
ئاسۆ ساعێدی
ماوەیەکە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێشاندانی ژنان بە پۆششی ئیسلامی کە چەکی ڕەنگاوڕەنگی وەک کڵاشینکۆفی پەمەیییان هەڵگرتووە، یان لە پشت جیپی پەمەیی هەڵگری دۆشکا دانیشتوون، یان دەرخستنیان بە جلوبەرگی سەربازیی تایبەت و مانۆڕدان لە شەقامەکانی تاراندا، پەیامی جۆراوجۆر بە دنیای دەرەوە و ناڕازییانی نێوخۆ دەگەیەنێت. ئەم دۆخە نەک هەر دەرخەری ستراتیژیی ئاڵۆزی شەڕی دەروونی و پڕوپاگەندەی سیاسییە، بەڵکوو "ئۆپەراسیۆنێکی دەروونیی" ئەندازیاریکراوە کە بە دوای چەندین ئامانجدا دەگەڕێت.
لە پێکهاتەیەکدا کە مافە سەرەتاییەکانی ژنان دانیان پێدا نەنراوە، حکوومەت دەیهەوێ بە پێدانی چەک، هەستێکی درۆییینی "بکەربوون" و "گرنگی" لەو ژنانەدا وێنا بکات و هێزی ساختەیان پێ ببەخشێت، تاکوو کەسەکە هەست بکات بەشێکە لە "دەسەڵات"، نەک قوربانیی دەسەڵات. کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە جەخت لەسەر مۆدێلی "ژنی ماڵدار- داوێنپاک" دەکاتەوە؛ بەڵام کاتێک ئەم ژنانە بە چەکەوە دێنێتە سەر شەقامەکان، تەکنیکی یەکنەگرتنەوەی بیرو کردار و وێناسازیی دژایەتیی هێمایی، خۆی دەنوێنێت. نواندنی باڵادەستیی هێز لە پەیامە نەستییەکەیدا ئەوەیە کە: "تەنانەت ناسکترین بەشی کۆمەڵگەش -لە ڕوانگەی نەریتیی حکوومەتەوە- ئامادەی شەڕە."
حکوومەت هەروەها دەیهەوێ لەم ڕێگەیەوە پیرۆزی بە توندوتیژی ببەخشێت. واتە بە دانانی چەک لە تەنیشت چارشێو و عەباوە (وەک هێمای ئایین) هەوڵ دەدات توندوتیژی و سەرکوتکردن بە بابەتە پیرۆزەکان ببەستێتەوە، ئەمەش وا دەکات ڕەخنەگرتن لێی لە ڕووی دەروونناسییەوە قوورستر بێت. هەڵبەت بۆ ئەو ژنانەی بەشداریی ئەم شانۆیانە دەکەن، ئەم هەوڵە دەتوانێت جۆرێک لە قەرەبووکردنەوەی دەروونی بێت.
کاتێک تاکایەتیی "ژن" لە پشت یۆنیفۆرم یان یەکپۆشی و چەکەوە ئەشاردرێتەوە، ناسنامەکەی ئەگۆڕێت. ئەم داماڵینی تاکایەتییە یا لێسەندنەوەی کەسێتییە دەبێتە هۆی ئەوەی تاک ئاسوودەتر فەرمانی سەرکوتکەرانە قەبووڵ و جێبەجێ بکات. چونکە چیتر خۆی وەک "تاکێک" یان ویژدانی ئەخلاقیی سەربەخۆ نابینێتەوە، بەڵکوو وەک بەشێک لە گرووپێکی سەرکوتکەرانەی گەورەتر دەبینێت.
ئەم بابەتە دەتوانرێت لە چەند ڕوانگەیەکی دەروونناسانەوە تاوتوێ بکرێت:
١. ئاساییکردنەوەی توندوتیژی و "میلیتاریزمی نەرم:
لە دەروونناسیی کۆمەڵایەتیدا، ڕەنگی پەمەیی وەک هێمایەک بۆ ئارامی، ژنایەتی و ئاشتیخوازیی کولتووری دەکار دەکرێت. تێکەڵکردنی ئەم ڕەنگە لەگەڵ ئامێری کوشتن، واتە (چەک)، هەوڵێکە بۆ جوانکردنی سیمای سەرکوت. ڕێژیم هەوڵ ئەدات بە "فانتازیا"کردنی ئامرازی شەڕ، ناشیرینیی توندوتیژی لە چاوی خەڵکدا کەم بکاتەوە. ئەو بە ڕاکێشانی چینە خۆڵەمێشییەکان ئەم پەیامە دەگەیەنێت، کە میلیتاریزم مەرج نییە توندوتیژیی پیاوانە بێت، بەڵکوو دەتوانێت بەشێک لە شێوازی ژیانی ڕۆژانە بێت.
٢. پێناسەکردنەوەی شوناسی ژن لە ڕوانگەی ئایینەوە:
کۆماری ئیسلامی بەم شێوەیە هەوڵ دەدات مۆدێلی سێیەم لە ژن بخاتە ڕوو، کە نە "ژنی ماڵەوەی نەریتی" بێت و نە "ژنی مۆدێڕنی ڕۆژئاوایی". ڕێژیمی ئێران بە شانۆگەریی ژنی موجاهید، ژنێک کە هاوکات لەگەڵ پاراستنی حیجابی تەواو، بە کەرەستەی دەسەڵات واتە (چەک) تەیار کراوە، ئەو پەیامە بە کۆمەڵگە دەگەیەنێت کە ژنان نەک تەنیا بابەتی پاراستن نین، بەڵکوو هێزی جێبەجێکاری دەسەڵات بۆ سەرکوت لە کاتی قەیرانەکاندان، واتە سەربازی ئەمەگناس!
٣. کاردانەوە بەرانبەر بە بزووتنەوەکانی ژنان:
دوای ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان بە پێشەنگایەتیی ژنان، وەک شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، مانۆڕی ژنانی چەکدار کاردانەوەیەکی بەرگریکارانە لە لایەن ڕێژیمەوەیە. ڕێژیم دەیهەوێ لەم ڕێگەیەوە مەتەرێزی ژنان وەربگرێتەوە؛ واتە جێگۆڕکێی "ژنی ناڕەزایی" بە "ژنی سەرکوتکەر/ سەرباز". ئەمە هەوڵێکی دەروونییە بۆ نیشاندانی ئەوەی کە "ژنی دڵخواز لە ڕوانگەی ئێمەوە" ئەو ژنەیە کە چەک بۆ بەرگریکردن لە مانەوەی حکوومەت هەڵدەگرێت، نەک ژنێک کە بۆ ئازادی، لەچک لەسەر دابکەنێت.
دروستکردنی کەلێنی دەروونی لە نێوان ژنانی کۆمەڵگە؛ دانانی ژنێک بە چەکەوە لە بەرانبەر ژنێک کە خوازیاری گۆڕانکارییە، دەبێتە هۆی داخورانی هاوسۆزیی کۆمەڵایەتی. ئەم کارە وەڵامێکی ئایدیۆلۆژیکییە بۆ دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە پێناسەی حکوومەت بۆ ڕۆڵی ژن بەستراوەتەوە بە دەسەڵاتی سەربازی و پاراستنی مانەوەی سیاسی.
٤. بەسەربازیکردنی کەشی گشتی:
ئاساییکردنەوەی بوونی چەکی جەنگی -وەک دۆشکا- لە ژینگە مەدەنییەکاندا بەشێکە لە ستراتیژی میلیتاریزەکردنی شار. کاتێک چەکێک کە پێویستە لە بەرەی شەڕدا بێت دەهێنرێتە سەر شەقامەکانی شار، سنووری نێوان "دۆخی ئاسایی" و "دۆخی شەڕ" کاڵ دەبێتەوە، بۆ ئەوەی خەڵک بەردەوام هەست بە بوونی قورسیی دەزگا ئەمنییەکان بکەن.
٥. ئاساییکردنەوەی سیمای توندوتیژی:
لە ڕوانگەی دەروونناسیی کۆمەڵایەتییەوە، بوونی ژنان لە گۆڕەپانی سەرکوتکردن یان مانۆڕ لەنێو شەقامەکانی شاردا، جۆرێک لە "دژایەتیی ناسینەوە" لە هزری بینەردا دروست دەکات. کۆمەڵگە بە شێوەیەکی نەریتی ژن وەک هێمای چاودێری و ئاسوودەیی دەبینێت. حکوومەت بە بەکارهێنانی ژنان بە جلوبەرگی سەربازییەوە، هەوڵ دەدات ئەم گریمانە دەروونییە بقۆزێتەوە و وێنەی "توندوتیژیی" سەرکوتکردن کاڵ بکاتەوە. بوونی ژنان لە نەمایشی سەربازی یان مانۆڕی شەقامەکاندا پەیامێک بۆ لایەنی نێوخۆیی و بیانی دەنێرێت: "ئەمە بزووتنەوەیەکی توندوتیژیی پیاوسالارانە نییە، بەڵکوو باوەڕێکی خێزانیی جێی پەسەندی دایکانی کۆمەڵگەیە".
٦. لێکدژیی هێمایی و شەڕی دەروونی:
ئەم وێنانە بەئەنقەست بۆ دروستکردنی دژواتەی بینایی داڕێژراون. لە سایکۆلۆژیای پڕوپاگەندەدا، تێکەڵکردنی دوو هێمای دژ بەیەک - چارشێو و عەبا وەک هێمای نەریتیی حەیا و ئارامیی نێوماڵ و هەروەها دۆشکا وەک هێمای توندوتیژیی ڕووت و هێزی وێرانکەر- دەبێتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە شۆکی دیتنی. کاتێک چەک دەدرێتە دەست توێژێکی کۆمەڵگە کە بە شێوەیەکی نەریتی بە "مەدەنی" یان "دایک و چاودێر" دادەنرێت، ئەم پەیامە دەنێردرێت کە شەڕ و سەرکوت چوونەتە نێو قووڵترین چینەکانی ژیانی ڕۆژانەوە، کەواتە سەرکوت ئاسایی بووەتەوە. ئەم نەمایشە ئەو پەیامە بە دژبەران دەگەیەنێت کە "چاوی چاودێر" و "دەستی سەرکوتکەر" تەنانەت لە ڕووخساری دایکانەی نەریتیشدا خۆی دەنوێنێ، کە ئەمەش بەزاندنی سنوورەکانی ژیانی تایبەتیی خەڵکە.
دەرەنجام
ڕێژیم بە مانۆڕی دزەکردنی نێوخۆیی و لێکترازانی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی چەکدارکردنی ژنان، پەیامێکی ترسناک بە پێکهاتەی کۆمەڵگە دەگەیەنێت، کە سەرکوتکەر تەنیا لە سەربازگەکاندا نییە، بەڵکوو دەتوانێت لە ماڵەکەت یان دراوسێیەتیتانەوە بێت. کاتێک نیوەی دانیشتووان (ژنان) وەک بەشێک لە ماشێنی سەربازی وێنا دەکرێت، متمانەی ئاسۆیی لە کۆمەڵگەدا کەم دەبێتەوە و دەبێتە هۆی دروستکردنی پارانۆیا، واتە دروستبوونی کەشی بێمتمانەیی لەنێو خەڵکدا.
ئەم کارە کۆمەڵگە بەسەر دوو گرووپدا دابەش دەکات؛ "ژنانی ئەمەگناس/ چەکدار" و "ژنانی نێوخۆیی"، بۆ ئەوەی ڕێگری لە هاوپێوەندیی گشتی لە نێوان ژناندا بکەن.
لە دەروونناسیی سیاسیدا "مانۆڕی هێز" کاتێک ڕوو دەدات کە سیستەمێک هەست بکات باڵادەستیی ئاوەزەیی کەوتۆتە مەترسییەوە. نەمایشی ژنانی چەکدار هەوڵێکە بۆ وەرگرتنەوەی شەقامەکان بە شێوەیەکی هێمایی. بەکورتی، ئەم شانۆیە هەوڵێکە بۆ جێگۆڕکێی "ترس" لە جیاتی "ڕێزگرتن". کۆماری ئیسلامی بە پڕچەککردنی ژنان و هێنانە سەر شەقامەکان، هەوڵ دەدات ئەو پەیامە دەروونییە بچێنێت کە هیچ دەرەتانێک بوونی نییە، تەنانەت ڕەگەزێک کە هێمای ژیانە، لەم پێکهاتەیەدا بووەتە ئامرازێک بۆ پاراستنی مانەوەی دەسەڵات.