سەرۆكی یەكیەتیی زێڕنگهرانو گەوهەر فرۆشانی ئێران لە بابەت دوایین بارودۆخی ئەم سینفە گوتی: لەم ماوەیەدا لە سینفی زێڕو گەوهەر ئاڵوگۆڕێكی فەرهەنگیی گرینگ هاتۆتە پێشێو کڕینی ئەم كاڵا لۆكسە تا ئاستێكی یەكجار زۆر لە كەمی داوە.
ناوبراو دهڵێ هۆكاری ئەم بارودۆخە خراپبوونی باری ماڵیی خەڵكە، بۆیە زۆر سرووشتییە كە ئاستی كەلك وەرگرتن لە كاڵای لۆكس داببەزێ.
محەممەدڕەزا كەشتی ئارای هەروەها گوتی: زێڕو گهوههر لە ڕیزی ئەم شتانهن كە خهڵک دوای هەموو پێداویستییهکان پارەی بۆ تەرخان دەكەنو لە ئەولەڤیەتی سهرهکیی ژیانی كەسدا نین. زۆرجار خەڵك پاش دیاریكردنی خەرجی ژیان، ئەگەر پووڵی زیادییان بە دەستەوە بمێنێ زێڕ دەكڕن.
سەرۆكی یەكیەتیی زێڕنگهرانو گەوهەر فرۆشانی ئێران لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: ئێستا بە سەرنجدان بە بارودۆخی ئابووریی ئێرانو هەژارتر بوونی خەڵك ئاشكرایە كە دۆخی ئەم سینفە هیچ باش نابێ.
ناوبراو وێڕای ئاماژە بە یەكە بەرهەمهێنەرەكانی زێڕو گهوههر گوتی: ئەم مەسەلە بۆتە هۆی ئەوەی كە لە ساڵی ٩٣دا، ٥٨٨ كەس لە زێڕینگەرانی تاران دوکانو بازاڕیان دابخهنو لە ٦ مانگی سەرەتای ئهمساڵیشدا ٦٣٠ دووكانی زێڕینگەریی دیکه داخرن، ئەوە لە حاڵێك دایە كە ئەم سینفە سەرجەم ٢ هەزارو ٨٥٠دووكانی له تاراندا هەیە.
كەشتی ئارای هەروەها دهڵێ: ئاستی بەرهەمهێنان لە سینفی ئێمە دابەزیوە. هۆكارەكەشی ئەوەیە كە ئاستی كەلكوەرگرتنی خەڵك لەم كاڵایە كەم بۆتەوە، دیارە هەموو سینفەكان ئێستا لەم دۆخە دانو زۆربەیان تووشی ئاستەنگ هاتوون، بەقسەی ناوبراو تەنانەت ئەگەر لە داهاتوویەكی نزیكدا گەمارۆكانیش لەسەر ئێران هەڵگیرێن، دیسانیش ساڵێك تا دوو ساڵی كات دەوێ تا ئەم سینفە بگەڕێتەوە سەر دۆخی پێشوو.