
شەماڵ تەرغیبی
سێ ساڵ لەمەوپێش کۆماری تاوان و تاڵان وەک زۆرێک لە کردە نامرۆڤانەکانی دیکەی لە شاری تارانی پێتەخت، پەلاماری کچەکوردی شەنگەباڵا، ژینا ئەمینی دا و لە غەریبایەتیدا گوڵێکی دیکەی کوردستانی ژاکاند بەڵام نەیزانی ئەم تاوانە هەروا بەسەریەوە ناچێت و لە ئایچیی سەقزی دێرینەوە دەبێتە بورکانێک بەڕووی کە نەک هەر سەروڕیشی ناحەزی بەڵکوو هەموو تەخت و بەختی دەسووتێنێ!
بزووتنەوەی ژینا کە بە بزووتنەوەی ژینای کورد ناسراوە، وەک ڕەمزی بەهێزی بەرخۆدان و خەبات بۆ ئازادی و ژیان لە کوردستان سەری هەڵدا. ئەم شۆڕشە کە دوای مردنی دڵتەزێنی ژینا ی کورد دەستی پێکرد، نەک هەر نەتەوەکانی ئێرانی هەژاند بەڵکو سەرنجی جیهانیشی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و یەکێک لە گرنگترین بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی مێژووی نوێی ئێرانی خستە جووڵە و دەرئەنجامەکانیشی هەم بەردەوامن و هەم کاریگەرییان لەسەر پانتایی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێران و کوردستان جێ هێشتووە.
بزووتنەوەی ژینا سەردەمێکی نوێی پێناسە کرد کە چیتر نە خەبات بۆ دادپەروەری و ئازادی و مافی مرۆڤ پشتگوێ بخرێت و نە بێدەنگ بکرێت و بە یەکخستنی خەڵک لە سنووری نەتەوەیی، ڕەگەزی و چینایەتی، هاوپەیمانییەکی بەرفراوان و گشتگیری بنیات نا کە دژایەتی ڕووت و ڕەهای ستەمکارانەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات.
سێ ساڵ لە دەستپێکردنی بزووتنەوەکە تێدەپەڕێت و لە ناخی خۆیدا کۆمەڵێک پرسیار لە زەینی تاکدا درووست دەکات؛ لەوانەش: بزووتنەوەکە چ دەستکەوتێکی هەبووە؟ و چی لە دوای سێ ساڵ فێر کردین بۆ بەردەوامبوون لە خەبات؟
بۆ وەرگرتنی وڵامی دروست بۆ ئەم پرسیارانە و پرسیاری هاوشێوە دەبێ بپڕژێینە سەر هەندێک لایەن و ڕەهەندی مەعریفی:
ژینا ڕەمزە، ژنێکی لاوی کورد، بووە قوربانی دڕندەیی پۆلیسی ئەخلاقی، دامەزراوەیەک کە لەمێژە بە بیانووی پاراستنی "پێوەرە ئەخلاقییەکان" ژنانی لە ئێراندا چەوساندۆتەوە. ژینا لە تاران بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای جلوبەرگ دەستگیر کرا، هەر زوو لە ژێر بارودۆخێکی نهێنیدا کوژرا. شەهیدبوونی ژینا، شەپۆلێکی توڕەیی، خەم و هاودەنگی لە سەرانسەری کوردستان و ئێران و دواتریش لە ئاستی جیهانیدا لێکەوتەوە. ژن و پیاو لە هەموو چین و توێژەکان پێکەوە هەڵسان بۆ داوای دادپەروەری و ئازادی و زۆری نەخایاند ژینا بوو بە هێمای ڕەمزی بەرەنگاربوونەوەی ستەم و دیکتاتۆری.
کەواتە بزووتنەوەی ژینا تەنیا کاردانەوەیەک نەبوو بەرامبەر بە تاکە مردنێکی تراژێدیک، بەڵکوو بزووتنەوەیەکە کە لە ناخی خۆیدا ڕەنگدانەوەی کێشە قووڵە چارەسەرنەکراوەکان بوو لە ئێراندا کە توانی ڕۆشنایی بخاتە سەر پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی مافەکانی مرۆڤ و ئەو نایەکسانییە قووڵەی کە لە کۆمەڵگادا زاڵە.
لەلایەکی تریشەوە ژینا وەک ژنێکی کورد، نوێنەرایەتی ئەو زوڵمە دووانەیەی کرد کە هەم ژن و هەم کورد لە ئێراندا ئەزمونی دەکەن هەر بۆیەشە کە دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) کە لە ناخی هەزاران ساڵەی کورددا بیچمی گرتووە، لە ماوەیەکی کورتدا بووە هاوارێکی نێودەوڵەتی بۆ دادپەروەری.
یەکێک لە لایەنە هەرە دیارەکانی بزووتنەوەی ژینا ئەو ڕۆڵە دیارەیە کە ژنان بینییان. ژنان بوونە پێشەنگی ناڕەزایەتییەکان و نەتەنیا لە ئێران و کوردستان بەڵکوو لەسەر ئاستی جیهان بوونە سیمبۆلی بەرەوپێشچوون و پێشکەوتنخوازی.
لە کاتی ناڕەزایەتییەکان ژنان نەک هەر داوای مافەکانیان کرد بەڵکوو بەرەوڕووی ئەو پێکهاتە پیاوسالارانەیە بوون کە هەموو کۆمەڵگایان گرتۆتەوە. ئەوان نیشانیان دا کە شەڕی مافەکانی ژنان لە شەڕی کۆمەڵگایەکی دادپەروەرتر و دیموکراسیتر جیا ناکرێتەوە. ئەمەش دینامیکێکی نوێی لە سیاسەتی ئێراندا خوڵقاند، کە ئێستا دەنگی ژنان بەهێزترە و مەحاڵە چاوپۆشی لێبکرێت.
لەم ڕووەشەوە بزووتنەوەی ژینا پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێنا، بەڵام هێشتاش ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورەیە. یەکێک لە دەستکەوتە هەرە بەرچاوەکان ئەو گرنگییە جیهانییەیە کە بزووتنەوەکە بەدەستی هێنا. هاوپشتی نێودەوڵەتی فاکتەرێکی گرنگ بوو بۆ گوشارخستنە سەر ڕێژیمی ئێران و تیشک خستنە سەر تاوانەکانی دژ بە مافی مرۆڤ کە لەو وڵاتە ئەنجام دراون؛ بەڵام سەرەڕای ئەمەش ئاستەنگی زۆر ماون و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران هەتا ئێستەش هەر بە توندوتیژییەکی دڕندانەوە بەرامبەر بە جیابیران دەجووڵێتەوە.
ڕەهەندێکی گرینگی دیکە کە هەم لە کاتی بزووتنەوەکە و هەمیش ئێستە پاش سێ ساڵ ناکرێ ئاماژەی پێ نەکرێت لەڕاستیدا کاریگەرییە نێودەوڵەتییەکانی بزووتنەوەی ژینایە. لە سەرانسەری دونیادا خەڵک لە ئازایەتی ئەو ژنە کوردانە ئیلهامیان وەرگرت کە لە بەرامبەر ستەمدا وەستانەوە.
هاوپشتی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە نیشان دران؛ هەزاران کەس لە شارە گەورەکانی جیهان ڕژانە سەر شەقامەکان؛ چەندین وڵات و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی وێڕای شەرمەزارکردنی پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی ئێران، خوازیاری لێپرسینەوە لەو کەسانە بوون کە بەرپرسن لە ئەنجامدانی تاوانەکان؛ کۆی ئەمانەش یارمەتیدەر بوون بۆ زیادکردنی گوشارەکان لەسەر حکومەتی ئێران و بەهێزکردنی شەرعیەتی بزووتنەوەکە لەسەر ئاستی جیهانی.
بەم پێیە دەتوانین بێژین دوای سێ ساڵ خەباتی چڕوپڕ، چەند وانەیەک لە بزووتنەوەی ژینا وەردەگیرێت کە بەکورتی دەتوانی وەها پۆلێنیان بکەین؛:
گرینگی هاودەنگی نێودەوڵەتی.
گرینگی پابەندبوون بەو مافە سەرەتاییانەی مرۆڤ کە ناوکی بزووتنەوە پێکدەهێنن.
گرینگی و گرینگیدان بە ئیرادەی گۆڕانخوازی و گۆڕانخوڵقێنی
گرینگی پشتبەستن بە هێز و توانای خۆ
گرینگی ئەو ڕاستییەی کە هاودەرد و هاوچارەنووسین لە ئاستی جوغڕافیای ئێران
گرینگی زانینی ئەوەیکە چیمان دەوێ و چیمان ناوێ