کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پوورمحەممەدی: بۆ ڕوونكردنەوەی كوشتاری ساڵی ٦٧ پێویستیمان بە كاتە

06:21 - 12 خەرمانان 2715

مستەفا پوورمحەممەدی، وەزیری دادگوستەریی دەوڵەتی ڕوحانی كە بۆ خۆی دەستی لە كوشتاری زیندانیانی سیاسیی ساڵی ٦٧دا هەبوو، لە كۆبوونەوەیەكدا سەبارەت بەم بابەتە چەند قسه‌یه‌کی کرد، بەڵام زانیاری نەداو بێدەنگیی ٢٧ ساڵەی كاربەدەستانی دەوڵەتیی نەشكاند. مستەفا پوورمحەممەدی لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی ئێعدامەكانی ساڵی ١٣٦٧ گوتی مرۆڤ تا كاتێك لە هەلومەرجی شەڕدا نەبێ، ناتوانێ لە پێوەندی لەگەڵ ڕووداوەكانی ساڵی ٦٧ دا دادوەری بكاو ڕووداوەكانی ساڵی ٦٧ دابڕاو لە شەڕی ٨ ساڵه‌ نییەو بۆ زانیاریی زیاتر پێویستمیمان بە كات هەیە. ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هاوینی ساڵی ٦٧دا، چەند هەزار كەس لە دژبەرانی به‌ندکراوی خۆیان لە ماوەی ٢ مانگدا ئێعدام كرد‌و تەرمی زۆربەی ئەم كەسانەیان بە كۆمەڵ وەبن گڵ دا كە ئێستا بە گۆڕستانی خاوەران ناسراوە. ئەم بەندكراوە سیاسییانە بەپێی فتوای خومەینی، ڕێبەری ئەو كاتی كۆماری ئیسلامی کوژران، ئه‌وان پێش ئەوەی دادگای كرابن یان حوكمیان بۆ بڕابیتەوە، لە دادگاییه‌کی چەند خولەكیدا بێ ئەوەی كە هیچ كامیان پارێزەریان هەبێ به‌ ناو دادگایی دەكران بە خێرایی ئێعدام دەكران. مستەفا پوورمحەممەدی بەندكراوانی سیاسیی زیندانەكانی بە به‌شێک له‌ هێزەكانی عێراق ناوبردو بۆ پاساوهینانه‌وه‌ی ئه‌و کوشتاره‌ گوتی لە شەڕدا ئەگەر پەلاپیتكەکه‌ كەمێك درەنگتر بكێشی، ئه‌وا بۆ خۆت كوژراوی! شایانی باسە كە بە تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بەسەر كوشتاری ساڵەكانی ٦٠ لە زیندانەكانی ئێران هێشتا هیچ كاربەدەستێكی حكومەتی تەنانەت بۆ یەك جاریش ئاماژەیان بەم ڕووداوە نەكردوە. بابەتێك كە چالاكانی مافی مرۆڤ و بنەماڵەی ئێعدامكراوان هەروا پێداگرن و خوازیاری دادگایی كردنی بكەرەكانیان دەكەن.