کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پازووكی: ئەحمەدی نژاد ئابووریی ئێرانی وێران کرد

15:04 - 23 سەرماوەز 2715

مامۆستایەكی زانكۆ دەڵێ گرفتی بەردەم جێبەجێ كردنی بەرنامەكانی گەشە لە ئێران دیاریکردنی كاتی ٤ یان ٥ ساڵە بۆ ئەم بەرنامەیە نییە، بەڵكوو نەبوونی حیزبێكی سیاسیی كارامەیە لەم وڵاتەدا. دوكتور مێهدی پازووكی مامۆستای زانكۆ و كارناسی ئابووری وێڕای هێنانە بەر باسی ئەم مەسەلە گوتی ئەگەر هەر لە بنەڕەتەوە دەوڵەتەكان هیچ بڕوایەكیان بەم بابەتە نەبێ، بەرنامەكان دەبن بە کوتەکاغەز هەر بۆ ئەوەی حكوومەتەكان ئیدیعا بكەن كە پلانیان هەیە. بۆ نموونە دەوڵەتی ئەحمەدینژاد هیچ بڕوای بە جێبەجێ كردنی ئەو پلانە نەبوو، بۆخۆشی نەیدەزانی كە بەرنامەیەكی باشتر دابنێ، بەم پێیە پاش شۆڕش تەنانەت سەدی 5ی بەرنامەی چوارەمەی گەشە جێبەجێ نەكرا و هەر ئەوەش وای كرد كە ئەم وڵاتە ٢٥ ساڵ بۆ دواوە بگەڕێتەوە. ئەم كارناسە ئابوورییە لە درێژەی قسەكانی‌دا گوتی: باشترین بەرنامەی گەشەی ئێران بەرنامەی چوارەمی گەشە بوو کە بەر شۆرشی ساڵی ٥٧ جێبەجێ کراو نزیكەی ٨٠ تا ٩٠ی ئامانجەكانی وەدی هاتن. لە ڕەوتی ئەم بەرنامەیەدا نرخی گەشەی ئابووریی ئێران بوو بە دوو ڕەقەمی و ڕێژەی ئاوسان‌و بێكاریش یەكجار زۆر دابەزی. هۆی سەركەوتنی ئەم پلانەش ئەوە بوو كە دەوڵەت بڕوای بە جێبەجێ كردنی هەبوو. ئەم مامۆستایەی زانكۆ پشتڕاستی كردەوە، ئەگەر دەوڵەتی ڕووحانی٤ ساڵی دیكەش لەسەر كار بێ و ئەوەندەش باش كار بكا كە بتوانێ پێوەرە ئابوورییەكان بگەڕێنێتەوە سەر دۆخی ساڵی ١٣٨٤، دەبێ وەزیرە ئابووری‌یەكانی خەڵاتی نۆبێل وەربگرن، چونكی ئەحمەدینژاد ئابووریی ئێرانی بە تەواوی کاول کردوە. ناوبراو وێڕای ئاماژە بەم مەسەلە كە پێویستە بەربژێرەكانی سەركۆماری و مەجلیس لە ئێران، بە بەرنامەوە خۆیان بە خەڵكی ئەم وڵاتە بناسێنن، گوتی: لە ئێران دیاردەی پۆپۆلیسم بە هەمان شێوە كە سیاسەت و پارلمانی ئەم وڵاتەی تووشی شكست كردووە، بە هەمان شێوەش ئابووریی ئێرانی تووشی گرفت كردووە. بە واتایەكی دیكە بەربژێرەكانی سەركۆماری بە دروشمی بریقەدار و بە مەبەستی فریودانی خەڵك، هەوڵ دەدەن دەنگی متمانەی ئەم خەڵكە وەدەست بێنن، لە حاڵێكدا كە هیچ پلانێكیان بۆ جێبەجێ كردنی ئەم ئیدیعایانە نییە و کێشەکان هەر وەك خۆیان دەمێننەوە.