کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووتانی ١٧٠ هێكتار لە سرووشتی گیلانی ڕۆژاوا لە بڵێسەی ئاگردا

06:12 - 12 خەرمانان 2715

بەهۆی ڕووداوی ئاگركەوتنەوە لە سرووشتی گیلانی ڕۆژاوا، ١٧٠ هێكتار لە زەوی‌و زاری ئەم ناوچەیە بوون بە سووتمان‌و زەرەرو زیانێكی زۆریان بەركەوت. كەرەم محەممەدی، فەرمانداری گیلانی ڕۆژاوا وێڕای پشتڕاست كردنەوەی هەواڵی ئەم ئاگركەوتنەوانە لە ماوەی ئەمساڵدا، ڕایگەیاند: زۆربەی حاڵەتەكانی ئاگركەوتنەوە لە لەوەڕگەو زەوی و زارە سرووشتییەكانی ئەم شارە ڕوویان داوە. ناوبراو وێڕای پێداگری كردنەوە لە سەر بەردەوام بوونی وشكەساڵی و هەروەها بەرز بوونەوەی كەم وێنەی پلەی گەرمی وەك هۆكارە سەرەكییەكانی ئاگرتێبەربوونی ژینگەی ئەم ناوچەیە، گوتی: لە ماوەی ئەمساڵدا ئەم ئاگركەوتنەوانە زیاتر لە ١ میلیارد تمەنییان زیان بە ژینگەی ئەم دەڤەرە گەیاندووە. فەرمانداری گیلانی ڕۆژاوا هەروەها جەختی كردۆتەوە كە ڕۆژ نییە لە بەشە جۆربەجۆرەكانی ئەم شارە هەواڵی ئاگركەوتنەوە نەبیسین‌و گوتوویەتی: شەوی ڕابردووش پتر لە ١٠ هێكتار لە لێڕەوار و لەوەڕگە سرووشتییەكاتی ناوچەی "ویژنان" و هەروەها بەرزاییەكانی "بلالە" لە ئاوایی "چلە"ی گیلانی ڕۆژاوا لە ئاگردا سووتا. محەممەدی ڕایگەیاندووە تەنیا لە ماوەی ئەمساڵدا ١٦ حاڵەتی ئاگركەوتنەوە لە ناوچه‌کانی سه‌ر به‌م شارەدا ڕوویان داوە.