کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شكستی هەوڵی حیزبی دەسەڵاتدار "پارتی دادو گەشە" بۆ پێكهێنانی دەوڵەت

14:27 - 24 گەلاوێژ 2715

هەوڵی حیزبی دەسەڵاتداری تورکیه‌ پارتی "دادو گەشە" بۆ پێكهێنانی دەوڵەتی ئیئیتلافی شكستی هێناو ئێستا توركیە هیچ ڕێگایەكی دی جگە لە هەڵبژاردنی پێشوه‌ختی له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌. به‌پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی تورکیه‌ سێهەمین دیداری نێوان ئەحمەد داوود ئۆغڵوو، سەرۆك وەزیری توركیەو، كەماڵ قلیچدار ئۆغڵوو، سەرۆكی حیزبی كۆماریی گه‌ل بۆ پێكهێنانی دەوڵەتی هاوپه‌یمان بە بێ هیچ ئەنجامێك كۆتایی پێهات. كەماڵ قلیچدار ئۆغڵوو دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌و هه‌واڵه‌ ئاشکرای کرد که‌ پێشنیاری حكوومەتی هاوپه‌یمان به‌و حیزبه‌ نەكراوە، بەڵكوو ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ئاک پارتییه‌وه‌ هاتۆته‌ گۆڕێ پێشنیاری حكوومەتی هەڵبژاردنی كورت ماوە، یان حكوومەتی كەمینەیان پێ كردوون. لە لایەكی دیكەوە دەسبەجێ پاش ڕاگەیەندرانی هەواڵی شكستی دانووستانەكان بەهای لیری توركیە لە بەرامبەر دۆلاردا شكا. كارناسانی ئابووری هۆكاری دابەزینی نرخی لیری توركیە بۆ بێ توانایی حیزبە سیاسییە سەرەكییەكانی ئەم وڵاتە لە بابەت پێكهێنانی دەوڵەتی هاوپه‌یمان‌و هەروەها هاتنە بەر باسی ئەگەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەگەڕێننەوە. ڕۆژی یەكشەممەی حەوتووی داهاتوو، ڕێكەوتی ١ی خەرمانان مۆڵەتی ٤٥ ڕۆژەی ئاک پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ به‌سه‌رده‌چێ‌و سەركۆماری توركیە دەتوانێ وێڕای ڕاوێژ کردن به‌ سەرۆكی پارلمان، لە بابەت ڕاگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەخت بڕیار بدا. لە كاتێكدا كە سەركۆماری تورکیه‌ بڕیاری ئەم هەڵبژاردنە بدا، پاش تێپەڕینی ٩٠ ڕۆژ بە سەر ئەم بڕیارەی سەركۆماردا، هەڵبژاردنه‌که لە مانگی سه‌رماوه‌زدا بەڕێوەدەچێ.