کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاوەستانی یەکجاریی هەناردەی نەوتی ئێران هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرچاوی هەناردەی وڵاتانی کەنداو

10:44 - 21 خەرمانان 2726

شیرکەتی بەدواداچوونی نەوتهەڵگرەکان (TankerTrackers) ڕایگەیاند هەناردەی نەوتی خاوی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێشتا لە ئاستی سفردا ماوەتەوە، لە کاتێکدا هەناردەی کۆی وڵاتانی بەرهەمهێنەری کەنداو بۆ یەکەم جار لە دوو مانگی ڕابردوودا ۱۰ ملیۆن بەرمیلی لە ڕۆژێکدا تێپەڕاندووە.

بەپێی زانیارییەکانی تانکێر تراکێرز، هەریەک لە وڵاتانی عێراق، کوەیت، عەرەبستان، قەتەر، ئێمارات و عومان، بڕی هەناردەکردنی نەوتی خۆیان لە ڕێگەی ئەوەی ناوی لێنراوە "هێڵی گەمارۆی ئەمریکا" بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دەوڵەتی ئەمریکا جەخت لەسەر بڕینی یەکجاریی داهاتە نەوتییەکانی تاران دەکاتەوە.

ئەم ئامارە نوێیانە لەکاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە بازاڕەکانی وزەی جیهان بەوردی چاوەدێریی پێشهاتە سەربازییەکانی حوسییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە یەمەن و هەڕەشەکانیان بۆ سەر گەرووی هۆرمۆز و بابولمەندەب دەکەن.

شڵەژانی بازاڕ و بەردەوامیی ئاڵۆزییە ناوچەییەکان بووەتە هۆی ئەوەی لەم حەفتەیەدا نرخی نەوتی خاوی برێنت و وێست تێگزاس بگاتە بەرزترین ئاستی خۆی لە سێ مانگی ڕابردوودا.