کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سێهەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی)دا

00:44 - 25 خەرمانان 2725

سێ ساڵ پێش ئێستا و لە ڕۆژانی کۆتایی مانگی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاویدا ڕووداوی شەهیدبوونی کچە کوردێکی لاو (ژینا ئەمینی، خەڵکی شاری سەقز) بە دەستی سەرکوتکەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تاران، بوو بە چەخماخەی سەرهەڵدان و بزووتنەوەیەکی بەرینی ناڕەزایەتی کە بەرفراوانبوونەکەی سەرنجی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و دەوڵەتانیشی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.

بزووتنەوەکە کە ڕۆژی ٢٦ی خەرمانان لە گۆڕستانی "ئایچی"ی سەر بە شاری سەقز و لە کاتی ناشتنی تەرمی ژینا و بە ئامادەبوونی هەزاران کەس لە خەڵکی ناوچەکانی کوردستان دەستی پێ کرد، بە هەڵگرتنی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، پەیامێکی پڕنێوەرۆک و ماناداری لە کوردستانەوە بە ئێران و گشت جیها‌دا بڵاو کردەوە. بزووتنەوەیەک کە بە نیشانەگرتنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تەواویەتی خۆیدا، زۆر زوو توانی لە ئاستێکی بەرینی جەماوەریدا و بەبەشداریی زۆربەی نزیک بە تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان؛ کچان و ژنان، بازاڕی و کاسبکاران، لاوان و قوتابیان، مامۆستایانی ئایینیی نیشتمانپەروەر و خوێندکاران و... سنووری وڵاتان ببڕێ و سەر لە شەقامەکانی ئورووپا و کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان دەربێنێ.

لەگەڵ ئەوەی ئاخێزگە و شوێنی سەرهەڵدانی بزووتنەوەکە و درووشمەکانی کوردستان و یەکەم بانگەوازەکانی مانگرتن و خۆپێشاندانەکان لەسەر داوای ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بوو، بەڵام پشتیوانیی خەڵکی شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی دیکەی ئێران لە بزووتنەوەی ژینا و کوردستان و هاتنە مەیدانی بەکردەوەیان بە درووشمی "کوردستان، چاو و چرای ئێران" هەم گوڕوتینێکی تایبەتی بە بزووتنەوەکە بەخشی و هەم ئالەنگاریی زیاتری بەرەوڕووی کۆماری ئیسلامی کردەوە و، هەروەها سەرنجی کۆمەڵگەی جیهانییشی زیاتر کەوتە سەر. لە بەرانبەردا کۆماری ئیسلامی وەک ماهییەت و ڕەفتاری هەمیشەیی خۆی، بەجێی بەخۆداچوونەوە و رێزگرتن لە ئیرادەی خەڵک و ویستە ڕەواکانیان کە ئازادی و دەستەبەرکردنی مافە دێموکراتیکەکانیانە، بە شێوەی سیستماتیک و بەوپەڕی دڕندەییەوە هێرشی کردە سەر خۆپێشاندەران. لە ئاکامی پەلاماری سەرکوتکارانەی هێزەکانی ڕێژیمدا، سەدان کەس شەهید، هەزاران کەس بریندار و هەر بەپێی داننانی کاربەدەستان و ناوەندە ڕەسمییەکانی ڕێژیم بە دەیان هەزار کەسیش دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کران کە وێڕای لەسێدارەدانی دەیان کەسیان کە هەتا ئێستاش درێژەی هەیە، بە هەزاران بەندکراوی دیکە بە ناڕەوا سزای قورس و گرانیان بەسەردا سەپێندرا.

بزووتنەوەی ژینا لەگەڵ ئەوەی سەلمێنەری پێشەنگایەتیی کوردستان لە خەبات دژ بە دیکتاتۆریی ڕیژیمی کۆماری ئیسلامی و ڕاوەستان بەرانبەر بە بەبارمتەگرتنی ماف و ئازادییە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان لە لایەن ئەم ڕێژیمەوە بوو، ئاکامی پەنگخواردنەوەی ڕق و بێزاریی سەرجەم خەڵک و گەلانی ئێران بوو کە زیاتر لە چوار دەیەیە، ویست و داخوازییە سیاسییەکانیان لە لایەن دەسەڵاتی سەرەڕۆ و ناوەندگەرای ئێرانەوە بە دڕندانەترین شێوەی مومکین وڵام دەرێتەوە و سەرکوت دەکرێن. بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کە دوای شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی بە بەرینترین و جەماوەریترین بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلانی ئێران دادەنرێ و ژنان و لاوان ڕۆڵی بنەڕەتی و سەرەکییان تێدا بینی و نزیک بە دوو مانگی ڕەبەقی خایاند، لە ڕەوتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا خاڵگۆڕانێکی تایبەت بوو کە وەک ئاماژەی پێ درا، زۆرترین سەرنجی کۆڕوکۆمەڵی نێودەوڵەتیشی کەوتە سەر.

لە بزووتنەوەی ژینادا کۆمەڵگەی کوردستان و بزووتنەوە سیاسییەکەی ناوەندە و چەقی سەرنجەکان بوون. بۆیە لە ژوورە ڕەشەکانی بڕیار و پیلانگێڕیی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بڕیار درا خەڵکی کوردستان و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی بکرێنە ئامانج و هاوکات لەگەڵ هێرشی هێزی سەرکوتکەر بۆ سەر شۆڕشگێرانی سەر شەقامەکانی کوردستان، لە ٦ی ڕەزبەری ١٤٠١هەتاوی‌دا سپای پاسدارانی ڕێژیم هێرشی مووشەکیی کردە سەر بنکە و بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان و بە دەیان کەس لە کادر و پێشمەرگە و تەنانەت ژن و منداڵی لێ شەهید کردن.

ئامانجی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم هێرشانە کە دواتر لە دوو شەپۆلی دیکەش لە مانگی خەزەڵوەردا دووپات بوونەوە، بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی خەڵکی ئێران و لەتواناخستنی حیزبەکان لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەکەدا بوو. بەڵام ئەوەی دواتر لە پشتیوانیکردنی گەلانی دیکەی ئێران لە خەڵکی کوردستان و بەدەنگەوەهاتنی حیزبەکان لە نێوخۆی وڵاتەوە ڕووی ‌دا، دەریخست کە ڕێژیم نەتەنیا مایەپووچ دەرچوو، بەڵکوو یەکگرتوویی نێوان گەلانی ئێران و پێگە و نفووزی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان -بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران- لە نێو خەڵکدا چەندە قایم و چەسپاوە.

سروشت و خەسڵەتە ئەمرۆیی و دێموکراتیکەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و پەیام و درووشمە بەڕۆژەکانی بزووتنەوەکە کە هۆکاری سەرەکی بۆ ڕاکێشانی بیروڕای گشتیی جیهانیی بوون، دەرفەتێکی مێژوویی بۆ بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلانی ئێران لە ئاستی نێونەتەوەییدا هینایە ئاراوە. جیا لە شەقامەکانی وڵاتانی ئورووپایی کە دیاسپۆرای کورد و ئێرانی و لایەنەکانی ئۆپۆزیسییۆنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ ماوەی چەند مانگ کردبوویانن بە گۆڕەپانی پشتیوانی لە خەڵکی نێوخۆی وڵات و گەیاندنی دەنگ و پەیامی بزووتنەوەکە بە خەڵکی جیهانی ئازاد و مەحکوومکردنی سەرکوتکارییەکانی ڕێژیم، دەرگا و کۆریدۆری کۆڕ و کۆبوونەوەی جۆراوجۆری دەوڵەتی و نێودەوڵەتی بۆ بیستنی دەنگ و پەیامەکانی بزووتنەوەی ژینا خرابوونە سەر پشت.

ئێستا کە یادی سێهەمین ساڵوەگەڕی دەسپێکی بزووتنەوەی ژینا دەکەینەوە و باس لە دەرفەتەکانی بەردەم بزووتنەوەی ژینا و بزووتنەوەی دەیان ساڵەی گەلانی ئێران دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین، نایەکگرتوویی نێوان هێز و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن و نەبوونی ئالترناتیڤێکی بەهێز کە توانیبای و بتوانێ بۆ بنیاتنانی دەسەڵاتێکی گەلی و دێموکراتیک جێگرەوە بێت، کەمایەسییەکی سەرەکی و هەست‌پێکراوە. لەم پێوەندییە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دداننان بەم خاڵە سەرکییە لە لاوازییەکانی بزووتنەوەکە و بەرەی ئۆپۆزیسیۆن لەسەر نەبوونی ئالترناتیڤ و لەکیسدانی دەرفەتەکان، بەرپرسیارانە لە پێناو داکۆکیکردن لە ماهییەتی بزووتنەوەی ژینا و ڕاوەستان بەرانبەر بە بەلاڕێدابردنی ئامانجەکانی لە لایەن ئەقڵییەتێکی پاوانخوازەوە، هەڵویستی گرت و ڕاشکاوانە ڕوو بە خەڵکی کوردستان و گەلانی دیکەی ئێران باسی لە مەترسییەکانی ڕەوتە تەواویەتخوازەکان بۆ سەر ئامانجەکانی بزووتنەوەکە کرد.

هەرچەند بزووتنەوەی ژینا بە هۆکاری سیاسەتی سەرکوتکارانەی ڕێژیم و کۆمەڵێک هۆکاری دیکەی بەرهەست و زاتی کە ئاماژەیەکی پێ کرا، نەیتوانی بە ئامانجی سەرەکی و کۆتایی خۆی -کە لادانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەستەبەرکردنی دەسەڵاتێکی دێموکراتیکی گەلی بوو– بگات، بەڵام وێڕای سەرهەڵدانی وەک خاڵ‌وەرچەرخانێکی مێژوویی، بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵک و گەلانی ئێرانی چەند هەنگاوێک پێش خست و دەسەڵاتی سەرەڕۆ و ناوەندگەرای ئێرانی تووشی شڵەژانێک لە ناڕەوابوونی خۆی کرد.

کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژیناوە تا ئێستایشی لەگەڵ بێت نەک ‌هەر نەیتوانیوە زامی بەرینبوونەوەی کەلێن و مەودای خۆی لەگەڵ خەڵک سارێژ بکات، بەڵکوو ئەم نێوانە تا دێت بەرین و قوڵتر دەبێتەوە. کەوایە بزووتنەوەی ژینا و ئامانجەکانی لە زەینی هەموو خەڵک و گەلانی وڵات‌دا بە زیندوویی ماوەتەوە و لە بەستێن و دەرفەتی گونجاودا سەرهەڵدەداتەوە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ی زایینی و شەڕی دوازدە رۆژەوەی لەگەڵ ئێسڕائیل، لە ڕووی هێز و پێگەی ناوچەیی، مەشروعیەتی نێوخۆیی، ماهییەتی ئیدئۆلۆژیکی، گوتار و ڕەوایەتەوە تووشی داڕمان و بەتاڵبوونەوە هاتوە، ترسی سەرەکیی ئەو  لێکەوتەکانی بزووتنەوەی ژینا و سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکە کە ئەمجارەیان لێ‌رزگاربوونی سەخت و دژوار دەبێت.

بە ئاوڕدانەوە لە خاڵە بەهێز و لاوازەکانی بزووتنەوەی ژینا، لەسەر حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەرکە کە وێڕای پاراستنی دەسکەوتەکان و پێڕەوی و پشتیوانی لە شێوازەکانی خەباتێکی سەردەمیانەی گشتگیر و جەماوەری، ئازایانە ئاوڕ لە هەڵە و کەموکوڕییەکان بدەنەوە و پێشگیری لە لەدەستدانی دەرفەتەکان بگرن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا و هەم دواتریش هەوڵی دەستنیشانکردنی دەرفەت و هەڕەشەکانی بەردەم بزووتنەوەکەی دا و بەرانبەر بە هەر جۆرە پاوانخوازی و هەڕەشەیەک بۆ سەر  کوردستان و بزووتنەوە ڕەواکەی ڕاوەستا، باوەڕی وایە پێکهێنانی یەکگرتوویی نێوان هێزە کوردستانییەکان لەگەڵ یەکتر و، دواتر پێکەوە لەگەڵ بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتە کە دەتوانێ دەستەبەری ئامانجەکانی بزووتنەوەی کورد و گەلانی دیکەی ئێران بکات.

لە سێ ساڵەی ئەم بزووتنەوەیەدا وێڕای بەرز و پیرۆز ڕاگرتنی یاد و بیرەوەریی سەرجەم شەهیدانی بزووتنەوەی ژینا، سڵاو دەنێرین بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی ئەم بزووتنەوەیە کە تا ئێستاش بە بۆنەو و بیانووی جۆراوجۆر، بەرانبەر بە سیاسەتەکانی رێژیم ڕاوەستاون و بە یادکردنەوەی شەهیدەکان، بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییان لە زەین و یادەوەرییەکاند‌ا بە زیندوویی هێشتۆتەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستەی کارگێڕی

٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٤