کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاقیكاریی‌ مووشه‌كیی‌ نوێی‌ ئێران پێشێل‌كرانی‌ بڕیارنامه‌كانی‌ شوورای‌ ئه‌منیه‌ته‌

06:40 - 18 سەرماوەز 2715

ڕاگه‌یه‌نه‌كانی‌ نێوخۆیی‌ ئامریكا ده‌ڵێن ئێران مووشه‌كێكی‌ بالیستیكی‌ نێوه‌ندبڕی نوێی‌ تاقی‌ كردۆته‌وه‌و ئه‌وه‌ش به‌ مانای پێشێل‌کردنی ‌ دوو بڕیارنامه‌ی‌ شوورای‌ ئه‌منیه‌تی‌ ڕێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌. كاربه‌ده‌ستانی‌ ئامریكا به‌ كاناڵی‌ هه‌واڵده‌ریی‌ "فاكس نیووز"یان گوتوه‌ كه‌ له‌‌ ڕێكه‌وتی‌ ٣٠ی‌ خه‌زه‌ڵوه‌ردا ئێران ئه‌م مووشه‌كه‌ی‌ تاقی‌ كرده‌وه‌، به‌ڵام مووشه‌كه‌كان‌ له‌ سنووره‌كانی‌ ئێران تێنه‌په‌ڕین‌. فاكس نیووز له‌ درێژه‌دا نوسیویه‌تی که‌‌ تاقیكاریی‌ مووشه‌كیی‌ ئێران له‌ ده‌ورووبه‌ری‌ به‌نده‌ری‌ چاه‌بهار له‌ نزیك سنووری‌ پاكستان کراوه‌. له‌ مانگی‌ ئۆكتۆبردا، ئێران مووشه‌كێكی‌ دوورهاوێژی‌ تاقی‌ كرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵه‌ له‌ لایه‌ن شوورای‌ ئه‌منیه‌تی‌ ڕێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ مه‌حكووم كرا. شووڕای‌ ئه‌منیه‌ت تا ئێستاش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ چ كاردانه‌وه‌یه‌كی له‌ هه‌مبه‌ر تاقیكاریی موشه‌کیی‌ ئێران له‌ مانگی‌ ئۆكتۆبردا هه‌بێ، خه‌ریكی‌ مشتومڕه‌. كۆشكی‌ سپی‌ له‌ بابه‌ت ئه‌م تاقیكارییه‌ی‌ ئێران گوتبووی‌ به‌ڵگه‌و نیشانه‌ی‌ زۆر باش له‌به‌ر ده‌ست‌دا هه‌یه‌ كه‌ ده‌یسه‌ڵمێنن ڕێژیمی‌ تاران بڕیارنامه‌كانی‌ شوورا ئه‌منیه‌تی‌ پێشێل‌كردوه‌. به‌پێی‌ بڕیارنامه‌یه‌كی‌ شوورای‌ ئه‌منیه‌ت كه‌ ئه‌مساڵ په‌سندکرا، ڕێگه‌ به‌ ئێران نادرێ‌ كه‌ بۆ ماوه‌ی‌ ٨ ساڵ ئه‌م جۆره‌ مووشه‌كانه‌ تاقی‌ بكاته‌وه‌ كه‌ توانای‌ هه‌ڵگرتنی‌ كڵاوه‌ی‌ ناوكییان هه‌یه‌. جاش ئێرنێست، وته‌بێژی‌ كۆشكی‌ سپی‌ ده‌ڵێ مه‌سه‌له‌ی‌ پێشێل‌كردنی‌ بڕیارنامه‌كانی‌ شوورای‌ ئه‌منیه‌ت هیچ پێوه‌ندییه‌كی‌ به‌م ڕێككه‌وتنامه‌ گشتگیره‌ ئه‌تۆمی‌یه‌وه‌ نییه‌ كه‌ له‌ نێوان ئێران‌و زلهێزه‌ جیهانییه‌كا‌ن‌دا ئیمزا كراوه‌.