
هاوکات لەگەڵ سێیەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و دەسپێکی بزووتنەوەی ژینا، حکوومەت لەهەوڵدایە تاکوو بە ڕێوشوێنە تایبەتەکانی خۆی بۆ سەرکوت، پێش بە هەر چەشنە خۆپیشاندان و کۆبوونەوەیەک بگرێت.
لەم پێوەندییەدا سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری سەقزەوە کۆمەڵێک وێنەی بۆ ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ناردووە کە تێیدا دەردەکەوێت، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک بە چەکوچۆڵی سووک و قورسەوە کەوتوونەتە شەقامەکانی ئەو شارە، بەتایبەتی ئەو جادە و شەقامانەی کە بەرەو گۆڕستانی ئایچی دەڕۆن.
لەم وێنانەدا دەردەکەوێت کە هێزەکانی سپای پاسداران و پۆلیس ڕژاونەتە نێو شار و ڕێگە سەرەکییەکان و دەستیان کردووە بە پشکنینی ماشینەکان.
هەروەها سەرچاوەیەکی ئاگاداری دیکە لە سەقز، بە ژووری هەواڵی ڕاگەیاندووە کە لایەنە پێوەندیدارەکان لەو شارە بەمەبەستی پێشگرتن بە هاتوچۆ و کۆبوونەوە لە گۆڕستانی ئایچی کە گڵکۆی ژینای لێیە، دەوراندەوری گۆڕستانەکەیان بە فەنس گەمارۆ داوە تاکوو هیچ ڕێگەیەک جگە لە دەروازەی گۆڕستانەکە بۆ چوونەژوورەوە نەمێنێت.
هەر لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئاوی بەنداوی "چراوەیس" بۆ نێو ڕووباری شار بەر درایەوە تاکوو پێش بە چوونی خەڵک لەو ڕێگەیەوە بۆ گۆڕستانی ئایچی بگیردرێت.
جیا لەمانە، چەند سەرچاوەیەکی دیکە لە شاری سەقزەوە ژووری هەواڵیان ئاگادار کردووەتەوە کە حکوومەت خێرایی ئینتێرنێتی لەم شارە بە ڕادەیەکی بەرچاو دابەزاندووە.
لە ئێستادا و هاوکات لەگەڵ قەیرانە نێوخۆیی و دەرەکییەکان، حکوومەت ترسی لەوەیە کە جارێکی دیکە خۆپیشاندانێکی هاوشێوەی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٤٠١، پاش شەهیدکرانی ژینا ئەمینی، لە کوردستان و ئێران دەست پێ بکاتەوە.