
عومەر باڵەکی
٢٦ی خەرمانان، ٣٤ ساڵ لەمەوبەر، بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە تێرۆرکرانی د. سادق شەرەفکەندی و هاوڕێکانی لە لایەن تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تووشی خەسارێکی گەورە و برینێکی قووڵ بوون. هەرچەند شەهیدکردنی د. سادق شەرەفکەندی و هاوڕێکانی زیانێکی گەورە بوو لە جەستەی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد و دێموکراسیخوازیدا لە ئێران، بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکانی دوای کردەوە تێرۆریستییەکە بەو جۆرەی داڕێژەرانی کردەوە تێرۆریستییەکە دەیانویست بە قازانجی ڕێژیمی تاران نەشکایەوە، بەڵکوو ڕوخساری دزێوی تێرۆریستپەروەری ئەو حکوومەتە بۆ بیروڕای گشتیی وڵاتان و دەوڵەتان بە ئاشکرا دەرکەوت.
حکوومەتی کۆماری ئیسلامی وەک دامەزراوەیەکی دەوڵەتی، پێش بڕیاردان بۆ ئەنجامدانی هەر کردەوەیەکی تێرۆریستی، حەتمەن ئەوەیان زانیوە کە ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و لە خاکی دەوڵەتانی دیکەدا جۆرێک ڕیسکی مەترسیدارە و ئەگەری ئەوە هەیە یەکێک لەو دەوڵەتانە لە بەرامەر بەزاندن و ژێرپێنانی سەروەریی سیاسی و تێکدانی نەزمی ئەمنییەتیی نێوخۆی ئەو وڵاتەدا، مەترسی بکەوێتە سەر بەرژەوەندییەکانی و بە توندی لێی وەدەنگ بێت. هەروەکی دیتمان دوای کردەوە تێرۆریستییەکەی ڕێستوورانتی میکۆنۆس، دەوڵەت و گەلی ئاڵمان بە توندی وەدەنگ هاتن. لێرەدا پرسیار ئەوەیە: دەسەڵاتدارانی تاران بە هەستکردن بەو مەترسییە، بۆ ئامادە بوون ئەو ڕیسکە گەورەیە بکەن و پیلان بۆ تێرۆری د. شەرەفکەندی داڕێژن؟
وەڵامی ئەو پرسیارە چەندین هۆکار لەخۆ دەگرێت کە هەرکام لەو هۆکارانە لە خۆیاندا دەرخەری تێڕوانینی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن بۆ پرسی کورد، و لە هەمان کاتدا نیشانەی پێگەی بەهێز و بەربڵاوی حیزبی دێموکراتە لە نێو خەڵکی کوردستان و لە کۆڕوکۆمەڵی نێودەوڵەتیدا لە دەرەوەی وڵات.
لەگەڵ ئەوەدا کە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی خۆیان بە فەتوای جیهادی خومەینی شەڕیان بەسەر کوردستاندا سەپاندبوو، بەڵام هەتا کاتی تێرۆرکردنی د. سادق شەرەفکەندی لە ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١دا، ماوەی ١٣ ساڵ بوو بە هۆی بەرگریی ئازایانەی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکرات و پشتیوانیی بەربڵاوی خەڵکی کوردستان، لەو شەڕە داسەپاوەدا نەیانتوانیبوو بەسەر ئیرادەی خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکراتدا زاڵ بن و سەرکەوتن بەدەست بهێنن.
هەرچەند لە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨دا دەسەڵاتدارانی تاران بە تێرۆری د. قاسملوو لەسەر مێزی بەناو دانوستان ئەو ڕێگایەیان تاقی کردبووەوە، بەڵام ئەزموونیان لێ وەرنەگرتبوو؛ چونکە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەو خوێندنەوەیەی لە مێژووی جووڵانەوەکانی کورد هەیانبوو، لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە ئەگەر بتوانن ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هەر شێوەیەکی مومکین لەسەر ڕێگا لابدەن، ئەو جووڵانەوە نەتەوەیی-دێموکراتیکەی کە حیزبی دێموکرات ڕێبەریی دەکات بە تەواوی لاواز دەبێت و ئیدی حیزبی دێموکرات ناتوانێت ببێتە کۆسپی سەر ڕێگەی سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیم لە کوردستان. بۆیە دوای تێرۆری د. قاسملوو، بەدوای ئاسەواری لاوازبوونی حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بوون.
بەڵام هەر زوو بۆیان دەرکەوت بە هەڵەدا چوون؛ چونکە لە دوای شەهیدبوونی د. قاسملووی ڕێبەر و کاریزما، لەگەڵ گەورەبوونی برینەکە، بە هیمەت و ئیرادەی د. شەرەفکەندی و ڕێبەریی حیزب و کادر و پێشمەرگە و پشتیوانیی خەڵکی کوردستان، حیزبی دێموکرات هەروا بە توانا و ئیرادەی بەهێزەوە لە مەیدانی خەبات بۆ وەدەستهێنانەوەی مافەکانی خەڵکی کوردستان مایەوە. ئەمەش بۆ دەسەڵاتدارانی تاران کە لەدایکبووی مەرگ و نەمانن قابیلی تەحەممول نەبوو؛ بۆیە کەوتنە داڕشتنی پلانی تێرۆری د. شەرەفکەندی، کە بەڵکوو بە نەمانی د. شەرەفکەندی، حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەپێ بکەوێت.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان بۆ تێرۆری د. شەرەفکەندی ئەوە بوو کە ناوبراو هەموو کات لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە بێ یەکگرتنی ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی ئێران کە باوەڕیان بە دێموکراسیی ڕاستەقینە و مافی گەلانی ئێران هەیە، کۆماری ئیسلامی ئەگەر لاوازیش بێت ناڕووخێت. بۆیە پێویستە ئۆپۆزیسیۆنی دێموکراسیخواز یەک بگرێت و ئەو یەکگرتنە لە هاوپەیمانییەکدا ڕەنگ بداتەوە.
سەبارەت بەو بابەتە، لە ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی بۆ کۆنگرەی نۆیەمدا کە بە دەستی د. شەرەفکەندی نووسراوە، ئاوا باسی زەروورەتی پێکهێنانی بەرەیەک لە ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی ئێران دەکات:
«پێکهاتنی بەرە بە مانای وەسەریەککەوتنی ئیمکاناتی جۆراوجۆری هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، پێکەوەگرێدانی شێوە جۆراوجۆرەکانی خەبات بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ ڕێژیم، ئەرکێکی ئەساسییە کە بەداخەوە تا ئێستا بە ئەنجام نەگەیشتووە؛ هەرچەند قسەی زۆری لەسەر کراوە و هەوڵی زۆری لە زۆر لاوە — یەک لەوان ئێمە — بۆ دراوە... یەکێک لە پێویستییەکانی پێکهێنانی بەرە بریتییە لە پێکەوەدانیشتن و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێوان هێزە سیاسییەکان و گرتنی هەڵوێستی هاوبەش سەبارەت بە هێندێک مەسەلەی سیاسی. لەو مەیدانەشدا دەتوانین بڵێین کە حیزبی ئێمە بەتایبەت لەو چەند ساڵەی دواییدا چالاکییەکی باشی هەبووە و بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە ئەم ڕێوشوێنە نەک هەر درێژە پێ بدەین، بەڵکوو تا ئەو جێگایەی دەکرێت پەرەی پێ بدەین.»
هەروەکی باس کرا د. شەرەفکەندی باوەڕی بە یەکخستنی ئۆپۆزیسیۆنی دێموکراسیخوازی سەرتاسەریی ئێران هەبوو و زۆری پێوە ماندوو بوو؛ بەداخەوە دەبینین ئەو شەوەی کە کارەساتی میکۆنۆس ڕووی دا، د. شەرەفکەندی لە حاڵی وتووێژدا بوو لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە دەستەی جۆراوجۆر. دەسەڵاتدارانی تاران لەو هەوڵ و کۆششانەی د. سادق شەرەفکەندی بۆ یەکخستنی ئۆپۆزیسیۆنی دێموکراسیخواز ترسیان لێ نیشتبوو و دەبووایە بەربەستی بۆ دروست بکەن.
د. شەرەفکەندی وەک د. قاسملوو لەسەر ئەو ڕێبازە سوور بوو کە پێویستە پرسی کورد بەنێونەتەوەیی بکرێت؛ بۆیە هەموو هەوڵی ئەوە بوو لە کەشوهەوای دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت و پەرەسەندنی هەستی نەتەوایەتی لە نێو گەلانی ئەو یەکێتییەدا، پرسی کوردیش ببێتە پرسێکی نێونەتەوەیی و بچێتە سەر مێزی دەستووری کاری دەوڵەتان. لەو ڕێگایەدا و لەو ماوە کورتەدا کە سکرتێری گشتیی حیزب بوو، هەوڵێکی زۆری دا کە بتوانێت ڕێچکەی د. قاسملوو لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا ڕەچاو بکات. دەسەڵاتدارانی تاران لەو هەوڵ و چالاکییانە هەراسان ببوون و نەیاندەویست لە بارودۆخی ئەو کاتدا کە هێشتا هێزی پێشمەرگە پێی لە خاکی کوردستان بە تەواوی نەبڕابوو، د. شەرەفکەندی وەک ڕێبەر و کاریزمایەک لە دنیای سیاسەتی دەرەوەدا، دوای د. قاسملوو وەک دژبەری سەرەکیی کۆماری ئیسلامی دەربکەوێت.
دەبینین بەڕێوەبەریی لێهاتووانەی د. شەرەفکەندی لە ئیدارەدانی حیزب لە دوای شەهیدبوونی د. قاسملوو، هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی دێموکراتیک، و هەوڵدان بۆ بەنێونەتەوەییکردنی پرسی کورد، ئەو هەستەی لە نێو تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتدا بەهێز کردبوو کە بێقاسملوویی پێوە دیار نەبێت؛ لە هەمان کاتیشدا ئەو ترسەی لای کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی خوڵقاندبوو کە د. سادق شەرەفکەندی بە خێرایی جێگەی د. قاسملوو پڕ دەکاتەوە.
هەموو ئەو هۆکارانە و دەیان هۆکاری دیکە هەبوون و هەن بۆ دوژمنایەتیی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان؛ بۆیە دووبارە هەڵەی تێرۆری د. قاسملوویان ئەمجارە بە شێوەیەکی تر و لە شوێنێکی تر دووپات کردەوە، بەڵام ئەمجارە ئیتر بە تەواوی لە دوو بواردا بە هەڵەدا چووبوون:
یەکەم: ئەو وڵات و ئەو شوێنەی بۆ ئەنجامدانی تێرۆرەکە هەڵیانبژاردبوو.
دووەم: تاقیکردنەوەی دووبارەی کردەوەی قێزەوەنی تێرۆر لەسەر ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان.
وڵاتی ئاڵمان، ئەو شوێنەی تێرۆری د. شەرەفکەندی و هاوڕێکانی لێ ئەنجام درا، نەیتوانی لەبەر بیروڕای گشتیی خۆی و سەربەخۆبوونی دەزگای دادوەری، وەک وڵاتی ئوتریش بێدەنگی لە تاوانەکە بکات؛ بۆیە لەسەر ئەو تاوانە دادگایەک پێکهات کە بە دادگای میکۆنۆس (واتە ئەو ڕێستوورانەی کارەساتەکەی لێ ڕوودابوو) ناوی دەرکرد و دوای سێ ساڵ و نیو دادگا بڕیاری مەحکوومکردنی دەسەڵاتدارانی باڵای تارانی دا. بڕیاری دادگای میکۆنۆس بوو بە هۆکاری (هەرچەند بۆ ماوەیەکی کەمیش بووبێت) تەریککەوتنەوەی کۆماری ئیسلامی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لە ئورووپا، و ئەوە زەبرێکی قورس بوو بۆ سیاسەتی دەرەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
لە لایەکی دیکەوە، هەرچەند تێرۆرکردنی د. شەرەفکەندی لە کاتێکدا بوو کە هێشتا ژانی برینی شەهیدبوونی د. قاسملوو بە جەستەی حیزبی دێموکراتەوە هەست پێ دەکرا، بەڵام بە هەوڵ و ئیرادەی خەباتکارانی حیزبی دێموکرات، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی نەگەیشتن بەو ئامانجەی بەدوایەوە بوون، کە جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لاواز بێت و حیزبی دێموکراتی کوردستان پەرتەوازە ببێت.
د. قاسملوو لە خاکەلێوەی ساڵی ١٣٦٨دا، واتە سێ مانگ پێش شەهیدبوونی، لە باسێکدا لەسەر مێژووی ڕێبەرایەتیی حیزب بەم جۆرە باس لە زیندووبوونی حیزب دەکات:
«ئێستا دەتوانین ئومێدەوار بین ئەگەر بەشێکی زۆری ئەم ڕێبەرایەتییەش نەمێنێت — کە ئەوە شتێکی سروشتییە، یا شەهید بێت، یا تەمەنی وای لێ بێت نەتوانێت کار بکات — پێم وایە لە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتدا ئیدامەکاری هەر بەردەوام دەبێ... ئەمە گەورەترین سەرکەوتنی حیزبەکەمانە کە وەزعێکی ئاوای پێکهێناوە ئەگەر نەک دوو، بەڵکوو چەند کەس لەو ڕێبەرایەتییەدا نەمێنن، دیسان ئەو ڕێبەرایەتییە بە ڕێبازی خۆی درێژە دەدات...»
ئەو وتانەی ڕێبەری شەهیدمان د. قاسملوو، هەڵقوڵاوی دەروونی تاک بە تاکی ئەندامانی حیزبە؛ و دەبینین دوای شەهیدبوونی د. قاسملوو و د. شەرەفکەندی و سەدان شەهیدی دیکەی کادر و پێشمەرگە و ئەندامی ڕێبەری، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نێو گەردەلوولی ڕووداو و کارەساتەکانی ناوچەکەدا، هەروا قورس و قایم بەپێوە لە مەیدانی خەباتدا بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد ڕاوەستاوە و بەرەو لووتکەی سەرکەوتن هەنگاو دەنێت.