کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوەدای ڕزگاریی گەل، لە قووڵایی ئازارەوە (تیشکێک لە‌سەر ژیان، تێکۆشان و بەرهەمەکانی عەلی گەلاوێژ)

09:33 - 5 خەزەڵوەر 2725

د. کامران ئەمین‌ئاوە

ئەم کتێبە کە به بۆنەی سەدەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی دوکتور عەلی گەلاوێژ (١٣٦٧-  ١٣٠١ ی هەتاوی) لە لایەن دڵسۆزانی مێژوو و ئەدەبی کوردییەوە لە ساڵی ٢٠٢٣ زایینی ئامادە کرابوو، لە لایەن "دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی"ش لە هەرێمی کوردستان چاپ و بڵاو بۆتەوە. نووسەرانی ئەم کتێبە بریتین لە بەرێزان ئەنوەر سوڵتانی، نەمر حوسێن شکارچی خوشکەزای د. عەلی گەلاوێژ، حەسەن ماوەڕانی، محەمەد ئازادگەر، ئەسەد سەیف، محەمەد ڕەمەزانی و کامڕان ئەمین‌ئاوە.

لە سەرەتای کتێبەکەدا هاتوە: "ئەم کتێبە بەرهەمی زەحمەت و کاری کەسانێکه کە نایانەوێ یادی ئەو کەسایەتییە کوردانەی لەپێناو ئازادیی نیشتمان و بەختەوەریی گەلدا ئەرک و ڕەنجیان کێشاوە لەبیر بچی و، وەچەی ئێستا و داهاتوو ناسیاوی ژیان، کار و بەرهەمەکانیان بن، بەو هیوایەی لە ئەزموونیان کەلک وەرگرن و هەڵەکانیان دووپات نەکەنەوە. بێگومان ژیان و هەڵسووڕانی ئەو کەسانە ناتوانێ دوور بێت لە هەڵه‌ی گەورە و بچووکیان. ئەرکی گرنگی ڕووناکبیری کورد ئەوەیه به دروستی و به دوور لە پاوانخوازی، دەمارگرژی و ڕۆمانتیزمی خەیاڵی، مێژووی گەلەکەی و حیزب و کەسایەتییەکانی هەڵسەنگێنی و سوود لە ئەزمونی ئەوان وەربگرێ، تایبەتمەندییەکانی سەردەمی ژیانی کەسایەتییەکان و بارودۆخ و توانایی ئەوان بە هەمان ئەو چەشنەی کە بووە لێکبداتەوە و ئاوات و چاوەڕەوانییەکانی خۆی پێوەری لێکدانەوە و داوەری نەکات. نەتەوەی کورد به تایبەت لە سەدەی ڕابردوودا تووشی دەیان کارەساتی گەورە و بچووک بوو، هەزاران ڕۆڵەی خۆی پێشکەشی ئازادیی و بەختەوەریی وڵاتەکەی کرد و لەگەڵ گەلێک دوژمنی غەددار و فریوکار ململانەی کرد."

زانای پایەبەرز، دوکتور عەلی گەلاوێژ کە مامۆستا هەژار بەحەق وەکوو "مەولانای ڕۆمیی زەمانی شەمسی تەبرێزی" پێناسەی دەکات، ڕۆژی یەکی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٠١ی هەتاویی له گوندی ساروقامیش، لە ٣٠ کیلۆمێتری ڕۆژهەڵاتی شاری بۆکان لە بنەماڵەیەکی نیشتمان‌پەروەر، ئازادیخواز و فەرهەنگ‌دۆستی فەیزوڵڵابەگی لەدایک‌ بوو. ڕێگایەکی پڕ لە هەواز و نشێوی دوور و درێژی لە ژیانی پڕ لە ڕووداوی خۆی بڕی.

لە گوندی ساروقامیش، بۆکان، مەهاباد و شاری تەورێزی ئازەربایجان ژیاوە، دەرسی خوێندوە و ئەفسەری سپای میللیی کوردستان لە سەردەمی کۆمار بووە. لە ساڵی ١٣٢٥ لەگەڵ نزیکەی ٦٠ لاوی کوردستانی بۆ دەرس خوێندن له زانستگای ئەفسەریی نێردرایە یەکیەتیی سۆڤییەت و تا ساڵی ١٣٥٨ لە باکۆ، بولغارستان و لایپزیگی ئاڵمانی ڕۆژهەڵات ژیاوە. پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران لە بەهاری ١٣٥٨ بوو به بەرپرسی ڕێکخراوەی ئەیالەتیی حیزبی توودەی ئێران له کوردستان و تا کاتی گیانبەختکردنی لە ساڵی ١٣٦٧ لە تاران و تەورێز و ماوەیەکیش لە کوردستان بووە.

گەلاوێژ لە ساڵانی ژیان له تاراوگە، لە بواری جۆراوجۆری سیاسی و فەرهەنگیدا بۆ ناساندنی نەتەوەی کورد و گەشەکردنی سیاسی و فەرهەنگی نەتەوەکەی هەوڵێکی زۆری دا و، پاش تەواوکردنی خوێندنی باڵای خۆی له بواری ئابووری و وەرگرتنی دوکتورای زانستی دەستی کرد به کارکردن لە ئاکادێمی زانستیی ڕێکخراوی ڕۆژهەڵاتناسیی یەکیەتیی سۆڤیەتی، بەشی ئابووریی شاری باکۆ. ئەو یەکێک بوو لە کارگێڕانی دەرکردنی ١٣٣٧ ژمارەی ڕۆژنامەی "کوردستان" لە باکۆ. هەروەها بێژەر و نووسەری کوردی ڕادیۆ پەیکی ئێران، نووسەری کتێبی به نرخی "پێوەندییه وەرزێرییەکانی کوردستانی ئێرانی ئەمڕۆ، به تورکی ئازەریی (باکۆ ١٣٣٤)" و به ڕووسی (باکۆ ١٣٣٩)، "پێوەندییە ئەرزییەکانی کوردستان: ڕووخانی سیستمی عەشیرەیی" به زمانی فارسی، (تاران ١٣٦١)،  مەنزوومەی زووحەیاتەین به زمانی کوردی و بابەتی زۆر لە پێوەندی کێشەی نەتەوەیی کوردستان لە "دنیا" گۆڤاری تیوری سیاسیی کومیتە ناوەندی حیزبی تودەی ئێران و هتد بوو.

کتێبی "هەڵوەدای ڕزگاریی گەل، لە قووڵایی ئازارەوە" تیشک دەخاته سەر بەشێک لەبەسەرهات و تێکۆشان و بەرهەمەکانی عەلی گەلاوێژ و، وێنە و چەند بەڵگەیەکی مێژوویی لە خۆ دەگرێ. شێعرەکانی گەلاوێژ بەشێکی بەرچاوی کتێبەکە پێک دێنێ، ئەرکی ئامادەکردن و شیکردنەوەی شیعرو هونراوەکانی عەلی گلاوێژ لە ئەستۆی کاک ئەنوەر سوڵتانی بووە، کارێکی پڕزەحمەت و بەرپرسانه. بەداخەوە شێعرەکانی عەلی گەلاوێژ جارێ بەتەواوی کۆ نەکراونەتەوە. بە وتەی مامۆستا ئەنوەر سوڵتانی "خوێنەری شێعرەکانی گەلاوێژ زۆر زوو پەی بە هەستێکی قووڵ و لەبن نەهاتووی نۆستالژیک و خەم و تەمی دووری لە خاک و خەڵک و کەسوکار و ژیانی ناوگوندەکانی کوردستان دەبات کە لە زوربەی شیعرەکاندا پەنگی خواردۆتەوە. ئەو خەمە، ئەو تەمە لە خۆشی و ناخۆشی، لە ئازەربایجان و ئاڵمان، لە مۆسکۆ و کیێفی ئوکراین نیشتۆتە سەر ژیانی ڕۆژانەی و لێی جیا نەبۆتەوە، تەنانەت لە شێعرە سیاسییەکانیدا، کە بەشی سەرەکیی شێعرەکانی پێک دەهێنن ئەو هەورە ناڕەوێت و بە ئاسمانی ژیانی شاعیرەوە دەمێنێ. خەبات لەپێناو وڵات و سەربەخۆیی کوردستان و مافخوازی بۆ گەلی کورد و پەسنی پێشمەرگەی ناو سەنگەری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١ تا ١٩٧٥) زیاترین بەشی شێعرەکانی گەلاوێژیان پ ێبڕاوە. وەک ئەوەی شاعیر وڵاتی بەجێماو و ئاواتی گەڕانەوە و شادبوونەوە بەدیداری خۆشەویستانی خۆی تەنیا لە تەقەی تفەنگی پێشمەرگەدا بینیبێت".[...] "هەستێکی دیکەی هەڵقوڵیو لە شێعرەکانی گەلاوێژ، باوەڕی ئینترناسیۆنالیستییە کە ئیدیۆلۆژیی سەرانسەری لە یەکیەتیی سۆڤیەتی و تەنانەت لەو ساڵانەدا باوەڕی کومۆنیستەکانی سەرانسەری جیهان بوو؛ ... بەڵام خاڵی سەرەکی لێرەدا پێکەوە گونجاندنی ئەو ناسیۆنالیزمەکوردییەیە لەگەڵ ئینترناسیۆنالیزمی کەسێکی کومۆنیست. گەلۆ ئەو ئینترناسیۆنالیزمەی گەلاوێژ لەکوێ خۆی شاردۆتەوە کاتێ گوتوویەتی:


نەورۆزی کوردی ئەو دەمەیە خاکی نیشتمان

ڕزگار ببێ لە کەڵپی دڕندەی سەگ و گەماڵ

                           (شێعری 'نوێ ڕۆژی کوردی'، ساڵی١٩٥٠)

زامنی فەتحە حیزبی دێموکرات...
هەرکەسێ کوردی بوێ ماڵ و ژیانی بۆچییە؟...
کوا لە باسی کورد خۆشتر بۆ ئەوانەی تێ ‌ئەگەن

                           (شێعری 'من و کۆنەهەواڵان'، ساڵی ١٩٥٠)"

بیرەوەریی بەشێک لە دۆست، خزم و هاوڕێیانی نەمر گەلاوێژ دەورێکی بەرچاو لە ناساندنی تایبەتمەندییەکانی ژیانی خۆیی و سیاسیی ئەو وەک مرۆفێکی گەلێک ڕاستبێژ، هیدی و جێگەی ڕێز، بە هەستی قوڵی نەتەوایەتی و دادپەروەرانەوە دەگێڕێ.

ئەم کتێبە بە هەوڵ و زەحمەت و پێداچوونەوەی دوکتۆر کامران ئەمین‌ئاوە لە ماوەیەکی کەمدا پێک هات بۆ ئەوەی لە ساڵڕۆژی سەدەمین ساڵی لەدایکبوونی گەلاوێژدا بڵاو بێتەوە. ئامانجی سەرەکیی دەرکەردنی کتێبەکە، زیندوو ڕاگرتنی یادی کەسایەتیەکە، کە بێ هیچ چاوەڕوانییەک باشترین و زۆرترین ساڵانی خۆی تەرخانی خزمەت به گەلەکەی کرد.

عەلی گەلاوێژ که له شیعرەکانیدا‌ بەڵێنی گەڕانەوە بۆ نیشتمان و مردن لەوێی ‌دابوو، پاش چەند دەیه خەبات، ئاوارەبوون و ژیانی تاراوگه، پاش گیرانی له بانەمەڕی ساڵی ١٣٦٢ لە تاران لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی سپای پاسداران و هەڵکردن لەگەڵ ساڵانی زیندان و ئەشکەنجەی زۆر سەخت و لەڕادەبەدەر، له کارەساتی کوشتاری بەکۆمەڵی خەرمانانی ١٣٦٧(١٩٨٨) لەگەڵ هەزاران شۆڕشگێڕ و خەباتکاری دیکەی ڕێگای ئازادی لە زیندانی ئێڤینی تاران له سێدارە درا و چووە نێو ڕیزی کاروانی نەمرانی ڕێگای ئازادی.