کۆڕبەندی هاوکاریی زاگرۆس بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی و دەستپێکی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، بەیاننامەیەکی فەرمیی بڵاو کردەوە.
لەم بەیاننامەیەدا، کۆڕبەندەکە وێڕای ڕێزلێنان لە شەهیدان، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ بانگەوازی هاوبەشی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەمەڕ مانگرتنی سەرتاسەریی ۲٥ی خەرمانان دەربڕی.
ئەم ڕێکخراوە مەدەنییە ئاماژەی بەوە کردووە کە شەهیدبوونی ژینا ئەمینی، بووە وەرچەرخانێکی مێژوویی و کاریگەر لە خەباتی مەدەنیی خەڵکی کوردستان و ئێراندا.
لە ڕەوت و پاشهاتی ئەم ڕاپەڕینەدا، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لە کوردستان و ناوچەکانی تری ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە شەهید و بریندار کران، یان خرانە ژێر لێپرسینەوەی یاسایی و دەسبەسەرکران.
کۆڕبەندی زاگرۆس ئاماژەی بەوە کرد کە یادی هەموو قوربانییانی ڕێگەی ئازادی و کەرامەتی مرۆیی، شایستەی ڕێزگرتنی بەردەوامە.
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا، جەخت لەسەر مافی سەرەتایی و مرۆیی هاووڵاتییان بۆ ئازادیی ڕادەربڕین، پێکهێنانی کۆبوونەوەی ئاشتییانە، دروستکردنی ڕێکخراو و بەدواداچوونی داواکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بە ڕێگەی مەدەنی و دوور لە توندوتیژی، کراوەتەوە.
هاوکات جەخت لە گرنگیی ڕێزگرتن لە یەکسانیی هەموو پێکهاتەکان ، بە بێ جیاوازیی نەتەوە، زمان، ڕەگەز و بیروباوەڕی سیاسی کرایەوە.
لە کۆتاییدا، کۆڕبەندی هاوکاریی زاگرۆس، چوارەمین ساڵیادی بزووتنەوەکەی بە دەرفەتێک بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان، بەرگری لە مافی زیانپێکەوتووان و بنەماڵەکانیان و جەختکردنەوە لەسەر بەهای پیرۆزی ئازادی، دادپەروەری، یەکسانی و کۆتاییهێنان بە سەرکوتکاری زانی.