سادق ڕه‌حیمی، قایمقامی جێگری قه‌زایی ده‌زگای دادی ئێران ده‌ڵێ ١١٥ هه‌زار په‌روه‌نده‌ی داگیركردنی ناقانوونیی سه‌رچاوه سروشتییه‌كان دراوه‌ته ئه‌م ناوه‌نده.
سادق ڕه‌حیمی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ١٥ی سه‌رماوه‌ز ڕایگه‌یاند كه له ماوه‌ی بیست ساڵی ڕابردوو داگیركردنی زه‌وی‌و زار له ئێران هه‌ر دێ‌و زیاتر بووه‌و هۆكاره‌كه‌شی بۆ ده‌ستێوه‌ردانی " كه‌سانی گه‌نده‌ڵ‌و بانده به‌هێزه‌كان" ده‌گه‌ڕێته‌وه.
به قسه‌ی ناوبراو هه‌زارو ٦٠٠ په‌روه‌نده‌ی داگیركردنی زه‌وی‌و زار له ده‌زگای قه‌زایی‌دا خه‌ریکه بڕیاریان له‌سه‌ر ده‌درێ‌و، هه‌زارو ٩٨٠ په‌روه‌نده‌ی دیكه‌ش له دادگاكان‌دا خه‌ریکن کاریان له‌سه‌ر ده‌کرێ. سادق ڕه‌حیمی نموونه‌یه‌کی له‌و پێوه‌ندییه‌دا هێناوه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێ شارۆچکه‌یه‌ک به ٢ هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون له تاران به‌بێ مۆڵه‌ت دروست كراوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه هیچ ڕێوشوێنێکی قانوونی وه‌ك دروستكردنی شوێنه‌كانی فێركردن، ناوه‌ندی فه‌رهه‌نگی، ئایینی، وه‌رزشی‌یان بۆ له‌به‌ر چاو نه‌گیراوه.
پێشتر قوباد ئه‌فشار، سه‌رۆكی ڕێكخراوی كاروباری زه‌وی له ئێران گوتبووی كه زۆرینه‌ی دروست‌كراوه ناقانوونییه‌كان له زه‌وییه میللی‌و سه‌رچاوه سروشتییه‌كان له پارێزگاکانی تاران، ئه‌لبۆرز، ئیسفه‌هان و پارێزگاكانی باكووری ئێران کراون، به‌ڵام بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه له شاره‌كانی دیكه ئێرانیش به شێوه‌یه‌كی زه‌ق دیار‌و به‌رچاوه.