کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستە شاراوەكان لە ورمێ: هاندانی پانتورکیزم و سیاسەتەکانی ئێران و تورکیە

10:08 - 1 خەزەڵوەر 2725

ڕەحیم نزهت‌زادە

لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ورمێ، شاهیدی بزاڤ، ئاڵۆزی و هاندان بە ڕەهەندێكی نەتەوەیی ڕەگەزپەرەستانە و هاندەرانە بووین، کە بێگومان پێویستیان بە شیکردنەوەی ورد هەیە. لەم وتارەدا بەبێ ئاماژەدان بە ناوی هیچ لایەنێکی دیاریکراو، هەوڵ دەدەین لە دوو ڕوانگەی گرینگەوە هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوتی ئەم دۆخە بکەین. یەکەم: ڕۆڵی وشیارانە یان خۆ نائاگایانەی حکوومەتی ناوەندییە لە ئاسانکاری بۆ بەستێنی ئەو بزووتنەوە و بزاڤە ڕەگەزپەرەستانەیە؛ دووەم: کاریگەری و دەستێوەردانی ئەکتەرە بیانییەکان، بەتایبەتی کۆماری تورکیە لە دروستکردن و هەوڵدان بۆ بەرەو ئاڵۆزتربردنی ئەم دۆخە.

١_ ڕەخساندنی بوار و زمینەسازیی حكومەتی ناوەندی

سەرەتا دەبێ دان بەوەدا بنێین کە بە درێژایی دەیان ساڵ، حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران سیاسەت‌گەلێکی جێبەجێ کردوە کە لە زۆر حاڵەتدا پێكەوەژیانی نەتەوەكان و نەتەوەیی تێک‌داوە. یەکێک لەو شێوازانەی کە حکوومەت هەندێک جار بەکاری هێناوە، "ڕێگەپێدان" بە گرووپێكی تایبەت لە چالاکە نەتەوەییە ڕەگەزپەرەستەكانی سەر بە نەتەوەیەكی تایبەتە، کە گۆیا داواکاریی خاك و ناسنامەیان لەگەڵ نەتەوەیەكی دیكەدا هەیە؛ بەڵام لە حەقیقەتدا كۆماری ئیسلامی تەنها بە هاندانی ڕەگەزپەرەستانەی ئەو بزوتنەوە ڕەگەزپەرەستییە ڕێگەپێدراوانە، ئەوان وەک ئامرازێک لە هاوکێشەکانی دەسەڵاتدا دەکار دەکا. لە ڕووداوی ئەم دواییەی ورمێدا، چەندین نیشانەی ئاگادارکردنەوەی جیددی دەبینرێن:

_ بێباکی و بێدەنگییەکی واتادار و مەبەستدار لە قۆناغە سەرەتاییەکانی هاندانەكاندا؛ کاتێک ڕیزەکانی پانتورکی یان گرووپە هاندەر و شێوێنەرەکان كە لە فەزای میدیایی دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی پەیام و پۆستەر، دەبوو دەزگا ئەمنییەکان و هەواڵگری، پێشوەختە دەستبەكار ببان تا کۆنترۆڵی كەشە ئاڵۆزەكە بكەن. بەڵام ئەوەی بینرا دواکەوتنی کاردانەوەی فەرمی یان پێنەدانی وەڵامێکی ڕوون بۆ ڕای گشتی بوو.

_ کەلک‌وەرگرتن لە کەسایەتییە نێوخۆییەکان و دامودەزگا فەرمییەکان؛ لە ورمێ وا دیارە کە بانگەوازی گردبوونەوە لەژێر ناوی "کۆبوونەوەی عەلەوییەکان" لە لایەن بەرپرسێکی شارەوە دەرچووە كە مەبەست و ئەرکەکەی لە بەرنامەیەکی سادەی ئایینی تێپەڕیوە. میدیاکان باسیان لەوە کردوە کە ئەم بانگەوازە بواری بۆ دزەکردنی هێزی تێکدەر خۆش کردوە!

_ سیاسەتی ناڕوونی و ڕووبەڕووبوونەوەی زارەکی لە میدیای فەرمیدا؛ لەکاتێکدا هەندێک لە میدیاکانی دەوڵەت بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە گردبوونەوەکە ناسیاسییە و تەنیا لایەنێکی ئایینی هەیە، چالاکانی مەدەنی و میدیای سەربەخۆ، بە بەشێک لە پڕۆژەی "ناكۆكی بئافرێنە و حوکمڕانی بكە"یان لێك‌دایەوە.

_ وەڵامدانەوەی ئەمنیی درەنگ و سنووردار؛ هەندێک لە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزەکانی جێبەجێکاری یاسا، دوای توندبوونەوەی نائارامییەکان چوونە شوێنی ڕووداوەکە و چەندین بەناو هاندەریان دەستگیرکردوە. بەڵام پرسیار ئەوەیە، بۆچی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی بڵاوبوونەوەی دروشمی ڕەگەزپەرەستانە و ئینکاری ناسنامەی کوردیدا، وەڵامدانەوەی خێراتر نەبوو یان وا ڕاستترە بڵێین كە هەر وەڵامدانەوەیەك بوونی نەبوو؟

بۆیە دەکرێ بگوترێ كە حکوومەتی ناوەندی لە ڕێگەی سیاسەتی "کۆنتڕۆڵی جێگرەوە"، ڕێگەی داوە تۆوی گرژیی نەتەوەیی بئاوسێن و دواجار لە قۆناغێکی دواتردا، بێتە نێوەوە بۆ كۆنترۆڵی سەحنەكە؛ شێوازێک کە هێزە وروژێنەر و هاندەرەكان، دەتوانن خێراتر پێشڕەوی بکەن و کاریگەریی زیاتریان هەبێت.

٢-دەستی شاراوەی تورکیە، لە شەڕی ناسنامەی نێوخۆی ئێراندا

یەکێک لە بەڵگە سەرنجڕاكێشەكانی ئەم پێشهاتانە، ڕۆڵی کۆماری تورکیەیە لە یارییە نەتەوەییەکان لە نێوخۆی ئێراندا. لە دەیان ساڵی ڕابردوودا تورکیە هەوڵی داوە لە نەتەوەکانی تورک‌زمان لە سنوورە دراوسێکانیدا، وەک ئامرازێکی ژیۆپۆلۆتیکی بۆ فشار یان کاریگەری کەلکیان لێ وەربگرێت. لە ڕووداوی ئەم دواییەی ورمێدا، چەند خاڵێک شایانی ڕەچاوکردن و سەرنج هەن:

_ دەسبەكاربوونی هاوکاتی جووڵەی ڕاگەیاندنی تورك‌مێحوەر لەگەڵ ڕوودانی كۆبوونەوە ڕەگەزپەرەستەكان؛ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گردبوونەوەکانی ورمێ، میدیا تورکی و ئازەرییەکان، یەکسەر بە مانشێتەکانی وەک "ورمێ تورکییە و بە تورکی دەمێنێتەوە"، هاتنە مەیدان و جەختیان لە شوناسی تورکی و ئەویش بە شێوازێكی ڕەگەزپەرەستانە کردۆتەوە.

_ ئاشکرابوونی پاڵپشتی میدیایی سنووربەزێن؛ ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەکان، میدیای تورکیە و ئازەربایجان، زیادەڕەوییان لە ڕووداوەکان کرد و بانگەشەی هاندەرانەیان بۆ دانیشتوانی تورک کرد. هەندێک لە ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بە "فەزیحەی میدیای تورکیە لەدوای گردبوونەوەی ورمێ" کردوە.

_ کەلک‌وەرگرتن لە ناسنامەی نەتەوەیی وەکوو ھێز؛ تورکیە لە پارێزگاكانی هاوسنووری خۆی، بە تیشکخستنە سەر ھەستی نەتەوەیی تورک، هەوڵ دەدات کۆماری ئیسلامی قەناعەت پێ‌بکات، کە تورکەکان لە ئێران "لەژێر گوشار و زەلیلدان" و پێویستە پشتیوانییان لێ‌بکرێت. ئەم تاکتیکە دەتوانێت پێشەکییەک بێت بۆ دەستێوەردانەکانی سیاسی یان نەرم. بە واتایەکی تر ڕۆلی تورکیە لەم شانۆیەدا دەتوانێت بە زیادكردنی هەستیاریی نەتەوەیی، هاندانی ژینگەی ڕاگەیاندن لەسەر سنوورە هاوبەشەكانی، بە فشارخستنەسەر كۆماری ئیسلامی لەسەر سنوور، ڕۆڵی "ئەکتەرێکی سنووربەزێن" بگێڕێت.

٣-هاوتەریبی نوخبە نێوخۆییەکان لەگەڵ پڕۆژەی هاندەرانەدا

هەرچەندە لەم بابەتەدا، خۆمان لە ناوهێنانی هەر لایەنێکی دیاریکراو بەدوور گرتوە، بەڵام ناکرێ ئاماژە بەوە نەکەین کە لەم ڕووداوەدا هەندێک نوخبەی نێوخۆیی، لەوانەش "ئەندامانی ئەنجومەنی شار و پارێزگا، یان کەسایەتییە سیاسییەکان" كە بە جۆرێک لە جۆرەکان، هاوتەریب لەگەڵ سیاسەتی هاندەرانەی ئیستفزازیدا هەڵسوكەوتیان كردوە. بۆ نموونە شوڕای شار داوای گردبوونەوە دەکات و هەندێک کەسی دیار لە پێشەوە ئامادە بوون کە میدیاکان ئەو كردەیەیان وەک دەرفەتێک بۆ هاندان و ورووژاندن بینی و لێك‌دایەوە.

ئەم پشتیوانییە نێوخۆییەش هۆكار بووە كە پڕۆژەی ئاژاوەگێڕیی نەتەوەیی، نەک تەنیا لە دەرەوە، بەڵکوو لە نێوەوەی پێکهاتەی شاریشەوە هێز و شەرعیەت بەدەست بهێنێت.

٤- دەرئەنجام و هۆشدارییەکان

ئەوەی لە ورمێ ڕوویدا، زۆر زیاترە لە پێکدادانێکی وەرزشی، یان ڕووداوێکی یەکجارە؛ دەکرێت خاڵێک بێت کە هەڵە نەتەوەییە شاراوەکان سەرهەڵبدەن، و بگۆڕدرێن بۆ قەیرانی ئەمنی و ناسنامەیی.

چەند کاریگەری و هۆشدارییەک كە شایەنی باسە:

١_ لاوازکردنی هاوپشتیی نیشتمانی و متمانەی نێوان نەتەوەکان؛ ئەگەر خەڵکی ناوچەکە هەست بکەن، كە ئەمنییەت و ناسنامەیان لەژێر هەڕەشەدایە و نوكی تیژی قسەی ناشیرینی دژەنەتەوەیی بەرامبەریان بەکار دەهێندرێت، متمانەی نێوان نەتەوەکان کەم دەبێتەوە.

٢_ دروستکردنی دووجەمسەریی میدیایی و گوتاری توندی نەتەوەیی؛ کاتێک میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەچنە نێو گەمەی "تورک بەرامبەر کورد"، کەشوهەواکە خێرا دەگۆڕدرێت بۆ جەمسەرگیرییەکی بەرز و مەترسیدار، كە زەمینە دەخوڵقێنێت چینی مامناوەندی كۆمەڵگە خۆی بخاتە حاڵەتی بەرگرییەوە.

٣_ ئاشكرا بوونی ڕۆڵی ئەکتەرە بیانییەکان لە کاروباری نێوخۆدا؛ دەستێوەردانی میدیایی و ناسنامەی تورکیە نیشان دەدات کە قەیرانە نەتەوەییەکان لە ئێراندا دەتوانن ببنە دەرفەتێک بۆ دەستێوەردانەکانی جیۆپۆلەتیکی.

٤_ پێویستیی وریایی گشتی و نوخبەیی؛ تەنها مرۆڤە ئاساییەکان نین کە پێویستیان بە هۆشیارییە، دەبێت نوخبەکان، بەرپرسانی نێوخۆیی و میدیاکان، لە بەرامبەر پڕۆژە وروژێنەرەکاندا وریا بن و خۆیان لە کەوتنە نێو ئەو تەڵەی ئەو هاندانە قێزەونە بەدوور بگرن.

٥- ئەنجام و بانگهێشتکردن بۆ پێشبینیکردنی چارەسەرەکان؛ ئەوەی لەم شیکارییەی سەرەوەدا دەردەکەوێت ئەوەیە کە ڕووداوی ئەم دواییەی ورمێ ڕووداوێکی هەڕەمەکی نیە، بەڵکوو بەشێکە لە دیزاینێکی مۆدێرن لە بواری شوناسی نەتەوەیی کە هەم لە نێوەوە بەڕێوە دەبرێت و هەم لە دەرەوە پشتیوانی لێ دەکرێت. هەم کۆماری ئیسلامی لە ڕۆڵی خۆیدا وەک ئاسانکاری دۆخەکە، بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو و جێگرەوە هەڵسوكەوتی کردوە و، هەم تورکیە لە ڕۆڵی سنووربەزاندنیدا هەوڵی داوە سود لەم كەشە وەربگرێت.

ئەگەر بمانەوێت ئەم دۆخە بەڕێوە ببەین و ڕێگری لە داڕمانی سامانی شوناس و متمانەی کۆمەڵایەتی بکەین، پێویستە:

_ وەک هەنگاوی یەکەم، فشار بخرێتە سەر هەموو بەرپرسانی ئەمنیییەتی، ڕۆشنبیری و نێوخۆیی تا ڕوونكردنەوە بدەن کە چ كەسانێك بانگەشەی ناڕەزایەتییەکان داوە و چ كەسانێك لە پشت پەردەوە ڕۆڵیان گێڕاوە؛

_ دووەم: ڕێگری لە ڕوودانی گردبوونەوەی ڕەگەزپەرەستانە و بێ‌مۆڵەت بکرێ، و لە هەمانکاتدا مافی مرۆڤە "بە کورد و تورک و نەتەوەکانی دیکەشەوە" بۆ دەربڕینی کولتوور و ناسنامەی خۆیان مسۆگەر بکرێت؛

_ سێیەم: پێویستە میدیای نێوخۆیی پارێزگا و سەرتاسەری، هەڵوێستی ورد و بێلایەنانە بگرێتەبەر، هەروەها ڕێگە نەدات گێڕانەوەگەلێكی نەتەوەیی هەڵگری بانگەشەی ڕەگەزپەرەستانە زاڵ بێت؛

_ چوارەم: لە نێو نەوەی گەنجدا، پەروەردە لە هاودەنگیی نیشتمانی، گفتوگۆی نێوان نەتەوەکان و هۆشیاری مەدەنی زیاد بکرێت؛

 لە کۆتاییشدا پێویستە ڕێوشوێنەکان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەکتەرە بیانییەکان لە هاوکێشە نەتەوەییەکانی ئێراندا بگیرێتەبەر، لەوانەش چاودێریکردنی میدیا و ڕێگریکردن لە کەلکوەرگرتن لە فەزای میدیایی وڵات بۆ قازانجی بیانییەکان.

سەرچاوەكان

Anadolu Agency. (2025, October 10). Tajamoe gostarde mardom-e Orumiyeh: Orumiyeh Turk ast va Turk khahad mand . Anadolu Agency. https://www.aa.com.tr/fa/ایران/تجمع-گسترده-مردم-ارومیه-ارومیه-تُرک-است-و-تُرک-خواهد-ماند/3517205

Hengaw Organization for Human Rights. (2025, October 11). Raporta taybetî derbareya tehrîkatên etnîkî li Urmiyê. Hengaw.net. https://hengaw.net

Iran International. (2025, October 10). Tashannoj-e qowmi dar bāzī-ye futbāl-e Orumiyeh. Iran International. https://www.iranintl.com

Kurdpa News Agency. (2025, October 11). Wekhevîyên civakî ya Kurdan di ber tehrîkatên dawi de li Urmiyê. Kurdpa.net. https://kurdpa.net

Radio Farda. (2025, October 9). Tashannoj-e qowmi dar Orumiyeh va barkhord-e nirouhā-ye amniyati. Radio Farda. https://www.radiofarda.com

Rudaw Media Network. (2025, October 10). Tevgera pan-tirkî di leyîza fûtbalê de li Urmiyê û nîqaşên etnîkî. Rudaw.net (Kurmancî edition). https://www.rudaw.net/kurmanci

Tabnak News Agency. (2025a, October 9). Dar Orumiyeh che khabar shod? Baztab-e tajamo’at dar fazā-ye majāzī-ye Irān. Tabnak.ir. https://www.tabnak.ir/fa/news/1295850

Tabnak News Agency. (2025b, October 10). Janjāl-e resāneh-hā-ye Torkiye pas az yek tajamo’ dar Orumiyeh. Tabnak.ir. https://www.tabnak.ir/fa/news/1295679

X (formerly Twitter). (2025, October 8–12). Posts and commentaries by Kurdish and Azeri civil activists on Urmia incidents. Retrieved from https://twitter.com