کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا مەولوودی: لەگەڵ هەموو ئامادەکارییەک هاوکات لە دەرفەتی گونجاو و لەبار دەگەڕێین

11:58 - 16 گەلاوێژ 2726


ئاماژە: ڕۆژنامەی ‘THE AMARGI’ لە حەوتووی ڕابردوودا وتووێژێکی لەگەڵ کاک مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بڵاو کردەوە. لەو وتووێژەدا جێگری سکرتێری گشتیی حیزب وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری ڕۆژەڤی پێوەندیدار بە دۆخی ئێستای خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی داوەتەوە. "کوردستان" پوختە و کاکڵی وەڵامی کاک مستەفا بە ڕۆژین موکریانی، ڕۆژنامەنووسی ‘THE AMARGI’ی بۆ خوێنەرانی گواستووەتەوە:
 
کاردانەوەی حیزبی دێموکرات لە هەمبەر هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانی حیزب لە هەرێمی کوردستان؟ 
پێشمەرگەی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و یەک لەوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بارودۆخی ئێستادا لە حاڵەتی خۆپارێزی دان؛ ئەویش هۆکارەکەی بۆ هەلومەرجی تایبەتیی هەرێمی کوردستان و شوێنی مانەوە و نیشتەجێبوونیان دەگەڕێتەوە کە زۆر سنووردارە. بە لەبەرچاوگرتنی قۆناغەکەش ئەو دەرفەتە نییە جێگۆڕکێ بە پێشمەرگەی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان بکرێت؛ بۆیە هەرچەندە پێشمەرگە لە حاڵەتی خۆپارێزیدا وردبین و کارامە بێت. هەڵکەوتەی شوێن و ڕێ‌وجێیەک کە هەمانە، سەرەڕای هەموو خۆپارێزییەک، تووشی خەسار بووین و شەهیدیشمان داوە.
بەڕێزت دەبێت بزانێت، کاردانەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک هێزێکی سیاسی-نیزامی، سەربەخۆ و ڕەها نییە کە پێشمەرگە چی پێ خۆش بوو ئەوە بکات. جووڵەی پێشمەرگە لەژێر کاریگەریی هەڵسەنگاندن، لێکدانەوە و بڕیاری سیاسیی حیزبە. حیزبیش لە هەرێمی کوردستان ڕا ناکرێت ئەوجۆرەی پێویستە و دەخوازێت کاردانەوەی هەبێت و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی و ئەمنییەتی هەرێمی کوردستان توانای جووڵە و مانۆڕدانی سنووردارە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئەگەر ناچار بە مانەوە بین، دەبێت ڕەچاوی سیاسەتی هەرێمی کوردستانیش بکەین و ئەوە پرەنسیپ و ڕێوشوێنێکی سیاسی و ئەمنییەتییە. هەڵسووڕانی هێزی پێشمەرگە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە پارتیزانی و جووڵەکردنی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ نێوخۆ خۆی کێشەی یاسایی و ئەمنییەتی هەیە. بۆیە ئێمە لامان وایە هێشتا ئەو دەرفەتە بۆ ئێمە دەستی نەداوە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ئێمە دەستمان لەسەر دەست دانابێت و پلان و خۆڕێکخستنی خۆمان نەبێت.

کاریگەریی ڕێککەوتننامەی نێوان ئێران و عێراق لەسەر جموجۆڵە مەیدانییەکانی حیزب؟
ئێمە لە عێراق و باشووری کوردستانین و دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆی هەرێمی کوردستان لە باشووری کوردستان ناکەین. بە پێی ڕێککەوتنی ئەمنییەتیی ساڵی ٢٠٢٣ی نێوان حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران جووڵەی مەیدانیی پێشمەرگەی حیزبەکان زۆر سنووردار کراوە. لەم ڕووەوە دەرەتانی ئێمە سنووردارە، لەگەڵ ئەوەشدا لە بواری یاساییەوە گوشار لەسەر حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دروست دەکەین بەڵکوو پابەندییەک بۆ حکوومەتی ئێران دروست بکرێت. ئەوەی ڕوونە ئەمەیە کە ئەوە کۆماری ئیسلامییە ڕێککەوتن و پابەندییەکانی پێشێل کردووە و دەستدرێژیی کردووەتە سەر خاک و سەروەریی سیاسیی حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان. بەڵام بێتوو ڕێژیم ئەو پابەندییە ڕەچاو نەکات و لە هێرشەکانی بەردەوام بێت، بەرگریی ڕەوا مافی ئێمەیە و سرووشتییە ئێمەش بە جیددی بەرهەڵستی سیاسەت و دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامی بینەوە.

پێویستیی هێزی پێشمەرگە لە ئێستادا چییە، لە کاتێکدا خەباتی چەکداری ڕاگیراوە؟
پێشمەرگە لە بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەی کورددا، هێزێکی چەکداری بە بیر و باوەڕی سیاسییە کە لە پێناو بەدیهێنانی ماف و ویستە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و پاراستنی دەسکەوتەکانی بزووتنەوە و نیشتمان تێ‌دەکۆشێت. یاسا و ڕێسا و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانیش دان بەو هێزە سیاسییە چەکدارانە دادەنێن کە لە پێناو بەرگری لە ماف و ویستە ڕەواکانی نەتەوەکەیان تێ‌دەکۆشن. لە مێژووی جووڵانەوەی کوردستاندا، پێشمەرگە دەور و کاریگەریی گرینگ و شوێندانەری بووە. مێژووی جووڵانەوەی کوردستان بەبێ دەور و کاریگەریی هێزی پێشمەرگە بۆشاییەکی گەورەیە. لە ڕاستیدا پێشمەرگە و خەبات و تێکۆشان لە کوردستان وەها ئاوێتەی یەکتری بوون کە جیاکردنەوە و کێشانی سنوور لە نێوانیاندا، زۆر ئاستەمە و هەر ناکرێت. مێژووی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کورد و ناوی پێشمەرگە، دووانەی لێک دانەبڕاون و پێشمەرگە هەڵقووڵاوی لووتکەی ویست و داخوازییەکانی نەتەوەی کوردە و ئەو هێزە لە بوێرترین و بەباوەڕمەندترین ڕۆڵەکانی نیشتمان پێک هاتووە و بووەتە بەشێک لە مێژووی بیرەوەریی بەکۆمەڵی نەتەوەکەمان. پێشمەرگە لە مێژووی کورددا بووەتە پێناسە و هێمایەک بۆ وێناکردنی نیشتماندۆستی و نیشتمانپارێزی؛ تەنانەت ئەگەر چاو لە نەوەی نوێی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن، دەبینین ئەو جۆرە جلوبەرگەی بووەتە سیمبولی خەباتی مەدەنی و بەگژداچوونەوەی سیاسەتەکانی ڕێژیم هەر هەمان جلی خاکی و بەرگی پێشمەرگەکانە و تەنانەت لەسەر لەبەرکردنی زۆر جار دەگیرێن و دەخرێنە ژێر گوشارەوە، بەڵام ئەوان ئامادەن هەموو ئەو تێچووانە بدەن بۆوەی بڵێن ڕوحی خەباتکاری و پێشمەرگەبوون لە ناخیان‌دایە و بەوە دەریدەبڕن. بۆیە بوونی پێشمەرگە وەک پارێزەری کۆمەڵی کوردەواری و وەک هێزی پاراستنی ئەمنییەت و سەقامگیریی نیشتمان، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە و بوونیان، ویست و پێویستییەکی بێ ئەولاوئەملایە. خۆ ئەگەر ئێستاش لەبەر ئەو هەلومەرجە تایبەتی و قۆناغە هەستیارەی تێی کەوتووین پێشمەرگە وەک پێویست دەوری مەیدانیی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات نییە، بەڵام دیسانەکەش بوونە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەیی، نیشتمانی و لەپێناو پاراستنی خەڵک و وڵات پێویستە. لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسیارێتی و ڕەساڵەتی پێشمەرگە، بەهۆی بارودۆخی تایبەت بە خۆی، زۆر قووڵتر، گرینگتر و هەستیارانەتریشە. شەڕ لە قامووسی پێشمەرگانەدا، کاتێک دێتە ئاراوە کە بەشێوەیەک بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی بکەوێتە مەترسییەوە و شەڕ کۆتا ڕێگەی چارەسەری، پاراستن و بەرگریی ڕەوا بێت. بۆیە هەڵسووڕانی سنوورداری ئێستای هێزی پێشمەرگە بە مانای ناچالاکبوون یان وازهێنان لە تێکۆشانی پێشمەرگانە نییە و هەرکەسیش وا بیر بکاتەوە بەرانبەر بە خەڵک، نیشتمان و ویستەکانی خەڵک بە هەڵە چووە.

ئایا حیزب هەر چاوەڕێی دەرفەتە یان لە فکری خولقاندنی دەرفەتدا؟
دەرفەت زۆر گرینگە و ئەگەر بێتە ئاراوە بە دڵنیاییەوە بەباشی دەیقۆزینەوە. لە ڕاستیدا ئەوانەی بۆ ئامانجی گەورە و ڕەوا شەڕی گەورە دەکەن، لەگەڵ هەموو ئامادەکارییەک دیسان لە دەرفەتی گونجاو و لەبار دەگەڕێن. ئێمەش هەر واین، چاو و گوێ کراوە، ڕووداو و پێشهاتەکان لەژێر چاوەدێری دەگرین؛ پێداویستییەکان و کەرەستە و ئیمکانات دابین دەکەین و بەستێنی تێکۆشان و کارکردنمان دروست دەکەین و بەدڵنیاییەوە لە دەرفەتی گونجاودا، ئیقدام دەکەین.

ئایا ئەم شەڕە حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی لاوازتر کردەوە؟
پێش هەموو شتێک حیزبە سیاسییەکان هەتا ئێستا بەشداری ئەو شەڕە نەبوون هەتا بزانین حیزبەکان لاواز بوون یان بەهێز. بەپێچەوانەوە، ئەو شەڕە دەریخست کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، کاریگەری و شوێندانەری زۆریان هەیە. حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەرچەند بە زۆر هۆکار لە شەڕەکەدا بەشدار نەبوون بەڵام ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو چەند مانگەدا بە شێوازی جۆراوجۆر و هێرشی مووشەکی و دڕۆن بەردەوام پەلاماری داون و ئەوەش نیشانەی پێگەی بەهێزی ئەو هێزانەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئاوا هەراسان کردووە. ڕێژیم باش دەزانێ کۆمەڵی کوردەواری، چین و توێژە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەتی شەقامی کوردی، چاویان لە قسە، بۆچوون، لێکدانەوە و ڕێنماییەکانی حیزبە کوردییەکانە و ئەو حیزبانە بە نوێنەری خۆیان دەزانن. لە مێژووی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا بزوێنەری جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرانبەر بەو ڕێژیمە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون و هەن. بەتایبەتی لەو قۆناغە هەستیارانەدا و لەکاتێکدا کۆماری ئیسلامیی ئێران دڕەندەتر لە هەموو مێژووی ژیانی سیاسیی خۆیدا بووە، شەقامی کوردی زۆر زیاتر لە ڕابردوو، بۆ وەرگرتنی ڕێنمایی و ڕێنوێنی بۆ جۆری کار و تێکۆشان، لەگەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر هێڵن. ئەوەش نەک هەر ڕەواندنەوەی ئەو نیگەرانییەیە کە دەڵێن حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لاواز بوون، بەڵکوو پێچەوانە ئاماژە ڕوونەکان بۆ ئەو ڕاستییەن کە ئەو حیزبانە لە زۆر بوار و چەشنەوە زۆر بەهێزتر لە جاران بوون. 
هەر لەو پێوەندییەدا ئەوەش بڵێم کە ئەو ڕێژیمە لە هەموو ماوەی دەسەڵاتدارەتیی خۆیدا بۆ دابڕاندنی پێوەندییەکانی خەڵک لەگەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات پلان و پیلانی فرەچەشنی بووە، بەڵام هەر لە خۆتان دەپرسم پێتان وایە لەو بوارەدا سەرکەوتوو بووە؟ هیوادارم ئێوە لە ڕێگەی گونجاو و بە کەرەستەی سەردەمیانە، بتوانن وەڵامی ئەو دوو پرسیارە هەر لە شەقامەکانی کوردستان وەربگرن، بەڵام ئەمن بە دڵنیاییەوە دەڵێم کە ئەو ڕێژیمە سەرەڕای دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بەرچاو، هێزی مرۆیی بەربڵاو، دەزگای پرۆپاگەندەی میدیایی بەهێز، سەدان پیلانی سیخوڕی، شانتاژ و تەنانەت چەواشەکردنی ڕەوایت و چیرۆکەکان، نەیتوانیوە ئۆگری و ویستی خەڵک بە حیزبەکانیان کەم بکاتەوە یان بە لاڕێیدا بەرێت. خەڵکی کوردستان ئەگەر لەسەر سیاسەت و کردەوەی حیزبەکان ڕەخنەشیان هەبێ، ئەوە بە پلەی یەکەم بە مانای لەسەرپێ بوون و زیندوویی ئەو کۆمەڵگەیەیە لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە. چونکی هەر بەو پێیە دیسان هەر چاویان لە حیزبەکانە بۆ بردنەپێشی بزووتنەوەی سیاسیی کورد و هەر ئەو زیندوویەتییە و ئاوێتەبوونی حیزبەکان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە بووەتە هۆی وشیاریی بەرزتر و سیاسیتربوونی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەنیسبەت سەرجەم دانیشتووانی دیکەی ئێران. ئازایەتی و وشیاریی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بوونی ئەو حیزبانە بە ئاراستەکردن و دیاریکردنی هێڵەکانی چالاکی، تێکۆشان لەمەڕ ئامانجە باڵاکان، نەتەنیا نیشاندەری لاوازی نییە، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ بەهێزی، پڕ ئەزموونی، زیندوویەتیی سیاسی و بەڕۆژبوونەوەی چەشن و جۆری کار و تێکۆشان و لە ئەوانەش گرینگتر، هاوئاهەنگیی زۆرباش و پۆزەتیڤی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ حیزبەکان.