کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا سەڕافییەکی دراوی دیجیتاڵیی پەیوەندیدار بە ئێرانی خستە لیستی سزاکانەوە

09:42 - 27 خەرمانان 2726

ئەمریکا سەڕافییەکی دراوی دیجیتاڵی ئێرانیی سزا دا کە لەژێر کۆنتڕۆڵی سەرمایەدارێکی سزادراوی سەر بە کۆماری ئیسلامیدا بوو. واشنگتۆن ئەم ناوەندەی بە ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی پارەی کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆز و دابینکردنی سەرمایە بۆ سپای پاسداران، تۆمەتبار کردووە.

تامی پیگۆت، وتەبێژی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە سەڕافییە نێودەوڵەتییەکانی سەرمایەی دیجیتاڵی بوونەتە دەروازەیەک بۆ دەستڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران و بانکی ناوەندی بە سیستەمی دارایی جیهانی.

ئەم تۆڕە پلاتفۆرمی "بیت‌بانک"ی سەر بە بابەک زەنجانی، سەرمایەداری نزیک لە دەسەڵات دەگرێتەوە، کە لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی داراییەوە سەرچاوە ماددییەکانی بۆ سپای پاسداران ڕەوانە کردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی خەزێنەداریی ئەمریکا، ئەم سەرافییە لە مانگی ژووئەندا بۆ گواستنەوەی پارەی ڕێکخراوی "خزمەتگوزارییە دەریاییەکانی ئەمنییەتی هۆرمۆز" بۆ ڕێژیمی ئێران بەکار هێنراوە.

هاوکات، واشنگتۆن پەرەپێدەرێکی نەرمەکاڵای بیت‌بانک و سێ کەس لە هاوکارانی زەنجانیی خستووەتە لیستی سزاکانەوە.

وەزارەتی خەزێنەداری داوای لە چالاکوانانی کەرتی سەرمایەی دیجیتاڵی کرد هۆشیار بن تا پلاتفۆرمەکانیان لەلایەن تۆڕە ئاسانکارەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی سزاکان بەکار نەهێنرێت.