کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی داویی کچه‌ شه‌هیدێک حیزبی دێموکرات له‌ فینلەند

15:37 - 7 خەرمانان 2715

نیشتمان نیزامی، کچی بنەماڵەیەکی نیشتمان پەروەر ماڵئاوایی لە ژیان کرد. ڕۆژی شەممە رێکەوتی ٢٢ی ئاگوستی ٢٠١٥، نیشتمانی نیزامی به‌ هۆی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ جوانه‌مه‌رگ بوو. بنەماڵەی خوالێخۆشبوو لە ماوه‌ی ٧٠ ساڵی رابردوو دا، لە قۆناخە جۆراوجۆرەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەیەڵاتی دەورێکی زێدە گرینگیان هەبوو. نەمران مامە سەید پیرەی نیزامی، بەرپرسی شارەوانی کۆماری کوردستان بوو. سەید فەتاحی نیزامی یەکێک لە فەرماندە بەوەجەکانی پێشمەرگەی جووڵانەوەی ١٣٤٦- ٤٧ و سەید محەممەد نیزامی باوکی نیشتمان، تێکۆشەری رێی ئازادی، لە بەهاری ١٣٥٧ دا، لە خۆپێشاندانی سی رۆژانەی نەمر کاک عەزیز یۆسفی زیندانی کرا و حوکمی ئیعدامی بەسەر دا سەپا. لەیەکەم دەسەڵاتی گەلی دا، ئەندامی شووڕای شاری مەهاباد بوو. سیاوەشی نیزامی برای نیشتمان، لە ناڕەزایەتییەکانی شەقام بە دژی سەرەڕۆیی پەهلەوی دوویەم دا، بە رووداوێکی ناخۆش تێکەڵ بە کاوانی شەهیدانی نوێ ئازادیخوازی بوو. سیامەک نیزامی برایەکی دیکەی نیشتمان، کادرێکی بەوەجی دێموکرات،له‌ رێی ئازادیی و مافی نەتەوایەتی شه‌هیدبوو. سیامەندی نیزامی دوایین برای نیشتمان، پتر لە ساڵ و نیوێک لەوەپێش، لە رووداوێکی دڵتەزێن دا، ماڵئاوایی لە ژیان کرد. سەید محەممەدی نیزامی باوکیان، دوای ڕووداوی شەهید بوونی کوڕەکەی و پێنج کادر و پێشمەرگەی دیکەی حیزبی دێموکرات، ئاواره‌ بوو و لە کۆییە گیرسایەوە و لە ئازادی و قەڵای دێموکرات هەتا چەند رۆژ پێش دوایین ساتەکانی مانی لەوێ ژیا. گۆڕەکەی لە گردی شەهیدانی دێمۆکڕاتە. دوانیوەڕۆی سێ شەممە ٢٥ ی ئاگووستی ٢٠١٥، تەرمی نیشتمان نیزامی بەبەشداری ژمارەیەک لە کوردەکانی دانیشتووی فینلەند، بەخاک سپێردرا. ناوه‌ندی راگه‌یاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی له‌ بنه‌ماله‌و که‌سوکاری ده‌کاو خۆی به‌ شه‌ریک و به‌شداری خه‌میان ده‌زانێ و هیوای سه‌بوورییان بۆ به‌ ئاوات ده‌خۆازی.