کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

۸ ژنە بەندکراوی سیاسی لە بەرەبەرەی بزووتنەوەی ژینادا مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە

10:51 - 23 خەرمانان 2726

لە بەرەبەرەی ٤ـەمین ساڵڕۆژی تاوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، ٨ ژنە بەندکراو لە زیندانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا مەترسیی جیددیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.

هەواڵدەریی هێرانا ڕایگەیاند کە مریەم هۆداوەند، مەهناز چارداوڵی، لەیلا ئەبولحەسەنی و تەرانە ڕەحیمی لە دۆسییەی پەیوەندیدار بە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە و سەودا ئیبراهیمی شەمس‌ ئابادییش لە دۆسییەی پەیوەندیدار بە تۆمەتی ئەمنییەتی بە سێدارە مەحکووم کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا، هەرکام لە پەخشان عەزیزی، ئەرغەوان فەلاحی و زەهرا شەهباز لە دۆسییەی سیاسی و ئەمنیدا ئەگەری جێبەجێکرانی سزای سێدارەدانەکانیان نزیکە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو هەواڵدەرییە، تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ئەم ژنە بەندکراوە سیاسییانە بریتیین لە؛ «بەغی»، «موحاربە» و «افساد فی‌الارض»؛ ئەو تۆمەتانەی کە لە یاساکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا دەتوانن ببنە هۆی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان. بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا، ئەم سزایانە لە لقی جیاوازی بەناو دادگاکانی ئینقلابی ڕێژیم لە تاران، ئێسفەهان، ڕەشت و بەندەرعباس دژی ئەو ژنە بەندکراوانە دەرچوون.

لەنێو ئەو هەشت ژنەدا، سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و ئەرغەوان فەلاحی لە دادگای باڵای ڕێژیم پەسەند کراوە. زەهرا شەهباز تەبەریش دوای هەڵوەشاندنەوەی سزای یەکەمی لەسێدارەدان، جارێکی تر لە دادگادا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە و دۆسییەی پێنج ژنەکەی تردا هێشتا لە قۆناغی سەرەتایی یان لێکۆڵینەوەدایە.