لە درێژەی هەوڵەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سیخوڕیکردن بە سەر وڵاتانی جیهاندا، پۆلیسی دژەتێرۆری لەندەن، ڕایگەیاند کە دوو کەسی لەم شارەدا بە گومانی یارمەتیدانی دەزگای هەواڵگریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کردووە.
ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی خەرمانان، پۆلیسی دژەتێرۆری لەندەن ڕایگەیاند کە پیاوێکی ٦٠ ساڵان و ژنێکی ٤٢ ساڵانیان لە ڕەوتی لێکۆڵینەوەکانی پەیوەندیدار بە «یاسای ئاسایشی نیشتمانی» ئێن ئێس ئای، لە لەندەن دەسبەسەر کردووە.
بە وتەی پۆلیسی لەندەن، ئەم دوو سیخوڕە کە پێشتر بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ دەزگایەکی هەواڵگریی بیانی "کۆماری ئیسلامی" دەسبەسەر کرابوون، بە شێوەی کاتی و بە مەرجی توند تا کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەر ئازاد کرابوون.
پۆلیسی بریتانیا وردەکاریی زیاتری لەسەر کەسیەتیی ئەم دوو کەسە بڵاو نەکردەوە.
شایانی باسە لە نێوان مانگەکانی مارس و مەیدا، کۆمەڵێک ڕووداو دژی کۆمەڵگەی جولەکەکانی لەندەن یان شوێنە پەیوەندیدارەکان بە ئێرانەوە ڕووی دا کە بە ئاگرتێبەردانی بەئەنقەست بۆ سەر ئەمبولانسەکانی تایبەت بە کۆمەڵگەی جولەکەکان لە لەندەن دەستی پێکردووە کە ڕێژیمی تاران دەستی تێیاندا هەبووە.
بەپێی داتا و ڕاپۆرتی دەوڵەتی بریتانیا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ڕووسیە و چین لەو دەوڵەتانەن کە بە بەردەوامی، دەستیان لە کاروباری سیاسیی بریتانیادا وەرداوە و بۆ لاوازکردنی دێموکراسی لەو وڵاتە هەموو هەوڵێکیان خستووەتە گەڕ.
دەوڵەتی بریتانیا چەندین جار پێداگریی لەسەر ئەوە کردبووەوە کە ڕێژیمی ئێران لە کاتی خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی ژینادا لانیکەم ٢٠ گەڵاڵەی تێرۆر و ڕفاندنی لە بریتانیا بەڕێوە بردووە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە مێژووی دەسەڵاتداریی خۆیدا، هەوڵی داوە لە هەموو وڵاتانی جیهاندا تۆڕی سیخوڕی بە مەبەستی هەوڵی تێرۆریستی، ڕفاندن، هەڕەشە و دزەکردن دابمەزرێنێت و لەوبارەوە بە یەکێک لە بەدناوترین و بێزراوترین وڵاتانی جیهان بە ئەژمار دێت.