
عەلی بداغی
لە پێناسەی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا زۆرجار ئەم دەربڕینە بەکار هاتووە کە حیزبی دێموکرات حیزبی دوێنێ، ئەمڕۆ و سبەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەم دەربڕینە تەنها ڕیزکردنی کۆمەڵێک وشە یان دروشمێکی ناسنامەیی نییە؛ لە پشت ئەم پێناسەیەدا مێژوویەکی ٨١ ساڵە هەیە کە تێیدا حیزب، بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد و کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە قۆناغ و گۆڕانکارییە جۆراوجۆرەکانی مێژوودا پێکەوە گەشەیان کردووە.
یەکێک لە تایبەتمەندییە دەگمەنەکانی ئەم مێژووە ئەوەیە کە لە هەندێک قۆناغدا سێ نەوە لە چوار نەوەی تێکۆشەرانی حیزب، لە یەک کاتدا و لە یەک سەنگەری هاوبەشدا، خەباتیان کردووە. ئەمە تەنها نیشانەی درێژایی تەمەن و بەردەوامیی حیزب نییە؛ بەڵکوو نیشانەی جۆرێک لە گواستنەوەی ئەزموون، بیر، بەها، ناسنامە و ئەخلاقی سیاسییە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە. بەڵام پرسیار ئەوەیە: ئەم ٨١ ساڵ خەبات و تێکۆشان و ئەو مێژووە دوورودرێژ و خوێناوییە چ کاریگەرییەکی لەسەر نەوەی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داناوە و لە بەرامبەر گۆڕانی پێکهاتەی کۆمەڵگە، شێوازی بیرکردنەوە و ئاستی داخواز و چاوەڕوانییەکانی نەوەی نوێدا، حیزبی دێموکرات چ میتۆدێکی نوێی سیاسی و ڕێکخراوەیی دەبێت بگرێتەبەر؟ ئەم دوو پرسیارە بەیەکەوە پەیوەستن. چونکە ئەگەر مێژوو تەنها بۆ یادکردنەوەی ڕابردوو بێت، دەبێتە مۆزەخانە؛ بەڵام ئەگەر ببێتە سەرچاوەی فێربوون و بەرهەمهێنانی بیر و ستراتیژی، ئەوا دەبێتە سەرمایەیەکی زیندووی داهاتووساز.
کاریگەریی مێژووی خەبات لەسەر نەوەی نوێ
شک لەوەدا نییە نەوەی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە خوێندنەوەی مێژووی بزووتنەوەی کورد، دەزانێت کە خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵات تەنها زنجیرەیەک لە ڕووداو و ڕاپەڕین و هەڵمەتی پێشمەرگانە و کار و چاڵاکیی حیزبی نەبووە. بەڵکوو ئەم خەباتە بەشێکە لە پرۆسەیەکی درێژخایەنی دروستکردن و پاراستنی خودی سیاسی و نەتەوەییی کۆمەڵگەی کورد. لە دامەزراندنی کۆماری کوردستانەوە تا قۆناغە جۆراوجۆرەکانی خەبات و بەرگریی پێشمەرگانە، و لە خەباتی سیاسی و مەدەنیی ئەمڕۆدا، ئەم بزووتنەوەیە بە نرخێکی زۆر گران بەردەوام بووە.
ئەو نرخە تەنیا بە گیان و خوێنی تێکۆشەران نەدراوە؛ ساڵانێک زیندانی، ئاوارەیی، سەرکوت، دابڕان، لەدەستدانی هەلی ژیان و پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی و ئابووریی کۆمەڵگەش بەشێکی دیکەی ئەم تێچووە بووە. بۆیە، مێژووی حیزبی دێموکرات لەگەڵ مێژووی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێکەڵە. ئەم حیزبە تەنها ڕێکخراوێکی سیاسی نەبووە کە لە دەرەوەی کۆمەڵگەوە لەگەڵ کۆمەڵگە کار بکات؛ بەڵکوو لە زۆر قۆناغدا خۆی بەشێک بووە لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو کۆمەڵگەیە. لە هەمان کاتدا، پێویستە مێژوو لە پێوەندییەکی دروستدا بخوێندرێتەوە. مێژوو نابێت ببێتە شوێنی نیشتەجێبوونی سیاسی. نەوەی نوێ دەبێت ڕابردوو بناسێت، لێی فێربێت، لە هەڵەکان فێر ببێت، سەرکەوتنەکان هەڵبسەنگێنێت و لەگەڵ ئەوەشدا خۆی بە ڕابردووەوە نەبەستێتەوە. واتە میراتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو کاتە بەهادارە کە بتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ بەرهەمهێنانەوەی زیاتر.
نەوەی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەمان کاتدا کە لە جیهانێکی زۆر جیاواز لە جیهانی نەوەکانی پێش خۆی دەژیت، بەشێک لە بەها و بیرکردنەوەکانی خۆی لە مێژووی خەبات وەرگرتووە. ئەم مێژووە لە نەوەی نوێدا چەند سەرمایەیەکی گرنگی دروست کردووە: پێویستیی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی، وشیاریی سیاسی، ورەی بەرخودان، متمانە بە توانای خۆ، هەستی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی و باوەڕ بەوەی کە ماف بەبێ خەبات بەدەست نایەت. بەڵام نەوەی نوێ ئەم بەهایانە بە شێوەیەکی جیاواز دەخوێنێتەوە. ئەگەر نەوەکانی پێشوو لە زۆر قۆناغدا خەباتیان هەر لە چوارچێوەی ڕێکخستن، پێشمەرگایەتی، چەک، مەیدان و ڕێکخراوی سیاسیدا دەدیت، نەوەی نوێ هەمان ئامانج بە چاوێکی فراوانتر دەبینێت.
ئەم نەوەیە دەزانێت هێزی نەتەوە تەنها لە هێزی ڕەق و توانای چەکداری پێک نایەت. هێزی سیاسیی نەتەوە لە کۆی چەندین جۆری توانادا پێک دێت: زانست، خوێندن، توانای ئابووری، میدیا، زانیاری، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، توانای دروستکردنی ڕیوایەت و گێڕانەوە، دیپلۆماسی، ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی، توانای بەشداریی مەدەنی و توانای دروستکردنی هاوپەیمانی. ئەم گۆڕانکارییە لە تێگەیشتن لە هێز، یەکێکە لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی نەوەی نوێ.
شاخ و پێشمەرگە، شار و بزاوتە کۆمەڵایەتییەکان
جیهانی ئەمڕۆ جیهانێکە تێیدا سنووری نێوان هێزی ڕەق و هێزی نەرم ڕۆژ بە ڕۆژ کەمتر دەبێتەوە. ئەو کۆمەڵگەیەی بتوانێت بیر و ڕیوایەت و زانیاریی خۆی بەرهەم بهێنێت و بیگوازێتەوە، دەتوانێت کاریگەریی سیاسیی لە ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا دروست بکات. نەوەی نوێی کورد لەم گۆڕانکارییە تێگەیشتووە. بۆیە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەو نەوەیە تەنها ئامرازی پەیوەندی و کات بەسەربردن نییە؛ بەڵکوو بۆشاییەکی نوێیە بۆ دروستکردنی وشیاری، بەرهەمهێنانی ڕیوایەت، بەرگریی ناسنامە، ڕێکخستنی خۆبەخشانە و گەیاندنی دەنگی کۆمەڵگە بە دەرەوە.
ئەمە زۆر گرینگە کە لە تاراوگە و دیاسپۆرا بەکارهێنانی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کاری ڕێکخراوەیی و کەمپینەکان و چالاکییە مەدەنی و سیاسییەکان، بەشێکە لەو هەوڵەی کە دەیەوێت پرسی کورد لە چوارچێوەیەکی نێوخۆییەوە بباتە ئاستی نێودەوڵەتی. هاوکات لە نێوخۆی کوردستانیش، چالاکییە مەدەنییەکان، ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکان، ئەنجومەنە ئەدەبییەکان، چالاکییەکانی پاراستنی زمان و ناسنامە، و فێرگە و پڕۆژە کۆمەڵایەتییەکان، هەموویان بەشێکن لە شەڕێکی فراوانتر بۆ پاراستنی بوونی کۆمەڵایەتی و کولتووریی کورد. ئەمە جۆرێکی نوێی خەباتە؛ خەباتێک کە سەنگەرەکانی تەنا شاخ نین و لە شارەکان سەر وەدەر دەنێن؛ لە قوتابخانە، زانکۆ، میدیا، کتێبخانە، ئەنجومەن، تۆڕە کۆمەڵایەتی و هەموو ئەو شوێنانی کە تێیدا بیر و ناسنامە و ئیرادەی کۆمەڵگە دروست دەکرێت.
نەوەی نوێ و حیزبی دێموکرات؛ لە پەیوەندیی مێژووییەوە بۆ پەیوەندییەکی نوێ
نەوەی نوێ بەرامبەر بە مێژووی خەبات و قوربانیدانی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد ئەمەگناسە و ئەو حیزبە لە بیر و ویژدانی بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگەدا بە سەرمایەیەکی سیاسی و مێژوویی ناسراوە. بەڵام لێرەدا پێویستە جیاوازییەکی گرنگ ببینین: ڕێزگرتن لە مێژوو بە مانای دووبارەکردنەوەی شێوازی خەباتی ڕابردوو نییە.
نەوەی نوێ لە هەمان کاتدا کە شانازی بە مێژووی حیزبی دێموکراتەوە دەکات، بەڵام پرسیاری نوێشی هەیە. ئەو دەیەوێت بزانێت حیزب چۆن لە مێژووی خۆیەوە بۆ داهاتوو دەڕوانێت؛ چۆن لەگەڵ جیهانی گۆڕاو مامەڵە دەکات؛ چۆن توانای نەوەی نوێ دەخاتە نێو پرۆسەی بڕیاردان و بەرهەمهێنانی ستراتیژی؛ و چۆن لە ڕێکخراوێکی بەئەزموونەوە دەبێتە دامەزراوەیەکی سیاسیی توانابەخش. ئەمەش دەکرێت یەکێک بێت لە گرنگترین ئاڵنگارییەکانی حیزبی دێموکرات لە قۆناغی داهاتوودا.
حیزب لە مێژووی خۆیدا زۆرجار ناچار بووە ڕۆڵی ڕێکخەر، ڕێبەر و بڕیاردەر بگێڕێت. ئەمەش لە قۆناغە مێژووییەکانی خۆیدا هۆکاری خۆی هەبووە. بەڵام کۆمەڵگەی ئەمڕۆ، بە تایبەتی نەوەی نوێ، پێویستی بە شێوازێکی دیکەی پەیوەندی لەگەڵ حیزب هەیە. واتە دەبێت ڕۆڵی حیزب لە "ڕێکخەر"ەوە بۆ "توانابەخش" بگۆڕدرێ. حیزب نابێ لە هەموو شتێکدا هەر خۆی ببێتە چەقی بڕیار، بەڵکوو دەبێ ببێتە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانی توانای سیاسی و کۆمەڵایەتی. نەوەی نوێ پێویستی بە ئازادیی بیرکردنەوە، خۆڕێکخستن، داهێنان، ئەزموونکردن و فێربوون لە هەڵەکردن هەیە و ئەگەر هەموو شتێک لە چوارچێوەیەکی توندوتۆڵی ڕێکخراوەییەدا کۆنترۆڵ بکرێت، ئەوا بەشێک لە توانای داهێنانی ئەم نەوەیە دەکوژرێت. بۆیە، حیزبی دێموکرات دەبێ لە پەیوەندی لەگەڵ نەوەی نوێدا لە "ئەوان بۆ حیزب چی دەکەن؟"ەوە بگۆڕێت بۆ "حیزب چ بەستێنێک بۆ ئەوان دروست دەکات؟"
مێژووی حیزب؛ قوتابخانەیەک بۆ نەوەی نوێ
حیزبی دێموکرات سەرمایەیەکی زۆر گەورەی ئەزموونی لەسەر یەک هەڵچنیوە. ئەم ئەزموونە دەتوانێت بۆ نەوەی نوێ پاشخانێکی سیاسیی دەوڵەمەند بێت. نەوەی نوێ دەتوانێت لە مێژووی حیزبدا ڕێکخستن، متمانە، بەرپرسیارێتی، قوربانیدان، پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگە، دیپلۆماسی، دروستکردنی هاوپەیمانی، مامەڵەکردن لەگەڵ قەیران، هەڵسەنگاندنی هەڵە و سەرکەوتن فێر بێت. بەڵام ئەم فێربوونە بۆ پەرستنی ڕابردوو نییە. نەوەی نوێ دەبێت مێژوو بخوێنێتەوە بۆ ئەوەی بزانێت ئەوانەی پێش ئەو چۆنیان خەبات کردووە؛ بەڵام دەبێت ئەو مێژووە بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی بزانێت خۆی چۆن دەبێت درێژە بەو خەباتە بدات. واتە نەوەی نوێ شێوازێکی نوێی بیرکردنەوەی سیاسیشە و ئەوەی پێویستیشە دروست بکرێت مرۆڤی سیاسیی نوێی کوردە.
ئەرکی حیزبی دێموکرات لە بەرامبەر نەوەی نوێدا تەنیا هەر بانگەوازکردن بۆ بەشداری نییە؛ ئەرکی سەرەکیتر ئەوەیە سیستەمێکی نوێی بەرهەمهێنانی کادر، بیر و توانای سیاسی دابمەزرێنێت. حیزب دەبێت زیاتر گرنگی بە پەروەردەی سیاسی، خوێندنەوە، توێژینەوە، دیبەیت، فێرکاریی میدیایی، توانای دیپلۆماسی، زمان، ئابووری، یاسا، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و شیکردنەوەی ستراتیژی بدات. حیزبێکی مۆدێرن نابێت تەنیا هەر کادری ڕێکخراوەیی بەرهەم بهێنێت؛ دەبێت توانای بیرکردنەوە بەرهەم بهێنێت. حیزب دەبێت لەنێو نەوەی نوێدا ژینگەیەک دروست بکات کە تێیدا لاوەکان بتوانن پرسیار بکەن، ڕەخنە بگرن، پێشنیار بدەن، لەگەڵ بیرۆکەی جیاوازدا دیالۆگیان هەبێت و لە هەمان کاتدا فێری بەرپرسیارێتیی سیاسییش ببن. چونکە حیزبی بەهێز ئەو حیزبە نییە هەموو ئەندامەکانی بە یەک شێوە بیر بکەنەوە؛ حیزبی بەهێز ئەوەیە بتوانێت جیاوازیی بیرکردنەوە بگۆڕێت بۆ هێزی بیر و ستراتیژی.
دواجار؛ سەنگەرە جیاوازەکانی خەبات
لە مێژووی خەباتی کورددا سەنگەر زۆرجار شوێنی مانەوە و بەرگری بووە، بەڵام ئەمڕۆ سەنگەرەکان زۆر بوون.
سەنگەری ئەمڕۆ دەتوانێت زانکۆ، کتێبخانە، تۆڕی کۆمەڵایەتی، میدیا، کۆمپانیا و دامەزراوەی ئابووری، ئەنجومەنی مەدەنی و بواری هونەر و ئەدەبیات یان بوارەکانی یاسا و مافی مرۆڤ بێت، دیپلۆماسی و پەیوەندیی نێودەوڵەتی بێت. ئەمە بە مانای کەمکردنەوەی گرنگیی سەنگەرە کۆنەکان نییە؛ بەڵکوو بە مانای فراوانکردنی چەمکی سەنگەرە.
ئەگەر لە سەدەی ڕابردوودا پێشمەرگە بەشێک بووە لە پاراستنی خاک و خەبات بۆ ئازادی، ئەمڕۆ خوێندکار، مامۆستا، نووسەر، توێژەر، ژینگەپارێز، ڕۆژنامەنووس، چالاکی مەدەنی، پیشەساز، دیپلۆمات و بەرهەمهێنەری ناوەڕۆکیش دەتوانن بەشێک بن لە هێزی سیاسی و نەتەوەیی کورد.