
عەلی لەیلاخ
٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ، هاوکات بوو لەگەڵ هەشتا و یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی «حیزبی دێموکراتی کوردستان»؛ ئەگەر سێ ساڵەی تێکۆشانی کۆمەڵەی «ژ.ک»یشی وەسەر بخرێت کە حەقی خۆیەتی، دەبێتە ٨٤ ساڵ کە ئەم کاروانە لەسەر ڕێبازی کوردایەتی و مافی نەتەوایەتیدا بە ڕووسووری ماوەتەوە. حیزبێک کە دواتر بە لەبەرچاوگرتنی وەرچەرخانە سیاسییەکان، ناوەکەی گۆڕدرا بۆ «حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران».
بە تێڕوانینێکی گشتی دەکرێت بگەینە وەڵامی ئەم پرسیارە جەوهەرییەی کە: حیزبی دێموکراتی کوردستان چی دەڵێت و لە ڕاستیدا داواکانی چین؟ حیزبێک کە لە سەرەتای دامەزرانیەوە تا بە ئەمڕۆ، لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دوو مۆدێلی ڕێژیمی دەسەڵاتدار لە تاراندا، هێشتا بە گرنگترین سەنگەری خەباتی ڕزگاریخوازانەی سیاسیی کوردستان دەناسرێت. بۆ لێکدانەوەیەکی کورت و گشتی، دەکرێت داواکانی ئەم حیزبە ڕیشەدار و مێژوویییە لە چەند بەشدا تاوتوێ بکەین:
حیزبی دێموکرات هەڵقوڵاوی کۆمەڵەی نەتەوەیی «ژ.ک» بوو؛ کاتێک ژمارەیەک لە بیرمەند، پیاوماقوولان و کەسایەتییە بڕواپێکراوەکانی شاری مەهاباد، بە ئیلهاموەرگرتن لە «حیزبی هیوا»، چوارچێوەی سەرەتاییی ئەم بزاڤە خەباتکارانەیان لە جەنگەی ململانێکانی شەڕی جیهانیی دووەمدا داڕشت. زۆری پێ نەچوو دامەزراندنی «کۆماری کوردستان» و دەستکەوتەکانی ئەم کۆمارە — بەتایبەت ڕێزلێنان لە کەمینەکانی شاری مەهاباد — سەلماندی کە ئەم حیزبە بۆ دەستەبەرکردنی مافی ژیانی سیاسی و ژیاندنەوەی ناسیۆنالیزمێکی پێشکەوتووانە و بەری لە ڕەگەزەکانی فاشیزم لەدایک بووە.
ناوەندگەراییی پشتبەستوو بە قۆرخکاریی سیاسی لەژێر ناوی «تەواوەتیی خاکی وڵات»دا کە لە ڕاستیدا هەمان تەواوەتیخوازی (تۆتالیتاریزم)ی سیاسی و فەرهەنگییە، ئەگەرچی بە لەشکرکێشی بۆ سەر کوردستان ئەم دەوڵەتە نوێپێگەیشتووەی ڕووخاند و پەتی سێدارەی لە ملی پێشەوا قازی محەممەد، یەکەم سەرۆککۆمارەوە تا ئازادیخوازانی دیکەی ئەم خاکە دێرینە هەڵواسی؛ بەڵام پرسیار ئەوەیە: بە کام تاوان؟!
لە نێوەندی ئەو سەردەمەدا کە ناسیۆنالیزمی خۆسەپێن و هێرشبەری فارس دوای پەهلەویی یەکەم لەگەڵ سەرهەڵدانی عوسمانییە نوێیەکان و پانعەرەبیزمی عەبدولڕەحمان کەواکیبییەکاندا لە کێبڕکێدا بوو، بێگومان بۆ کوردانی گیرۆدەبوو لەم گێژاوەدا، هەبوونی ڕێکخراو و دامەزراوەیەکی مۆدێرن پێویستییەکی مێژوویی بوو تا بتوانن لە مینبەری ئەو حیزبەوە مافخوازیی خۆیان پڕ بە گەروو هاوار بکەن. ئەم مینبەر و پێگەیە بە ناوی حیزبی دێموکراتەوە ڕاگەیەندرا و لە هەموو ئاڵۆزی و گێژاوەکانی سەدەی بیستەمدا بەرگەی پەلامار و هێرشەکان، تیرۆر و سڕینەوە، حاشاکردن و هەڵاواردنەکانی گرت و وەک سەنگەرێکی خۆڕاگر هەتا ئێستاش بە بڕشتەوە بە پێوە وەستاوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی مێژووی ئەم حیزبەدا (لە ساڵانی ٤٧-١٣٤٦)، لە هەلومەرجێکدا کە دەزگای تۆقێنەری ساواک و ژاندەرمەکانی «ژ-٣» لەشان بەگژ هەر جۆرە مافخوازی و دەربڕینێکی ڕەخنەگرانە لە سیستەمی تاجی پاشایەتی و تەختی دەسەڵاتدا دەهاتنەوە و هەر چەشنە دەنگێکی جیاوازیان هەر لە گەروودا دەخنکاند؛ لە سەردەمێکدا کە ئەگەرچی بە ناوی ئاوەدانی و گەشەپێدانەوە شەقامەکانی تاران و مەزنەشارەکانیان بۆ تاجگوزاری و خۆسەپێنیی دیکتاتۆر دەڕازاندەوە و پاشا خۆی بە «سێبەری خودا» دەزانی و خەڵکانی دیکەش کۆیلە و بێدەسەڵاتی ژێر نیری زۆرداری بوون، لەو سەردەمەدا دیسانەوە لە قوتابخانەی هەر ئەم دێموکراتەدا، «شەریفزادە»کان دژی چەوسانەوە، هەڵاواردن و سیاسەتی سڕینەوە ڕاپەڕین و پێش چریکەکانی سیاھکەل بوونە مەشخەڵ و شەودڕی زۆرداری، کە ئاکامەکەشی گەیشتە شۆڕشی ١٣٥٧.
بۆ کورتکردنەوەی کۆی تێڕوانینی ڕێژیمی پاشایەتی لە کۆنەوە تا پەهلەوییەکان کە خەڵکیان بە کۆیلە و ڕەعیەت دەزانی، دەتوانین ئاماژە بە قسەکانی محەممەد عەلی شای قاجار بکەین کە لە دژایەتی لەگەڵ مەشرووتەدا دەیگوت: «ڕەعیەت هەڵەیە ئەگەر ناڕەزایەتی دەرببڕێت؛ هەڵەیە ئەگەر داوای دیوانی دادپەروەری بکات؛ هەڵەیە ئەگەر داوای یاسا بکات! ئێمە ڕەعیەتی سەر شۆڕمان دەوێت، ئێمە ڕەعیەتی بەڵێقوربانبێژمان دەوێت...». حیزبی دێموکرات ڕێک بە پێچەوانەی سیاسەتی ناوەندگەرا و تاکڕەو، سەروەریی نیشتمانی و چەسپاندنی مافی خەڵکی دەویست و لە هەموو دەرفەتێکدا بۆ ئەو جێخستنە تێکۆشا. «شا»یەک دیکە هەڵات و ڕێژیمێکی دیکە لە ئێران هاتە سەر کار، بەڵام وەک دەڵێن: «لە ترسی دووپشک پەنایان بۆ مار برد»؛ بەڵێ! سەرمای زەمهەریری کۆماری ئیسلامیی عەباپۆش سێبەری ڕەش و ماڵوێرانیی خۆی خستە سەر ڕەنجەڕۆکراوانی هاڕدراو لەژێر پۆتینی دیکتاتۆریی هۆمایۆنیدا.
دیسانەوە حیزبی دێموکرات لە بڕگەیەکی دیکەی مێژووی خەباتکارانەی خۆیدا، لە هەمبەر هەژموونخوازیی مەزهەبیی کۆماری ئیسلامیدا، لە بەرەیەکدا وەستا کە بە تەواوی لە قازانجی سەرجەم ئازادیخوازانی ئێراندا بوو؛ بەڵام هەم بەرەوڕووی ڕاوەستان، هەم جەفای لێ کرا و هەمیش حەقانییەتەکەی لە لایەن «حەقانییەکان» و مەلاکانی فەیزییەی قومەوە فەتوای لە دژ دەرکرا.
ساڵی ١٣٥٧ شۆڕشێک کرا و زۆر کەس هەوڵ دەدەن ئەم ڕاپەڕینە وەک «شۆڕشی گەلانی ئێران» پێناسە بکەن؛ بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە شۆڕشێکی مەزهەبی بوو و بنەما سەرەکییەکەشی لەسەر تێڕوانینی «مەحرەم و نامەحرەم»ەکەی خومەینی بینا کرابوو. لەو نێوەدا حیزبی دێموکرات وەک ئاڵاهەڵگری سێکۆلاریزم لە ئێراندا، باجی ئەم تێڕوانینە ڕەخنەگرانەیەی بۆ حکوومەتی نوێ بە خوێن و فیداکاری دا؛ و دوای نزیکەی پێنج دەیە، گەلانی دیکەش گەیشتنە ئەم ڕاستییە گرنگە کە بەختیاریی گشتی لە گرەوی سەروەریی یاسادایە نەک سەرەڕۆییی ئایینی، لەسەر بنەما و جێخستنی دێموکراسیدایە نەک ئۆلیگارشیی مەزهەبی؛ هەر ئەوەی کە حیزبی دێموکرات دەیگوت و ئێستاش لەسەری سوورە.
لە ساڵی ١٣٥٧ەوە هەتا کۆنگرەی ١٣یەمی حیزبی دێموکرات، دروشمی سەرەکیی ئەم ڕەوتە ڕیشەدار و جەماوەرییە «دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان» بوو؛ واتە خودموختارییەکەی گرێ دابووەوە بە جێگیربوونی دێموکراسی لە سەرانسەری ئێراندا! چ ڕوانینێکی بەنرخە؛ لەمە باڵاتر چی هەیە کە حیزبێک نەتەوەکانی دیکەش لە نیعمەتی دێموکراسی بێبەش نەبینێت؟!
حیزبی دێموکرات دەرفەتێکی مێژوویی بۆ چەسپاندن و بەدامەزراوەییکردنی پڕەنسیپەکانی دێموکراسی لە ئێرانێکدا خوڵقاند کە هەمیشە لێی بێبەش بووە. ئەم حیزبە لە کاتێکدا بۆ بەها دێموکراتیکەکان فیداکاریی دەکرد کە پاش سێ دەیە، لە سەردەمی دەوڵەتی دووەمی ئەحمەدینەژاددا، کۆمەڵێک لە بیرمەندانی فارس کە لە نەبوونی دێموکراسی لە ئێران ماندوو ببوون، کەوتنە ڕاوێژ و گەیشتنە ئەو ئاکامەی کە لە هیچ جۆرە حکوومەتێکدا لە ئێران — چ شا و چ شێخ! — دێموکراسی بوونی نەبووە و ئاڵقەیەکی ونبوو بووە. هەرچەند دیواری حاشاکردنیش بەرز بێت، بەڵام بە سووکەئاوڕێک لە ژیانی سیاسیی حیزبی دێموکرات دەردەکەوێت کە چەندە لە پێناو ئەم بەها مرۆیییەدا باجی قورسی داوە.
ڕستە سادە و لە هەمان کاتدا پڕنێوەڕۆکەکەی د. قاسملوو، ڕێبەری بیرمەند و کاریزماتیکی ئەم حیزبە لە گەرمەی ئاڵۆزییە سیاسی و گرژییە سەربازییەکانی ئێران و کوردستاندا، لە ئێستاشدا شایانی تێڕامانە کە دەیگوت: «شێوازی خەباتی ئێمە بەستراوەتەوە بە جۆری سیاسەت و تێڕوانینی دەسەڵاتی ناوەندییەوە». لێکدانەوەی سادەی ئەم وتەیە ئەمەیە: ئەگەر بنەما لەسەر ڕێزگرتنی دوولایەنە بێت، کورد ئامادەیە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە؛ ئەگەر درێژە بە دوژمنکاری، حاشاکردن، سڕینەوە و کوشتوبڕ بدەن، تفەنگی خەباتکارانەمان لە مێژە بە میرات پێ گەیشتووە. بە وتەی شاعیری لوڕ: «گورگەکان باش بزانن کە لەم خێڵە غەریبەدا، ئەگەر باوکیش مردبێت، تفەنگی باوکانە هێشتا ماوە!». بە تێڕوانینێکی گشتی بۆ مێژووی خەباتکارانەی حیزبی دێموکرات — بەتایبەت دوای شۆڕشی ١٣٥٧ — دەردەکەوێت کە حیزبی دێموکرات ئەوەی بۆ خۆی ویستووە، لە ڕاستیدا بۆ ئەوانی دیکە و نەتەوەکانی دیکەشی بە ڕەوا زانیوە.
کاتێک دەڵێین خەباتی نەتەوەیی-دێموکراتیک، باس لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەین؛ حیزبێک کە لە کۆماری کوردستانەوە هەتا ئێستا، ئاڵاهەڵگری بزووتنەوەیەکی ڕەوا بۆ دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیییەکانی گەلان بووە؛ لە خودموختارییەوە هەتا فیدراڵیزم، واتە سڕینەوەی هەر جۆرە بێدادی و هەڵاواردنێک کە لە ناوەندگەرایییەوە سەرچاوەی گرتبێت، و هەروەها هەوڵدان بۆ جێگیرکردنی دێموکراسی، گەشەپێدانی چالاکییە مەدەنییەکان و بایەخدان بە سندووقی دەنگدان، نەک ئەوەی خۆت بە «نائیبی بەرحەق» بزانیت. لە دێڕێکدا: حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ گەلانی دیکە لە جوگرافیای ئێراندا، لە سەرەتای لەدایکبوونیەوە دەرفەت بووە و لە ئێستاشدا دەلاقەیەکە بەرەو پانتاییی پێکەوەژیان و وەک ئەڵتەرناتیڤێک دادەنرێت بۆ دیالۆگ و مامەڵەی سیاسییانە، لەبری بەربەرەکانی و ڕووبەڕووبوونەوەی ماڵوێرانکەری سەربازی.
بۆیە دەتوانین بڵێین کۆی مافە سروشتی و مرۆیییەکان کە بەرچاوترینیان مافی چارەی خۆنووسینە — و هیچ کام لەو مافانەش نکۆڵی لەوانی دیکە ناکات، بەڵکوو دەتوانێت بانگەوازی پێکەوەژیانیش بێت بۆ گەلانی دیکە — وەڵامی ئەم پرسیارەیە کە: حیزبی دێموکرات چی دەوێت؟
هاوکات لەم ڕۆژانەدا لەملاولا باس لەوە دەکەن کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و بەتایبەتی حیزبی دێموکرات، با لە پرۆسەی وتووێژدا و بە دانانی چەک کێشەکەیان چارەسەر بکەن. بە کورتی دەتوانین بڵێین حیزبی دێموکرات هەر وەک چۆن لە سەرەتاوە بۆ ژیانی ئازاد و سەربەرزانە دامەزراوە، هەمیشە وەک پڕەنسیپێک چاوی لە «وتووێژ» کردووە و تەنانەت سەری سکرتێرەکەشی لەو ڕێگە دیپلۆماسییەدا داناوە. چەکەکەی سەرشانیشی جیا لەوەی چەکی بەرگرییە، چەکی پرسیارخوڵقێنە کە: ئەم گەلە چیی دەوێت؟
کاتێک ئەو حیزبە دەیگوت وەرن با بە «نیازپاکی» کێشەکان چارەسەر بکەین و لە جیاتی سەنگەرگرتنی سەربازی پەرە بە سندووقی دەنگدان بدەین، هەر لەو کاتەدا فەتوای قەتڵی قاسملوو لە لایەن خومەینییەوە تەنیا بەو تاوانەی کە دەنگی متمانەی خەڵکی بەدەست هێنابێ درا؛ ئەمەش دەریخست کە ئەو ڕێژیمە چەندە لەگەڵ کێبڕکێی سیاسی نامۆیە و هاوشێوەی شاکانی قاجار دەڵێت: خەڵک کێیە هەتا ئازادیی بوێت؟!
ئەو کات داواکاریی حیزبی دێموکرات و ڕێبەرایەتییەکەی پەراوێز خرا؛ ڕاستە فەتوادەر خومەینی بوو، بەڵام بێدەنگبوون و تەماشاکردنی کەسانی دیکەش لە کزبوونی ئەم هاوارەدا بێکاریگەر نەبوو، تا ئەو کاتەی هەمان پەتی فەتوای کوشتنی دێموکرات پەلی کێشا بۆ سەر قەتڵە زنجیرەیییەکان و لەناوبردنی جیابیرانی دیکەش. کەواتە ئەگەر ئەو سەردەمە لە جیاتی سەنگەرگرتن لە حیزبی دێموکرات و ئاژاوەنانەوە بە دروستی سەرنجی ڕوانگەکانی درابا، ئێستا ئیتر ئێران ناونیشانی قەتڵ، تیرۆر، زیندان و مافکوژی نەدەبوو.
کۆماری ئیسلامی هەموو دەرفەتەکانی کوشت؛ ئەوەی کە دەبێت گەلانی نێو جوگرافیای ئێران سەرنجی بدەن، ناسین و مامەڵەی سیاسییانەیە لەگەڵ پرسی کورد و حیزبی دێموکراتدا؛ ئەو کات لە بەرفراوانیی دید و تێڕوانینی پێشکەوتووانەی ئەم حیزبە، هەمووان بەهرەمەند دەبن. بە زمانێکی سادە و لە وەڵامێکی کورتدا، داواکارییەکانی حیزبی دێموکرات بریتین لە: مافی نەتەوایەتی، مافی چینایەتی و دادپەروەری، و دێموکراسی.