
ئازاد مستۆفی
لە مێژووی هاوچەرخی کورددا، یەکێک لە بەناوبانگترین دەربڕینە سیاسییەکان ئەوە بووە کە: «دوژمنی سەرەکیی کوردستان جوگرافیاکەیەتی». مەبەست لەم دەربڕینە ئەوە بووە کە کوردستان لە نێوان چوار وڵاتدا دابەش کراوە و ئەم دابەشکردنە، کوردەکانی لە هەر بەشێکدا کردووەتە کەمینەیەک لە نێو دەوڵەتێکی تردا کە خاوەنی مافە مرۆییەکانیشی نییە. لە سەدەی بیستەمدا، ئەم دۆخە وەک کۆسپێکی گەورە بۆ پڕۆژەی نەتەوەییی کورد دەوری گێڕا و سنووری داگیرکەران چالاکیی نەتەوەیی کورد وڵاتەکەیان پارچەپارچە کرد. دەوڵەتەکان پرسی کوردیان لای وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزەکان بە «کێشەی نێوخۆیی» ناساند و سیاسەتی نێودەوڵەتیش بەپێی بەرژەوەندیی خۆی گوێی لێ خەواندبوو؛ بەڵام ئەم وێنەیە لە سەدەی بیست و یەکەمدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
جوگرافیا نەگۆڕاوە، بەڵکوو مانای سیاسی و ستراتیژیی جوگرافیا گۆڕاوە. ئەگەر لە ڕابردوودا دابەشبوونی کوردستان بەسەر چوار وڵاتی داگیرکەردا بە مانای پەراوێزخستن و لاوازکردنی کورد بوو، لە دۆخی نوێی ناوچەکەدا هەمان دابەشبوون دەتوانێت کوردستان بکاتە خاڵێکی پێوەندی لە نێوان چوار ژینگەی ژێئۆپۆلیتیکیی جیاوازدا. بەم پێیە، پرسیاری سەرەکی ئەمەیە: ئایا ئەو جوگرافیایەی کە بۆ ماوەیەکی درێژ بە کۆسپێک بۆ کوردستان دادەنرا، ئێستا دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی نفووز و کارتێکی گوشار لەسەر دەوڵەتەکانی دەوروبەری؟ جوگرافیای کوردستان بە تەنیا کارتێکی براوە نییە، بەڵکوو کاتێک لەگەڵ وشیاریی نەتەوەیی، دامەزراوەسازی، توانای سیاسی، پێوەندیی نێودەوڵەتی و گۆڕانی هاوسەنگیی هێزەکان کۆ دەبێتەوە، دەگۆڕێت بۆ سەرمایەی (کاپیتاڵی) ژێئۆپۆلیتیکی. بۆ تێگەیشتن لەم گۆڕانکارییە، پێویستە سەرەتا لە جیاوازیی نێوان جوگرافیای سیاسی و ژێئۆپۆلیتیک تێبگەین: جوگرافیا دەپرسێت «کوردستان لە کوێیە؟»، بەڵام ژێئۆپۆلیتیک پرسیاری ئەوە دەکات کە «بوونی کوردستان لەو شوێنە، بۆ هێزە سیاسییەکان چ مانایەکی هەیە؟».
هەڵکەوتەی جوگرافیی کوردستان لە ناوچەیەکی ئاساییدا نەبووە و نییە؛ لە نێوان ئورووپا و ئاسیا، قەوقاز و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دەریای نێوەڕاست و کەنداو، و لە نێوان تورکیە، ئێران، عێراق و سووریەدا شوێنێکی ستراتیژیی هەیە. ئەوەی لە سەدەی بیستەمدا بووەتە هۆی ترسی دەوڵەتەکان، لە سەدەی بیست و یەکەمدا دەتوانێت ببێتە هۆی گرنگیی پێگەی کوردستان. بە واتایەکی تر، هەمان جوگرافیا دەتوانێت دوو مانای جیاوازی هەبێت، بەپێی ئەوەی کێ توانای بەکارهێنانی سیاسی و ستراتیژیی ئەو جوگرافیایەی هەیە، و ئێستا بارودۆخی ناوچەکە و پلانی زلهێزەکان بۆ ئەو داگیرکەرانە چۆنە. لە ڕابردوودا داگیرکەران توانای ئەوەیان هەبوو کە سنوورەکان بەکار بهێنن بۆ لێکدابڕانی خاکی کوردستان، بەڵام ئێستا هەمان سنوورە دەستکردەکان ناتوانن ڕۆڵی پێشوو بگێڕن. هۆکارەکانیش زۆرن: لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بگرە هەتا پەنابەری و هێزی دیاسپۆرا، مێدیا، پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان، نەمانی یەکدەستیی جاران و لاوازبوونی دەوڵەتە ناوەندییەکان، و پەرەسەندنی ڕۆڵی هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان. هەروەها لە هەندێک قۆناغدا هێزە سیاسییەکانی کوردستان توانای ئەوەیان هەبووە کە لە سنوورە نێودەوڵەتییەکان تێپەڕن و کاریگەرییەکی ناوچەیی دروست بکەن؛ بۆ نموونە، لەو تەنگپێهەڵچنینەی کە بۆ ڕۆژاوای کوردستان هاتە پێش، باشووری کوردستان ڕۆڵی کارای دیپلۆماسیی خۆی گێڕا و کاریگەرییەکەشی بە ئاشکرا بینرا، و بێگومان ئەمە شێوازێکی نوێی تێپەڕین لە سنوورە نێودەوڵەتییەکان لەلایەن هێزە سیاسییەکانی کوردستانەوە پێشان دەدات.
سنووری سیاسی، نەتەوە دابەش ناکات
لە سەدەی بیستەمدا، کوردستان بەشێوەیەکی بنەڕەتی لە نێو سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەدا پەراوێز خرا، و سنوورەکانی دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، بەتایبەتی سیستەمی نوێی ناوچەکە، کوردستانیان کردە ناوچەیەکی دابەشکراو لە نێوان چەند دەوڵەتێکی داگیرکەردا. ئەم دۆخە سێ کاریگەریی سەرەکیی هەبوو:
١. کۆکردنەوەی تواناکانی کورد قورس بوو.
٢. هەر بزووتنەوەیەکی کورد وەک «کێشەی نێوخۆیی دەوڵەتی داگیرکەر» پێناسە دەکرا.
٣. دەوڵەتانی داگیرکەر توانییان لە پێوەندییەکانیاندا لەگەڵ یەکتر، پرسی کورد وەک کارتێکی گوشار دژ بە یەکتر بەکار بهێنن، بەڵام هەموویان لە کۆتاییدا بۆ سەرکوتکردن و قڕکردنی کورد هاودەست و هاوڕا بوون.
دیارە ئەم سیستەمە یەک شتی گرنگی لەبیر کرد و هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت دەستەوەستان ماوەتەوە، ئەویش ئەوە بوو کە «نەتەوە ناتوانرێت تەنیا بە سنوورە سیاسییەکان لە نێو ببرێت». جوگرافیای کوردستان لە نێو نەچوو؛ وشیاریی نەتەوەیی کورد گەشەی کرد؛ قوتابی و خوێندکاری کورد هەرچی زیاتر ئاستی خوێندەوارییان چووە سەرەوە، پتر ڕوویان لە خواستە نەتەوەییەکانی کورد کرد؛ زمان و کولتوور لە نێو نەچوون و لە زۆر قۆناغدا، گوشار و سەرکوتکردن بووە هۆی بەهێزتربوونی ناسنامەی نەتەوەییمان. بەدرێژایی سەدەی بیستەم، سەرکوتکردن و سیاسەتی نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کورد، بە شێوەیەکی پێچەوانە یەکێک لە هۆکارەکانی بەردەوامبوون و پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی کوردی بووە و هەیە، چونکە جوگرافیا لەگەڵ مێژوو و شوناسدا پێکەوە گرێ درابوون.
ئەگەر بمانەوێت بەڵگەیەکی مادی بۆ گۆڕانی مانای جوگرافیای کوردستان بدۆزینەوە، باشترین نموونە «حکوومەتی هەرێمی کوردستان»ە. لە ١٩٩١ەوە و پاشان بە دامەزراندنی سیستەمی فیدراڵیی عێراق و دەستووری ٢٠٠٥، کورد لە عێراقدا لە قۆناغی «نەتەوەی بێدەوڵەت»ەوە چووەتە قۆناغی «هەرێمێکی دەستووری»، و ئەم جیاوازییە یەکجار گرنگە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی دامەزراوە، پەرلەمان، کابینەی وەزیران، هێزی ئەمنی و پێوەندیی سیاسی و ئابوورییە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، ئەمریکا، ئورووپا، چین، کۆریای باشوور و ژاپۆن. واتە باشووری کوردستان لە ژێئۆپۆلیتیکی ناوچەکەدا بووەتە ئەکتەرێکی دەستووری لە نێوان دەوڵەت و نادەوڵەتدا، و لە ڕاستیشدا ئەم جوگرافیایە چیتر تەنیا شوێنێکی بێدەنگی نێوان ئێران، عێراق و تورکیە نییە، بەڵکوو هەرێمی کوردستان خۆی بووەتە فاکتەرێکی ژێئۆپۆلیتیکی و ئەمەش گۆڕانکارییەکی زۆر گەورەیە.
جێی ئاماژەیە جوگرافیا خۆی لە خۆیدا کارت نییە، بەڵکوو «توانای بەکارهێنانی جوگرافیا» کارت دروست دەکات. ئەگەر باشووری کوردستان تووشی گرفتی نێوخۆیی بێت، ئەگەر پێوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا، ئەنقەرە و تاران تەنیا لەسەر بنەمای ناچاریی ئابووری و سەربازی بن، و ئەگەر یەکگرتوویی ستراتیژی لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا نەبێت، ئەوا هەمان جوگرافیا دەتوانێت بۆی ببێتە خاڵی لاوازی؛ بەڵام ئەگەر دامەزراوەسازی، یەکڕیزیی سیاسی و دیپلۆماسیی کارا لە ئارادا بن، هەمان جوگرافیا دەبێتە سەرچاوەی نفووز و دەسەڵات.
دەربارەی ڕۆژاوای کوردستان، لە ساڵانی شەڕی نێوخۆیی سووریەدا، کورد توانیی ناوچەیەکی بەرفراوان بەڕێوە ببات و ببێتە یەکێک لە هێزە سەرەکییەکانی شەڕی دژ بە داعش. ئەم ئەزموونە گرنگییەکی ژێئۆپۆلیتیکی هەبوو؛ بۆ یەکەمجار لە مێژووی هاوچەرخدا، کورد لە سووریەدا تەنیا داواکاریی ناسنامەیی نەبوو، بەڵکوو ئەزموونی حوکمڕانی، ئەمنی و پێوەندیی نێودەوڵەتی بەدەست هێنا. لە ئێستاشدا، ئەگەرچی پڕۆژەی سیاسیی کورد لە سووریەدا لە ڕووی کۆنتڕۆڵی خاکەوە رووبەڕووی پاشەکشەی گەورە بووەتەوە، بەڵام بوونی کورد و داواکارییە سیاسییەکانی بوونەتە بەشێک لە پرسیارە سەرەکییەکانی داهاتووی دەسەڵاتی سیاسیی سووریە. لە کاتێکدا کە دیمەشق دەیەوێت دەوڵەتێکی مەرکەزی دروست بکاتەوە، پرسیارەکە ئەوەیە چۆن دەتوانێت کورد لە سیستەمی نوێدا جێگیر بکات؟ ئەمە خۆی وەرچەرخانێکی ژێئۆپۆلیتیکییە. کورد لە ڕۆژاوای کوردستاندا لە نێوان سێ هێزی سەرەکیدایە: تورکیە، حکوومەتی دیمەشق و ئەمریکا، کە هەر یەکێکیان بەرژەوەندییەکی جیاوازی هەیە: تورکیە نایەوێت قەوارەیەکی کوردیی بەهێز لەسەر سنوورەکانی دروست ببێت؛ دیمەشق نایەوێت دەسەڵاتی ناوەندی دابەش بێت؛ و ئەمریکاش پێویستی بە هێزێکی نێوخۆیی هەیە کە بتوانێت دژ بە داعش و توندڕەویی ئیسلامی، بۆ پاراستنی هاوسەنگیی ناوچەیی بەکاری بهێنێت. لە نێوان ئەم سێ بەرژەوەندییەدا، ئەگەر ڕۆژاوای کوردستان دیپلۆماسییەکی کارای هەبێت، ئیتر کورد تەنیا نابێتە کارتی دەستی هێزەکانی تر، بەڵکوو خۆی دەبێتە ئەکتەرێک کە بتوانێت کارتەکانی خۆی بەکار بهێنێت و کاریگەری لەسەر هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا دابنێت؛ و ئەمەش ڕێک جیاوازیی نێوان «کارتبوون» و «کارت بەکاربردن»ە.
گرنگترین بەڵگەی نوێ بۆ گۆڕانی مانای جوگرافیای کوردستان لە ئێراندا دەبینرێت. لە شەڕی ٢٠٢٦ی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلدا، هەڵسەنگاندنی ناوەندە توێژینەوەییەکان دەیسەلمێنن کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستاندا بوونەتە یەکێک لە خاڵە هەستیارە ئەمنییەکان بۆ لاوازکردنی تاران. لە ماوەی ئەم جەنگەدا، چەندین بنکە و بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەدان جار بوونە ئامانجی درۆن و مووشەکەکانی سوپای پاسداران و میلیشیاکانی سەر بە ئێران. ئەمە مانای ئەوەیە تاران لە کاتی شەڕدا پرسی کورد وەک دۆخێکی ئەمنیی ناوچەیی سەیر دەکات، نەک تەنیا بابەتێکی نێوخۆیی. ئەمە لە ڕووی تیۆرییەوە جێی سەرنجە، چونکە لە ڕابردوودا، لە سەردەمی پەهلەوییەوە هەتا ئێستا، دەگوترا دۆسیەی کورد لە ئێران کێشەیەکی نێوخۆیییە، بەڵام ئێستا دۆخەکە بەو شێوەیە نییە؛ کاتێک بارەگایەکی حیزبی دێموکرات لە خاکی باشووری کوردستاندا دەکرێتە ئامانج، ئیتر کێشەکە لە سنووری ئێران تێدەپەڕێت و دەبێتە کێشەی نێوان ئێران، عێراق، هەرێمی کوردستان و هێزە نێودەوڵەتییەکان. واتە ئەو سنوورە سیاسییەی کە پێشتر کوردی لەیەک دادەبڕی، ئێستا دەتوانێت دۆسیەی کورد ڕاستەوخۆ بگوازێتەوە بۆ ئاستی نێودەوڵەتی.
کاتێک ئێران لە شەڕی دوازدە ڕۆژە، چل ڕۆژە و قۆناغەکانی دواتردا لە کردنەوەی بەرەیەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەترسێت و دەست دەکاتە هەڕەشە و گوڕەشە، و بەپەلە دەیەوێت تورکیە و ئەمریکا ڕازی بکات تا ڕێگری لە ئازادکردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکرێت، ئەمە لە ڕووی ژێئۆپۆلیتیکییەوە پەیامێکی گەورەی هەیە؛ ئەوەی پێشتر وەک هەڕەشەیەکی بچووکی نێوخۆیی چاوی لێ دەکرا، ئێستا دەتوانێت ببێتە بەرەی دووەمی شەڕێکی ناوچەیی. بۆیە تاران تەنیا بیر لە هێرشی دەرەکی ناکاتەوە، بەڵکوو پێشمەرگەکانی کوردستان و ڕاپەڕینی جەماوەری بە مەترسیی ڕاستەقینە بۆ سەر درێژەی تەمەنی دیکتاتۆرییەکەی دەزانێت.
لە لایەکی ترەوە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە شوباتی (فێبریوەریی) ٢٠٢٥دا داوای کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداری کرد و پەکەکە لە مانگی ئایاری (مەیی) هەمان ساڵدا بڕیاری چەکدانانی خۆی ڕاگەیاند. لە ٢٠٢٦دا پەرلەمانی تورکیە یاسایەکی نوێی پەیوەندیدار بە پرۆسەی چەکدانان و ئاوێتەکردنەوەی ئەندامانی پەکەکەی پەسند کرد. ئەمە بەو مانایە نییە کە کێشەی کورد لە تورکیەدا کۆتایی هاتووە؛ بەپێچەوانەوە، یاساکە هێشتا پرسی مافە سیاسی و کولتوورییەکانی کورد، یاساکانی دژە«تیرۆر» و پێگەی ئۆجەلانی چارەسەر نەکردووە؛ بەڵام گۆڕانکارییەکە لە خاڵێکی تردایە: ئەویش ئەوەیە کە تورکیە چیتر ناتوانێت پرسی کورد بە تەواوی لە دەرەوەی هاوکێشە ستراتیژییەکانی خۆی دابنێت. لە کاتێکدا کە دەسەڵاتی سووریە تووشی گۆڕانکاری بووە، ئێران لەگەڵ شەڕی دەرەکیدا ڕووبەڕوویە و عێراقیش خاوەنی پێکهاتەیەکی فیدراڵییە، چارەسەرکردنی پرسی کورد بۆ ئەنقەرە دەبێتە بەشێک لە ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی. بە واتایەکی تر، باکووری کوردستان ئێستا بووەتە کارتێک بۆ دیاریکردنی داهاتووی سیاسی و دەستووریی تورکیە، کە هێزە سیاسییەکانی ئەو بەشە دەتوانن کەڵکی لێ وەربگرن.
لە کارتبوونەوە بۆ بەکارهێنانی کارت
لە ژێئۆپۆلیتیکدا کاتێک هێزێک بتوانێت کاریگەریی هێزەکانی تر زیاد بکات، دەتوانێت ڕۆڵی «کاتالیزەر» (خێراکەر) بگێڕێت، و بێگومان پرسی کورد دەتوانێت لە ناوچەکەدا ئەم ڕۆڵە ببینێت. بۆ نموونە، لەم بارودۆخە لاوازەی ئێستای ئێراندا، ئەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە دەتوانێت ببێتە هۆکاری زیادبوونی گوشار لەسەر تاران و هەنگاونان بەرەو ئازادی و دێموکراسی. لە سووریەش، ئەگەر کراوەیی سیاسی نەیەتە ئاراوە، ژیانی ئاسایی دابین نەکرێت و مافی نەتەوە و ئایینەکان دەستەبەر نەکرێت، ئەوا ڕۆژاوای کوردستان دەبێتە یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی دیمەشق. مانەوەی جوگرافیای سیاسیی ئەنقەرەش بەستراوەتەوە بەوەی تا چەند دەتوانێت دان بە مافەکانی نەتەوەی کورد و پێکهاتەکانی تردا بنێت. ئێران ئەگەریش پارچەپارچە نەبێت، دەسەڵاتی تاران بەرەو داڕمان دەچێت؛ لە ڕۆژاوا کورد پێگەی لە هاوکێشەی دەسەڵاتدا هەیە؛ و لە باکووریش ئیتر تورکیە بیانووی بۆ هێرشکردنە سەر خاکی باشووری کوردستان نییە؛ بۆیە بەدوور نازانرێت کە دەسەڵاتی سیاسیی باشووری کوردستان، بە ڕەچاوکردنی مەرجە ستراتیژییەکان، پێگەی خۆی زیاتر پەرە پێ بدات.
کاتێک باس لە وەرچەرخان لە «کارتبوون»ەوە بۆ «بەکارهێنانی کارت» دەکرێت، زۆر گرنگە لە هەر تێگەیشتنێکی ڕۆمانتیکی دوور بین. ئەوەی کوردستان دەکاتە کارتێکی ژێئۆپۆلیتیکی تەنیا بوونی کورد لەو جوگرافیایەدا نییە، بەڵکوو مەرجی سەرەکی ئەوەیە کە کورد خۆی توانای بەکارهێنانی ئەو کارتەی هەبێت: یەکڕیزیی سیاسی، دیپلۆماسیی نەتەوەیی، دامەزراوەسازی و دوورکەوتنەوە لە بوون بە ئامرازی ململانێی دەرەکی، ئەو خاڵانەن کە لە ئامانج نزیکمان دەکەنەوە. ئەگەر کوردستان تەنیا وەک ئامرازێک لەلایەن هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە بەکار بهێنرێت، ئەوکات لە «خاوەن کارت»ەوە دەگۆڕێت بۆ «ماددەی بەکارهێنراو» لە کێشمەکێشەکانی ناوچەکەدا؛ بۆیە تێگەیشتن لەم جیاوازییە زۆر گرنگ و یەکلاکەرەوەیە.
لە زانستی ژێئۆپۆلیتیکدا هەندێک ناوچە بەهۆی شوێنی جوگرافییانەوە دەبنە «پایڤۆت» (Pivot)، واتە چەقێکی ستراتیژی کە گۆڕانی ئاراستەکەی کاریگەری لەسەر هاوسەنگیی تەواوی هێزەکان دروست دەکات. کوردستان دەتوانێت بەو ئاراستەیەدا هەنگاو بنێت؛ و ئەوەی پێشتر وەک «دابەشبوونی کوردستان» دەبینرا، دەکرێت لە دۆخی نوێدا وەک خاڵی بەستنەوەی چوار ژینگەی سیاسی بخوێندرێتەوە. بەم شێوەیە دەکرێت دەستەواژە کۆنەکەی «دوژمنی سەرەکیی کوردستان جوگرافیاکەیەتی» بە تەواوی پێچەوانە بێتەوە. جوگرافیا لە ڕابردوودا بەهۆی ئەوەی کوردستانی دابەش کردبوو، کۆسپ بوو، بەڵام ئەمڕۆ دەکرێت ببێتە سەرمایەیەکی گەورەی ژێئۆپۆلیتیکی.
ئەم وەرچەرخانە لە سێ ئاستدا ڕووی داوە:
١. ئاستی مێژوویی: سەدەیەک خەباتی بەردەوامی گەلی کورد وای کردووە کە پرسی کورد بە هیچ شێوەیەک نەسڕدرێتەوە.
٢. ئاستی ناوچەیی: لاوازبوونی دەوڵەتە ناوەندییەکان، شەڕی سووریە، گۆڕانکارییەکانی عێراق و شەڕی ئێران، هەموویان پرسی کوردیان کردووەتە بەشێکی سەرەکی لە هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا.
٣. ئاستی نێودەوڵەتی: کورد لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لەگەڵ ئەمریکا، ئورووپا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان پێوەندییەکی فراوانی دروست کردووە، بەتایبەتی لە شەڕی دژ بە داعش و لە پڕۆسە سیاسییەکانی عێراق و سووریەدا.
بۆیە پرسی کورد چیتر پرسی دەوڵەتە داگیرکەرەکان نییە، بەڵکوو پرسی سیستەمی ئەمنیی تەواوی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. کوردستان دەتوانێت جوگرافیای خۆی بکاتە ستراتیژ، و بێگومان لەمەودوا دوژمنی سەرەکیی کوردستان جوگرافیاکەی نییە، بەڵکوو «نەتوانینی بەکارهێنانی جوگرافیاکەیەتی»، کە دەبێت بزانرێت چۆن، بۆ کێ و لە پێناو چیدا بەکار دەهێنرێت. لە سەدەی بیستەمدا، دەوڵەتانی دەوروبەر جوگرافیای کوردستانیان بۆ دابەشکردن، کۆنتڕۆڵکردن و سەرکوتکردنی کورد بەکار هێنا؛ بەڵام لە سەدەی بیست و یەکەمدا، کورد دەتوانێت هەمان جوگرافیا بۆ دروستکردنی نفووز، دیپلۆماسی و کارتی گوشار بەکار بهێنێت. گۆڕانی بنەڕەتی لە جوگرافیای کوردستاندا نییە، بەڵکوو لە توانای کورددایە بۆ مانادان بە جوگرافیای خۆی؛ و ئەمەیە جیاوازیی نێوان «کوردستانی دابەشکراو» و «کوردستانی ژێئۆپۆلیتیکی». لە دۆخی نوێی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، جوگرافیا دەتوانێت لە قەفەزەوە بگۆڕێت بۆ دەرفەت؛ لە کۆسپەوە بگۆڕێت بۆ نفووز؛ و لە دوژمنەوە بگۆڕێت بۆ کارت.