کۆمیتەی سەربەخۆی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئێران، داوای لە شۆرای مافی مرۆڤ کرد لێکۆڵینەوەی پەپەلە و سەربەخۆ لەسەر تاوانەکانی شەڕ و "تاوانی دژی مرۆڤایەتی" لە ڕەوتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان و شەڕی ئێراندا بکات.
سارا حوسێن، سەرۆکی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی خەرمانان ڕایگەیاند کە پێویستە تەواوی لایەنە بەشدارەکان، بەرانبەر تۆمەتەکانی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆڤدۆستانەکان وڵامدەر بن.
لەو ڕاپۆرتەدا، کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە ئەنجامدانی "تاوانی دژی مرۆڤایەتی" لە ڕەوتی سەرکوتکردنی توندوتیژانەی خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" و بەفرانباری ١٤٠٤ تۆمەتبار کردووە.
ئەم کۆمیتە سەربەخۆیە داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی سێدارەدانی ناڕازییان و ئازادکردنی بێمەرجی دەسبەسەرکراوانی کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو کۆمیتەیە، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ڕابردوودا چەکی کوشندەیان بەرانبەر هاووڵاتییان و منداڵان بەکار هێناوە، کە بووەتە هۆی برینداربوونیی سەختی سەر، سینگ و چاوی خۆپیشاندەران؛ برینێک کە لە زۆر حاڵەتدا بووەتە هۆی کوێربوونی هەمیشەیی.
سارا حوسێن جەختی کردەوە ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییان زۆر لەو ئامارە فەرمییە زیاترە کە تاران ڕاگەیاندووە.
پێشتر ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندبوو کە لە ڕەوتی سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباردا ۳ هەزار و ٣٨ کەس کوژراون و ٢٥ هەزار کەسی دیکە بریندار بوون.
لە بەرانبەردا، عەلی بەحرەینی، نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە ژنێڤ، بە ڕەتکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتە و لە لێدوانێکی چەواشەکارانەدا، هۆکاری کوشتنی خۆپیشاندەرانی بە دەستێوەردانی دەرەکی گەڕاندەوە و هەروەها ئامانجی ئەمریکای بۆ لەنێوبردنی شارستانییەتی ئێران و گەڕاندنەوەی وڵات بۆ "سەردەمی بەردین" وەسف کرد.