کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢١ی خەرمانان؛ دەنگی شاخ و شکۆی شار

10:55 - 21 خەرمانان 2726

مەنسوور مروەتی

لە مێژووی بزووتنەوەی ئازادیخوازانە و مافخوازانەی گەلی کورددا، زۆر ڕۆژ و بۆنە هەن کە هەرکام بە جۆرێک دەرخەری ڕووداوێکی گەورەی مێژوویین و لە یادەوەریی نەتەوەییماندا پێگەیەکی تایبەتییان هەیە. زۆربەی ئەو ڕۆژ و ڕێکەوتانە دووانەیەکن لە کارەسات و بەرەنگاری؛ واتە جاری وا بووە کارەساتێکی دڵتەزێن ڕووی داوە، بەڵام گەلەکەمان بە گشتی هەڵوێستێکی وەهای نواندووە کە نەک هەر لە کارەساتەکەدا نەچەقیون و نەوەستاون، بەڵکوو لە هەناوی ئەو کارەساتەدا ژیانەوە، بووژانەوە و بەرەنگارییان خوڵقاندووە، کە ئەو هەڵوێستە مێژوویی و بوێرانەیە خۆی بووەتە لاپەڕەیەکی زێڕین لە مێژووی خەباتی گەلەکەماندا.

کارەساتی ١٧ی خەرمانان، واتە مووشەکبارانکردنی قەڵای دێموکرات و شوێنی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە بووە هۆی شەهیدبوونی شازدە کادر و پێشمەرگەی حیزب، ڕووداوێکی دیکەی لەم چەشنە بوو کە سەرەتا کۆست و خەمێکی گەورە بوو، بەڵام دواجار شکۆی ٢١ی خەرمانانی بەدوای خۆیدا هێنا. دیارە ئەگەرچی لە ماوەی ئەم چل و حەوت ساڵەی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئەوە یەکەم جار نەبوو کە تێکۆشەرانی کورد بکەونە بەر پەلاماری تیرۆریستیی ئەم ڕێژیمە و لەم سۆنگەیەوە زەبریان بەر بکەوێت، بەڵام کارەساتی ١٧ی خەرمانان یەکێک لەو دەگمەن ڕووداوانە بوو کە دەکرێت بڵێین لە مێژووی بزووتنەوەی کورد و تەنانەت ناوچەکەشدا ڕووداوێکی یەکجار گرینگ و کەم‌وێنە بوو؛ کەم‌وێنە لەم بارەوە کە ئەوە یەکەم جار و لەو دەگمەن حاڵەتانە بوو کە ڕێژیمێک لەم ناوچەیە و بگرە لە جیهانیشدا، سەرکردایەتیی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی خۆی بە مووشەکی دوورهاوێژ، ئەویش لە نێو خاکی وڵاتێکی دیکەدا بکاتە ئامانج. هەروەها ئەوە یەکەم جاریش بوو کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر بە ڕووهەڵماڵراوی بەرپرسایەتیی ئەو پەلامارەی گرتە ئەستۆ و ڕاشکاوانە ڕایگەیاند ئامانجیان لەو پەلامارە، لەنێوبردنی سەرکردایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە.

ئەگەرچی ئەو تاوانە تیرۆریستییە گورزێکی یەکجار قورس بوو لە حیزبی دێموکراتی کوردستان کەوت و شەش ئەندامی لێهاتوو و بەئەزموونی ڕێبەری و هەشت کادر و پێشمەرگەی بەئەمەکی ئەم حیزبەی لە بزووتنەوەی کورد ستاند، بەڵام ئەوە هەر حیزبی دێموکرات بوو کە توانی سەرەڕای هەڵگرتنی ئەو برینە قورسە، لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێت و بۆ تاقە یەک ڕۆژیش لە کار و تێکۆشان نەوەستێت.

ئەم کارەساتە تەنیا برینێک نەبوو کە حیزب بە تەنیا هەڵیگرێت، بەڵکوو لە ڕاستیدا نیشتمانێکی زامدار کردبوو؛ بۆیە هەر چوار ڕۆژ دوای ئەم تاوانەی ڕێژیم، ئەوە خەڵک و بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان بوون کە لە هەڵوێستێکی ئازایانەدا، ڕۆژێکی پڕسەروەریی دیکەیان خستە سەر لاپەڕەکانی مێژووی سیاسیی گەلەکەمان. ٢١ی خەرمانان و مانگرتنی بەربڵاوی خەڵکی کوردستان، هەر بۆ ڕیسواکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پشتیوانی لە حیزب و ڕۆڵە خەباتکارەکانی خۆیان نەبوو، بەڵکوو لەوەش زیاتر، ڕێفراندۆمێکی مەدەنی بوو بۆ ئەوەی بە هەمووان بڵێت کوردستان چ پێگەیەکی هەیە و خاوەنەکانی کێن! بەڵێ، ٢١ی خەرمانان تەنیا ڕۆژێک و مانگرتنێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە و چارەنووسسازی نێوان بزووتنەوەی کورد و کۆماری ئیسلامی بوو لە ئێراندا، کە دیار بوو دواتر کامیان براوە دەبێت!

کۆماری ئیسلامی لە تەواوی دەسەڵاتداریی خۆیدا، بۆ کەلێن خستنە نێوان خەڵک و حیزبەکان و هەروەها شکاندن و بەچۆکداهێنانی بزووتنەوەی کوردستان، هەرچی لە دەستی هاتووە کردوویەتی؛ هەر لە هەڵگیرساندنی شەڕی بەربڵاو لە کوردستانەوە، تا تیرۆری سەرکردەکان، کادرەکان و پێشمەرگەکانی کوردستان. جگە لەوەش، کۆماری ئیسلامی هەمیشە هەوڵی داوە حیزبەکان لە خەڵکی کوردستان داببڕێت و بە دنیای دەوروبەر و دەرەوەش بڵێت کە شتێک بە ناوی پرسی کورد لە ئێراندا بوونی نییە. هەڵبەت لەو ململانێ دوورودرێژەدا، دۆڕاوی سەرەکیی ئەو مەیدانە هەر کۆماری ئیسلامی بووە و حەماسەی ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاویش بەڵگەی زیندووی ئەم ڕاستییەیە.

دیارە بە درێژایی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان و بەتایبەتی لەم چل و حەوت ساڵەی ڕابردوودا، ئەوە یەکەم جار نییە کە خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر ڕووداوە جۆربەجۆرەکاندا هەڵوێست دەنوێنن. دەکرێت بڵێین سەرەڕای هەموو زەبروزەنگ، گوشار، گرتن و ڕاوەدوونانی چالاکوانان و ڕێکخەرانی ئەو جۆرە جووڵانەوانە، خەڵک بەردەوام لەسەر پێ و خاوەن هەڵوێستی بوێرانە بوون. ئەو هەڵوێستەی خەڵک جاری وا بووە بە هاتنە سەر شەقام، تەنانەت بۆ پشتیوانی لە خەباتی بەشەکانی دیکەی کوردستان نیشان دراوە، و جاری واش بووە بە مانگرتن و داخستنی دووکان و بازاڕ بووە لە بەرامبەر ئەو زۆرداری و سەرەڕۆییانەی کۆماری ئیسلامی کە لە کوردستاندا پێڕەوی کردوون. بۆ نموونە دەکرێت ئاماژە بە هەڵوێستی خەڵکی کوردستان لە سەرەتای پەلاماری سوپای پاسداران و ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان، کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان، ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە تیرۆری شەهید د. قاسملوو، بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و چەندین ڕووداوی دیکەی لەو شێوەیە بکرێت؛ بەڵام ئەو هەڵوێستنواندنە و ئەو خەباتە یەکگرتوو و هەمەلایەنەی خەڵک، لە ٢١ی خەرماناندا گەیشتە لووتکەی خۆی.

٢١ی خەرمانان کە زۆرێک لە چاوەدێرانی سیاسی بە «ڕێفراندۆمی خەڵکی کوردستان» ناویان لێ برد، پەیامێکی زۆر ڕوون، ئاشکرا و بێپەردە بوو بۆ هەموو لایەک؛ بەتایبەت پەیامی ئەو ڕۆژە بۆ دەسەڵاتدارانی تاران و هەروەها بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ئەوە بوو کە ئەم گەلە هەرگیز پشت لە ڕۆڵە خەباتکارەکانی خۆی ناکات و هیچ چەشنە ئامراز و شێوازێکی سەرکوت ناتوانێت ئەوان لە مەیدان وەدەربنێت، و بە تیرۆر و مووشەکی بالیستیکیش چاوترسێن نابن. ٢١ی خەرمانان و مانگرتنەکانی دواتری خەڵکی کوردستان لە دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژیناوە تا ئەمڕۆ، سەلمێنەری ڕادەی توانایی بزووتنەوەی کوردستانە لە خەباتی سیاسی و مەدەنیدا، و نیشاندەری هاوئاهەنگیی تۆکمەی نێوان خەڵک و حیزبەکانییەتی؛ هەروەها وەڵامێکی یەکلاکەرەوەش بوو بۆ ئەو کەسانەی کە بە مەبەست، حیزبەکانی کوردستان تەنیا وەک «چەند حیزبێکی چەکدار» ناوزەد دەکەن. لە بەرامبەردا، ئەم ڕووداوە پرسیارێکی زۆر سادە و لە هەمان کاتدا سەنگی خستە بەردەمیان: ئێوە کە بزووتنەوەی کوردستان تەنیا بە چەند گرووپێکی چەکدار ناو دەبەن، ئایا لە مێژووی خۆتاندا بۆ تاقە یەک جاریش بووبێت، ئەو توانایەتان تێدا بووە لە سەرانسەری ئێراندا وەک نیشانەی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی، جووڵەیەکی لەم چەشنە وەڕێ بخەن؟ وەڵامەکە زۆر ڕوونە؛ نە توانست و نە ڕادەی پێگە و کاریگەریی ئەوان لە نێو خەڵکدا، هەرگیز لەگەڵ حیزبەکانی کوردستاندا بەراورد ناکرێت.

هەڵبەت لەو ڕۆژەدا، خەڵکی کوردستان لە وەڵامی داواکاریی حیزبەکان بۆ مانگرتنی سەرتاسەری، وێڕای بەدەمەوەچوونی داواکەیان و خوڵقاندنی ئەو حەماسە شکۆدارە، لە ڕاستیدا پەیامێکی ڕاشکاوانەشیان بۆ خودی حیزبەکان پێ بوو، ئەویش ئەوە بوو: «ئەگەر ئێوە یەکگرتوو و پاڵپشتی یەکتر بن، ئێمەش بێ سڵەمینەوە لەگەڵتانین».

لە یەک دێڕدا: ڕۆژی ٢١ی خەرمانان و ڕێفراندۆمە مەدەنییەکەی ئەو ڕۆژە، بۆ هەمیشە وەک لاپەڕەیەکی زێڕین لە مێژووی بزووتنەوەی کورددا دەمێنێتەوە و تابلۆیەکی جوان و پڕواتایە لە هاوئاهەنگیی شکۆی شاخ و هاواری شار.