دیمانە: شەهرام سوبحانی
ئاماژە: مەبەست لەم وتووێژە تایبەتە لەگەڵ جێگری سکرتێری گشتیی حیزب وەڵامدانەوە بە چەند پرسیاری جەوهەرییە، وەک: حیزبی دێموکرات بۆچی لە جەنگەی شەڕی ئەمریکا و ئیسڕائیل لەگەڵ ئێراندا هێزی پێشمەرگەی نەجوولاند؟ بۆچی تا ئێستا وەڵامێکی ڕوون و ئاشکرا بە ئیدیعاکانی تڕامپ نەداوەتەوە کە گوایە کوردەکان چەکیان لێ وەرگرتووە و بەدژی ڕێژیم بەکاریان نەهێناوە؟ داهاتووی خەباتی سیاسیی کورد و حیزبی دێموکرات و ڕەوشی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد و دۆخی بزووتنەوە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ئێران دوای ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکا چۆن دەبێت؟
کاک مستەفای بەڕێز لەو وتووێژە کراوەیەدا هەوڵ دەدەین تیشک بخەینە سەر ئەو پرسیارانەی دڵمژووڵیی زۆر کەسن. پێش هەموو شتێک لە شەڕی ١٢ ڕۆژە و دواتر لە شەڕی ٣٩ ڕۆژەدا بەتایبەت ئەو چاوەڕوانییە هەبوو هێزە سیاسییەکانی کوردستان ئەم دۆخە وەک دەرفەت ببینن و بیقۆزنەوە و بە حزووری مەیدانی ئەمری واقعێکی دیکە دروست بکەن. حیزبی دێموکرات بۆ ئەوەی نەکرد؟
ئەمە ڕاستە کە لە شەڕی ١٢ ڕۆژە و ٤٠ ڕۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا، زەبر و خەساری گەورە بەر رێژیم کەوت. ڕێبەری ڕێژیم و دەیان کاربەدەستی ئاستبەرزی سیاسی بەتایبەت بەرپرسانی نیزامیی لێ کوژرا و زۆر شوێنی گرینگی نیزامی، ئەمنییەتی و تەنانەت ئیداریی ڕێژیم وێران بوون؛ و زۆربەی خەڵک چاوەڕوانی گۆڕانکاریی قووڵ بوون. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، زۆر و کەم ئەو حاڵەتانە بەدی دەکران و خەڵک بە چاوی هیوا و چاوەڕوانیی زۆرەوە چاویان بڕیبووە هەڵوێست و جوولەی حیزبە سیاسییەکان بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان. بەڵام ئەوە کە بۆچی حیزبەکان سەرەڕای ئامادەیی خەڵکی کوردستان بۆ هەموو ئەگەرێک جووڵەی مەیدانییان نەکرد، حیزبەکان بە تایبەت حیزبی دێموکرات بە لەبەرچاوگرتنی هەموو فاکتەرەکان بەرپرسانە جووڵایەوە. لەڕاستیدا ئەو شەڕە، ئەوەندەی زەبری لە ڕێژیم دابوو و زیانی پێ گەیاندبوو، ئەوەندە بەستێنێکی لەباری لە شەقامەکانی ئێرانی و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نەڕەخساندبوو هەتا هێزە سیاسییەکان -وەک ئەوەی خەڵک چاوەڕوانیی دەکرد- هێزی پێشمەرگە بجووڵێنن و گورزی یەکلاکەرەوە لە پەیکەری ڕێژیم بدەن؛ تەنانەت لە ئاستی ناوچەیی، هەرێـمی و دەرەوەشدا ئەو بەستێنە بۆ ئیقدامێکی لەو چەشنە نەهاتبۆوە ئاراوە. بۆیە حیزبەکان و حیزبی دێموکراتیش بە خوێندنەوەی وردی قۆناغ و هەلومەرجی تایبەت لەو کاتەدا پێیان گونجاو نەبوو ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکی کوردستان تووشی شەڕێک بێت کە بە ئەگەری زۆر لەلایەک وێرانکاری و کاولکارییی زۆری لە کوردستاندا بەدوودا بێت؛ لەلایەکی دیشەوە شەقامەکانی کوردستان کرابا گۆمی خوێن.
ئەمن دەزانم سەرەتا خەڵکی هەستیار و چاوەڕوان ئەو چاوەڕوانییەیان هەبوو حیزب بچێتە نێو مەیدانەکە و کاتێک هێزی پێشمەرگە نەچووە نێو شەڕگە، خەڵک لێمان تووڕە بوو؛ بەڵام بە ڕوونبوونەوەی زیاتری بابەتەکان و هەڵوێست و سیاسەتی وڵاتان بەتایبەت ئەمریکا، لە ئێستادا زۆرتر شوێنەواری دروستی سیاسەتکردنی حیزبەکان و یەک لەوان حیزبی دێموکرات پتر دەرکەوتووە.
بەڵام لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ١٥٠ جار بە مووشەک و دڕۆن هێرش کرایە سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات و شەهید و برینداریش هەبوون. وەڵامی ئێوە بۆ ئەو هەمووە هێرش و تاوانکارییە چ بوو؟
کۆماری ئیسلامیی ئێران دوژمنایەتی قووڵی لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد، ئازادی، دێموکراسی و مافی نەتەوەکان لە ئێراندا هەیە؛ و ئەو هێرش و هاژەکبارانەی بنکە و بارەگای حیزبەکان، تەنانەت بنەماڵەکانی ئەو حیزبانە دەرخەریی ئەو ڕاستییەیە. دەزانین لە ماوەی ٤٧ ساڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئەو هێرشانە بە شێوەی جۆراوجۆر هەر هەبوون؛ بەڵام ئەمجارە ئامانجێکی تایبەتتری لە پشت بوو. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی باش دەیانزانی کە بوردومان و هێرشی ئاسمانی بەتەنیایی نابێتە هۆی ڕووخانی ڕێژیمەکەیان، جا هەرچەندەش خەساری مرۆیی، ئابووری، ئەمنییەتی و نیزامییان وێ بکەوێ؛ بۆیە زۆربەی هەوڵی ڕێژیم تەنیا بۆ خۆڕاگرتن و نەڕووخان بوو. مەترسیی سەرەکییش لەسەر ڕووخانی ڕێژیمەکەیان ڕاپەڕینی خەڵک و بزووتنەوە ئیعترازی و مافخوازییەکانی نەتەوەکانی ئێران بوو. هاوکات باش دەیانزانی و دەشزانن داینامۆی جووڵاندنی یەکجاری و یەکلاکەرەوەش بەتایبەت لە کوردستان حیزبەکانن، چونکی لە کوردستان حیزبەکان کاریگەری و شوێندانەریی زۆریان لەسەر شەقام و خەڵکی کوردستان هەیە؛ وەک چۆن لە بزووتنەوەی ژینادا توانی شوێندانەریی لەسەر هەموو ئێران هەبێ. بۆیە بەو هێرشانەیان ویستوویانە ئەوەندەی بۆیان دەکرێ سێبەری ڕووخان لەسەر خۆیان کەم بکەنەوە، یان لانیکەم ڕووخانی ڕێژیمەکەیان وەدرەنگتر بخەن.
هەر لە چوارچێوەی ئەو باسەدا لەو ماوەیەدا زۆر گوترا کە ئەوە شەڕی ئەمریکا و ئیسڕائیل لەگەڵ ئێرانە و شەڕی ئێمە نییە. ئەو شەڕە چۆن دەکرێ دژی ئێمە و شەڕی ئێمە نەبێ دوای ئەو هەمووە هێرشانەی کراوەتە سەرمان؟
ئەگەرچی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دوژمنی خەڵکی کوردستان و زۆربەی زۆری خەڵکانی ئێران و دەوڵەتانی ناوچەیە و؛ تەنانەت هۆکاری نائەمنی و ناسەقامگیری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشە؛ بەڵام بە چەند هۆ ئەمە دروستە کە دەگوترێ ئەو شەڕە، شەڕی ئێمە نییە. جارێ هەر لەجێدا ئامانجی شەڕی ئەمریکا لەگەڵ ئێران جیاوازیی بنەڕەتی لەگەڵ ئامانجەکانی ئێمە هەیە. ئەمریکا دەیهەوێ ڕێژیمی ئێران پێبەندی هێندێك ڕێککەوتن لە بەرژەوەندیی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاستدا بکا؛ بەڵام خەڵکی کوردستان دەیهەوێ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕووخێ و لە جێگای ئەو دەسەڵاتێکی دێموکراتیک بێتە سەرکار. جگە لەوە شێوە خەباتی خەڵکی کوردستان و تێکۆشانیان لەگەڵ میکانیزمی شەڕ و ململانێی ئەمریکا لەگەڵ ڕێژیمی ئێران جیاوازە. سەرەڕای ئەوانەش خۆ ئەگەر وای دابنێین مادام ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دوژمنی و نەیاری هەردووکلایە و دەکرێ هێندێك شتی هاوبەش هەبن؛ ئەدی نابێ ئەمە بە بەرنامەدانانی هاوبەش و هاوکاریی سنووردار ڕێك بخرێن؟ بۆ ئەو حاڵەتەش هیچ بەرنامەیەکی هاوبەش و ژوورێکی هاوبەش بۆ پلاندانان و هاوئاهەنگکردنی کاری مەیدانیمان لە ئارادا نەبوو. دەی مادام دوو شەڕ ئامانجی هاوبەش، میکانیزمی هاوبەش، بەرنامە و ژووری بەڕێوەبەریی هاوبەشیان بۆ مودیرییەتی شەڕ نەبێ، سروشتییە ئەو دوو شەڕانە یەک نین؛ نە شەڕی ئەمریکا لە ئێران ئی کوردانە، نە شەڕی کوردستان هیچ پێوەندییەکی بە ئەمریکاوە هەیە. هەر ئەوە کە بەبێ ئەوەی ویستی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەرچاو بگیردرێ، ئەمریکا و ئێران وتووێژ دەکەن، ئاگەربەست ڕادەگەیەنن و خەریکن ڕێک دەکەن، ئەمە نیشان لەوەیە ئەو قسەیە تەواو ڕاستە کە دەگوترێ شەڕی ئەمریکا و ئێران شەڕی ئێمە نییە.
بابەتێکی دی ئەو باسەیە دۆناڵد تڕامپ هەر جار نا جارێک دەیورووژێنێ کە چەکی داوەتە کوردەکان و ئەوان ئەو چەکەیان نەگەیاندۆتە خەڵکی ناڕازیی ئێران. کاتی ئەوە نەهاتووە بە ڕوونی لەو بارەیەوە ڕوونکردنەوەتان هەبێت؟
ڕاستە ترامپ ئەوەی گوتووە، بەڵام هەتا ئێستا سەرجەم حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو قسانەیان ڕەت کردۆتەوە و گوتوویانە کە چەکیان لە هیچ لایەنێك وەرنەگرتووە؛ هاوکات هیچ بەڵگەیەکیش نییە ئەم ئیدیعایەی تڕامپ پشتڕاست بکاتەوە؛ بۆیەشە ئەو قسانەی تڕامپ هیچ ئەساسێکی نییە و لەڕووی سیاسییشە نامەنتیقین، بە چەند هۆ:
یەکەم؛ دەزانین هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لەسۆنگەی ڕێژیمەوە مافی تێکۆشانی سیاسییان لە وڵاتی ئێران نییە و بە ناچار بەشی ئاشکرای تێکۆشەرانی ئەم حیزبانە لە وڵاتانی دیکە گیرسانەوە و لەو سۆنگەیەشەوە پێبەندی یاسای ئەو وڵاتانەن کە تێیدا نیشتەجێن. سروشتییە یاسای ئەو وڵاتەش ڕێگە بە شتی وا نادا.
دووهەم؛ ئەو وڵاتەی ناوەندی بڕیاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی تێدا نیشتەجێن، بەپێی ڕێکەوتنێك کە لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی لە نێوانیاندا (ئێران- عێراق، هەرێمی کوردستان) واژۆ کراوە، پابەندە بەوەی ئەو حیزبانە نابێ لە وڵات و سنووری ئەوانەوە، ئەمنییەتی وڵاتی جیرانیان بخاتە مەترسییەوە؛ دەی ئەوەش کاریگەریی لەسەر جۆری تێکۆشانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەیە، بەتایبەت لە بواری مەیدانی و خەباتی پێشمەرگانەدا.
سێهەم؛ سنووری نێوان ئێران و عێراق کە خاکی کوردستانی دابەش کردوە، تەواو میلیتاریزەیە. بە دەیان موڵگە و بورجەکی دیدەبانیی لێ داندراوە و بە هەزاران پاسدار و هێزی سەربازی کۆک و پۆشتە و تەیار بە چەکوچۆڵی پێشکەوتووی لێ جێگیر کراوە؛ بە جۆرێک کۆڵبەڕێکی کاسبکار خۆی و کۆڵەکەی زۆر بە زەحمەت لەو سنوورە ڕەت دەبێ، ئەدی چۆن دەکرێ چەکوچۆڵی قاچاغی پیدا تێپەڕێ.
چوارەم؛ خۆتان دەزانن لە وڵاتی ئێمەدا خەڵکەکەمان لە کار و چالاکیی سیاسی، مەدەنی و کولتووری بەردەوامن و خۆبەخشانە منداڵان، لاوان و سەرچەم چینەکانی کۆمەڵگە، فێری زمانی کوردی، ژینگەدۆستی و نیشتمان خۆشەویستی و شوناس پارێزی دەکەن؛ بەو هۆیەشەوە بەردەوام هەڕەشەیان لەسەرە، ئازار دەدرێن، تووشی کێشە و گرفتی کاری و کۆمەڵایەتی و ئەمنییەتی دەبن و زۆر جاران دەسبەسەر دەکرێن و تەنانەت سزای ئێعدامیان بەسەردا دەسەپێ. بۆیە لە وەها دۆخێكدا، حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی حیزبی دێموکرات، ئامادە نەبوون ئەو ڕیسکە بە ژیانی خەڵکەوە بکەن و خەڵکیش بە دڵنیاییەوە پەنا بۆ یارییەکی وەها مەترسیدار نابەن؛ هەروەها زۆر هۆکاری دیکە هەیە بۆ ڕەتکردنەوە و بەرپرچدانەوەی ئەو ئیدعا بێ بنەمایانە. بۆیە جارێکی دیکەش من بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، ئەوە ڕەت دەکەمەوە و دەڵێم ئێمە چەکمان لە هیچ لایەنێک وەرنەگرتوە.
کاک مستەفا لە کاتە هەرە ناسکەکاندا کە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی یەکیەتی و یەکگریی پێویستە، کەچی دەبینین لاوازترین هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەرا دژی مافی نەتەوەکانن و بە بەردەوامی تۆمەتی جیاییخوازیی وەک کوتک لەسەر بزووتنەوەی کورد ڕادەگرن. کەچی دیسانەکەش حیزبە کوردییەکان پتر لەوەی "کوردستانتەوەری" بکەن، لە پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو هێزانە بەردەوامن. ئەوە هەتا کەی درێژەی دەبێ؟
من بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە بۆ بەرنامەوپێرەوی حیزب دەگەڕێمەوە حیزبی دێموکرات بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسی خەڵکی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەبات دەکا و ئەو ئامانج و ستراتیژییە تەواو نەتەوەیی و کوردستانییە. لام وایە لەسەر ئەوەی حیزبی دێموکرات ئامانجی نەتەوەیی هەیە و وەک ئێوە دەڵێن لەوەی کە کوردستانتەوەرە، هیچ گومانێك نییە. هاوکات حیزبی دێموکرات واقعبینانە سیاسەت دەکا و لەگەڵ ڕاستییەکان بەرەوڕوویە، چونکی لەگەڵ ئەوەی ئامانجی دیارە، بەڵام دروشمەکەی تێکۆشانە بۆ جێگیرکردنی نیزامی فیدرالی لە چوارچێوەی ئێرانێكی دێموکراتیکدا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو قۆناغەش کوردی تێدایە، هەڵکەوتی کوردستان و دابەشبوونی کوردە بەسەر چەند وڵات لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. ژئۆپۆلیتیکی ناوچەکە و پێکهاتەکە و جۆراوجۆریی دانیشتووانی خەڵکی ئێرانیش لەبەر چاومانە. بۆیە حیزب لای وایە ئەگەر ئەو دروشمە بێتە دی، کورد لە بەشێک لە کوردستان بە بەشێکی بەرچاو لە مافەکانی دەگات و بۆیە بۆ هێنانەدیی ئەو دروشمە تێدەکۆشێ. بۆ ئەوەش سروشتییە ڕێگای سەختی لە پێشە و دەبێ خەباتی بێوچان و هەمە ڕەهەندی بۆ بکا. یەکێك لە ڕێگاکانیش دیالۆگ و قسەکردن لەگەڵ ئێرانییەکانە بە هەموو تاکەکان، نەتەوەکان، کۆڕ و کۆمەڵە مەدەنی، سیاسی، حیزبی و تەنانەت دەسەڵاتبەدەستانی وڵاتانیش ئەگەر بەستێنێکی گونجاو و لەبار هەبێ.
لەو پێوەندییەدا حیزب زۆری کار کردوە و کار و تێکۆشانیشی بێ ئەنجام نەبووە؛ لە ئێستادا حیزب و چەند حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدرالدا بەیەکەوە هاوکاری دەکەن، هەروەها شوڕای هەمبەستەگی ئێرانییەکان کە حیزب تێیدا ئەندامە باوەڕی بە فرەیی، دێموکراسی و تەنانەت سیستەمی فیدرالی لە ئێراندا هەیە. ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵق و شوڕای میللیی مقاوەمەت لە بەرنامەیەکدا باسی لە دامەزراندنی نیزامی دێموکراتیک و دابینکردنی خودموختاری بۆ نەتەوەکانی ئێران دەکەن و زۆر کار و چالاکی دیکەش لە ئارا دان بۆ ئەوەی ئێرانییەکان بەتایبەت ئەو کەسایەتی و حیزبە سیاسییانەی دەیانهەوێ لە داهاتووی ئێراندا دەوریان هەبێ، ڕوانگەی پۆزەتیڤیان بۆ ئەو کار، چالاکی و ڕێکارانە هەبێت کە بۆ داهاتووی ئێران ڕەنگڕێژ دەکرێن. دیارە ئەمن ناڵێـم ئەوە تەواوە و هەموو شتێکە، بەڵام پێم چوونەپێشی باشە و دەبێ لەسەر ئەو ڕێگا باشانە بەردەوام بین.
هەر لە چوارچێوەی ئەو باسەدا چۆن باس لە ئەزموونی کۆنگرەی ئازادیی ئێران و بەشداریی حیزب لەو کۆنگرەیەدا دەکەن، بەتایبەت کاتێک کە نوێنەری حیزبی دێموکرات لە هەڵبژاردنەکان دەکشێتەوە؟
کۆنگرەی ئازادیی ئێران ماوەیەکی زۆر نییە بەو شێوەیەی ئێستا کار دەکا و لە چالاکی و تێکۆشاندایە؛ لەو پێکهاتەیەدا ڕادەیەکی بەرچاو کەسایەتیی سیاسی، ئەکادیمیسییەن، چالاکی سیاسی و ئەندامی حیزبی جۆراوجۆر لە سەرانسەری و نەتەوەکان تێیدا کۆبوونەتەوە و کار دەکەن، بەڵکوو فۆرمول و ڕێکاری گونجاو بدۆزێتەوە بۆ بەیەکەوە کارکردن لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و جێگیرکردنی نیزامێكی دێموکراتیک و ئەوە سەرەتایە. هاوکات بەستەرێکی گونجاوە بۆ بیروڕا گۆڕینەوە و دۆزینەوەی ڕێگاچارەکان. خۆتان دەزانن حیزب باوەڕی بە دیالۆگ و قسەکردن و لێکتێگەیشتن هەیە و بۆ ئەو مەبەستە بەرنامەی هەیە زۆر چالاکانە لەو کۆنگرەدا بەشداریی هەبێ و دەوری کارای هەبێت و بەمجۆرە هاوکاریی ئێرانییەکان بەیەکەوە بنیات بنرێ. ئەوەی لە هەڵبژاردن بۆ ماوەیەکی کورتی سێ مانگە، نوێنەری حیزب لە کێبڕکێی هەڵبژاردندا کشاوەتەوە، بە هیچ شێوەیەک لە ڕۆڵ و دەوری حیزب کەم ناکاتەوە؛ وەک نوێنەرانی حیزب لە کۆنگرەی ئازادیی ئێراندا باسیان کردوە و هەموویان وردتر بڵێن بەشداران بە باشی جێگە و پێگەی حیزب لە ئێران و کوردستان هەست پێ دەکەن و بەو چاوەش سەیری حیزب دەکەن. بۆیە بوونی حیزب لەو کۆنگرە و کەلکوەرگرتن لەو تریبوونە دەتوانێ بزووتنەوەی کوردستان و سیاسەتی حیزبی دێموکرات باشتر بە ئێرانییەکان بناسێنێ.
لێکدانەوەی ئێوە بۆ ئێستا و داهاتووی دۆخی کوردستان و ئێران چییە؟ چ ئاسۆیەک لە داهاتووی ململانێی خەڵک و دەسەڵات بەدی دەکەن؟
دەزانین ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەمێكە مەشروعییەتی خەڵکیی لە دەست داوە و تووشی دابڕان و کەلێنی گەورە لەگەڵ نەتەوەکانی ئێران هاتووە. هاوکات کۆمەڵێك قەیرانی گەورەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ئێراندا بەرۆکی ئەو ڕێژیمەی گرتووە و دەشزانین ڕێژیم توانای چارەسەرکردنیانی نییە و؛ ساڵ بە ساڵ ئەو قەیرانانە گەورەتر و قووڵتر دەبنەوە. بەتایبەت دوای شەڕی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ی زایینی کە حەماس بە دنەدانی ڕێژیمی ئێران بەتایبەت کەسی یەکەمی ئەو ڕێژیمە (خامنەیی)، هێرشی کردە سەر خەڵکی ئیسرائیل و بووە هۆی خولقانی ئەو شەڕە. ئەو شەڕە کاریگەریی لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سنووردارکردنی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران و لاوازکردنی ئەو ڕێژیمە داناوە. دوای شەڕی ڕاستەوخۆی ١٢ ڕۆژە و ٤٠ ڕۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و کوژرانی ڕێبەری ئەو ڕێژیمە و کۆمەڵێكی زۆر لە بەرپرسانی ڕێژیم و ئەو گوشارە ڕۆژانەی بۆی هاتووە، دۆخی ڕێژیم شپرێوتر لە پێش ئەو کاتەشە، بۆیە من داهاتووی ڕوون بۆ ئەو ڕێژیمە نابینم و لام وایە دوای تەواوبوونی شەڕ، زۆرتر تووشی ئاستەنگی و لەکۆتاییدا ڕووخان دەبێ.
لە ئێستادا سیاسەت و بەرنامەی بەکردەوەی حیزبی دێموکرات لە خەبات دژی کۆماری ئیسلامی پشتئەستوور بە چ ستراتیژییەکە؟
سیاسەت و بەرنامەی حیزبی دێموکرات بە کردەوە، تێکۆشانە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دابینکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە خۆ لەو بوارانەدا دەبینێتەوە:
یەکەم؛ حیزب تێدەکۆشێ هەموو وزە و تواناکانی خەڵکی کوردستان کۆ بکاتەوە، ئاراستەیان بکا و هانیان بدا لە هەموو ئاستەکاندا خەبات، تێکۆشان و بەربەرەکانیی خۆیان لە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران درێژە بدەن. هەروەها هانی کۆڕ و کۆمەڵگەی مەدەنی دەدا بۆ ئەوەی کۆمەڵ پتر بەڕێکخراو بکرێ و بە هەر جۆرێک دەلوێ و دەڕەخسێ ئەو خەباتە کاریگەر و شوێندانەرە بەڵام بەنیسبەت کەم تێچووە، پەرەی پێ بدەن.
دووهەم؛ لە هەموو وزە و توانا و زەرفییەتەکانی حیزب کەلک وەردەگرێ بۆ کار و تێکۆشانی ڕێكخراوەیی، ڕاگەیاندن، دیپلۆماسی، پێوەندی و توانای خەباتی مەیدانیی پێشمەرگانە بۆ شوێندانەریی زیاتر لەسەر کۆمەڵگە و بەرەوپێشبردنی خەباتی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات.
سێهەم؛ پێکهێنانی ناوەندی هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، کارێکی باشە کە بە هیممەت و ئامادەیی شەش حیزبی ڕۆژهەڵات پێک هاتووە؛ کار دەکەین ئەو ناوەندە بەهێزتر بێ و بە پێکهێنانی کارگرووپەکان لە هەموو بوارەکانی خەباتی مەیدانی و دپلۆماسیدا ببێتە ئادرەس بۆ بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ئێران.
چوارەم؛ کارکردن لەگەڵ ئێرانییەکان و نەتەوەکانی دیکەی ئێران. ئەو قسەیە زۆر دووپات و چەندپات دەبێتەوە کە یەکێك لە هۆیەکانی مانەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، نەبوونی ئالترناتیڤ یان جێگرەوەکی بەهێز و گشتگیرە لە ئێران. حیزبی دێموکرات بە جیددی لەسەر ئەوە کار دەکا لێکتێگەیشتنێکی باش لەنێوان هەموو لایەنەکاندا دروست ببێ هەتا ئەو جێیەی نەهادێكی دێموکراتیک و سێکولار بە ئامانجی ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و جێگرکردنی سیستەمێكی فیدراڵی لە ئێران چێ ببێت.