
یەکیەتیی نەتەوەیی لە سایەی ناسیۆنالیزمی کورد؛ زەروورەتی ساتەوەختی مێژوویی ئێمە
ڕەحیم نزهەتزادە
لە هەلومەرجێکدا کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دۆخێکی ئاڵۆزی سیاسی، کولتووری و شوناسی کولتووریدایە، ئەوەی زیاتر لە جاران هەستی پێ دەكرێت، پێویستی ڕێبازێکی ڕەسەن و ڕەگداکوتاوە، کە لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزمی کوردی ڕۆ نرابیت. ئەزمونی مێژوویی دەریخستوە، کە هەر دەستکەوتێک کە نەتەوەی کورد لەم بەشەی کوردستاندا بەدەستی هێناوە، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی بەرخۆدان، کۆڵنەدان و پابەندبوون بە ناسنامەی نەتەوەیی خۆی بووە. لە ململانێی بزووتنەوە کلاسیکەکانی حیزبی، تا دەگاتە ناڕەزایەتییە مەدەنی و کولتوورییەکانی دەیەکانی ڕابردوو، ئەوەی هێزی بزوێنەری بۆ ئەو بزووتنەوانە دابین کردوە، جگە لە "کوردبوون" و "وشیاری نەتەوەیی" هیچی دیکە نەبووە.
لە غیابی ئایدۆلۆژیایەکی گشتگیری ناسیۆنالیستی، کە بتوانێت چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکبخات، گەیشتن بە داخوازییەکانی وەک، پەروەردە بە زمانی دایک، پاراستنی کولتوور، نەهێشتنی هەڵاواردنی سیاسی و ئابووری و دواجار گەیشتن بە سەروەریی سیاسی، بابەتێكی قوڕس و بگرە مەحالیش دەبێت. چونكە پێکهاتەی دەسەڵات لە ئێراندا، بە شێوەیەکی سیستماتیک لەسەر ئینکاری شوناسی سەربەخۆی غەیرە فارسەكان بنیات نراوە، هەروەها هەر داواکارییەکی کولتووری یان مەدەنی، بەبێ پشتیوانی سیاسی و نیشتمانی، ڕووبەڕووی سەرکوتکردن دەكاتەوە.
لەو مابەینەدا هزری ناسیۆنالیستی کوردی، دروشمێکی توندڕەو نیە، بەڵکوو پێویستییەکی مێژوویی و ئینسانی و سەردەمیانەیە. نەتەوەی کورد نەتەوەیەکی بێدەوڵەتە کە دابەش دابەش و جوگرافیا بە جوگرافیا، بەرەوڕووی سیاسەتی زەوتکردنی ناسنامە و خاكی بۆتەوە. لە وەها هەلومەرجێكدا، ناسیۆنالیزمی کوردی، ئامرازێک بۆ هەژموونخوازی نیە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ بەرگریکردن لە بوون، زمان، مێژوو و مافە بنەڕەتییەکانی نەتەوەیەک. ئێمە تەنیا بە دروستکردنی گوتارێکی هەمەلایەنە و یەکگرتوو لە دەوری تەوەرت "کوردبوون"، دەتوانین ژێرخانی بزووتنەوە و ڕاپەڕینێکی سیاسی فراوان، کە پشت بە خەڵک ببەستێت دابین بکەین؛ ڕاپەڕینێک هاوكات كە ڕەگ و ڕیشەی لە مێژوودا هەیە و ڕوو لە ئایندەیە.
ئەم بزووتنەوە و ڕاپەڕینە بەرینە، دەبێت زەمینەسازی بۆ هاودەنگییەکی هەمەلایەنەی نەتەوەیی، لە باشوورترینەوە تا باکووریترین خاڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئیلام و کرماشانەوە تا قوتور و ماكۆ دابنێت؛ هاوپشتییەک کە بتوانێت جیاوازییە سیاسی، چینایەتی، ڕەگەزی و ئایینییەکان بگۆڕێت بۆ یەکگرتوویی لەژێر سایەی شوناسی نەتەوەیی کورددا. لەم ڕێگایەدا بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی هەمووماندایە؛ لە پارتە سیاسییەکانەوە، بۆ ڕووناکبیرانی سەربەخۆ، لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزەوە، تا هونەرمەند و مامۆستا. ڕاپەڕینێکی سیاسی بۆ گۆڕینی دۆخی ئێستا تەنیا کاتێک بەردەوام دەبێت، کە لەسەر بنەمای بەشداریی هەمەچەشنترین هێزەکانی کۆمەڵگەی کوردی، شێوە بگرێت.
جگە لەوەش، کارەساتی تیرۆرکردنی سەرکردە، بیرمەند و پێشەنگەکانی کورد لە دەرەوەی وڵات، نابێت پشتگوێ بخرێت. کۆماری ئیسلامیی ئێران، چەندین جار کەسایەتییە دیارەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی، لە ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی وڵات تیرۆر کردوە. هەر لە تێرۆرکردنی دوكتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو لە ڤیەننا و دوكتۆر سادق شەرەفکەندی لە بەرلین، تا دەگاتە هەڕەشە و گۆشەگیریی چالاکانی سیاسی لە سەرانسەری ئووروپا و وڵاتانی ناوچەکەدا، ئەم کوشتنانە تەنیا یەک پەیامیان هەبووە: تەنانەت لە دەربەدەریشدا کورد نابێت نە لە مافی ڕادەربڕین، نە لە مافی ڕێکخستن، نە لە مافی خۆڕێکخستن و مافی داواکاری سیاسی بەهرەمەند بێت. ئەم تێرۆرانە نەک هەر تاوانێکی ئاشکرا، بەڵکوو بەشێکیش لە سیاسەتێکی گەورەتری، لەناوبردنی مێشك و ئیسقانی بزووتنەوەی کوردی بوون. بەڵام ئەوەی بەرخۆدانی ئێمەی مسۆگەر کردوە، پشتبەستنمان بووە بە ڕەگ و ڕیشەی نەتەوەییمان و باوەڕبوونمان بە ئایندەیەکی ئازاد.
لە هەمان کاتدا دەبێت ئاگاداری مەترسییەکانی گوتارە بەدیلەکانیش بین. ئەو ڕەوتانەی كە بە پاساوەکانی وەک "دیموکراسیی فرەنەتەوەیی"، "مافی مرۆڤی بێسنوور"، "مافی هاووڵاتی و شارۆمەندی" یان "سیاسەتی نێوخۆیی بێناسنامەیی"، هەوڵی پەراوێزخستنی ناسیۆنالیزمی کوردی دەدەن و، دواجار یان خزمەت بە دۆخی ئێستا دەکەن؛ یان ڕێگا بۆ گۆڕانكاری لە شوناسی بەكۆمەڵ خۆش دەکەن. ئەزموونی گەلانی ستەملێکراوی دیکە دەریخستوە، کە هیچ بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی، بەبێ پشتبەستن بە ناسنامەی مێژوویی و نەتەوەیی خۆی سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە. لە لایەکی دیکەوە، بە تەنیا بە جەختکردنەوە لەسەر ئامرازە کولتوورییەکان بەبێ ئامانجی سیاسی، هیچ دەستكەوت و کاریگەری نابێت. پەروەردەی زمانی کوردی، پەرەپێدانی ئەدەبیات و میدیای کوردی، پاراستنی میراتی کولتووری و هتد، تەنیا کاتێک مانادار و بەردەوام دەبن، کە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی نەتەوەیی و سیاسیدا پێناسە بکرێن. بە واتایەکی تر، سەروەریی کولتووری تەنیا کاتێک بەدی دێت، کە بە سەروەری سیاسییەوە ببەسترێتەوە.
ئێمەی کورد تا بە ئەمڕۆش باجێکی بێ هەژمارمان داوە: هەر لە شەهیدانی سەنگەر، تا زیندانییەکانی نێو بەندیخانەی کۆماری ئیسلامی، لە قەدەغەکردنی فێرکردنی زمانی زگماکیمانەوە، تا سانسۆرکردنی ناسنامەمان لە میدیاکان و لە دەربەدەری زۆرەملێ، تا تێرۆرکردنی سەرکردەکانمان لە پایتەختەکانی ئووروپا. ئەم تێچوونانە نابێت بەبێ ئەنجام بمێننەوە. ئێستا کاتی ئەوەیە بە ڕوونی ڕایبگەیەنین: ئەوەی هەمانە دەرئەنجامی ناسیۆنالیزمی ئێمەیە، ئەوەی ئێمە دەمانەوێت، هەر لە ڕێگەی ڕێبازی ناسیۆنالیزمەوە مومکین و دەستەبەر دەبێت.
لە کۆتاییدا، ئەم ڕاپەڕینە گەورەیە دەبێت، ئەخلاقی، بە ڕەگ و ڕیشە و لەسەر بنەمای ئیرادەی گەل بێت؛ هاوردەنەکراو، بەستراوە نەبوو بە زلهێزە دەرەکییەکان و گرێدراو بە کوتلەیەک لە حکوومەتی ئێراندا نەبێت. هێزی ڕاستەقینەی ئێمە لە یەکیەتی نەتەوەییماندایە؛ یەکیەتییەک کە لە فرەچەشنی ئێمەدا مانا دەدۆزێتەوە، بەڵام لەسەر بناغەكانی شوناسی کورد و مافی چارەی خۆنووسین بنیات نراوە.