردن. بەدوای ڕووخانی رێژیمی ئەسەد و نەمان یا کەمبوونەوەی هێژمۆنی ئێران، پیلانگێڕی و ئاڵۆزی بۆ ناسەقامگیرکردنی ئەو وڵاتە لەپیناو قازانج و بەرژەوندییەکانی خۆی، بەدنەدانی پاشماوەی ڕێژیمی پێشوو و عەلەوییەکان و دورووزییەکان و عەشیرەتەکان، جارێکی دیکە سووریەی بەرەو شەڕی نێوخۆیی بەرێت.
کۆی گشتی ئەوانەی باس کران، تەنیا ئیشارەیەکی بچووک بوون لە ئەدەبیاتی سیاسی و ستراتیژی و ماهییەتی کۆماری ئیسلامی کە هەموویان شکستیان هێنا و مایەپووچ بوونەوە. ئێستا کۆماری ئیسلامی ئەوەی بەدەستیەوە ماوە کە وەک کارتی فشار لە بەرابەر وڵاتانی غەربی و ئیسرائیل بەکاریان دێنێ، بەرنامەی" ناوکی" و بەبارمتەگرتنی هاووڵاتییانی ڕۆژئاوایە لە ئێران، ئەوەی زۆرتر لە ڕوژەڤدایە و بۆتە مژاری سەرەکی و زۆرترین باسی لەسەرە، جێی نیگەرانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئورووپاییەکان کێشەی ناوکییە. ئەو وڵاتانە پێداگرن لەسەر ئەوەی کە ڕێژیم کۆماری ئیسلامی نابێ ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی، جێگای متمانە نییە و هەڕەشەیە بۆ سەر نەزم و ئاسایشی جیهانیی.
گوشارەکان بۆ سەر ئێران ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبن و دەسەڵاتدارانی تەنگەتاو کردوە و خستوونیەتە مەنگەنەوە، لێرەدا ئەوە ڕێژیمە دەبێ لە نێوان دوو بژاردە کە لەلایەن سەرۆککۆماری ئەمریکاوە لەبەر دەمی دانراوە کامەیان هەڵدەبژێرێ کە بریتین لە "یا داماڵینی چەکی ئەتۆمیی یا گورزی سەربازی لە بنکە و ناوەندە ناوکی و موشەکییەکان". بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و یەکلاییکردنەوە ئەم کیشەیە تا ئیستا پێنج جار دانیشتنیان هەبووە، ئەنجامی وتووێژەکانیان ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکانی هەر دوولا بڵاو دەکرێتەوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕاگرتنی پیتاندنی ئۆرانیۆم بە هێڵی سوور دەزانێ لەژێر هیچ فشارێک ئامادە نیە وازی لێ بێنێ بەڵام تڕامپ تا ئێستا چەند جار دووپاتی کردووەتەوە کە دەمانهەوێت لەگەڵ ئێران بگەینە ڕێککەوتن تا ئێستاش قۆناغی باشمان بڕیوە و لێک نزیک بووینەتەوە. لێدوانەکانی عەلی خامنەیی و بەرپرسانی باڵای ڕێژیم لەمەڕ بەرنامەی "ناوکی"، چاوەدێران و شارەزایانی سیاسی بە دوو بەرەدا دابەش کردوە، بەرەیەک لەسەر ئەو باوەڕەن کە کۆماری ئیسلامی ڕێگای دووهەمی نیە و دەبێ مل بۆ خواستەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ڕاکێشێ و بۆ مان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی. پەلەقاژە و شل و توندکردن و لەبەریەککێشانەوەی دانوستانەکانیان تەنیا خۆڵ لەچاوکردنی بیروڕای گشتی و چەواشەکارییە بۆ پاراستنی شکۆی نیزامە و هیچ دوور نیە لە ژێرەوە هەندێک ساتوسەودای دوو لایەنە هەبێت.
بەڵام ڕەوتی دووهەم بۆچوونی جیاوازیان هەیە کە ئیستاش کۆماری ئیسلامی شەڕ بە نیعمەتی خوا بزان و بۆ شاردنەوەی گۆشاری نێوخۆ، داتەپینی بەهای دراو و و ئابووری وڵات تەوەڕوم و هەڵاوەسان و قەیرانی کارەبا و ئاو و سەدان کێشەی دیکە کە بەرۆکی ڕێژیمیان گرتوە، پێویستی بە نیمچە شەڕێک هەیە تا لەم ڕێگایەوە، ناڕەزایەتییەکانی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ناوخۆی ئیران سەرکوت بکات و تراژیدیای کوشتاری بەکۆمەڵی زیدانیانی سیاسی دووبارە بکاتەوە.