
ڕەزا دانشجوو
ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسی - نیزامیی کۆماری ئیسلامی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئێستا پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە. چاوخشاندنێکی کورت بە پێشهاتەکانی چەند مانگ و ڕۆژی ڕابردوودا نیشان دەدات کە بەپێچەوانەی پڕوپاگەندە و بانگەشە بەردەوام و بێبنەماکانی ڕێژیم، ئەم گۆڕانکارییە تاکتیکییەی ئەمریکا لە شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا، نەک هەر دەتوانێت لانیکەم لە هەلومەرجی ئێستادا لە شەڕی نیزامی کاریگەرتر بێت، بەڵکوو دەتوانێت کۆتاییهێنەری چیرۆکی کۆماری ئیسلامی لە لێواری داڕماندا بێت.
ڕاستییەکەی ئەوەیە شەڕی چەکداری بۆ کۆماری ئیسلامی دوو دیاردەی تەواو جیاواز بووە و هەیە! تەنانەت لایەنگرانی زۆر بەپەرۆش و خەمخۆران و بەکرێگیراوە وەفادارەکانی ڕێژیم نکۆڵی لەم ڕاستییە ناکەن، یان باشتر بڵێین ناتوانن نکۆڵی لەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە بکەن کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەم شەڕەدا زەبری قەرەبوونەکراوەی بەرکەوتووە. کوژران و لەنێوچوونی عەلی خامنەیی، دیکتاتۆری خوێنڕێژی ڕێژیم و دەیان فەرماندەی باڵای سەربازیی کۆماری ئیسلامی لە دوو قۆناغی شەڕدا، و لەنێوچوون و خاپووربوونی بەشێکی گرنگ لە پێکهاتەی سەربازی و توانای مووشەکی و بەرپەرچدانەوەی دەسەڵاتدارانی تاران، شتێک نییە کە ڕێبەرانی ڕێژیمی ویلایەتی فەقێهـ بتوانن بەئاسانی چاوپۆشیی لێ بکەن!
بەڵام شانبەشانی ئەم شەپۆلە لە وێرانکاری دەبێ بگوترێت شەڕ بەبێ گوێدانە تایبەتمەندییەکانی لانیکەم بۆ ماوەیەکی کاتی دەتوانێت تاقمێک قازانج و بەرکەوت بۆ نیزامێکی نوقمبوو و ماوەبەسەرچووی وەک کۆماری ئیسلامی بهێنێتە ئاراوە کە دەبێت ئاماژەیان پێ بکرێت. تیشکخستنەسەر و جووڵاندنەوەی هەستی ناسیۆنالیزم و نیشتمانپەروەری تەنانەت ئەگەر دەسەڵاتدارانی تاران لە ڕاستیدا هیچ باوەڕێکیشیان پێی نەبێت، تاکتیکێکە کۆماری ئیسلامی بەدرێژایی مێژووی نگریسی، بەپێی بارودۆخەکە بەکاری هێناوە. شەپۆلی تازەی ئەم کایە گاڵتەجاڕییە دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوەکانی دوای شەڕی دوازدە ڕۆژە و داواکاریی عەلی خامنەیی لە مەداحێکی ڕێژیم بۆ گوتنەوەی سروودی «ئەی ئێران» لە دانیشتنێکی بەکرێگیراوان و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیدا. بەدرێژایی ڕووداوەکانی دوای ئەم شەڕە تا ئەمڕۆ، ماشێنی پڕوپاگەندەی ڕێژیم بەردەوام هەوڵی داوە بە تیشکخستنەسەر ئەو چەمکە نیشتمانی و ناسیۆنالیستییانە، لانیکەم بەشێک لە کۆمەڵگە بەتایبەت ئەوانەی تا ئێستا دوودڵ و بێهەڵوێست ماونەتەوە لەگەڵ خۆیدا هاوڕێ و هاوڕا بکات.
هەروەها دەبێت دان بەوەدا بنرێت کە لە چاوی زۆربەی خەڵکی ئاسایی جیهاندا، ئەمریکا و سەرکردەکانی وەک زلهێزێکی جیهانی هەرگیز خوازراو و خۆشەویست و پەسەندکراو نەبوون! لە واقیعدا ڕێژیمی ویلایەتی فەقێهـ زۆر هەوڵی داوە خۆی وەک هێزێکی گەورەی ناوچەیی و تەنانەت جیهانی نیشان بدات کە شەڕی زلهێزێکی جیهانیی وەک ئەمریکا دەکات، تا لەم ڕێگەیەوە و لە کەشێکی سۆزداریدا بتوانێت کاریگەری لەسەر بیروڕای گشتیی کۆمەڵگەی ئێران و تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەکانیشدا هەبێت و خۆی گەورەتر نیشان بدات.
ڕەنگە ئەمە گرنگترین هۆکاری گۆڕینی تاکتیکی ڕووبەڕووبوونەوەی سەرکردەکانی ئەمریکا لە شەڕی دژی کۆماری ئیسلامیدا بێت. بەپێچەوانەی شەڕ، سزا و ئابڵۆقەی ئابووری نەک هەر بۆ ماوەیەکی کاتیش هیچ قازانجێک بۆ دەسەڵاتدارانی تاران ناهێنێت، بەڵکوو بەپێچەوانەوە دەتوانێت چەندین قازانج و بەرکەوتەی گەورەی بۆ ئەمریکا هەبێت و ئاراستەی هاوکێشەکان بە تەواوی لە بەرژەوەندیی ئەمریکا و بە زیانی کۆماری ئیسلامی بگۆڕێت:
یەکەم؛ ئابووریی داڕماو و لە لێواری هەڵدێری کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە لە گیانەڵڵادایە و خەریکە شەڕ لەگەڵ مەرگدا دەکات و تەنیا بە یارمەتیی ئامێری هەناسەدانە کە لە ژیاندا ماوەتەوە. ئابوورییەکی نەخۆش و نزار کە تێیدا گەندەڵیی سیستماتیک وەک خانە شێرپەنجەییەکان وایە و لە تانوپۆیدا ڕیشەی داکوتاوە، بە شێوەیەک کە هیچ نەشتەرگەرییەک ناتوانێت ڕزگاری بکات! بەدڵنیاییەوە ئەم ئابوورییە نەخۆشە توانای هیچ شۆکێکی تازەی نییە. ئەو گەمارۆ و سزایەی تا ئێستا بە پەکخستنی بەشی سەرەکیی توانای ڕێژیم لە فرۆش و هەناردەی نەوت یەخەی گرتبوو، ئێستا بە دەستپێکی شەپۆلی تازەی سزاکان، ئابڵۆقەی تەواو و ڕێگری و دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتییەکان، ڕەنگە دوا هەناسەکانی ئەم نەخۆشە نەزار و لاوازە بێت.
دووەم، دوای کوژران و لەنێوچوونی عەلی خامنەیی، کەلێن و بۆشایییەکی گەورە لە ناوەندی بڕیاردان لە تاران دروست بووە. ئەوەندە گەورە و چاوەڕواننەکراو کە تەنانەت ترامپ، سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشی هێنایە دەنگ کە بڵێت: «کەس نازانێت کێ لە تاران بڕیار دەدات!» نەبوونی درێژخایەنی موجتەبا خامنەیی لە کاتێکدا کە ئێستا تەنانەت گومانی جیددی لەسەر تەندروستیی جەستەیی ناوبراو هەیە، بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان لایەنە جیاوازەکانی دەسەڵات بگاتە لووتکە. بێگومان گەمارۆ و شەڕی ئابووری وەک کاتالیزۆرێک دەتوانێت ببێتە هۆی خێراییی زیاتر لە قووڵبوونەوەی کێشەکانی ناو سەرکردەکانی ڕێژیم و سووتەمەنی بێت بۆ داگیرسانی هەرچی زیاتری ئەم ناکۆکییانە! لە کاتێکدا ڕێکخراوی تێرۆریستیی سپای پاسداران، کۆنە فەرماندە تێرۆریستەکانی و بەشێک لە ڕەوتی بەناو بناژۆخوازەکانی ڕێژیم، هەر دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکادا بە بێبایەخ و لەپێشدا شکستخواردوو دەزانن، بەڵام لە هەمان کاتدا نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ کاریگەرییە کوشندەکانی سزا و گەمارۆکاندا بکەن و چۆن دەتوانن ڕێژیم لەم بارودۆخە دەرباز بکەن؟ لێدوانی ئەم دواییانەی کۆنە تێرۆریستی ڕێژیم «سەبزەوار ڕەزایی میرقاعید»، سکرتێری تازەدانراوی موجتەبا خامنەیی بۆ ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی کۆماری ئیسلامی، کە تێیدا ڕوانگەیەکی تەواو جیاواز لە دەوڵەتی بووکەڵەیی و بێدەسەڵاتی مەسعوود پزیشکیان دەخاتە ڕوو و باس لە هێرشی پێشوەختە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، تەنانەت لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات، دەرخەری قووڵایی ئەم دابەشبوونەیە لە ناوەندی بڕیاردانی ڕێژیمدا.
بەڵام بەپێچەوانەی ئەوەی باس کرا، ڕیفۆرمخوازەکان و کەسانی نزیک لە قالیباف زۆر بەپەرۆشەوە دەڕواننە ئاکامی ئەم گەمارۆ و ئابڵۆقەیە و نیگەرانن لەوەی کە گەمارۆ و سزا نوێیەکان ببێتە هۆی داڕمان و خاپووربوونی تەواوەتیی ئەم ئابوورییە نەخۆش و نەزارە. لێدوانەکانی ئەم دواییەی محەممەدباقر قالیباف سەبارەت بە کاریگەری و ئاکامی گەمارۆکان نیشانی دا کە جیاوازیی بیروڕا و بۆچوونی سەرکردەکانی ڕێژیم گەیشتووەتە لووتکەی خۆی.
خاڵێکی گرنگ کە نابێت لەم نێوەندەدا فەرامۆش بکرێت ئەوەیە: ئەگەر پێشتر دەستەواژەی «خۆفرۆش» و «بەکرێگیراو» لەلایەن لایەنگرە ڕادیکاڵەکانی ڕێژیمەوە تەنیا بۆ کەسانی میللی و ڕەوتی ڕیفۆرمخوازی ڕێژیم بەکاردەهێنرا، ئێستا بەشێکی سەرەکی لە کەسانی نزیک لە ڕێبەری تێداچووی کۆماری ئیسلامی -عەلی خامنەیی-یش دەگرێتەوە؛ ئەوەش نیشانەیەکی تری ڕوون و ئاشکرایە بۆ فراوانبوونی کەلێنی دەسەڵات لە لووتکەی حکوومەتدا.
سێیەم، ڕەنگە گرنگترین ئەرک و ئاکامی سزاکان بەراورد بە شەڕی سەربازی، دروستکردن و گەورەکردنەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و گەڕاندنەوەی خەڵکی ناڕازی بێت بۆ سەر شەقامەکان؛ تەنانەت چینە بێدەنگ، بێهەڵوێست و دوودڵەکانی کۆمەڵگەش. بەپێچەوانەی سەردەمی شەڕ، ئێستا هەر پاساوێک بۆ هۆکاری ئەم بارودۆخە نالەبارە ئابوورییەی کە ڕۆژ بە ڕۆژیش خراپتر دەبێت، لەلای کۆمەڵانی خەڵک قبووڵنەکراو و نەگونجاوە! ئەگەر تا دوێنێ لە کەشێکی کاتیی سۆزداریدا کە بەهۆی شەڕەوە دروست بوو، دەکرا بەئاسانی کێشە و قەیرانە ئابوورییەکان پشتگوێ بخرێن، ئێستا کۆمەڵگە حکوومەت بە تاکە هۆکاری خراپتربوونی بارودۆخی ئابووری دەزانێت. ئەمە ڕەنگە خاڵی هەرە لاواز و کۆتاییهێنەری ژیانی نەگریسی کۆماری ئیسلامی بێت! ڕاگەیەندراوەکەی ئەم دواییەی ڕێکخراوی تێرۆریستیی سپای پاسداران، کە تێیدا بەئاشکرا باس لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و گەڕانەوەی شۆڕشگێڕان بۆ سەر شەقامەکان دەکات، دەکرێت لەم چوارچێوەیەدا هەڵسەنگێندرێت.
خاڵی کۆتایی و گرنگی تر کە نابێت لەبیرمان بچێت ئەوەیە کە ئەم سزا و ئابڵۆقە و گەمارۆیانە لە دۆخێکدا بەسەر کۆماری ئیسلامیدا دەسەپێندرێن کە هێشتا شەڕ بەفەرمی کۆتایی نەهاتووە و ئەگەری ڕوودان و دەستپێکردنەوەی لە هەمیشە زیاترە! واتە وەک سەرۆکی ئەمریکا ترامپ دەڵێت: لە ئێستادا هیچ دانوستانێک لە ئارادا نییە؛ ئەمەش مانای ئەوەیە کە سێبەری شەڕ هێشتا زاڵە و تەواو نەبووە!
بە واتایەکی سادە؛ شەڕی سەربازی نەک کۆتایی نەهاتووە، بەڵکوو لە پەراوێزیدا شەڕی ئابووریش دەستی پێ کردووە!
ئەگەری هەموو شتێک هەیە! ڕەوتی ڕووداوەکان دەتوانێت بە شێوەیەکی باوەڕپێنەکراو خێرا و پێشبینینەکراو بێت. گردبوونەوە و خۆپێشاندانێکی سادە لە هەر شوێنێکی ئەم وڵاتە بێزاربووە لە ستەم، گەندەڵی و نادادپەروەری؛ ناڕەزایەتی دەربڕین بۆ هەر هۆکارێک؛ چەند دروشمێک و هەڵگیرسان و گڕگرتنی ساڵانێکی ڕق و کینە و دەنگی خەفەکراوی ناو قوڕگ و گەروو: بڵێسەدان و تەقینەوەی ئاگری ژێر خۆڵەمێش!
تەسلیمبوون یان کۆتایی کۆماری ئیسلامی؟ کێ دەرهێنەری سێکانسی کۆتایی ئەم شانۆ نگریسەیە؟ سەرۆک کۆماری ئەمریکا یان شۆڕشگێڕانی شەقام؟