کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانانی یەكەمین باڵوێزی كوردی سوننی مەزهەب لە مێژووی كۆماری ئیسلامیدا

06:18 - 12 خەرمانان 2715

كوردێکی سوننیی خەڵكی شاری سنە وەك باڵوێزی ئێران لە وڵاتانی ویتنام و كامبوج دیاری کرا، ناوبراو یەكەم باڵوێزە لە مێژووی كۆماری ئیسلامیدا كە وەها پۆستێكی پێ درابێ. ساڵح ئەدیبی، سەرۆكی بنیادی بژاردەكانی پارێزگای سنەو ئەندامی هەیئەتی زانستیی "زانكۆی كوردستان"ە. ناوبراو پاش هەڵبژاردنی وەك باڵوێزێك پێزانینی خۆ لە هەمبەر متمانەی دەوڵەتی ڕۆحانی دەربڕی كە كەسێكی كوردو سوننی مەزهەبی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دیاری كردوە. سەید ئەحسەن عەلەوی، نوێنەری سنە لە مەجلیسیش وێڕای دربڕینی خۆشحاڵیی خۆی لە هەڵبژاردنی ساڵح ئەدیبی وەك باڵوێز، هیوای خواستوه‌ كە ده‌وڵه‌ت كەڵكی زیاتر لە كورده‌کان وه‌رگرێ. موحسێن بیگلەری، نوێنەری سەقزو بانەش هەڵبژاردنی ناوبراوی به‌ ده‌سپێکی به‌شداریی کورده‌کان لە كاروباری دەوڵەتدا زانیوه‌. شایانی باسه‌ سوننییەكانی ئێران بەپێی ئامار نزیك بە سەدی ١٠ حەشیمەتی ئێران پێك دێنن بەڵام بەردەوام لە لایەن زۆرینەی شیعه‌ی ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌سته‌وه‌ مافه‌کانیان پێشێل کراوه‌، له‌و نێوه‌دا کورده‌ سونییه‌کان دووقات پشتگوێ خراون.