کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێبەر یان سەرکردە، ئاوڕدانەوەیەکی بابەتی لە د. قاسملوو

14:53 - 1 گەلاوێژ 2725

ڕێبەر یان سەرکردە، ئاوڕدانەوەیەکی بابەتی لە د. قاسملوو

ئەسعەد باقری

پرسیاری سەرەکیی ئەم بابەتە ئەوەیە بۆچی لە ناوهێنانی دوکتور قاسملوودا زۆرتر لەوەی باسی پاشگری سازمانی وەکوو سکرتێر بەکار بهێنرێت، لە پاشگری ڕێبەر کەلک وەردەگیرێت. ئەمە پرسیارێکی گرینگ و جێگای تێڕامانه، لەبەر ئەوەی دەزانین لە چارتی سازمانیی حیزبی دیموکراتدا ئێمە سکرتێرمان هەیە نەک ڕێبەر. ئەمە ناتوانێت ببەسترێتەوە بە پێگەی سازمانیی ناوبراو لەبەر ئەوەی هەم لە پێش دوکتور و هەم هاوکات و هەم پاش ئەو، هەم لە حیزبی دیموکراتدا و هەم لە حیزبەکانی تر لە کوردستان و ئێراندا نموونەی زۆر کەمی سکرتێرمان هەیە کە هاوکات وەک ڕێبەر یاد بکرێن و ناو بهێنرێن. ئەمەش نابەسترێتەوە بە شەهیدبوونی ئەو، چونکی سکرتێری شەهید یان کوژراو لە حیزبەکانی تر لە کوردستان و هەم حیزبەکانی ئێرانیشدا هەن، بەڵام بە ڕێبەر ناو دەرناکەن.

کامانەن ئەو خاڵە جیاوازییانە؟ دوکتور چی کردوە و چۆن کردی کە وای لێ بکات بە ڕێبەر ناو ببردرێت. کەواتە باسەکە لە ئاستی لایەنە تاکەکەسییەکاندا تیپەڕ دەبێت و دەچێتە ئاستی ڕێكخراوەیی و کۆمەڵایەتییەوە.

بۆ وڵامدانەوەی ئەم پرسیارگەلە من لێرەدا هەوڵ دەدم بە کەلک‌وەرگرتن لە چەند ڕوانگەی تیۆریک لەم بابەتە بکۆڵمەوە و بۆ ئاکام‌وەرگرتن لەو باسەش لەسەر چەند ڕەهەند و ڕوودای دیار و پێوەندیدار هەڵوەستە بکەم. دیارە ئەم نووسینە لە ئاستی ئێستادا نەک لە شێوازی وتارێکی زانستی بەڵکوو هەڵکردنی مۆمێکە بۆ دیتنی دەرفەتەکانی لێکۆڵینەوەی زیاتری بابەتەکە. بۆ تیگەییشتن لە کرۆکیی باسەکەش سەرەتا هەوڵ دەدەم پێناسەیەک بۆ چەمکی ڕێبەر و ڕێبەری لە بەستێنێکی وەهادا بخەمە بەردەست. لێرەدا مەبەست لە بەستێن، دۆخی سیاسی-کۆمەڵایەتیی سکرتێربوونی دوکتور قاسملوویە (١٩٧١-١٩٨٩). لۆژیکی سەرەکیی نووسینی بابەتەکەش ئەوەیە کە هەموو کردەوەیەکی بەڕێوەبەرێک لەسەر گریمانەکان دەمێنێتەوە سەبارەت بەوەی چی ڕووی داوە و گریمانەکان سەبارەت بە وەی چی ڕوو دەدات؛ واتە لەسەر تیۆری دەمێنێتەوە. تیۆری و پراکتیک لە یەکتر جیا ناکرێتەوە، کەوابوو ناساندن و لێکدانەوەی ئەم گریمانەگەلە لە بەستێنی ڕووداوەکاندا یارمەتی دەدات بۆ هەڵسەنگاندنی کردەوە و فێربوون. فێربوونی چۆنیەتیی کاتالیزەکردن و ڕێنماییکردنی گۆڕانکاری لە پێوەرێکدا کە هاوتا بێت لەگەڵ قەبارەی ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە و هەموومان دەیبینین، بەڵام بە شێوەیەکی کاڵ. لێرەدا کەلک‌وەرگرتن لە تیۆری بۆ شەرحی ئەزموونێکی دیاریکراوە -ئەزموونی ڕێبەریی دوکتور قاسملوو- نەک بۆ گونجاندن و ڕێكخستنی ئەزموونەکە لەگەڵ تیۆرییەکان.

لە نێوان پێناسە جیاوازەکان، بۆ مەبەستی دیاری ئەم نووسینە من ڕێبەری بەم شێوە پێناسە دەکەم. ڕێبەری بریتییە لە پرۆسەی شوێندانان لەسەر چالاکییەکانی تاک یان گرووپێک لە هەوڵەکان بەرەو گەیشتن بە ئامانج لە دۆخێکی دیاریکراودا. سەرکردایەتی بریتییە لە دامەزراندنی دیدگایەک؛ کردنی بە مانادار؛ گەیاندنی بە شێوەیەکی کاریگەر؛ پاڵنەر بۆ خەڵک.

"هارۆپ فێب" ئێژێ سەرکردەیەکی کاریگەر دیمەنە گەورەکە دەبینێت و هەستی پێ دەکات و دیدگایەک دروست دەکات. "کاترز" دەڵێت ئەمە سەرەکیترین و دیارترین جیاوازیی نێوان بەڕێوبەر و ڕێبەرە، واتا ڕێبەر دیدگایەک بۆ داهاتوو ساز دەکات، ئاراستەکە و ستراتیژی گەیشتن بەو داهاتووە دیاری دەکات. بەڕێوبەر -یان لێرەدا سکرتێر- بەڵام پلان بۆ جێبەجێ‌کردنی ئەو ستراتیژیە دادەڕێژێت. ڕیبەر ئایدیاکەی لە ڕێگەی پێوەندیگرتن بە خەڵکەکەیەوە گشتی گیر دەکات. شوێنکەوتووان (followers) هان دەدات تا گۆڕانکارییە مەبەستەکان بە کردەوەیی بکات. گۆڕان بەڵام پرۆسەیەکی ئاڵۆزە کە ناتوانرێت بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت یان پێشبینی بکرێت. گۆڕانکاریی ڕێکخراوەیی زۆرجار وەک بزووتنەوەیەک لە ئێستاوە بۆ دۆخێکی خوازراو (داهاتوو) تایبەتمەند دەکرێت کە بەگشتی بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دەکرێتەوە. جا ئەگەر ئەم دیدگا یان داهاتووە پێشنیارکراوە ئیلهام بەخش بێت ئەوا ڕێبەر بەرەو کاریزما بوون دەڕوات.

ماکس وێبێر لە پێناسەی ڕەهەندەکانی دەسەڵات (authority) دا، کاریزما بوون وەک سێهەم سەرچاوەی دەسەڵات دەناسێت. بەڵام ئایا دوکتور قاسملوو ڕێبەرێکی کاریزماتیک بوو؟ خاڵی گرینگ ئەوەیە کە بزانین شوێنکەوتووان کێ و بۆ وەک سەرکردەی کاریزما هەڵیدەبژێرن؟ واتا هەمووکەس نابێت بە ڕێبەری کاریزما! سەرکردایەتیی کاریزماتیک بەو سەرکردانە دەگوترێت کە دیدگایەکی ئیلهامبەخش بۆ داهاتوویەکی خوازراو دەخەنە ڕوو کە پاڵنەرێکە بۆ شوێنکەوتووان بۆ قوربانیدان و وەڵانانی بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکانیان و هەوڵدان بۆ ئەو بەستێنەی کە سەرکردە بانگەشەی بۆ دەکات. سەرکردە کاریزماتیکەکان سۆز و متمانەبەخۆبوون دەدرەوشێننەوە، بەشداری لە ڕەفتاری خۆبەختکردندا دەکەن و ناسنامەیەکی بەکۆمەڵ بەرەوپێش دەبەن، ڕەفتاری خوازراو بە نموونە دەهێننەوە، چاوەڕوانییە بەرزەکان بۆ شوێنکەوتووان دادەمەزرێنن و متمانە دەردەبڕن کە شوێنکەوتووان دەتوانن بەدەستیان بێنن. ئەم ڕەفتارانە یارمەتیدەرن بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو کاریگەرییە ئیلهامبەخشە لەسەر شوێنکەوتووان کە سەرکردە کاریزماتیکەکان هەیانە.

ئامانجی دوکتور قاسملوو لە ئاستی نیشتمانیدا دەستەبەرکردنی ئاستێک لە مافی چارەی خۆنووسین بۆ کوردستان بوو، جا لە چوارچێوەی "خودمختاری" لە ئێرانێکی دیموکراتیکدا، ئەمەش وەکوو خولقاندنی دەرفەتێک بۆ ئەوەی کۆمەڵگای کوردستان و نەتەوەی کورد لە پرەسەندن و گەشەی خۆیدا لە دوا رۆژدا خۆی بڕیاری سەربەخۆیی خۆی بدات. ڕەنگە باشترین نموونە بۆ ناسینی ئەو ئایدیایەی دوکتور قاسملوو لە "کورتە باس"دا خۆی دەربخات. لەو دەقەدا دوکتور قاسملوو هەوڵ دەدات ستراتێژیی حیزب وەکوو ڕێبازی پراکتیزەکردنی مافی چارەی خۆنووسین، بۆ ئەندامان و لایەنگرانی حیزب ڕوون کردبۆوە.

مەبەستی دوکتور، ئەو جۆرەی لە زەررورەتی کورتە باسدا، باسی دەکات ئەوەیە کە ئەو ئایدیایە بکاتە هێما و پێوەری لێکدانەوە و کرداری حیزب تا "ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بیر و باوەڕی بناسرێ" (کورتەباس، لاپەرەی ٥٤). هەر لەو پێوەندییەدا و لە "کورتەباس"دا، نیشان دەدات کە بە ئاگاداری لە ڕەوتی مێژوویی بزووتنەوەکانی مافخوازی، دیموکراسی و سۆسیالیستم له جیهاندا، پێداگری لەسەر خاڵی جیاکەرەوە لە ئایدیای خویدا دەکات بۆ ئەوەی متمانەبەخۆیی و توانای بکەربوون (Agency) و داهێنەربوون بۆ تاکی کورد بگەڕێنێتەوە. لێرەدا دوکتور قاسملوو پێداگری لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئامانج دابینکردنی ژیانێکی شیاوە بۆ تاکی کورد و کۆمەڵگەی کوردستانه. باس لەوە دەکات ئەم ئامانجە تەنیا بە گەرەنتیکردنی ئازادی هەم لە ئاستی تاک و هەم لە ئاستی کۆمەڵایەتی و نەتەوەییدا دەرفەتی خولقاندن و ئەگەری سەرکەوتنی هەیە. هەرها بە رخنهگرتن لە شوێنکەوتوویی خوێندنەوەکانی تر، پێداگری لەسەر خوێندنەوەیەک لە سۆسیالیزم دەکات کە بە دەفر و بەستێنی کوردستانی ببەستێتەوە. واتا تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و مافی بڕیاری تاکی کورد لە بڕیاردانی ئەو خوێندنەوە بنەمای باسەکەی پیک دێنێت. ئەمە ئەو خاڵەیە کە زانای بواری ڕێبەری،"بێرنارد بەس" دەڵێت ڕێبەری کاریزما دەبێت خاوەن توانا و لێهاتوویی پێوەندیدار بە بەستێنەوە بێت. واتا ئەو دیدگا و ئیلهامە وڵامێکە بۆ دۆخێکی ناسەقامگیر کە تیایدا مرۆڤەکان بە دوای وڵامێک دەکەون کە بتوانێت مانا بە کرداریان ببەخشێت و لە نادڵنیایی دووریان بکاتەوە. لێرەدا گرنگترین ئیلهامێک کە دوکتور قاسملوو سازی دەکات خوێندنەوەیەکی کوردستانیانەیە. ئەو پێداگری لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە کوردستان دەبێت خۆی بە تێگەییشتنی خۆی و لە پێناو بەرژەوەندی خۆیدا خوێندنەوەی بۆ تیزە سیاسیەکان بکات. واتا کوردستان و مافی بریاردانی سەربەخۆ لە ئاست و رەهەندە جیاوازەکاندا نەک تەنیا لە فورمدا بەڵکوو لە مانایشدا..

دوکتور قاسملوو لە "شیکردنەوەی کورتەباس"دا کاتێک باسی دەنگهێنانی پرۆژەکە دەکات تیشک دەخاتە سەر ئەوە کە کۆمەڵێک ئاگایانە دەنگیان بە پرۆژەکەی دابوو، و کۆمەڵیکی تر بۆ دەربڕینی متمانە و دڵنیایی خۆیان بە بەڕێوبەری -لێرەدا شەخسی سکرتێر واتا دوکتور قاسملوو- دەنگیان بە پرۆژەکە دا. ئەمە ئەو دۆخەیە کە ماکس وێبێر دەڵێ ئەم ڕێبەریی کاریزماتیکە لە لایەن شوێنکەوتووانەوە وەردەگیرێت، بەڵام ئەوە خودی ڕێبەری کاریزماتیکە کە هەڵگری ئەو تایبەتمەندییانەیە. موگناتیسی کەسی و بانگەوازە دیدەوانییەکانیان دەبێتە هۆی ئەوەی شوێنکەوتووان بە شێوەیەکی شەخسی لەگەڵ سەرکردەکانیان بناسێنن، و ئامانج و بەها و بیروباوەڕی سەرکردەکانیان دەروونی بکەنەوە، لە ئەنجامدا شوێنکەوتووان ئارەزووی وەرگرتنی سەرکردەکانیان دەکەن. واتا ئەگەر ڕێبەر هەوڵی خۆی گشتگیرکردنی ڕوانگە و تێگەیشتنی خۆی دەکات، بەڵام ئەوە بەردەنگەکان کە ڕەوایەتی بەو ڕوانینە دەبەخشن. واتا شوێنکەوتووان "کاریزما"یان بۆ سەرکردەکان دەگەڕێنێتەوە. ئەم کردارە ئەنجامی پێویستیی هیوایە لە کاتی گۆڕانکاری و نادڵنیاییدا. ئەو نادڵنیاییە لە ڕوانگەی دوکتور قاسملووە دەگەڕێتەوە بۆ ناڕوونی لە سنوور و جیاوازییەکان حیزبەکەی لەگەڵ ئەوانی تر و بە دیاریکراوی حیزبی توودە. دۆخێک کە ئەو نیگەران دەکات ئەوەیە ئەندامانی حیزب نەتوانن پێناسەی فیکری و سازمانیی خۆیان دیار بکەن و لە ئاکامدا بە لاڕێدا ببرێن. دوکتور ئەم مەترسییە بە مەترسیی "بوونی" (existential) لەسەر حیزب و خەباتی نەتەوەیی دەزانیت و "کورتە باس" وەک وڵامێک بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە پێناسە دەکات.

لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا پێم خۆشە ئاماژە بە قسەیەکی خودی دوکتور قاسملوو لەنێو هێزەکانی پێشمەرگە ماوەیەک پێش شەهیدبوونی بدەم. لە بۆنەی ٨ی مارسی ١٩٨٩دا، دوکتور قاسملوو باس لە دۆخی چەوساندنەوەی ژنان لەنێو کۆمەڵگەی کوردستاندا دەکات و دەڵێ ستەم دژی ژنان بنەمایی ترە لە ستەمی نەتەوەیی کە ئێمە تەنانەت پاش ڕزگاریی نەتەوەیی دەبێت بەرانبەر ئەو ستەمە درێژە بەو خەباتە بدەین. هەر لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا و لە گرینگیدان بە بەڕێکخراوەیی کارکردن و ڕاوەستان لە بەرانبەر تاکپەرستی و تاک‌میحوەری لەنێو حیزب و کۆمەڵگەدا، دوکتور قاسملوو لە وڵامی درووشمی "بژی قاسملوو"ی لایەنگرانی لە میتینگەکەی مەهاباد و بۆکاندا وەستایەوە و داوای کرد درووشمی "بژی دیموکرات" بڵێنەوە. ئەمانە دەرخەری ‌وێنا و مانای ئەو گۆڕانکارییانەن کە دوکتور قاسملوو هەوڵی بۆ دەدا.

نموونەی تری ئەم ڕوانینە لە باسکردنی هەڵوێستی حیزب بەرانبەر ئەو لایەنەی دوکتور بە "شاپەرەست" ناویان دەبات بەرجەستە دەبێت. دوکتور قاسملوو لێرەدا باس لە "مەشرووتە خوازی" ناکات بەڵکوو ئەم ڕەوتە بە شاپەرەستی لەسەر بنەمای تاک‌پەرستی وێنا دەکات. ئەو بە تێگەیشتن لە بەستێنی مێژوویی و کۆمەیەڵایەتیی وەها ڕەوتێک دژایەتیی ئەو سیستمە دەکات نەک لەبەر تاکەکە خۆی، بەڵکوو لەبەر ئەوەی تاکپەرستی دژە فورمی ئەو فورمە عەقڵانیی ڕێکخراوە لە کۆمەڵگەیە کە هیوای بۆ دەخوازێت. لەوە بەولاوەتر دوکتور قاسملوو دەزانێت کە وەها فورمێک دەبێت بە مەترسی بۆ سەر فورمی سیاسیی پێشنیاری حیزب، واتا خودمختاری.

هارۆپ فێت دەڵێ ڕێبەری کاریگەر لە ڕێگەی کراوەیی بۆ ڕخنەگرییەوە رەوتی باشترکردن دەباتە پێشەوە و بە شێوەیەکی گرنگ بەشداریکردنی تیم و پەرەپێدان جێ دەخات و لە هەمان کاتدا بەردەوام خێرایی گۆڕانکارییەکان بەپێی پێداویستییەکان ڕێک‌دەخات. لەم بەشەدا نموونە لە ئەزموونی دوکتور قاسملوودا زۆرن. بۆ نموونە لەسەر پەرەپێدان ئەوە گرینگە بزانین دوو سکرتێری پاش دوکتور قاسملوو، دوکتور شەرەفکەندی و کاک مستەفا هیجری، بە داوا و پێداگریی دوکتور پەیوەست بە ڕیزی سەرکردایەتیی حزب دەبن. نموونەی دووهەم لێرەدا، دەکرێت باس لە سەردەمی کونگرەی ٨ی حیزب بکەین کە لە وڵامی پرسیاری یەکێک لە ئەندامانی سەرکردایەتیی ئەوکات کە بۆچی دوکتور قاسملوو پێداگری لەسەر شێوازی لیست دەکات و بۆ نایهەوێت پشتگیری لە گرووپێکی دیاریکراو بکات بۆ ئەوەی دەنگ بهێنن؛ دوکتور قاسملوو لە وەڵامدا دەڵێ من ناتوانم لەگەڵ کەسانێک کار بکەم کە ڕخنەگر نین. واتا ئەو شوێنکەوتووی پاسیڤی نەدەویست بەڵکوو پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ کە کەسانی وەک دوکتور شەرەفکەندیی پێ باشترە، لەبەر ئەوەی پرسیارکەر و ڕخنەگرن. گرینگی ئەو کردارە لە ڕوانگەی ڕێبەرایەتیدا ستراتێژیکە بەو پێیەی سەرکردایەتیی کاریگەر لە هاوتاکردنی شێوازی سەرکردایەتی گونجاودایە لەگەڵ ئاستی گەشەسەندنی تاک. لێرەدا باسەکە ئەوەیە کە دوکتور قاسملوو هەبوونی ئەندامێکی ئەکتیڤ، پرسیارکەر و ڕخنەگر لە خۆی بۆ سەرکەوتنی حیزب لەپێناو ئامانجی دوور و نزیکدا بە گرینگتر دەزانی لە زاڵبوونی ڕەهای خۆی بەسەر حیزبدا.  "برنز" لە لێکدانەوی وەها کردارێکدا ئێژێت ڕێبەرە گۆڕانکارەکان  شوێنکەوتووانی خۆیان بەهێز دەکەن و پەرەیان پێ دەدەن و دیدگا و ڕخنەکانیان دەخەنە ڕوو تا بە شێوە ڕێگە بۆ نوێگەری بکەنە و خزمەت بە پێشکەوتنی کۆمەڵ دەکەن.

 لایەنی تری ئەم کردارە لایەنی ئەخلاقیی ڕێبەر لە ڕوانگەی ستراتێژیکەوە. دەبێت بزانین ڕێبەری ستراتێژیک لە هەوڵ‌دایە جۆرێک یان کەشێکی کولتووریی تایبەت لە سازماندا ساز بکات کە پاڵنەری ئامانج و پلانە ستراتژیکەکان بێت. یەکێک لە ئامانجەکانی دوکتور لە پلانی گۆڕانکارییەکانی لەنێو حیزبدا، دروستکردنی کەشێک کراوە و دیموکراتیک بوو. بێگومان سەرکردایەتییەک کە چاودێری چالاکیی ڕێبەر بێت نەک شوێنکەوتوویەکی پەسیڤ، زۆرتر دەتوانێت یارمەتیدەری سازکردنی وەها کولتوورێک بێت. نموونەیەکی بەرچاوی هەوڵی دوکتور قاسملوو بۆ بنەمایی‌کردنی ئەم کولتورە بەڕێوەبردنی ٦ کونگرەیە لە ماوەی سەرکردایەتیی خۆیدا، ئەویش ٥ کۆنگرەیان لە سەردەمی شەڕی داگیرکاریی کۆماری ئیسلامیدا.

خاڵی پێکەوەگرێدانی ئەو دوو نموونەی سەرەوە دەکرێت بەو جۆرە باس بکەین. ئەمە ڕەهەندێکی گرینگی ڕێبەرایەتیی کاریگەرە کە لە تیۆرەکان و مۆدێلەکانی تری ڕێبەرییشدا ڕاوەستەی لەسەر کراوە. بۆ نموونە سەرکردایەتیی بارودۆخی (situational leadership). ئەم مۆدێلە کە مۆدێلێکە بۆ پەرەپێدانی مرۆڤەکان بە تێپەڕبوونی کات بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە بەرزترین ئاستی ئەدای خۆیان لەسەر ئامانجێک یان ئەرکێکی دیاریکراو. پرۆسەیەکە بۆ یارمەتیدانی شوێنکەوتووانە بۆ ئەوەی خۆیان پاڵنەر بن و خۆیان ئاراستە بکەن؛ لەسەر بنەمای پەیوەندیی نێوان ئاستی لێهاتوویی و پابەندبوونی تاک (ئاستی گەشەپێدان) لەسەر ئامانجێک یان ئەرکێکی دیاریکراو و بڕی ئاراستە و پشتگیری (شێوازی سەرکردایەتی) کە سەرکردە پێشکەشی دەکات. ئاستی گەشەپێدان دوو لایەنی هەیە: لێهاتوویی و پابەندبوون. دوکتور قاسملوو وەک کەسایەتییەک کە لە بەستێنێکی ئاکادێمیکەوە گەڕابووە نێو سەرکردایەتی، بە باشی هەستی بە گرینگیی دەوری پەروەردە لە پێگەیاندنی هێزی مرۆیی لە حیزبەکەیدا کردبوو. هەربۆیە پەروەردی حیزبی و فێرگە یەکێک لە گرینگترین و سەرەکیترین بەشەکانی گۆڕانکاری و نوێکردنەوە بوو کە لە ڕۆژەکانی یەکەمی کاریەوە دەستی پێکرد. بەڵام ئەو تێگەیشتبوو لایەنی پابەندبوون گرێ دراوە بە دۆخی مەعریفیی (cognitive) تاکەوە. بەپێی مۆدێلەکانی خواستی (intention) کارسازی، ئەمڕۆکە ئێمە دەزانین کە کە گەنگازی (ئیمکانی) هەستپێکراوی یەکسانە بە چەمکی خۆکارامەیی (self-efficacy). خۆکارامەیی بەرهەمی هاوکاتی پەروەردە و متمانەبەخۆیی. لە ڕوانگەی دوکتور قاسملووەوە کەسانی پەسیڤ بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرکردایەتی شیاو نین بۆ نموونە لەبەر نەبوونی متمانەبەخۆیی. ئەڵبەت گرینگە بزانین یەکێك لە ئامانجەکانی خۆدی پەروەردەی مەبەستی دوکتور قاسملوو، بەرزکردنەوەی ئاستی متمانەبەخۆیی لە نێوان کادر و ئەندامان بوو. بەڵام ئەمه بۆ کەسانی ئاستی سەرکردایەتی فاکتەرێکی پێشمەرجە نەک بەشێک لە پلانی پەرەپێدان و پەروەردە.

لەم بەشەدا دەمەوێت لە ڕوانگەیەکی گریمانەییەوە باس لەوە بکەم کە دوکتور قاسملوو دەکرا ڕێبەرێکی ژەهراوی بێت، بەڵام خۆی هەڵیبژارد کە بەو ئاقارەدا نەڕوات. لە ڕوانگەی ئەم تیۆرییەوە، ٣ فاکتەر دەتوانن ڕێبەرێکی کاریگەر و گۆڕانکار بکەن بە ڕێبەرێکی ژەهراوی. فاکتەری یەکەم باسی ئاستی کۆمەڵایەتی-سیاسییە. لە بەستێنی شۆڕشێکی سیاسی کە ئاکامی شۆڕش نادیار و چارەنووسی هەمووان لەژێر مەترسیی شکستی بنەمایی‌دایە، واتا ناسەقامگیری پێناسەی سەرەکیی سیستەمەکەیە. لە کۆمەڵگەیەک کە هێشتا بەها دێموکراتیکەکان نامۆن و مێژووی چەوساندنەوە و سەرکوت بەشی سەرەکیی بەسەرهاتی ژیانی نەوەکانی پێشوو بووە و کۆمەڵگە ئامادەیی ئەوەی تێدایە کە لەسەر ڕێچکەی پێشووی خۆی بەردەوام بێت بەو مانایەی کە بەستێن بۆ خەڵەتاندنی جەماوەر و بەکارهێنانیان لەپێناو ئامانجی شاراوە و خۆویستانەدا تا ڕادەیەی دڵنیایی لەبارە. لە ئاستێ کەسایەتیی تاک لە کۆمەڵگەدا، زۆرینەیەکی نەخوێندەوار، سەرکوتکراو. جا گرینگە بیرمان بێت ئەمە دۆخی کۆمەڵگەی کوردستان و ئێرانی ئەوکات بوو. لە ئاستی تاکەکەسی و لایەنگراندا، بێگومان کۆمەڵگەیەک بە ئاستی نەخوێندەواریی بەرچاو کە تیایدا تاک و دەنگ و خواستی دەرفەتی خۆ دەربڕینی نەبووە و زۆربەی کات دەبوایە شوێنکەوتووی بڕیار و نەریتی گشتی یان بەرژەوەندی لایەنی دەسەڵاتداری نێو کۆمەڵگە بوایە. ئەم دۆخە بکۆژی ڕخنەگری و هەر جۆری هەوڵێکی خۆپێناسەکردنی سەربەخۆی تاکە. کەواتە کەمترین دەرفەت بۆ جیاوازی و رخنەگری دەڕەخسێت. بەرهەم دەبێتە کەمترین ئاستی نارەزایی دەربڕین لە بەرانبەر کردەوەی لایەن یان تاکی خاوەن دەسەڵاتدا.

لە روانگەی تیۆریی رێبەری ژەهراوییەوە (Toxic leadership) ئەگەر رێبەر کەسێک خۆویست و لەشوێن ئامانجە تاکەکەسییەکانی خۆیدا بێت، دەتوانێت بە ئاسانی بە کەڵک وەرگرتن لە دۆخی ناسەقامگیر، تاکی نائاگا بخڵافێنێت و کۆمەڵگە بکات بە قوربانیی بەرژەوەندی تایبەتی خۆی. لە وەها دۆخێکدا، ڕێبەرێکی کاریزماتیک لەپێناو بەرژەوەندیی تاکەکەسیی خۆیدا یان لەپێناو ئایدیۆلۆژیای ڕق و قیندا، دەتوانێت ئاراستەی چارەنووسی سازمان و کۆمەڵگەیەک پێچەوانە بکاتەوە. لە ئاستی ئێراندا، خۆمەینی بە ئایدیۆلۆژیای ڕق و کوشتن و دژەئازادی "ویلاتی فەقیهـ"ی خۆی بوو بەو ڕێبەرە ژەهراوییە. لە ئاستی کوردستاندا بەڵام، دوکتور قاسملوو بە بیری ئازادی و ئاشتی و دێموکراسی ڕێگەی کۆمەڵگەی کوردستانی جیا کردەوە. دوکتور قاسملوو لە دوایین هەوڵی خۆی لە پێناو ئەو بەرژەوەندییە گشتییەدا، گیانی خۆی فیدا کرد. بۆیە زۆر گرینگە لە بیرمان بێت کە دەرفەت بۆ خۆلقاندنی چارەنووسێکی تر بۆ ئەم رێبەرە شەهید لەبار بوو بەڵام ئەو بریاری دا رێگایەک دروست بکات و لایەنگرانی بە شانازییەوە خۆیان بە رێبواری ئەو ریگایە بزانن. واتا دوکتور قاسملوو ئەو سەرکردە بوو کە لەسەر بەردەوامی و پابەندبوونی بە ئایدیا و بەهاکانی خۆی، وایکرد کە کۆمەڵگا نازناوی رێبەری پێببەخشێت.