کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابەزینی نرخی نەوت‌و وەدینەهاتنی ئاواتەكانی ئێران

07:24 - 14 سەرماوەز 2715

لە حاڵێك‌دا كە ئێران هیواداربوو بتوانێ لە كۆبوونەوەی ئۆپێك بەشێك لە پشكی فەوتاوی خۆی وەرگرێتەوە، وەزیری نەوت نیجریە، ده‌ڵێ پێشگرتن به‌ بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران پاش هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆكان باشترین ڕیكار بۆ دابەزینی زیاتری نرخی نەوته‌. "ئامانۆئێل ئاییە كاچیكوو" پێش کۆبوونه‌وه‌ی ئۆپێک گوتبووی دابه‌زینی زیاتری نرخی نەوت كاریگەریی خراپی لەسەر داهاتەكانی وڵاتانی بەرهەمهێنانی نەوتی دەبێ. ئه‌و داوای لە ئۆپێك كردبوو كە پێش بە بەرنامەی بەرزبوونەوەی نەوتی ئێران بگرێ. جگە لە وڵاتی نیجریە، عەرەبستانیش ڕازی نییە كە ڕێكخراوی ئۆپێك دووباری پشكبەندیی نوێ بكاتەوە. وەزیری نەوتی ئەم وڵاتە داوای كردوە كە بارودۆخی ئێستاو سەقامگیریی بەرهەمهێنانی نەوت لە بازاڕە جیهانییەكان بپارێزێ. بیژەن نامدار زەنگەنە لە ماوەی 2 ساڵ‌دا بەردەوام باس لە گەڕانەوەی ئێران بۆ بازاڕی نەوت دەكاو دەڵێ پاش هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆكان لە ماوەی ٦ مانگدا پشكی خۆی وەردەگرێتەوە، بەڵام جێگری كاروباری نێودەوڵەتیی وەزارەتی نەوت، لەسەر ئەم بڕوایەیە كە لە زەمەنێكی كورت‌دا ئەم كارەیان ناكرێ. هەروەها بە قسەی جێگری سەرمایەگوزاریی شیركەتی میللیی نەوتی ئێران، پیشەسازیی نەوتی ئێران پێویستیی بە بڕی ٢٥٠ میلیارد دۆلار سه‌رمایه‌ هەیە. پێویست بە گوتنە كە هاوكات لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت بۆ ژێر ٤٠ دۆلار، هەناردەی نەوتی ئێرانیش كەمتر بووە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، هەناردەی نەوتی ئێران بۆ ولاتانی ئاسیایی لە مانگی ئۆكتۆبر زیاتر لە سەدی ٨ دابەزیوە.