
(لە یادی شەهید دوکتور سادق شەرەفکەندی و هەڤاڵانی)
ڕەحیم نزهتزادە
١٧ی سێپتامبری ١٩٩٢ (٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ هەتاوی) ڕۆژێکی تری تاریک لە مێژووی نەتەوەی کورد تۆمار كراوە. لەو ڕۆژەدا لە بەرلین، لە ئەمانی ڕێژەیی دەربەدەریدا، دوکتور سادق شەرەفکەندی و سێ لە هاوڕێیانی، بوونە قوربانیی تێرۆری ڕێژیمی ئێران. ئەو چێشتخانەیەی کە کۆبوونەوەکەی تێیدا ئەنجام درا، بوو بە شوێنی فەزیحەی نێودەوڵەتی و خەم و پەژارە، بەڵام هاوكات بوو بە هێمای نەتەویەک، کە بە بەردەوامی هەوڵی بێدەنگكرانی دەنگیان دەراوە -و بە هەمان پێوەر بە بەردەوام- هەڵستاوەتەوە.
دوکتور شەرەفکەندی دوای تێرۆرکردنی عەبدولڕەحمان قاسملوو لە ڤییەننا لە ساڵی ١٩٨٩، سەرکردایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی گرتە ئەستۆ. ئەوەی کە هەردوو ئەم سەرکردەیە لە خاکی ئەورووپادا تێرۆر كران، ئاماژەیە لەسەر ڕادە و ئیرادەی هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران، بۆ نەهێشتنی دەنگی سیاستمەدارانی کورد تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیشدا. بەڵام شەهیدكرانی ئەوان شتێكی دیكەشمان پێ دەڵێت: کە خەبات سەرەڕای لەدەستدانی کەسایەتییە پێشەنگەکانی، هەرگیز ناتواندرێت بێدەنگ بكرێت.
ڕێبەر و كەس
یادکردنەوەی دوکتور شەرەفکەندی، بیرهێنانەوەی كاراكتەرێكە، لە دەرەوەی سیاسەتمەداربوون. ئەو پردێک بوو لەنێوان نەوە جیاوازەکانی تێکۆشەرانی کورد، دەنگێک کە وردبینیی ئەکادیمی لەگەڵ نزیکیی جەماوەری تێکەڵ دەکرد. وەک سەرکردەیەکی کورد، بارگرانییەکی تایبەتی هەڵگرتبوو، لە هەمان کاتدا سەرکردایەتیکردنی مشتومڕە فیکرییەکان سەبارەت بە دێموکراسی و دادپەروەری، و وەستان لەگەڵ نەتەوەیەک، کە ژیانی ڕۆژانەیان بە چەوسانەوە، زیندانیکردن و ئاوارەبوون پێناسە بوو.
ئەو وەک كەساییەتییەک دەرکەوت، کە سەرەڕای هەڕەشەكان و مەترسییەكان، دڵسۆزی بۆ نەتەوەكەی، پاک و دوور لە چەواشە بوو. لە دەروونی ئەودا، پڕەنسیپەکانی خەباتی سیاسی، ئاڵاوتە و تێکەڵ بە گەرمیی كۆمەڵایەتیی كەسی بوون. ئەو حەقیقەتەی، کە ئەو ڕێک لە کاتێکدا، کە لە دەرەوەی وەڵات هەوڵی گفتگۆ و چالاكیی ئازادانەی دەدا تیرۆر كرا، هەم ئیرادەی ئەو بۆ خەباتی ئاشتییانە، هەم دڕندەیی بێبەزەییانەی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران دەخاتە ڕوو.
هێزی یادەوەری
ناوی شەرەفکەندی نەک تەنیا لە کتێبی مێژوو یان وتارە سیاسییەکان، بەڵکوو لە یادەوەریی بەکۆمەڵدا دەژی. بۆ گەلی کورد، شەهیدبوونی بە تەنیا یادكردنەوەی خەسار نیە، بەڵکوو هاوكات سەرچاوەی هێزیشە. هەر نەوەیەک کە بە چیرۆکی ڤییەننا و بەرلین گەورە دەبێت، ئەو بەڵێنەش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، کە خەبات بەردەوام دەبێت. بۆیە یادکردنەوەی شەهید دوكتور شەرەفكەندی و هاوڕێیانی، تەنیا کردەوەیەکی ماتەمینی نیە. کردەوەیەکی نوێبوونەوەیە، دڵنیابوونەوەیە، لەگەڵ ئەوانەی كە شەهید بوون، كە بەبێ هۆكار ئەو بژاردەیەیان هەڵنەبژارد. ژیان و شەهیدبوونیان، بوو بە بەشێک لە ڕێبازێکی گەورەتر، ڕێگایەک کە شەهیدانی کورد پێوایان و تا ئێستاش بەرەو ئاسۆی ئازادی ڕێگا دەپێوێت.
مانای گەورەتر
چارەنووسی دوكتور سادق شەرەفکەندی، هەروەها حەقیقەتێكی گەورەتر دەخاتە ڕوو: کە خەبات بۆ ئازادی و دادپەروەری، هیچ سنوورێک ناناسێت. شەهیدكرانی لە بەرلین، هەوڵێک بوو بۆ سڕینەوەی ئەم خەباتە، تەنانەت دوور لە کوردستانیش. بەڵام شەهیدكرانی لە ڕاستیدا، کاریگەریی پێچەوانەی هەبوو. بە جیهانی نیشان دا، کە ستەم لە سنوورە نەتەوەییەکان ناوەستێت، و ئەوانەی بۆ ئازادی خەبات دەکەن، بۆ مرۆڤایەتی بەگشتی ئەو تێكۆشانە دەکەن. بە هەمان شێوە ڕۆژی یادەوەری، تەنیا بابەتێک پەیوەست بە کورد نیە. هاوكات وەبیرهێنانەوەیەکە بۆ جیهان، کە نابێت شەڕی دێموکراسی و مافی مرۆڤ، بۆ ناوچەیەکی جوگرافی سنووردار بكرێت. ئەو بابەتە پەیوەندیی بە هەموومانەوە هەیە.
بەڵێنێک بۆ داهاتوو
ئەمڕۆ، زیاتر لە سێ دەیە دوای بەرلین، ئەو پەیامەی کە شەرەفکەندی بەرجەستەی کرد، بە هەمان شێوە پەیوەندیدارە. ئازادی بە هەرزان بەدی نایەت، دادپەروەری پێویستی بە کۆڵنەدانە، ئەوەی ژیانی خۆی لەپێناو گەلەکەیدا بەخت دەكات، لەدوای خۆیدا بەرپرسیارەتییەک بۆ زیندووەکاندا بەجێ دەهێڵێت. بۆیە ڕۆژی یادکردنەوەش، دەبێتە ڕۆژێک بۆ بەڵێن. بەڵێنێک بۆ پابەندبوون بە ڕێبازی دادپەروەری و بەرەو پێشەوەبردنی خەونی کوردستانێکی ئازاد، دێموکراتیك و بێئەنجام نەهێشتنی قوربانییەكانی ئەم ڕێبازە. ئەوە بەڵێنێكە کە لە لایەن هەموو ئەوانەی كە بە بیر دەهێننەوە، هەموو ئەوانەی دەیگێڕنەوە، هەموو ئەوانەی ڕەتی دەكەنەوە، كە مێژوو لە لەبیرچوونەوەدا، خۆی دووپاتە بکاتەوە.
كۆتایی
دکتور سادق شەرەفکەندی بەتەنیا پەیوەست بە ڕابردوو نیە. کارەکانی، دڵسۆزی و قوربانیدانی، وەک سەرچاوەی هێز لە ئێستادا دەژین. ڕۆژی یادکردنەوەی زیاترە لە بۆنەیەكی یادكردنەوە، بەشێکە لە وشیاریی بەکۆمەڵ، وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە لە مەترسیدا بوو، و هێشتا لە مەترسیدایە.
یادكردنەوە، بریتییە لە بەردەوامبوون. یادكردنەوە، نوێکردنەوەی بەڵێنە. یادكردنەوە، واتە بە کردار و بە گوتار بڵێین: خەبات بەردەوامە، دادپەروەری دەژی و سەرچاوەی ئازادییش هەرگیز وشک نابێتەوە.