ڕۆژنامەی «واڵستریت ژۆرناڵ» لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دامەزراوە ژێرزەوینییەکانیدا و بە بەکارهێنانی ئەو پارچانەی پێشتر کۆی کردبوونەوە، دەستی بە دروستکردن و مۆنتاژکردنەوەی مووشەکی بالستیک کردووەتەوە.
بەپێی زانیاریی بەرپرسانی ئەمریکی و ناوچەکە، تاران لە چەند بنکەیەکی ژێرزەوینییەوە—لەوانە کۆمەڵگەی مووشەکیی خوجەیر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تاران—خەریکی دروستکردنی مووشەکی سووتەمەنیی شل و ڕەقە. هەروەها هەوڵ دەدات شوێنی نوێ لە ژێر زەویدا دروست بکات تا لە هێرشەکانی داهاتوو بپارێزرێن.
ئەم ڕاپۆرتە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەهۆی کەمبوونی کەرەستەی خاو، ئاستی بەرهەمهێنانی ئێستا بە بەراورد لەگەڵ پێش دەستپێکردنی شەڕەکە زۆر سنووردارترە. بەکارهێنانی پارچە کۆگاکراوەکان هاوکاریی تارانی کردووە تا بەبێ نۆژەنکردنەوەی تەواوی پیشەسازییە زیانپێکەوتووەکانی، بەشێک لە توانای مووشەکی خۆی چالاک بکاتەوە.
شارەزایان پێیان وایە بەردەوامبوونی ئەم پرۆسەیە دەرفەت بە ئێران دەدات تا توانای سەربازیی خۆی لە کاتی شەڕدا بپارێزێت، ئەگەرچی خێرایی بەرهەمهێنانەکەی وەک پێشتر نییە.