کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای سێدارە و بەندکرانی قورس بەسەر سێ بەندکراوی سیاسیی ژن

09:58 - 21 خەرمانان 2726

دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران لە بەرەبەرەی ساڵیادی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا، سزای سێدارەی بەسەر دوو ژنە بەندکراوی سیاسی و سزای ۲۵ ساڵ بەندکرانی بەسەر ژنێکی دیکەدا سەپاند.

کانوونی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردەوە "مەرزییە ئیبراهیمی"، هاووڵاتیی تەمەن ۳۲ ساڵانی دانیشتووی بەندەرعەباس، تەنیا بەهۆی "وێنەگرتن لە شوێنی بەرکەوتنی مووشەکێک" لەلایەن دادگای هۆرمۆزگانەوە تۆمەتی "افساد فی‌الارض" و "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا"ی دراوەتە پاڵ و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە.

ئەوە لەحاڵێکدایە کە هیچ بەڵگەیەک لەسەر پەیوەندیی ناوبراو بە دەوڵەتانی دەرەکی بڵاو نەکراوەتەوە و تووشی چەندین نەخۆشیی دژواری وەک ئێم‌ئێس بووە.

هاوکات، سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاند کە دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم داواکاریی دووبارە دادگاییکردنەوەی "ئەرغەوان فەلاحی"، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ۲٤ ساڵانی لە بەندیخانەی "ئێڤین"ی ڕەت کردووەتەوە و سزای سێدارەکەی پەسەند کردووە.

دادگای ئینقلابی تاران، ئەو بەندکراوەی بە تۆمەتی "بەغی" و "ڕاپەڕینی چەکدارانە" سزا داوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا هیچ چەکێکی پێ نەبووە.

لەلایەکی دیکەوە، هەواڵدەریی هێرانا بڵاوی کردەوە "نەسیمە ئیسلام‌زێهی" لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە بە تۆمەتی "بەشداری لە تاوانی بەغی" سزای ۲۵ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێنراوە.

نەسیمە جەختی کردووەتەوە کە بەهیچ شێوەیەک ئاگاداری تۆمەتەکان نەبووە و ئەندامی هیچ ڕێکخراوێک نەبووە.

سەپاندنی ئەم سزا قورسانە لەکاتێکدایە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەردەوام هۆشداریی داوەتە تاران کە ئامرازی "ئەمنییەتی میللی" بۆ سەرکوتکردنی هاووڵاتییان بەکار نەهێنێت، و دوناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکاش حەفتەی ڕابردوو بەهۆی کوشتن و لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران، دەسەڵاتدارانی ئێرانی بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی تۆمەتبار کرد.