کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆباما: بژێرەی نیزامی پێش‌و پاش ڕێككەوتنی ناوكیش لە ڕۆژه‌ڤدا ده‌بێ

06:00 - 1 خەرمانان 2715

باراك ئۆباما، سەركۆماری ئامریكا بۆ دڵنیا كردنی نوێنەرانی ناڕازیی كۆنگرەی ئەم وڵاتە لە بابەت ڕێككەوتنامەی ناوكی لەگەڵ ئێران، پێداگری كردەوە كە بێتوو ڕێژیمی تاران پێبەند بەم ڕێككەوتنە نەبێ، واشینگتۆن كاردانەوەی توندی ده‌بێ. ئۆباما لە نامەیەكدا كە بۆ جیرۆلد نادلێر نوێنەری دێمۆكراتی كۆنگرەی ناردووە، گوتوویەتی: لە ئەگەری پێمل نەبوونی ئێران بەم بەڵێنییانەی كە داویەتی، ئێمە دەرفەتێكی زۆرمان بۆ دژكردەوەی یەكلایەنە و چەند لایەنە لە بەر دەستدا دەبێ. لەم نامەیەدا كە كۆشكی سپی بڵاوی كردۆتەوە، ئۆباما بۆ جارێكی دیكە پێداگری كردۆتەوە كە هەموو بژێرەكان، تەنانەت بژێرەی نیزامیش لە كاتی جێبەجی كرانی ڕێككەوتنامەكە و دواتریش، هەروا لە سەر مێز دەمێننەوە. ئەم نامەیە لە حاڵێكدا بڵاو بۆتەوە كە دەمەقاڵەی نێوان دوو لایەنی دژبەر و هاوڕای ڕێككەوتنامەی ناوكی لەگەڵ ئێران بەر لە خستنە پرۆسەی دەنگدانی لە كۆنگرە، لە مانگی سێپتامبری داهاتوودا، قووڵتر بۆتەوە. تا ئێستا جاك شامێر و ڕۆبێرت مەنێندێز، دوو نوێنەری دێمۆكرات لە مەجلیسی سەنا، دژایەتیی خۆیان لەگەڵ ڕێككەوتنامەی ناوكی ڕاگەیاندووە، بەڵام وێناچێ ئەوان بتوانن ٢ لە ٣ی دەنگە دژبەرەكان بۆ ڕەد كردنەوەی ئەم ڕێككەوتنامەیە ڕابكێشن. نادلێر ڕۆژی هەینی پاش وەرگرتنی نامەی ئۆباما، وتوویەتی لە كاتی دەنگدانی كۆنگرە لە بەرژەوەندیی ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران دەنگ دەدا، ناوبراو هەروەها گوتوویەتی سەرەڕای بوونی كۆمەڵێك خاڵی لاواز، بەڵام ئەم ڕێككەوتنامەیە ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەكی ناوكی دەكا.