
- كوێستان نستانی
- د. هۆشمه‌ند عه‌لی محمود
به‌ئاگاهاتنه‌وه‌ی ژنان له‌نێو کۆمەڵگەی ئێران‌دا، كه له سه‌رده‌می قاجاره‌وه (١٧٩٤- ١٩٢٥) ده‌ستی پێ كردبوو و تا دوای شۆڕشی مەشرووتە (١٩٠٦- ١٩١١) و له قۆناغه‌كانی دواتریشدا له په‌ره‌سه‌ندندا بووه. له‌گه‌ڵ هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی په‌هله‌وی (ڕه‌زاشا ١٩٢٥-١٩٤١) و (محه‌ممه‌دڕه‌زاشا ١٩٤١-١٩٧٩) ژنان له نێوخۆی کۆمەڵگەی ئێران‌دا له جاران بوێرتر هاتوونه‌ته مه‌یدان و باوه‌ڕیان وابووە کە گرنگ و پێویسته به‌شێوازێكی دیكه بژین. له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ش ده‌ستیان به شۆڕشێكی نوێ كردوه و توانیویانە چالاكییه‌كانیان به شێوه‌یه‌كی ئاشكراتر له چوارچێوه‌ی چه‌ندین ڕێكخراو و بڵاوكراوه‌ی تایبه‌ت به ژناندا په‌ره‌پێ بده‌ن (دلریش، ١٣٧٥، ١١١؛ همایون، ١٣٥٤، ٤٦). واتا نیشانه‌كانی ڕوناكبیری له‌نێو بزووتنه‌وه‌كانی ژنانی ئێران‌دا به گشتی چووبووه قۆناغێكی پێشكه‌وتوو و (عباسی و دیگران، ١٣٩٣، ٦٤؛ ستوده، ١٣٧٣، ١١٨) به ئاوێته‌بوونی كولتووری ئێران له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوادا، ژنانی نێو کۆمەڵگەی ئێران به‌گشتی كه‌وتبوونه به‌ر شاڵاوی گۆڕانكارییه‌كانی نێوخۆی وڵات و بنه‌ماڵه‌ی شاهانشاهی له‌پێناو بره‌ودان به شوناسی بنه‌ماڵه‌كه‌یان و به‌مۆدێرنیزه‌كردنی کۆمەڵگەی ئه‌وكاتی ئێران و ڕێفۆرم له گشت بواره‌كاندا، به‌تایبه‌تی له‌مه‌ڕ پرس و مافه‌كانی ژنان له‌کۆمەڵگەیه‌كدا، كه روحانییه‌ت ده‌سه‌ڵاتێكی ڕه‌های هه‌بووه، هه‌وڵیان دا ڕۆڵی خۆیان بگێرن(١) (همایون، ١٣٥٤، ٢٤).
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، کۆمەڵگەی ئێران به گشتی و ڕۆژهه‌ڵاتی كورستان به تایبه‌تی له مه‌ڕ پرسی ژنان گۆڕانكاریی گه‌وره‌ی به خۆیه‌وه بینیووه كه هێشتا تێڕوانینی کۆمەڵگە له‌ژێر یاسا و تێڕوانینێكی باوك سالاریدابووه، به‌ڵام ژنان بۆ تێپه‌ڕاندن و زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و كولتوره‌دا هه‌وڵیان داوه له ماڵه‌كانیان بێنه ده‌ره‌وه و گه‌شه به شوناسی خۆیان له چوارچێوه‌ی مافه مه‌ده‌نی و سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بده‌ن، ئه‌وه‌ش له نوسینی گه‌ریده‌كاندا به ته‌واوی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بووه و پێیان وایه ئافره‌تی كورد خاوه‌ن پێگه‌ی سیاسی و سه‌ربازی بوون و شاره‌زاییه‌كی به‌ر‌چاویان له باره‌ی خێڵ و عه‌شیره‌ت و پلان و به‌رنامه و ناكۆكیی نێو هۆزه‌كان هه‌بووه و ته‌نانه‌ت به ئاشكرا و به ده‌نگی به‌رز بۆچوونی خۆیان خستۆته‌ڕوو. هه‌روه‌ها گه‌ڕیده‌كان ئافره‌تی كوردیان به سیمبولی ئاشتی و یه‌كگرتوویی و كۆمه‌ڵایه‌تی وێنا كردوه و ئه‌وه‌شیان خستۆته ڕوو كه ژنان وه‌ك سه‌رۆك خێڵ ڕێزیان لێ گیراوه و ته‌نانه‌ت وه‌ك سه‌رۆك خێڵ عه‌شیره‌تیان به‌ڕێوه بردوه (محمد، ٢٠٢٤، ٩٤-٩٥).
له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دواى دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی كوردستان (ژێكاڤ) و وه‌رگرتنی سه‌رۆكایه‌تیی (ژیكاڤ) له لایه‌ن پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د ئه‌رك و كاری گرینگ ئه‌نجام دراوه. هه‌روه‌ك له نوسراوه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێ دوای چوونی "سازمانی جه‌وانانی كورد" بۆ نێو ڕیزی (ژێكاڤ) و ئاشكرابوونی خه‌بات و تێكۆشانی كۆمه‌ڵه، كاتێك ڕێكخراوی سازمانی جه‌وانانی كورد ڕا‌سپێردرا شانۆیه‌ك به ناوی (دایكی نیشتمان)(٣) بێننه سه‌ر شانۆ، داوای ئاماده‌كاری و ده‌ستنیشانكردنی كه‌سانی شیاو وه‌ك ئه‌كته‌ر بۆ ئه‌م شانۆیه بكه‌ن كه هه‌موویان پیاو بوون. له هاوینی ساڵی ١٩٤٥ له تێرمیناڵی شاری مه‌هاباد ئه‌و شانۆیه پێشان درا و ١٧ ئه‌كته‌ر تێیدا به‌شداربوون. به‌شێك له ئه‌كته‌ره‌كان بریتی بوون لە سیروس حەبیبی، سه‌ید عوبه‌یدوڵڵای ئه‌یوبیان، غه‌نی بلووریان، محێدین ماوه‌رانی و عه‌بدوڵڵای نه‌هری كه ڕۆڵی دایكی نیشتمانی گێراوه.
نمایشكردنی ئه‌و شانۆگه‌رییه بۆ وشیاری کۆمەڵگە به‌گشتی و هاندان و به‌شداریی ژنان بووه بۆ بینینی به‌تایبه‌تی. ئه‌وه له كاتێكدا،كه كوڕانیش له‌و ڕۆڵگێرانه‌دا دوچاری گرفت و ڕه‌خنه بوونه‌ته‌وه، چ جای بگات به‌وه‌ی ژن به‌شداریی بكات و وه‌ك ئه‌كته‌ر ڕۆڵ بگێریت! ئه‌م شانۆیه بۆ ماوه‌ی ٤٠ ڕۆژ له شاری مه‌هاباد پێشان دراوە و دواتریش له شاره‌كانی شنۆ و بوكان و شاره‌كانی تریش نمایش كراوه و ته‌نانه‌ت بلیت بۆ ژنان و دانیشتووانی گونده‌كان به‌خۆڕایی بووه. غه‌نی بلوریان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردوه، "كاتێك ئه‌و شانۆییه نمایش كراوه، بنه‌ماڵه‌ی لاوانی به‌شدار له شانۆگه‌رییه‌كه دژی به‌شداریكردنی كوڕه‌كانیان بوون، ته‌نانه‌ت باوكی من تا خودا حه‌ز بكات داب و نه‌ریتی بنه‌ماڵه‌كه‌مانی ده‌پاراست و كه توڕه ده‌بوو پیاو لێی ده‌ترسا، هه‌ر بۆیه كاتێك چوومه لای دیتم ده‌موچاوی تێك نابوو و ڕووی گرژ كردبوو و گوتی: ده‌ڵێن خه‌ریكه ئه‌دای شه‌كر‌ۆكان ده‌ردێنی؟"(بلوریان، ١٩٩٧، ٤١).
به‌ڕوونی ده‌كرێ بگوترێ، به‌دواداچوون بۆ داخوازییه سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و به‌شداری ژنان له‌بنیادنانی كایه‌ی ڕۆشنبیری و ئه‌ده‌بی و هونه‌ری تایبه‌تمه‌ندی به‌رچاوی دوای ئه‌م قۆناغه مێژوویه بووون. چونكه له کۆمەڵگەی كوردستاندا كاریگه‌ریی چه‌ندین پێشهات بووه هۆی هه‌بوونی مێژوویه‌كی تایبه‌ت له بواری به‌شداریی ژنان له ڕێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كان، بارودۆخی نوێی بۆ چالاكییه‌كانی ژنان له‌كایه‌ی گشتیدا كردبۆوه و ئه‌م بارودۆخه له كوردستان سه‌ره‌رایی لیكچوونه‌كانی له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی دیكه‌ی ئێران‌دا، له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی گۆڕانكارییه مێژووییه‌كانی سه‌رتاسه‌ری وڵاتیشدا جیاوازی هه‌بووه (محەممەدی و دیگران، ١٤٠٠، ٣٨١).
ئه‌وه‌ی جێگای بایه‌خه، هاوكات له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی حیزبی دێمو‌كراتی كوردستانی ئێران كه له ١٦ی ئابی ١٩٤٥ له شاری مهاباد كه له‌سه‌ر داروپه‌ردوی كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی كوردستان (ژێكاڤ) دامه‌زرا(بازیار، ٢٠٢٠، ٨٦، ٨٧)، دامه‌زراندنی ژێكاڤ، نوخته گۆڕانێگ بوو له مێژووی خه‌باتی له‌مێژینه‌ی گه‌لی كورد وسه‌ره‌تایه‌ك بوو له‌پێكهاتنی ڕێكخراو حیزبی سیاسی پێشكه‌وتوو و مۆدێرندا، چونكه پێش دامه‌زراندنی حیزبی دێمو‌كراتی كوردستان حیزبێكی ئه‌وتۆو پێشكه‌وتووو به به‌رنامه‌یه‌كی ڕوونه‌وه پێك نه‌هاتبوو، بۆیه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه‌ش حیزبی دێموكرات توانی پشتیوانی هه‌موو چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵی كورده‌واری بۆ لای خۆی ڕاكێشێ و یه‌كێك له ئه‌ركه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ئه‌م حیزبه ڕێكخستنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان و كۆكردنه‌وه‌یان له‌ژێر ئاڵای خۆی و به‌تایبه‌ت له ژێر به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌و ڕوونی سیاسیی دا بوو(قاسملوو، ٢٠٢٠، ٣١، ٣٢).
دوای دامه‌زرانی حیزبی دێمو‌كراتی كوردستان یه‌كێك له گرینگ‌ترین ڕووداوه‌كانی مێژووی هاوچه‌رخی كورد كه له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ڕووی دا، دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان له مه‌هاباد به‌هۆی حیزبی دێمو‌كراتی كوردستانه‌وه بوو (بازیار، ٢٠٢٠، ٩٣). دوای ئه‌وه‌ی له ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤دا له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری به‌رفراوان له مه‌یدانی چوارچرا له شاری مەهاباد به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له سه‌رۆك هۆز، عه‌شیره‌ته‌كان، خه‌ڵكی بازرگان، جوتیار و كاسبكاران كۆماری كوردستان له مێژووی هاوچه‌رخی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا هاته كایه‌وه(حوسێن، ٢٠٠٨، ٢٧؛ شه‌مزینی، ٢٠٠٦، ٣١٧) پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د ڕێبه‌ری حیزبی دێمو‌كراتی كوردستان بوو به سه‌رۆكی كۆماری كوردستان و له‌و كۆبوونه‌وه گه‌وره‌یه‌دا پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د كار و به‌رنامه‌ی دواڕۆژی كۆماری ڕاگه‌یاندوه، و له‌بنه‌ڕه‌تدا هه‌موو ئه‌و به‌رنامه‌یه، پێشتر حیزبی دێمو‌كراتی كوردستان داینابوو (قاسملوو، ١٩٩١، ٦٨).
هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه پێویسته ئاماژه بۆ ئه‌وه بكرێت، یه‌كێك له ئه‌ركه بنه‌ڕه‌تییه‌كان و ده‌ستكه‌وته گرنگه‌كانی كۆماری كوردستان هاتنی ژنان بۆ نێو ژیانی سیاسی و فه‌رهه‌نگی و په‌روه‌رده‌یی و بونیادنانی سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی مۆدێرن بوو، چونكه ژنانی كورد بۆ یه‌كه‌م جار و به‌فه‌ر‌می و به‌ئاشكرا هاتنه نێو مه‌یدانی خه‌بات و بۆ ڕاكێشانی زیاتری سه‌رنجی ژنانیش پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د ژن و كچی خۆی هان دا له ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌شداری بكه‌ن و ببن به پێشه‌نگی ژنانی دیكه له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا (قاسملوو، ٢٠٠٢، ٦٥؛ بازیار، ٢٠٢٠، ٩٥).
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ژنانی كورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌گه‌ڵ داب و نه‌ریت و كولتووره‌كانی تایبه‌ت به كۆمه‌ڵگەی كورده‌واری به‌ره‌وڕوو بوون، به‌ڵام ده‌ستپێكی یه‌كه‌مین خه‌باتی ژنانی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به خاڵی وه‌چه‌رخان له بزووتنه‌وه‌ی ژنان له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا دادەنرێت کە توانییان بۆ یه‌كه‌م جار له مێژووی خۆیاندا ڕێكخراوی تایبه‌ت به خۆیان له‌ژێر ناوی (یه‌كیەتیی ژنانی كوردستان)، یان (یەکیەتیی یایانی كوردستان) به ڕێبه‌رایه‌تیی (مینا خانم ١٩٠٨-١٩٩٨) هاوسه‌ری پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د له (٢٥ی ڕەشەممەی ١٣٢٤دا) دابمه‌زرێنن (گه‌وهه‌ری، ٢٠١٧، ٢٠٩).
كوبرا عه‌زیمی (٤) له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا دەڵێ: "دوای دامه‌زراندنی یەکیەتیی یایانی كوردستان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بڕیار درابوو هه‌ر گه‌ڕە‌كه‌ی سه‌رۆكی خۆی هه‌بێت و له یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌شدا پرسیاری ئه‌وه كرا كه ژنه ده‌ستڕۆیشتووی گه‌ره‌كه‌كان كێن؟ دوای ئه‌وه‌ی دیاری كران، له‌لایه‌ن مینا خانم وه‌ك سه‌رۆكی گه‌ره‌ك دیاری كران و ئه‌ركیان ئاگاداركردنه‌وه‌ی ژنه‌كانی گه‌ڕه‌كی خۆیان له كۆبوونه‌وه جێژنه‌كان بوو، ته‌نانه‌ت زۆرجار سه‌رۆك گه‌ڕه‌كه‌كان هه‌ڕه‌شه‌یان ده‌كرد هه‌ر كه‌سێك نه‌یه‌ت بۆ كۆبوونه‌وه غه‌ڕامه ده‌كرێت. هه‌روه‌ها بێجگه له مامۆستاكان و سه‌رۆك گه‌ڕه‌كه‌كان، كۆمه‌ڵێك ژنی دیكه‌ش بوونه ئه‌ندام كه به‌شێكیان له خۆشه‌ویستیی خاك و نیشتیمان ده‌بوونه ئه‌ندام، به‌شێكی دیكه‌یان له لایه‌ن هاوسه‌ره‌كانیانه‌وه هان ده‌دران تا جێگایه‌ك له كۆماری كوردستاندا بۆخۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن" (عه‌زیمی، ٢٠٢٤، ٩٣، ٩٤).
ئه‌وه‌ی له نووسراوه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێ ته‌نانه‌ت ژنانی دیكه‌ش هاتونه‌نه نێو ئه‌و ڕێكخراوه‌یە. بۆ نموونه، هاوسه‌ری مسته‌فا خۆشناو (١٩١٢- ١٩٤٧) و دوو كچه‌كه‌شی چوون بۆ كۆبوونه‌وه‌كان. ئه‌وكات ژماره‌یه‌كی زۆر له ژنانی دیكه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستایش وه‌ك ئه‌ندام كاریان كردوه و مانگانه‌ی ئه‌ندامه‌تییان له تمه‌نێك تا (ده) تمه‌ن بووه (گه‌وهه‌ری، ٢٠١٧، ٢٠٩؛ عه‌زیمی، ٢٠٢٤، ٩٤) چونكه ئه‌ندامان به به‌خشینی دارایی و كۆكردنه‌وه‌ی پاره له ژنانی غه‌یره ئه‌ندامیشه‌وه هاوكار بوون و ته‌نانه‌ت خودی قازی محەممەد به(مینا خانمی) گوتوه: شاژنی فه‌ره‌نسا ئه‌ڵقه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی پێشكه‌شی گه‌لی فه‌ره‌نسا كردوه، ئه‌ی ئێوه بۆ په‌یڕه‌ویی هه‌مان شت ناكه‌ن، من دڵنیام ئه‌مه هانی ژنانی تر ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی له ڕووی داراییه‌وه هاوكاریی كۆماری كوردستان بكه‌ن (موجاب، ٢٠٠١، ٣٥). بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له هه‌ر گه‌ره‌كێك كه به‌رپرسێكی ژن له‌و گه‌ڕه‌گه‌دا بووه، هه‌وڵی كۆكردنه‌وه‌ی مانگانه‌ی ئه‌ندامه‌كانی داوه، به‌پێی ئاماریك له (ده) گه‌ڕه‌گی شاری مهاباد به‌م شێوه‌یه ئابوونه‌ی ئه‌ندامه‌تی كۆكراوه‌ته‌وه:
ناوی بەرپرسی گەڕەک ناوی گەڕەک بڕی ئابوونەی کۆکراوە بە ڕیاڵ
١ـ کولسووم سوڵتانیان هەرمەنیان ١٣٠٥٠
٢ـ خورشید شاتری بازاڕ ٢٨٢٥ ڕیاڵ
٣ـ خەدیجە قازی چۆمێ ٢٢٧٥ ڕیاڵ
٤ـ سەید ئایشە شاتری حاجی حەسەن ٨٢٢٥ ڕیاڵ
٥ـ سەدیقە والیزادە خرێ ٩٣٦٥
٦ـ زیبا خانم قوڵەقەبران ٢٣٠٥ ڕیاڵ
٧ـ ئامینە داودی قیبلە ٢١٠٠ ڕیاڵ
٨ـ زارای مەولەوی ڕزگەیان ٢٠٠٠ ڕیاڵ
٩ـ پیرۆز موشیری مزگەوتی جومعە ١٢٠٠ ڕیاڵ
١٠ـ ماوزەری بلەزادە یەهودیان ٩٥٠ ڕیاڵ
کۆی گشتی: ٤٤٢٩٠ ڕیاڵ
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌گشتی ژنانی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و شاری مەهاباد به تایبه‌تی له كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیدا ڕۆڵیان نه‌بوو، به‌ڵام له بواری ئابووریه‌وه به‌هۆی چاككردنی خوری و ڕستنی به‌رماڵ و جاجمیان له‌لای جۆڵا به كردن ده‌دا و گۆره‌وه‌ی و كڵاو كه‌لوپه‌لی تریان چنیوه و فرۆشتویانه و دواتر داهاته‌كه‌یان به یه‌كیەتیی یایان داوه و جاروباریش گۆره‌وی، ده‌سته‌وانه، زه‌نگاڵ و سه‌ركڵاویان چنیوه‌و بۆ پێشمه‌رگه‌یان كۆكردۆته‌وه (عه‌زیمی، ٢٠٢٤، ٩٦).
جێگای وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ڕێكخراوی یایانی دێمو‌كراتی كوردستان بۆ یه‌كه‌مجار له خوێندنگەیه‌كی سه‌ره‌تاییدا بووه ودواتریش خانوویه‌كیان به‌كرێ گرتوه تاوه‌كوو كاروباری ئه‌و ڕێكخراوه‌یی تێدا ئه‌نجام بده‌ن. دیاره ئه‌م ڕێكخراوه ئاگادارییه‌كی بۆ ژنانی خوێنده‌وار ڕاگه‌یاندوه تا داواكاریی پێشكه‌ش بكه‌ن به مه‌به‌ستی كاركردن له‌چه‌ند پۆستێكی ڕێكخراوی ژنان وه‌ك (ژمێریاری، خه‌زنه‌داری، سكرتێر‌و نووسه‌ر). ئامانجی سه‌ره‌كی جۆشدانی ژنانی گه‌وره‌ساڵان و پشتگیریکردنی كۆماری كوردستان بووه و چالاكیه‌كانیان له چوارچێوه‌ی به ئاگاهێناوه‌ی ژنان له چه‌ندین مه‌سه‌له‌ی وه‌ك (خه‌ته‌نه‌كردن و پێكهینانی ژیانی هاوسه‌ری به گه‌وره به بچوكی و شیربایی و هتد...) بووه، چونكه هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی ئه‌و سه‌رده‌م وای به‌سه‌ر کۆمەڵگەدا سه‌پاندبوو له بچووكترین كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ژنان و كچان ده‌بوونه قوربانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.
بێجگه له‌وه‌ش ئه‌ركی دیكه‌یان بریتی بوو له كۆكردنه‌وه‌ی داهات و یارمه‌تیدانی سوپای نیشتمانی له چنینی جلوبه‌رگ وگۆره‌وی و كڵاو بۆ پێشمه‌رگه و به‌شداریكردن له خۆپێشاندانه‌كان و نوسین بۆ ڕۆژنامه‌ی كوردستان. بۆیه ڕێكخراوی یه‌كیەتیی ژنان وێنه‌ی ده‌وڵه‌تێكی مۆدێرنی به كۆماری كوردستان دابوو، كه بایه‌خی به بووژانه‌وه‌وپێشكه‌وتنی ژنانی كوردستان ده‌دا (باڵه‌كی ، ٢٠١٦، ٣٤؛ موجاب، ٢٠٠١، ٣٢).
***
١- ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه هه‌رچه‌نده سه‌رده‌می بنه‌ماڵه‌ی په‌هله‌وی به سه‌رده‌می كرانه‌وه و گه‌شه‌كردنی بارودۆخی ژنان داده‌نرێت، به‌ڵام تاجولملوك له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردوه کە چاكسازییه‌كانی ڕه‌زاشا ڕووكه‌شی بوون و ژنان تێكه‌ڵی كاروباری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ده‌بوون. ئەمن شاژنی وڵات بووم و وه‌ك هه‌موو ژنه‌كانی تری وڵات له ماڵه‌وه بووم و به‌شداریی هیچ كۆڕ و كۆبوونه‌وه و بۆنه‌یه‌كمان نه‌كردوه و جیاوازیمان له‌گه‌ڵ ژنانی تری وڵات نه‌بووه، به‌جۆرێك تەنیا له چوار تا پێنج بۆنه‌ی وه‌ك زەماوەندی منداڵه‌كانم، لادانی سه‌رپۆشی ژنان له ساڵی ١٩٣٨ و هاتنی هاوسه‌ری باڵیوزخانه بیانییه‌كان به‌شداریم كردووه (خسروداد و ئه‌وانی تر، ٢٠١٣، ٥٧، ٥٨).
٢- كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی كوردستان له مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٩٤٢ دوای ئه‌وه‌ی نوێنه‌رانی جووڵانه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی نیشتمانی له ڕۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستان له شاری مه‌هاباد كۆ بوونه‌وه و یازده نوێنه‌ری هه‌ردولا به‌شدار بوون، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانیان دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی كوردستان (ژێكاڤ) بوو، عەبدولڕەحمان زه‌بیحییش به سكرتێری كۆمه‌ڵه دیاری كرا (شه‌مزینی، ٢٠٠٦، ٣١٧).
٣- غه‌نی بلووریان ده‌ڵێ: هێشتا نه‌مزانی كێ ده‌قی شانۆیه‌كه‌ی نوسیبوو، ته‌نانه‌ت مه‌ناف كه‌ریمی كه یه‌كێك بوو له دامه‌زرێنه‌رانی كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی كوردستان، ده‌یگووت هێشتا نازانم نووسه‌ری ئه‌و شانۆیه كێیه؟ ئه‌وه‌ی ده‌گوترێ ئه‌و شانۆیه له بیرۆكه‌ی پێنج كۆپله شێعری شاعیری به‌ناوبانگی كورد عبدولڕە‌حمان شه‌ره‌فكه‌ندی ناسراو به هه‌ژار سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرتبوو (بلوریان، ١٩٩٧، ٣٥).
٤- كوبرا عه‌زیمی یه‌كێك له‌و ژنه چالاكانه بووه، وه‌ك مامۆستا له خوێندنگای په‌روانه‌ی كچان مامۆستا بووه و وه‌ك ئه‌ندام له یەکیەتیی یایانی كوردستان كاری كردوه، له هه‌مان كاتدا له كۆڕ و كۆبوونه‌كانی تایبه‌ت به كۆماری كوردستاندا به‌شدار بووه و ته‌نانه‌ت ئاڵای كوردستانی سه‌رده‌می كۆماری كوردستان به ده‌ستی ناوبراو گوڵ‌دۆزی كراوه. هه‌ر له‌و ڕۆژه‌شدا له‌گه‌ڵ دوو مامۆستای دیكه‌ی ژن به ناوه‌كانی خه‌جیج خانمی مه‌جیدی و وێڵمی سه‌یدیان هه‌ڵبژێردراون و وتاریان هه‌بووه. هه‌روه‌ها له ڕۆژنامه‌ی "كوردستان" چه‌ندین وتار و بابه‌تی نووسیوه، ناوبراو ساڵی ٢٠٢٠ له‌سوید/ستۆكهۆڵم كۆچی دوایی كردوه.