ناوەندی چاوەدێری مافی مرۆڤی ئیران و ناوەندی عەبدولڕەحمان بروومەند لە ڕاپۆرتێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە مانگەکانی ڕابردوودا، خۆپیشاندەران و بەندکراوە سیاسییەکانیان بە شێوەی حەفتانە و دوای دادگاییکردنی «زۆر نادادپەروەرانە» لە سێدارە داوە و دەیان کەسی تریش مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
ئەم دوو ناوەندە مافی مرۆییە لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٩ی خەرمانان بڵاو کرایەوە، ڕایانگەیاند کە لە ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ـەوە تا ٩ی خەرمانانی ١٤٠٥، لانیکەم ٥٩ کەس بە تۆمەتی سیاسی و ئەمنییەتی و دوای دادگاییکردنی نادادپەروەرانە لە سێدارە دراون.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لەو ڕێژەیە لانیکەم ٢٩ کەسیان کە لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار و لانیکەم سێ کەسی تریش لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» بوون.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو دوو ڕێکخراوە، ژمارەیەک لە لەسێدارەدراوان تەنها ١٨ یان ١٩ ساڵ بوون و زۆرێک لەوانی تریش لە سەرەتای تەمەنی ٢٠ ساڵیدا بوون.
هەروەها ٥ کەس لەم کەسانە لە شوێنی گشتیدا و لەپێش چاوی خەڵکدا سزاکەیان جێبەجێ کراوە.
لەم ڕاپۆرتەدا دەیان خۆپیشاندەر و نەیاری سیاسیی تریش، لەوانەش ژنان و مێرمنداڵانی تەمەن خوار ١٨ ساڵ، ڕووبەڕووی مەترسیی لەسێدارەدان بوونەتەوە.
ناوەندی چاودێری مافەکانی مرۆڤ و ناوەندی بروومەند داوایان لە وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە بۆ ڕاگرتنی خێرای ڕەوتی لەسێدارەدانەکان گوشاری زیاتر بخەنە سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بەرپرسانی تاران.