کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئازادی پرۆبلماتیکی سەربەخۆیی؛ پێوەندناسیی دوو سیمای ڕزگاری

12:43 - 30 رەزبەر 2725

شاهۆ حوسێنی                                  

لەو کاتەوە کە ئەندێشە لە کۆتی ئوستوورە دەرباز دەبێت، ڕزگاری دەست پێ‌دەکات؛ هەرچەند ڕزگاری هیچکات خۆی لە چوارچێوەی چەمک و دەستەواژەیەکی یەکدەستدا دەرناخات و بەردەوام سیمایەکی پلۆرال لە خۆی دەنوێنێت. ئازادی و سەربەخۆیی دوو سیما لەو سیما شاراوە و پلۆرالەی ڕزگارین کە لە مێژووی مۆدێڕندا بەڕواڵەت لێک جیا بوونەوە، بەڵام لە قووڵایی بوون و هەستیاندا، بەشێکی دانەبڕاو لە پەیکەرەیەکن.

ئەم بەڕواڵەت دابڕاوییە نە قەیران، کە لۆژیکی بوونی ڕزگارییە. لە ئاسۆی ئەندێشەدا، ئازادی و سەربەخۆیی نە چەمکگەلێکی سیاسی، کە شێوازی دەرکەوتنن لە پێوەندی لەگەڵ زەروورەت و دەسەڵاتدا. لە ڕاستیدا ئازادی ئەو کاتەیە کە بوون، زەروورەتەکان نە لە گوێن سنووربەندی و کۆت، کە وەک بەشێک لە خۆی فام دەکات و ئەوان دەکاتە بەشێک لە خۆی. بەواتایەکی‌ تر بوون، لە ڕەوتی خۆئاگایی و دەرکەوتندا، تواناییەکانی خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ زەروورەتەکان نیشان دەدا. سەربەخۆیی بەڵام هەنگاوێکی پراکتیکی بەرەو ڕواڵەتی بوونە، کاتێکە کە ئازادی لە چوارچێوەی بەرهەست و مێژووییدا دەردەکەوێت. بەجۆرێک کە ئازادی لە گوێن ئەزموونێکی زەینی و مەجالی دەرکەوتنی سوژە، لە سەربەخۆییدا عەینییەت پەیدا دەکات، بە واتایەکی‌ تر ئازادی ناتوانێ لە دەرەوەی مرۆڤەکان فام بکرێت و دەربکەوێت مەگەر لە چوارچێوەی سەربەخۆییدا و سەربەخۆییش دەرناکەوێت مەگەر بە ئازادی وەک هێز و تینی زەین. ئازادی لە ڕاستیدا سەربەخۆیی لە ڕیی خستنەرووی پرسیار و مەسەلە لەمەڕ سەربەخۆیی پرۆبلماتیزە دەکات، واتە ئازادی مەرجی بیرکردنەوە لە سەربەخۆییە و سەربەخۆییش مەرجی دەرکەوتنی ئازادییە و کاتێک ئەم دوو سیمایە لە گوێن ژانووسێک دەردەرکەوێ، ڕزگاری ڕەخساوە. لێرەدا ژانووس وێناکردنی ڕزگارییە، ڕووی زەینی و نەزەریی ئەو، ئازادی و رووی عەینیی ئەو، سەربەخۆییە.

هەر بۆیەش هەڵەیە چما پرسیار بکرێت: ئاخۆ ئازادی گرینگترە یان سەربەخۆیی؟ ئەم پرسیارە لە ڕاستیدا لە هەناوی لۆژیکی زاڵێتیدا دەردەکەوێت، چونکە دەسەڵات بەردەوام هەول دەدات ڕزگاری دابەش بکات بەسەر دوو بەرەدا: بەرەیەکی زەینی(ئازادی) و بەرەیەکی سیاسی(سەربەخۆیی). بەڵام بەپێچەوانە، فەلسەفە لە یەکگرتووییەوە دەست پێ‌دەکات، لە شوێنکەوە کە ئازادی، سەربەخۆیی پرۆبلماتیزە دەکات و سەربەخۆیی ئازادی دەردەخات. لەم ڕوانگەیەوە ئازادی نە پێشمەرجی سەربەخۆیی و نە ئاکامی سەربەخۆییە، بەڵکوو ئازادی پرۆبلماتیکی (فرسەتێک بۆ شرۆڤەی ڕادیکاڵ و ژیرمەندانەی) سەربەخۆییە، یانی بەستێنی دەروونیی پرسیارەکان، پاردۆکسەکان و زەروورەتگەلێکە کە سەربەخۆیی مەیسەر دەکات. لێرەدا ئازادی، کێشەسڕ نیە لە سەربەخۆیی، بەهۆی ئەوەکە، لەم ڕەوتەدا ڕزگاری نە بە مانای سڕینەوەی کێشە و قەیران، کە ژیان لەنێو جەرگەری کێشە و قەیران‌دایە، چونکە لە هەناوی قەیران‌دایە کە ئازادی دەتوانێت خۆی لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیک ڕزگار بکات. بەم پێیە و لەم ئاسۆیەوە پرۆبلمی کورد، ئیتر سیاسەتی شوناسی یان خواستی دەسەڵات و حکوومەت نیە، بەڵکوو پرۆبلمی بنەڕەتی و ڕادیکاڵی کورد، سەرلەنوێ بە ڕزگاریدا چوونەوەیە لە بەرامبەر هێرشی مێژوویی کۆلۆنیالیستی و ملکەچکردنی کورد. لەم ڕوانگەیەوە ڕزگاریی کورد نە بەتەنیایی لە ئازادیی تاکدا و نە بەتەنیایی لە سەربەخۆیی ژێئۆپۆلەتیکیدا، کە لە تێکهاڵاوکردن و یەکگرتوویی ئەم دوو دیاردەیەدایە، واتە ئازادی و سەربەخۆیی ژانووسی ڕزگارین؛ سیمایەکی ئاگایی، زەین و ئەندێشەیە کە وەک ئازادی دەناسرێت و سیماکەی‌تری عەینیەتی ئەم ئاگایی و زەینەیە کە وەک سەربەخۆیی دەناسرێت.

ئازادی لە گوێن مەجالی دەرکەوتنی بوونی سەربەخۆ

ئازادی لە ئاسۆی فەلسەفەدا نە پوانی ئیرادەیە و نە توانایی هەڵبژرادن لەنێوان مەجالەکاندا، بەڵکوو شێوەی بوونی بوون لە پێگەی سوژەدایە. فۆڕمیک کە لەودا، وجود خۆی دەکاتە مەجال و لە هەناوی زەروورەتەوە، خۆی دەزێت. لەم دەلاقەیەوە، ئازادی نە لە بەرامبەر زەروورەت، کە لە هەناوی زەروورەتەوە دەردەکەوێت. بەجۆرێک کە ئازادبوون بەمانای هۆکاری خۆدێتی بوونە، یانی ئەوکاتەی کە سوژە تێدەگات کە ئازادی یانی توانایی بەرهەمهێنانی خۆیە لە هەناوی سنووربەندییە مێژووییەکان و ئەو سنووربەندییانەی کە دەسەڵاتەکان دەیسەپێنن، ئیتر ئازادی پراکتیزە دەبێت. لەم ئاستەدا ئازادی یانی مەجالی دەرخستنی سوژە، بێگومان سوژە و ئازادی بەیەکەوە دەردەکەون، واتە هەڵەیە ئەگەر پێمان وابێت کە سەرەتا سوژە دەردەکەوێت و دوایی ئازاد دەبێت، بەڵکوو لە هەناوی ڕەوتی ئازادبوون،‌ واتە تێگەیشتن لە خۆ و بەزاندنی سنووربەندییە مێژووییەکان و سەپێندراوەکان لەلایەن دەسەڵاتەوەیە، کە سوژە دەردەکەوێت. بەکورتی ئازادی بەستێنی سوژە نیە، کە خودی سوژەیە، لەم ڕوانگەیەدا سوژە بزاڤێکە کە لەودا ئاگایی لە دەروەستبوون بە دەسەڵات دادەبڕێت. ئەم دابڕاویە نە بە ڕاکردن لە دەسەڵات و مەوداگرتن لە دەسەڵات کە بە سەرلەنوێ ئاڕاستنەوەی هێزەکان بە ئاراستەی خۆیدایە کە دادەبڕێت. بێگومان سوژەی ئازاد ئەوە نیە کە لە دەسەڵات ‌ڕا دەکات، بەڵکوو ئەو بوونەیە کە لە هەناوی دەسەڵاتەوە، شێوازی بوونی سەربەخۆیانەی خۆی دادەڕێژێت، بوونێک کە ملکەچی لۆژیکی دەسەڵات نیە. بۆیەش دەشێ بگوترێ کە ئازادی ئەم کاتەیە کە سوژە لە گوێن مەجال دەردەکەوێت، مەجالگەلێک کە لە جیهاندا بە شێوەی کردە، زمان، خوو و هەڵسوکەوت دەردەکەوێت. ئەم ئازادیە سەرلەنوێ نووسینەوەی جیهانە.

سەربەخۆیی لە گوێن دەرکەوتنی مێژوویی ئازادی

سەربەخۆیی بەتەنیا دۆخێکی سیاسی یان ژێئۆپۆلەتیکی نیە، بەڵکوو فۆڕمێک و چوارچێوەیەک لە بوونە کە مەجالی دەرکەوتنی ئازادی لە عینییەتدا دەڕەخسێنێت. لە مانای ئانتۆلۆژیکدا، سەربەخۆیی ڕیک بەستێنی عەینی دەرکەوتنی سوژەیە لە هەناوی کەمایەسییەکان ‌و سنووربەندییەکاندا. لە غیابی ئەم بەستێن و فۆڕماسیونەدا ئازادی جگە لە ڕووناکاییەک لە بۆشاییدا نیە، ڕووناکە بەڵام بەبێ هیچ‌ کارتێکەریەک. دەشی بگوترێ کە سەربەخۆیی مەجالی دەرکەوتن بە ئازادی دەدات، کەشێک کە لەودا نەتەنیا هەڵبژرادن، کە کردەوە و خوڵقاندنی ماناش دەلوێت. لە بەرامبەریشدا، سەربەخۆیی بێمانایە، چما ئازادی، مەجالی خۆئاگایی نەڕەخسێنێت، سەربەخۆیی بەبێ ئازادی، بەتەنیا فۆڕمێکی بۆش و بەتاڵە کە لەوڕا نە سوژەیەک دەردەکەوێت و نە ڕزگاری مەیسەر دەبێت. ئەم فۆرمە لە پێوەندیی نێوان ئازادی و سەربەخۆیی، ئەوان دەکاتە دوو ڕواڵەت لە حەقیقەتی دیالێکتیک: سەربەخۆیی بەستێنی عەین و دەرەکیی دەرکەوتنی ئازادییە و ئازادی نێوەرۆک و مەجالی دەرکەوتنی بوون بۆ سەربەخۆیی دەڕەخسێنێت. لەم چوارچێوەیەدا، سوژە نەتەنیا بەرهەمی ئازادییە بەتەنیا و نە بەتەنیا خاوەنی سەربەخۆیی، بەڵکوو کۆرپەی ئەم دوو دیاردەیە بەیەکەوەیە. سوژەیەک کە لە هەناوی ئەم دوو دیاردەیە دەردەکەوێت نە بوونێکی پەسیڤ و بینەرێکی ڕواڵەتی، کە بکەرێک و خوڵقێنەری خۆی و جیهانی خۆیەتی، ئەمە رێک کاتی دەرکەوتنی ژانووسی ڕزگارییە، چاوێکی لە دەروونە، لە خۆئاگایی و مەجالە مەعریفی و زەینییەکانی دەرکەوتنی سوژە و چاوێکی لە دەرەوە و بەستێنە ڕواڵەتییەکان و سەربەخۆیی، بێگومان لە تێکەڵبوونی ئەم دوو دیاردەیەدایە کە ئازادی و سەربەخۆیی یەکگرتوویی دیالێکتیک پەیدا دەکەن و ڕزگاری دەردەکەوێت.

 ئاکام:

ڕزگاری نە بەتەنیا لە ئازادی‌دایە و نەبەتەنیا لە سەربەخۆییدا، بەڵکوو لە کەشێک‌دایە کە هەردووک دیاردە بەیەکەوە تێیدا هەڵدەکەن، لە ڕاستیدا ئازادی و سەربەخۆیی دوو سیمای یەک ڕاستەقینەن کە بەردەوام مەجالی بوون بۆ یەکتر دەڕەخسێنن. ڕزگاری لە وێکهەڵکردنی ئەم دوو دیاردەیەوە دەردەکەوێت. ئازادی نە پێشمەرجی زەینی سەربەخۆییە و سەربەخۆییش نە پێشمەرجی ڕواڵەتی ئازادی، بەڵکوو ئەم دوو سیمایە هاوکات بەیەکەوە دەردەکەون، دەگەڵ دەرکەوتنی خۆئاگایی و فامی زەینی و زەینی سۆبژێکتیڤ، سەربەخۆییش دەردەکەوێت و ڕزگاریش هاوتەریب لەگەڵ دەرکەوتنی ئەم دوو سیمایە دەردەکەوێت. ڕزگاری بۆ کورد ناڕەخسێت، مەگەر ئازادی بە مانای خۆئاگایی و بەستێنی زەینیی دەرکەوتنی سوژە هاوتەریب لەگەڵ سەربەخۆیی بە مانای بەستێنی ڕواڵەتیی ئازادی دەربکەوێت. دەرکەوتنی دەسەڵاتێکی ڕواڵەتی بە مانای حوکمڕانی و حکوومەتی کوردی بە هیچ شێوەیەک بە مانای ڕزگاری، ئازادی و سەربەخۆیی کورد نیە و تەنیا فۆڕم و شیوازی دەسەڵاتسەپاندن و زاڵێتی دەگۆڕدرێت.