کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆمیسیۆنی‌ بێهداشت‌و ده‌رمانی‌ مه‌جلیس: ماده‌ی‌ هۆشبه‌ر له‌ نان‌ سه‌نگه‌كیش ئاسانتر ده‌ست‌ده‌كه‌وێ‌

10:39 - 27 گەلاوێژ 2715

وته‌بێژی‌ كۆمیسیۆنی‌ بێهداشت‌و ده‌رمانی‌ مه‌جلیس ڕه‌خنه‌ی‌ له‌ به‌رنامه‌ی‌ ناسه‌ركه‌وتووانه‌ی‌ به‌ربه‌ره‌كانی‌ له‌گڵ ماده‌ی‌ هۆشبه‌ر له‌ ئێران گرتووه‌و ده‌ڵێ به‌ سه‌رنجدان به‌به‌رز بوونه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ به‌كارهێنانی‌ ماده‌ی‌ هۆشبه‌ر له‌ ماوه‌ی‌ ٣٤ ساڵی‌ ڕابردوودا، ده‌بێ‌ شێوازی‌ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ماده‌ ماڵوێرانكه‌ره‌ به‌ ته‌واوی‌ بگۆڕدرێ‌. محه‌ممه‌دحوسێن قوربانی‌ له‌ لێدوانێكدا بۆ سایتی‌ مه‌جلیس ئیدیعای‌ كردووه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی‌ ٣٤ ساڵی‌ ڕابردوودا شێوازی‌ جۆراوجۆریان بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌كارهێنان، ترانسپۆرت، ترانزیت‌و كڕین و فرۆشتنی‌ ماده‌ی‌ هۆشبه‌ر به‌ كار هێناوه‌، به‌ڵام به‌م حاڵه‌ش ئاماره‌كان ده‌ریان خستووه‌ كه‌ ئاستی‌ به‌ كارهێنانی‌ ماده‌ی‌ سڕكه‌ر له‌م وڵاته‌ نه‌ک دانه‌به‌زیوه‌، به‌ڵکوو به‌رده‌وام بۆ سه‌رێ هه‌ڵکشاوه‌. ئه‌م نوێنه‌ره‌ی‌ مه‌جلیس وێڕای‌ ئاماژه‌ به‌م مه‌سه‌له‌ كه‌ ته‌مه‌نی‌ به‌كارهێنانی‌ ماده‌ی‌ سڕكه‌ر له‌ ئێران دابه‌زیوه‌، پشتڕاستی‌ كرده‌وه‌: له‌ ڕاستیدا په‌ره‌سه‌ندنی‌ تووش وون به‌م ماددانه‌ زه‌نگێكی‌ مه‌ترسیداره‌ كه‌ ده‌بێ‌ گوێی‌ بۆ ڕابگرن، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ له‌ هێندێك ناوچه‌كانی‌ ئه‌م وڵاته‌ ماده‌ی‌ هۆشبه‌ر زۆر ئاسانتر له‌ نانی‌ سه‌نگه‌ك ده‌ست ده‌كه‌وێ‌. قوربانی‌ وێڕای‌ دانه‌ به‌ر ڕه‌خنه‌ی‌ ئه‌وه‌یكه‌ نزیكه‌ی‌ سه‌دی‌ ٧٥ی‌ زیندانیان له‌ ئێران به‌ جۆرێك پێوه‌ندییان به‌ ماده‌ی‌ هۆشبه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، گوتی‌: نه‌خۆشی گه‌لێكی‌ وه‌ك هێپاتیت و ئێدز له‌ ڕێگه‌ی‌ به‌ كار هێنانی‌ سۆره‌نگه‌ پیسه‌كان‌و ده‌رزی‌ لێدانی‌ هاوبه‌شه‌وه‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌ كه‌ به‌ هۆی‌ چاوه‌دێری‌ نه‌كرانی‌ كۆمه‌ڵگا بڵاو بوونه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌ حاڵێك دایه‌ كه‌ كه‌سانی‌ موعتاد به‌ كه‌لك وه‌رگرتن له‌ ماده‌ی‌ هۆشبه‌ری‌ سوننه‌تی‌ به‌ڕێی‌ زیندانه‌كان ده‌كرێن، به‌ڵام دوایه‌ كه‌سانێكی‌ تووشبوو به‌ ماده‌ی‌ هۆشبه‌ری‌ سه‌نعه‌تی له‌ زیندان دێنه‌ ده‌رێ.