کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاییزی ئایەتوڵڵاکان کام ئاڵوگۆڕ لە ئێران دێتە ئاراوە؟ (بەشی یەکەم)

09:59 - 1 خەزەڵوەر 2725

فارین ئەفەرز – کەریم سەججادپوور

وەرگێڕان لە ئینگلیزیەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

بۆ یەکەم جار پاش نزیکەی چوار دەیە، ئێران لە سنووری گۆڕینی ڕێبەریی کۆماری ئیسلامی و ڕەنگبێ تەنانەت ڕێژیمیش دابێت. لەگەڵ نێزیکبوونەوە لە کۆتایی ڕێبەریی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، جەنگێکی ١٢ ڕۆژە لە مانگی ژۆئەندا ناسکیی ئەو سیستەمەی ئاشکرا کرد کە ناوبراو دروستی کردوە. ئیسڕائیل شار و پێگە سەربازییەکانی ئێرانی کوتا، ڕێگەی بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان خۆش کرد تا ١٤ بۆمب، کە توانایی تێكشکاندنی بنکەی ژێر زەوییان هەبوو، بەرداتەوە سەر بنکە ناوکییەکانی ئێران. جەنگەکە مەودای بەرچاوی نێوان فڕوفیشاڵە ئایدیۆلۆژیکییەکانی تاران و تواناییە سنووردارەکانی ڕێژیمی پیشان دا، کە بەشێکی بەرچاوی دەسەڵاتی ناوچەیی لەکیس دابوو، چیدیکە کۆنتڕۆڵی ئاسمانەکەی پێ نەدەکرا و دەسەڵاتێکی سنوورداری بەسەر شەقامەکانەوە مابوو. لە کۆتایی جەنگەکەدا، خامنەیی ٨٦ ساڵە لە حەشارگەکەی هاتە دەر و بە دەنگێکی نووساوەوە  سەرکەوتنی ڕاگەیاند. شانۆگەرییەک کە ئامانجەکەی پیشاندانی هێز بوو، بەڵام لەجیاتان لاوازیی ڕێژیمی ئاشکرا کرد.

لە پاییزی ئایەتوڵڵاکاندا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئاخۆ ئەو ڕێژیمەی مەلایان کە ئەو لە ١٩٨٩ بەولاوە ڕێبەریی دەکات، دەمێنێتەوە، دەگۆڕدرێت یان تێکدەڕووخێت و، کام پەرگالی سیاسی دوای ئەو سەر هەڵدەدات. شۆڕشی ١٩٧٩، ئێرانی لە پاشایەتییەکی هاوتەریبی ڕۆژاوا کردە حکوومەتێکی ئایینیی ئیسلامی، لە چاوتروکاندنێکدا ئەوی لە هاوپەیمانی ئەمریکاوە بۆ دوژمنێکی سوێندخورادوو گۆڕی. چونکە هێشتا ئێڕان وڵاتێکی فرە گرینگە، زلهێزێکی وزە کە سیاسەتی ناوخۆیی ئاسایش و پەرگالی سیاسیی خۆرهەڵاتی ناڤین دیاری دەکات و ئاسەوارەکانی لە سیستەمی جیهانیدا ڕەنگ دەداتەوە، پرسی ئەوەی کە کێ (یان چی) جێگرەوەی خامنەیی دەبێت کاردانەوەی فرە بەرچاوی دەبێت.

لە دوو ساڵی ڕابردوودا، پاش هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل، کە تەنیا خامنەیی لە نێو ڕێبەرە گەورەکانی دنیادا بە ئاشکرا پشتگیریی لێ کرد، بەرهەمی ژیانی لە لایەن ئیسڕائیل و ئەمریکاوە بووەتە تۆزی بانان. نێزیکترین دەستپەروەردە سیاسی و سەربازییەکانی کوژراون یان تێرۆر کراون. بەکرێگیراوە هەرێمییەکانی لاواز کراون. پرۆژە بەربڵاوە ناوکییەکەی، کە بە تێچوویەکی زەبەلاح بۆ سەر ئابووری ئێران دروست کرابوو، لەژێر داروپەردوودا نێژراوە.

کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە چەمانەوە سەربازییەکەی بکاتە دەرفەتێک بۆ کۆکردنەوەی خەڵک لە دەوری ئاڵاکەی، بەڵام بەشمەینەتییەکانی ژیانی ڕۆژانە بۆ خۆ لێ لادان نابن. حەشیمەتی ٩٢ میلیۆنیی ئێران، مەزنترین ڕێژەی دانیشتووانی دنیان کە دەیان ساڵە لە سیستەمی سیاسی و ئابووری جیهانی تەریک خراونەوە. ئابووریی ئێران یەکێک لە گەمارۆدراوترینەکانی دنیایە. دراوەکەی یەکێک لە بێ نرخترین دراوەکانی دنیایە. پاسپۆرتەکەی یەکێک لە ڕەتکراوترینەکانی دنیایە. ئینتەرنێتەکەی سانسۆڕکراوترینەکانی دنیایە. هەوایەکەشی لە پیسکراوترینەکانی دنیایە.

دروشمە لەمێژینەکانی ڕێژیم، "مردن بۆ ئەمریکا" و "مردن بۆ ئیسڕائیل"ە، بەڵام قەت "بژی ئێران" نیە، کە ئاشکرای دەکات پێشترییەتییەکەی سەرپێچییە نەوەک گەشە کردن. کوژانەوەی کارەبا و ناڕەزایەتی بێ ئاویی بوونە تایبەتمەندییەکانی ژیانی ڕۆژانە. یەکێک لە سیمبۆلە سەرەکییەکانی شۆڕشەکەی، حیجابی زۆرەملی، کە ئایەتوڵڵا خومەینی، یەکەم ڕێبەری گەورەی کۆماری ئیسلامی جارێک وەک "ئاڵای شؤڕش" باسی کرد، ئێستا شڕ بووە, چونکە ڕێژەیەکی پەرەئەستێن لە ژنان بە ئاشکرا دژی داخوازیی شاردنەوەی قژەکانیان دەوەستنەوە. کۆنتڕۆڵی پیاوسالارانی ئێران بە سەر ژنانی وڵاتەوە لە کۆنتڕۆلی ئەوان بەسەر ئاسمانی وڵاتەوە باشتر نیە.

بۆ تێگەیشتن لەوە کە چۆن ئێران گەیشتە ئەو قۆناغە، پێویستە لە پرینسیپەکانی ڕێنوێنیکەری دەسەڵاتداریی ٣٦ ساڵەی خامنەیی بکۆڵینەوە. دەسەڵاتدارییەکەی لە سەر دوو کۆڵەکە وێستاوە: ئەرکداریی قورس و قایم بەرانبەر بە پرینسیپەکانی شۆڕشگێڕانە لە ناوخۆ و دەرەوە و ڕەتکردنەوەی ڕاستەوخۆی چاکسازیی سیاسی. خامنەیی بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لەسەر ئەو بڕوایە بووە کە هەر جۆرە لادان لە ئایدیالەکان و سنووردانانەکانی کۆماری ئیسلامی، ئەوی تووشی هەمان چارەنووس دەکات کە گلاسنۆستی گۆرباچۆف، یەکیەتی سۆڤیەتی تووش کرد و لەجیات درێژ کردنەوەی تەمەنی دەبێتە هۆی کورتکردنەوەی. خامنەیی بە هەمان شێوە قەت دەستی لە بەرهەڵستکارییەکەی دژی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان هەڵنەگرتوە.

تەمەنی خامنەیی، سازش نەکردنەکەی و مردنەکەی بەو نیزیکانە، ئێرانی لە نێوان داڕمانی وردە وردە و هەرەسهێنانی لەناکاو هەڵپەساردوە. کاتێک خامنەیی نەمێنێت، ئەگەری ڕوودانی چەند جۆر داهاتوو لە ئارا دان. ئایدیۆلۆژی سەرەڕۆیانەی کۆماری ئیسلامی دەتوانێ بکەوێتە ژێر بێدەربەستیی پیاوێکی بەهێز لە شێوەی ڕوسیەی دوای سەردەمی سۆڤیەت. وەکوو چین پاش مردنی مائۆ، ڕەنگبێ ئێران ئایدیۆلۆژییە نەگۆڕەکەی بە بەرژەوەندیی نەتەوەیی پراگماتیستی بگۆڕێتەوە. دەتوانێ سەرکوت و تەریک کەوتوویەکەی چەند هێندە بکات، وەک چۆن کۆرەی باکوور بۆ ماوەی چەند دەیە ئەو کارەی کردووە. ڕەنگبێ دەسەڵاتی مەلایان بە قازانجی دەسەڵاتی سەربازیی پاشەکشە بکات، وەک چۆن لە پاکستان ئەوە ڕوویداوە. و ئەگەرچی هەر دێتوو ئەگەری کەمتر دەبێتەوە، ئێران دەتوانێ بەرەو دەوڵەتێکی نوێنەرایەتیکەر هەنگاو بنێت، خەباتێک کە مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ شۆڕشی یاسای بنەڕەتی لە ١٩٠٦. ڕێگای ئێران تاقانە دەبێت و، ئاراستەکەی نە تەنیا ژیانی ئێرانییەکان بەڵکو سەقامگیریی خۆرهەڵاتی ناڤین و پەرگالی جیهانیی بە شێوەیەکی گشتی دیاری دەکات.

گومانداریی لە ڕادە بەدەر

ئێرانییەکان زۆر جار خۆیان بە میراتگری ئیمپڕاتورییەکی مەزن دەزانن، لەگەڵ ئەوەشدا مێژووی ئەو دواییانەی ئەوان پڕە لە داگیرکرانی پەیتا پەیتا، سووکایەتی و خیانەت. لە سەدەی نۆزدە ئێران نزیکەی نیوەی خاکەکەی بە دراوسێ تاڵانکەرەکانی دۆڕاند، قەفقاز (پێکهاتوو لە ئەرمەنستان، ئازەربایجان، گورجستان و داغستانی ئەمڕۆ) تەسلیمی ڕوسیە کرا و لە ژێر گوشاری بریتانیا، دەست لە هەرات هەڵگیرا. لە سەرەتای سەدەی بیستەم، ڕوسیە و بریتانیا وڵاتیان کردبووە هەرێمی ژێر نفوزی خۆیان. لە ١٩٤٦، سوپای سۆڤیەت ئازەربایجانی داگیر کرد و بەتەما بوو بیخاتە سەر خاکەکەی و لە ١٩٥٣، بریتانیا و وڵاتە یەکگرتووەکان کودەتایەکیان بەرێوە برد کە یارمەتیدەری لە دەسەڵات خستنی سەرۆک وەزیران محەممەد موسەددیق بوو.

ئەو میراتە بووەتە هۆی پەروەردە کردنی چەند جیل دەسەڵاتداری ئێرانی کە لە هەموو شوێنێک پیلان دەبینن، تەنانەت لە نێزیکترین یاریدەدەرانیان بەگومانن کە سیخوڕی بیانییان بن. ڕەزا شا، دامەزرێنەری بنەماڵەی پەهلەوی و ڕێبەرێک کە ئێشتاش زۆر ئێرانیی ڕێزی لێ دەگرن، لەبەر هۆگرییەکەی بۆ ئاڵمانی نازی، لە جەنگی جیهانیی دووهەمدا لایەن هاوپەیمانانەوە ناچار کرا دەست لە دەسەڵات هەڵگرێت. ئەو بە گوتەی ڕاوێژکارەکەی، عەبدولحوسێن تەیمورتاش لە "هەموو کەس و هەموو شتێک بەگومان بوو. لە ڕاستیدا لە هەموو وڵاتدا، خاوەن شکۆ متمانەی بە کەس نەبوو." محەممەد ڕەزا شای کوڕیشی هەمان هەستی هەبوو. دەوای ئەوەی لە شۆڕشی ١٩٧٩ دا لە دەسەڵات کەوت، ئاکامگیرییەکەی ئەوە بوو کە بەڵێنییە درۆکانی ئەمریکا "بوونە هۆی لەکیسدانی تاجەکەی." کاتێک خومەینی دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت، بە تۆمەتی سیخوڕی بیانی بوون، هەزاران بەرهەڵستکاری لە سێدارە دا. جێگرەوەکەی، خامنەیی، لە نێزیکەی هەموو وتارەکانیدا ئاماژە بە پیلانەکانی ئەمریکایی و زایۆنیستی دەکات.

ئەو بێمتمانەییە قووڵە تایبەتی نوخبەکان نیە؛ ئەوە لە دەماری جەستەی سیاسەتدا دەگەڕێت. خاڵۆ گیان ناپلیۆنی ئیرەج پزیکشزاد، ڕۆمانێکی خۆشەویستی ئێرانی، کە دواتر ئاڵقەی تەلەفزیۆنیی لەبیر نەکراوی لە ١٩٧٦ لێ دروست کرا، تەنزێک بوو لەبارەی گەورەپیاوی بنەماڵەیەک کە پیلانی بیانی لە هەموو شوێنێکدا دەدیت، بەتایبەبت هی بریتانیایی. ئەو ڕۆمانە هێشتا نوێنگەیەکی کولتوورییە کە تێفکرینی پیلانگێڕیی دەورووژێنێت و هێشتا داڕێژەری کۆمەڵگە و سیاسەتی ئێرانە. لە ڕاپرسییەکی بایخەکانی دنیادا لە ٢٠٢٠ دەرکەوت کە کەمتر لە ٪١٥ی ئێرانییەکان پێیان وایە "زۆربەی خەڵک بۆ متمانە پێکردن دەبن"، کە کەمترین ڕێژەی هەموو جیهانە.

لە شێوەی گومانداریی لە ڕادەبەدەری ئێرانیدا، بیانییەکان وەک ڕاوچی سەیر دەکرێن و، نێوخۆییەکان وەک خائین و دامەزراوەکانیش ملکەچی دەسەڵاتی تاکەکەسی دەبن. لە سەدەی ڕابردوودا، تەنیا چوار پیاو دەسەڵاتی وڵاتیان بەدەستەوە بووە، بە تاکپەرستیی وەک جێگرەوەی دامەزراوەی خۆڕاگر و سوڕی سیاسی لە نێوان دەورەی کورتی شاگەشگە بوون و ساڵانی دورودرێژی بێهیوایی. کۆماری ئیسلامی ئەو شێوازەی بە دابەشکردنی شارۆمەندان بە سەر "خۆمانە" و "بێگانە" دا تۆختر کردووە. لە کەشوهەوایەکی وەها بێمتمانەییدا، هەڵبژاردنی نەرێنی بەردەوام دەبێت: مامناوەندی بوون خەڵات دەکرێت، لێڵ بوون بروەی پێ دەدرێت و، وەفادار بوون لە جیات لێهاتوویی دەستخۆشانەی پێ دەدرێت. بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات لە لایەن خامنەییەوە لە ١٩٨٩، نموونەیەکی بەرچاوی ئەو دینامیزمە بوو و، وێدەچێ هەمان پێوەر بۆ نەخشەی جێگرەوە دڵخوازەکەی ڕەچاو بکرێت. ئەو کولتوورە ریشە داکوتاوەی بێمتمانەیی، شکڵدراو بە مێژوو، بەهێزکراو بە دەست دەسەڵاتدارانەوە و ڕۆچوو بە هەناوی کۆمەڵگەوە، نە تەنیا درێژەدەری دەسەڵاتداریی سەرڕۆیانەیە، بەڵکو کۆسپی ڕێکخستنی جەماوەریشە کە بۆ دەوڵەتداریی نوێنەرایەتیکەر پێویستە. ئەوە کاریگەریی بەردەوامی لە سەر داهاتووی ئێران دەبێت.

دەستاودەست کردنی دەسەڵات لە سیستەمە سەرەڕۆکاندا زۆر بە دەگمەن بە گوێرەی سێناریۆی دڵخواز جێبەجێ دەکرێت و، هی ئێرانیش ڕیزپەڕ نیە. مردن یان لە پەلوپۆ کەوتنی خامنەیی دیارترین هۆکاری گۆڕانکاریی دەبێت. شۆکێکی دەرەکی، هەرەسهێنانی نرخی نەوت، چڕ بوونەوەی گەمارۆکان، هێرشێکی سەربازیی نوێی ئیسڕائیل یان وڵاتە یەکگرتووەکان، دەتوانێ ڕێژیم ناسەقامگیرتر بکات. بەڵام مێژوو پیشانی داوە کە ڕووداوی چاوەڕواننەکراوی نێوخۆیی، کارەساتێکی سروشتی، خۆ سووتاندنی میوەفرۆشێک، کوشتنی ژنێکی لاو لەبەر پیشاندانی لە ڕادەبەدەری قژ، دەتوانێ هەمان ئاسەواری هەبێت.

بۆ ماوەی نێزیکە پێنج دەیە، ئێران بە ئایدیۆلۆژی بەڕێوە چووە، بەڵام داهاتوویەکەی بە لۆجیستیک بەستراوەتەوە، لەپێش هەمو شتێکدا ئەو کەسەی بتوانێ وڵاتێکی نێزیکەی پێنج هێندەی ئاڵمان بەڕێوە بەرێت کە سامانێکی فراوانی هەیە بەڵام لە هەمان کاتدا گیرۆدەی ئالنگاریی فرە ترسناکیشە. لەو نادڵنیاییەدا، پەرگالی ئێرانی پاش خامنەیی دەتوانێ بە چەند شێواز بێت: دەسەڵاتداریی پیاوێکی بەهێزی ناسیۆنالیست، بەردەوامبوونی حکوومەتی مەلایان، بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات لە لایەن هێزی سەربازییەوە، بووژانەوەی پۆپۆلیستی، یان تێکەڵاوێکی تاقانە لەوانە. ئەو ئەگەرانە ڕەنگدانەوەی دابەشبوونی وڵات بەسەر لاباڵی جیاواز دایە. مەلاکان بەتەمای پاراستنی ئایدیۆلۆژی کۆماری ئیسلامین. سوپای پاسداران لە هەوڵی پتەو کردنی دەسەڵاتی خۆی دایە. شارۆمەندانی هەژار، لەناویاندا کەمینە ئەتنیکەکان، داوای ڕێز و دەرفەت دەکەن. ئۆپۆزیسیۆن لەوە پەرتەوازەترە کە یەک بگرێت بەڵام لەوەش پێداگرترە کە نەمێنێت. هیچکام لەو لاباڵانە یەکپارچە نین، بەڵام ئەوە خولیا و هەنگاوەکانیانە کە ئەو خەباتە دیاریی دەکات ئاخۆ ئێران ببێتە چ وڵاتێک؟